جیاکردنەوەی کوردە ئێزدییەکان لە نەتەوەی کورد لە ئەرمینیا بە شێوەی بەرنامەیەکی داڕێژراو، لە ساڵی 1989 دەستی پێ کرد، چەند کەسانێکی ئەرمینیی نەتەوەپەرست چوونە ناو ڕۆشنبیرە کوردەکانی ئێزیدیی لە شاری یەریڤان و دێهاتەکانی دەوروپشتی، بە مەبەستی بیرۆکەی ئەوەی کە ئەوان کورد نین بەڵکوو ئێزیدین! و بەو پێیەی کە دیموکراسی و (بریسترۆیکا) لە ناوچەکەدا سەری هەڵداوە، بۆیە پێویستە خۆیان لە کورد جیابکەنەوە.
لە دوای ئەنجامدانی ڕیفیڕاندۆمی سەربەخۆیی لە یەکێتی سۆڤێت لە #21-09-1990# ، دواتر لە #26-12-1990# کۆماری ئەرمینیا سەربەخۆیی تەواوی بەدەستهێنا.
لە دوای درووستبوونی کۆماری ئەرمینیا بە فەرمیی، هەنگاوەکانی جیابوونەوەی ئێزدییەکان لە نەتەوەی کورد دەستی پێ کرد و وەکوو سیاسەتی فەرمیی دەوڵەتی ئەرمینیا ئەنجامدرا..
بەڵام ڕۆشنبیرە کوردەکانی ئەرمینیا بەرەنگاری ئەو بەرنامەیە بوونەوە و نەیاندەویست لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیدا جیا ببنەوە، دواتر ئەم (دیموکرات) و (خێرخوازە ئێزیدییانە) هەوڵی ئەوەیان دا هەندێک ئێزدیی دیکە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی پێشنیارەکەیان قبووڵ بکەن. و بەڵێنیان پێدان کە ئەگەر خۆیان وەک نەتەوەیەکی جودا لە کورد ببینن و بتوانن ئێزیدییەکانی ئەرمینیا بهێننە سەر ئەم بڕوایە، و چەند ساڵێکی تر سەرژمێری دەکرێت بۆ ئەوەی خۆیان بە نەتەوەیەکی جیاواز وەک ئێزیدیی تۆمار بکەن. بۆ ئەوەی جیابکرێنەوە لەگەڵ کوردە موسوڵمانەکانی دانیشتووانی ئەرمینیا، لە سەرژمێرییەکەی ساڵی 1989.
هەروەها دەوڵەتی ئەرمینیا بەخشی (ڕادیۆی ئێزدیی) بە زمانی کوردی، لە ڕادیۆی دەوڵەتدا دەستپێکرد، هەروەها کۆمەڵێک ڕێکخراوی ئێزدیی دامەزران، و ڕۆژنامەی (دەنگی ئێزدی) بە زمانی ئەرمەنی بڵاوکردەوە.
لە سەرژمێرییەکەی ساڵی 1989 لە کۆی 45 هەزار کورد لە ئەرمینیا، 40 هەزاریان خۆیان بە ئێزدیی تۆمارکرد، بە بیانووی ئەوەی خۆیان بە کورد نازانن و دەیانەوێت بە ئێزدیی خۆیان تۆماربکەن. لەو سەرژمێرییەدا تەنیا 5 هەزار کەس خۆی بە کورد تۆمارکرد.
پێشی ساڵانی نەوەدەکان هەموو کوردانی ئێزدیی و موسوڵمان لە ئەرمینیا و یەکێتیی سۆڤێت وەک کورد تۆمارکرابوون، دوای ساڵانێکی زۆر تەنیا لە ئەرمینیا ئێزدییەکان لە یەک شەودا 40 هەزار کەس لە کورد جیابوونەوە.
لە ساڵی 1926 تا سەرژمێری 1989 کورد بە یەک نەتەوە لە چوارچێوەی خاکی ئەرمینیا دادەنرا. واتە وەک (کورد). لە سەرژمێری ساڵی 1989 لە ئەرمینیا کورد و ئێزیدی وەک دوو نەتەوەی جیاواز دەستنیشان کران:
ئەرمینیا. ئەنجامەکانی سەرژمێری ساڵی 1979: کورد -50 هەزار و 822 کەس.
ئەرمینیا. ئەنجامەکانی سەرژمێری ساڵی 1989 ئێزدییەکان -51 هەزار و 976 کەس. کورد -چوار هەزار و 151 کەس (لەم ماوەیەدا نزیکەی 15 هەزار کوردی موسڵمان بەهۆی شەڕی قەرەباغەوە وڵاتیان بەجێهێشتووە).
بەتایبەت لە دوای ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بەشێک لە شێخەکانی ئێزدی کە لەگەڵ هەواڵگری ئەرمەنیادا کاریان دەکرد، پڕوپاگەندەی (ئێمە کورد نین)یان لەناو کورددا بڵاوکردەوە.
بەهۆی کارەساتی بوومەلەرزەکەی ناوچەی سیپیتاکی ئەرمینیا لە #07-01-1988# ، کۆچی سەختی کورد بۆ ڕووسیا دەستی پێ کرد. شەڕی قەرەباخ کە لە ساڵی 1989 دەستی پێ کرد، هۆکارێکی دیکە بوو بۆ کۆچکردنی کورد لەم وڵاتە.
لە دوای جەنگی ناگۆرنی کەرەباخ گشت کوردە موسوڵمانەکان ڕاگواسترانەوە بۆ وڵاتانی جۆرجیا، ئوزبێکستان، قەرقیزستان و کازاخستان و ڕووسیا و ئۆکرانیا.
لە سەرژمێری یەکێتی سۆڤیەت و ڕووسیا تا ساڵی 2002 کورد وەک یەک نەتەوە هەژمار کرا و تۆمار کرا.
لە سەرژمێری ساڵی 2002 لە ڕووسیا، کورد و ئێزیدی وەک دوو گەلی جیاواز هەژمار کران. دەوڵەتی ئەرمینیا و ڕەوەندی ئەرمەنی لە ڕووسیا ئەمەیان بەسەر ڕووسیادا سەپاند و ئەنجامێکی وایان بەدەستهێنا؟
کورد کە لە ساڵی 1970 تەنیا هەزار (1000) کەس بوون لە ڕووسیا، لە ساڵی 1989 گەیشتنە 4724 کەس . بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ساڵی 2002 ژمارەی کورد لە ڕووسیا 10 هێندە زیاد دەکات و دەگاتە 50 هەزار و 880 کەس. ژمارەی کورد لە ڕووسیا لە ماوەی (1989-2002)، 20 هێندە زیادی کردووە.
ئەرکی دەوڵەتی ئەرمەنستان ئەوە بوو کە ڕێگری لە کوردە ئێزدییەکان، (کە هەڵگری ناسنامەی ئەرمەنین) بکات کە لە ئەرمەنستانەوە کۆچیان کردبوو بۆ ڕووسیا، لە کاتی سەرژمێریدا خۆیان بە کورد تۆمار نەکەن. لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا جێبەجێکردنی ئەم کارە بە ڕەوەندی ئەرمەنی لە ڕووسیا سپارد. ڕەوەندی ئەرمەنی لە ڕووسیا لەسەر ڕێنمایی هەواڵگری ئەرمەنەکان دەستیان کرد بە ناردنی نامە بۆ زۆرێک لە دامودەزگاکانی دەوڵەتی ڕووسیا بە ناوی هەندێک شێخی کوردی ئێزیدی. بێگومان لەژێر ئەم نامانەدا واژۆی شێخەکانی کوردی ئێزیدییان تێدا بوو. ناوەرۆکی ئەم نامانە بەم شێوەیە بوو: (ئێمە کورد نین) ئێزدی نەتەوەیەکی جیاوازن. بەم شێوازانە هەوڵدرا بیرۆکەیەک لە ئیدارەی ڕووسیادا درووست بکرێت.
گرنگترین هەنگاو بۆ کاریگەریی لەسەر ڕووسیا لە (کێشەی ئێزیدی)دا لەلایەن ئیدارەی ئەرمەنستانەوە لە سەردانەکەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بۆ ئەرمینیا بوو. لە (14-15)-09-2001..
لە میانەی دیدارەکەدا، سەرۆکی ئەرمینیای لەو کاتەدا، (ڕۆبەرت کۆچاریان)، لەبیری نەچووە باسی ناڕەحەتی ئێزدییەکان بکات-ئەو هاووڵاتییانەی پێشووی ئەرمینیا کە لە ڕووسیا دەستیان بە ژیان کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرژمێری ساڵی 1926 لە ئەرمینیا دیاریکرا کە ئێزدییەکان نەتەوەیەکی جیاوازن لە کورد لە سەردەمی سۆڤیەتدا مافی ئێزدییەکانیان لێ سەندەوە و وەک کورد تۆمارکران. و ئەرمینیا لە سەرژمێری ساڵی 1989دا ئەم هەڵەیەی ڕاستکردەوە و کورد و ئێزدیی بەجیا ژمارد. لەم دیدارەدا کۆچەریان داوای لە پوتین کرد کە ڕێز لە مافی ئێزدییەکان بگرێت بۆ ئێزیدی بوون لە ڕووسیا. بێگومان ئەم داواکاریانەی سەرۆکی ئەرمینیا لەلایەن یاریدەدەرانی پوتین تۆمارکران.
لە میانی دیدارەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەرمینیا لە باشترین ئاستی خۆیدا بوو. و کاتێک هەوڵەکانی ڕەوەندی ئەرمەنی لە ڕووسیا لەلایەن دەوڵەتی ئەرمەنستانەوە پاڵپشتی کرا، دامەزراندنی (نەتەوەی ئێزیدی) لە ڕووسیا ئاسانتر بوو.
لە یەکەم سەرژمێری کە لە ساڵی 2002 لە ڕووسیا ئەنجامدرا، ئێزدییەکان وەک نەتەوەیەکی جیاواز و سەربەخۆ تۆمار کران..
ئەنجامی سەرژمێری ساڵی 2002ی ڕووسیا:
ئێزیدی -31 هەزار و 273 کەس
کورد -19 هەزار و 607 کەس.
ئەمە کوورتە چیرۆکی درووستکردنی (نەتەوەی ئێزیدی) بوو لە ڕووسیا.
لە بەغدا لەژێر ڕۆشنایی هەوڵە پەڕڵەمانییەکاندا کە ئامانج لێی یاسادانانی (یاسای نەتەوەیی ئێزدیی)ە، ڕێبازێک کە لە چەندین ناڕوونی و پرسیاردا پۆشراوە، بەتایبەتیی لەژێر ڕۆشنایی زەوتکردنی ئەو لایەنە کوردییانەی کە ئێزدییەکان بە وا دەزانن بەشێکن لە نەتەوەی کورد.
لە وردەکاریی یاسا پێشنیازکراوەکەدا، وەک نەتەوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئێزیدییەکان دەکات، بەمەش لەگەڵ نەتەوە ئێراقییەکانی تر (عەرەب، کورد، تورکمان، و ئەوانی تر) دەیانخاتە ڕیزەوە و لە ناسیۆنالیزمی کورد جیایان دەکاتەوە.
لە وردەکاریی یاسا پێشنیازکراوەکەدا، وەک نەتەوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئێزدییەکان دەکات، بەمەش لەگەڵ نەتەوە ئێراقییەکانی تر (عەرەب، کورد، تورکمان، و ئەوانی تر) دەیانخاتە ڕیزەوە و لە ناسیۆنالیزمی کورد جیایان دەکاتەوە.
لە 02-06-2024 نوێنەرانی بلۆکی ئێزیدی لە پەڕڵەمانی ئێراق پێشنیازی یاساکەیان پێشکەش کرد، هاوکات واژۆی 182 نوێنەری هێزە جیاوازەکان کە پاڵپشتییان وەرگرتبوو. بلۆکەکە ئەو یاسایەی بە دادپەروەری بۆ پێکهاتەکانی ئەو جینۆسایدە زانی کە لەسەر دەستی داعش تووشی بوون.
(نایف خەڵەف سیدۆ) سەرۆکی بلۆکی ئێزیدی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق دووپاتی کردەوە کە پێشنیازی یاساکە ڕەوانەی لیژنەی یاسایی پەڕڵەمان کراوە و لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، (یاساکە دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی بۆ پشتیووانیکردنی مافەکانی ئێزیدییەکان لە… ئێراق و دادپەروەرییان بۆ دابین بکات).
ئاماژەی بەوەشکرد، (سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە وەکالەت ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ڕەوانەکردنی یاسا پێشنیارکراوەکە بۆ لیژنەی دارایی) جەختیشی لەوە کردەوە کە (یاساکە لە لیژنەی یاسایی تاوتوێی لەسەر دەکرێت پێش ئەوەی یەکەم و دووەم خوێندنەوەی بۆ بکرێت و دواتر دەنگی لەسەر بدرێت).
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێزیدی ئایینێکی کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، هەروەها بەشێکە لە میراتی کۆنی کورد. ئێزیدییەکان بە زمانی کوردی قسە دەکەن، داب و نەریتی ئەوانیش لەگەڵ کولتووری گشتی کوردیدا دەگونجێت.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، بە درێژایی سەدەکان، ئێزیدییەکان سەرەڕای ئەو تەحەددای و گۆشەگیرییانەی بەرکەوتوون، ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی خۆیان پاراستووە.
ئەنجوومەنی مەعنەوی جەختی لە پێویستی ڕێزگرتن لە ناسنامەی کوردی ئێزیدی و هەوڵنەدان بۆ گۆڕینی یان ساختەکردنی کردەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پاراستنی ئەم شوناسە مافێکی سرووشتی و ئەرکێکی پیرۆزە، و بەشێکی دانەبڕاوە لە پاراستنی میراتی کولتووری و ئایینیی خەڵکی ئێزیدی و گەلی کورد بە گشتی.
ئەو گرووپەی لە پشت ئەم پڕۆژەیەن ساڵانێکە دەستکاری هەستی ئێزیدییەکان دەکەن، ڕەنگە پەیوەست بێت بە پڕوپاگەندە و چەواشەکردنی هاووڵاتییانەوە.
پێم وایە ئەم هەنگاوە تەواوکەری جوداکردنەوەی ئێزیدییەکانی ئەرمینیا و ڕووسیا بوو لە نەتەوەی کورد، کە ئەو پلانە لە ساڵی 1989 دەست بەکاربووە.
$سەرچاوەکان:$
1. وتاری مامۆستا تەیموری خەلیل بە شێوەزاری کرمانجیی سەروو، بە ناونیشانی: (ئێمە ئێزیدیمان لە کورد جیا کردەوە، زازاکانیش هەروەها جیا دەکەینەوە)
سەرچاوە کودیپێدیا، #12-11-2023# # (Me êzidî ji kurdan veqetandin, em ê zazayan jî veqetînin)#
2. وتاری مامۆستا هەژاری شامیل بە شێوەزاری کرمانجیی سەروو، بە ناونیشانی: (نەتەوەی ئێزیدی چۆن لە ڕووسیا دامەزرا؟)
سەرچاوە: کوردیپێدیا، #22-02-2024# ، #LI RÛSYAYÊ NETEWA ÊZİDÎ ÇAWA HAT AVAKİRİN#
3. پڕۆژەیاسای (نەتەوەی ئێزیدی) -پەڕڵەمانی ئێراق؛ #04-06-2024#
نووسین و ئامادەکردن: #کوردیپێدیا# -#ڕاپەر عوسمان عوزێری#
[1]