براکەی کوردم کاکی خوێندەوار
وێنەم پێشکەش کرد بە هۆی یادگار
بەڵام ئەم وێنە کەوا پەرۆشە
سەر و گوێلاکی ئەڵیێ نەخۆشە
ئەمە ژێر تەشوێی دەردی گرانە
سینەمای چەرخ و زەدەی زەمانە
هەر شەوێ خەمێ هەر تاوێ دەردێ
هەر ڕۆژ گیرۆدەی هەناسەی سەردێ
ساڵێ ئەفەندی، مانگێ مەلا بوو
ڕۆژێ ئاشەوان، ڕۆژێ فەلا بوو
گا ئاﮪ و ناڵەی جێماوەی هۆزی
گاگا قوڕ پێوان بۆ نزمی کۆزی
گا زایەڵەی سەخت بە شین و زاری
ئەیدا بەسەریا بۆ کوردەواری
سەرم سوڕ ماوە کە چۆن ژیاوە؟
سەرتا پای باڵای چۆن نەسووتاوە؟
باوجوود زەمان سەدهەزار وایە
لە ڕووی گیتیدا هێنایە کایە
قانع لە یاران زیاتر نییە
ئیتر گلەیی لە زەمان چییە
هۆزانەوان:
قانعقانع
دیوان:
باخچەی کوردستانباخچەی کوردستان
[1]