ناونیشانی بابەت: بۆ ئایلا
ناوی نووسەر: #دونیا پوشۆ مستەفا#
دەمەو ئێوارەیە و لە لادێیەکی دوورە دەست لەژێر درەختێکی بیست ساڵەدا دانیشتووم، کزەبایەکی نەرم، نەرم دەدا لە ڕووخسارم و قژەکانم پەرش و بڵاو دەکاتەوە.
هەستێکی سەیرم پێدەبەخشێت، لەو هەستانەیە کە مرۆڤ دەخاتە خەیاڵەوە، خەیاڵێکی قووڵ و لەو جیهانە دایدەبڕێت.
ئەمشەو ئاسمان ساف و بێگەردە، ئەستێرەکان بەڕوونی دەبینرێن بەڵام مانگ لە دەرەوە نییە، خۆ گەر مانگیش لە دەرەوە بووایە جوانییەکی بێ هاوتای دەبەخشییەوە.
دەنگی لەرینەوەی گەڵای درەختەکان و زەردبوونیان مژدەی هاتنی پایزی پێیە.
دەبینی ئایلا سەیری ڕەنگی ئاڵتوونی گەڵاکان بکە، دەکەونە سەر زەوی، ئایا مردن ئەوەندە جوانە؟
یەکەم باران لەژێر ئەم درەختە یەک دەبینینەوە، بەڵێنم پێبدە کە بێیت، دەستەکانت توند دەگرم و بە یەکەوە ڕادەکەین، ئیتر هەرگیز دەستەکانت بەرنادەم، بە دەم ڕاکردنەوە زەردەخەنەم بۆ بکە، ئەها لەو زەردەخەنە میهرەبانانەی هەموو کات بۆت دەکردم، منیش سەیرت دەکەم، تنۆکەی باران لەسەر گۆنات دێتە خوارەوە.
تۆ ئەوەندە جوان بووی من هەستم پێی نەکردبوو؟
بوو بە سێ ساڵ تۆ لێرە نیت، بەڵام هێشتا لە پایزدا دەگەڕێمەوە هەمان شوێن، ئەو جێگایەی کە بۆ یەکەمجار یەکمان تێیدا بینی.
ئەو ڕۆژە من لە ماڵەوە زویر بووبووم و هاتمە ئێرە دەگریام، کەچی تۆ هاتیت بە بێ ئەوەی بمناسیت دەستەکانت گرتم و فرمێسکەکانت سڕیم، باوەشێکی بە سۆزت لێدام، بەبێ وتنی یەک وشە دڵی منت ئارام کردەوە.
ئەو کاتە من کچێکی کەللەڕەق و دڵناسک بووم، تۆش شەرمن و لەسەرخۆ بوویت.
ئایلا دەبینیت درەختەکە چەندە پیر بووە، منیش گەورە بووم، ئێستا زۆر بە دەگمەن دەگریم، کەللەڕەقیەکەشم نەماوە، بەڵام زۆر بیری تۆ دەکەم...
ئایلا من دەبینی؟
دڵنیام تۆش بیری من دەکەیت
چاوەڕێمبکە تا ئەو ڕۆژەی کە دێمە لات
ئایلای ئازیز... [1]