دۆسیەی 49 کەسەکە لە زمانی #موسا عەنتەر# ەوە
لێکۆڵەر: #بەکر شوانی#
سەرۆک کۆمار (جەلال بایار)، جێگری دووەمی فەرماندەی سوپا (جەودەت سونای)، وەزیری دەوڵەت (تۆفیق ئیلەری)، سەرۆک وەزیران (عەدنان مەندەرێس) و وەزیری دەرەوە (فاتین ڕوشدی) ڕۆژێکی پایزی ساڵی 1959 کۆدەبنەوە و ڕاپۆرتێک تاوتوێ دەکەن کە لەلایەن سەرۆکی میت (ئەرگون گوێکدەنیز)ەوە ئامادە کراوە. خاڵە بنەڕەتییەکانی ڕاپۆرتەکە کە دوای کودەتای ساڵی 1960 لە یەکێک لە ژمارەکانی گۆڤاری (Yön)دا بڵاوکراوەتەوە (ئەمە قسەی موسا عەنتەرە)، بەم جۆرەن؛ 1: ئەگەر تورکیا 1000 ڕۆشنبیری کورد لەناوببات، ئەوا کێشەی کورد لە تورکیا بەلایەنی کەمەوە 30 ساڵ بۆ نزمترین ئاست دادەبەزێت، 2: ئەو کوردانەی دەستگیریان دەکەین، بە کۆمۆنیست ناویان دەبەین، چونکە کوردەکان حەز لە کۆمۆنیزم ناکەن و لەو حاڵەتەدا پشتگیری لە دەستگیرکراوان ناکەن، 3: نابێت دەستگیرکراوەکان دۆست و ناسراوی بەهێزیان لەناو پارتەکاندا هەبێت و هتد...
جەلال بایار و جەودەت سونار یەکسەر ڕەزامەندی دەردەبڕن. جەلال بایار بە پشتبەستن بە ئەزموونەکانی خۆی لە #دێرسیم# ، لە کۆبوونەوەکەدا دەڵێت: بەڕاستی پێویستە ڕەگ و ڕیشەیان دەربهێنین. تۆفیق ئیلەری کە وەک کەسێکی تورانی ناسرابوو، دەڵێت: (برادەران، ئێوە دەمناسن. من دۆستی کورد نیم، بەڵام ترسی ئەوەم هەیە بە کردەوەیەکی لەم جۆرە جەزایر بهێنینە کوردستان. لەو کاتەدا شۆڕشی جەزایرییەکان لە دژی فەرەنسا لە دنیادا دەنگی دابووەوە). فاتین ڕوشدی دەڵێت: شتی وا نابێت، من لە ئێستاوە دەست لە کار دەکێشمەوە، چونکە ڕووی ئەوەمان پێوە نەماوە لە دەرەوەی وڵات سەیری ناو چاوی خەڵکانی تر بکەین. کۆمەڵکوژیی ئەرمەنی و ڕۆم و کورد... ئێمە ئەم هەموو کۆمەڵکوژییەمان ئەنجام دابێت، ناتوانین بیانوو بۆ دانەیەکی تر بهێنینەوە... عەدنان مەندەرێس کە تا ئەو کاتە تەنیا گوێی گرتووە، دێتە گۆ و دەڵێت: باشە برادەران، ئەو تاوانانەی کە سەرۆکی میت لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێیان داوە، سزای هەموویان لەسێدارەدانە. سەرەتا 50 کەسیان دەستگیر دەکەین و بە بڕیاری دادگا لە داریان دەدەین. پاشان دەستەدەستە هەر جارێک 50 کەس دەستگیر دەکەین و بە بڕیاری دادگا لە داریان دەدەین و بەوجۆرە لە داردانی 1000 کەس بە ئەنجام دەگەیەنین.
هەموویان پێشنیارەکەی مەندەرێس پەسەند دەکەن. ئەمجار فەرماندەی هێزەکانی پیادە لە ئەنقەرە 50 فەرمانی دەستگیرکردنی بێ ناو دەردەکات و دۆزینەوەی ناوەکان و دەستگیرکردنیان بە میت دەسپێردرێت. هەمان کات لە ئیستەنبوڵ لە کۆنە کۆگایەکی بارەگای جەنگی سەردەمی عوسمانی جێگەیەکی پیس و تەنگ بۆ دەستگیرکراوان دابین دەکرێت. دوای ئەوە شەوی #17-01-1959# موسا عەنتەر و کوردەکانی تر لە سەرانسەری تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتدا دەستگیر دەکرێن. موسا عەنتەر لە بیرەوەرییەکانیدا بە دوورودرێژی باسی هەلومەرج و دۆخی ژیانیان لە گرتووخانەدا دەکات و لەناو هەموویاندا زۆر بەزەیی بە یاشار کایا (1938-2016)دا هاتووەتەوە کە بە تەمەن لە هەموویان گەنجتر بووە و ژوورەکەیشی هێندە تەنگ بووە کە ناچار بەپێوە بخەوێت. دوای 14 مانگ کە دەبرێنە دادگا، ژمارەیان بووە بە 49 کەس و بەو جۆرە پڕۆسەکە وەک دۆسیەی 49 کەسەکە ناو دەردەکات. وەک موسا عەنتەر دەیگێڕێتەوە، ئەمین باتووی خەڵکی #مێردین# کە لە کاتی دەستگیرکردنیدا خوێندکاری قۆناغی سێیەمی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئەنقەرە بووە، لە زیندان بەهۆی بەربوونی خوێنی گەدەوە دەمرێت و بەو جۆرە ژمارەی دەستگیرکراوەکان لە 50 کەسەوە دەبێت بە 49 کەس. کاتێک موسا عەنتەر دەگاتە ژوورەکەی ئەمین باتوو، دەبینێت خوێن لە دەمی دێت و بە خوێنی خۆی لەسەر دیواری ژوورەکەی ئەمەی نووسیوە: پێم باشە دڕک بم لە باخچەی ئازادیدا، نەک گوڵ لە باخچەی دیلیدا.
لە کاتێکدا موسا عەنتەر و هاوڕێکانی لە ژوورە تەنگ و تاریکەکانی گرتووخانە چاوەڕێی دیاریکردنی ڕۆژی دادگاییکردنیان دەکرد، لە #27-02-1960# کودەتای سەربازی ڕووی دا و بارودۆخ لە تورکیا گۆڕا. دواجار لە #03-02-1961# دادگاییکردنی دەستگیرکراوان دەستی پێ کرد و داواکاری گشتی داوای لە داردانی 25 کەس لە دەستگیرکراوانی دەکرد. لە ئاکامدا پڕۆسەکە بە زیندانیکردنی هەندێک لە دەستگیراوان و دوورخستنەوەی بڕێکیان و ئازادکردنی ئەوانی دی کۆتایی پێ هات. ئەم بەسەرهاتە درێژە و لق و پۆی زۆرە، بەڵام من لێرەدا کۆتایی پێ دەهێنم و لای خوارەوە لیستی دەستگیکراوەکان دادەنێم بۆ ئەوەی بزانن کێ و خەڵکی کوێ بوون و پیشەیان چی بووە و بۆتان ڕوون ببێتەوە کە دەوڵەتی تورک لەو سەردەمەدا چ دەستەیەکی بژاردەی لە کەسایەتییەکانی کورد بە مەبەستی لەناوبردنیان دەستگیر کردووە!
1. شەوکەت توران، مێردین، ئەفسەری پایەبەرز و بەڕێوەبەری هۆبەی دارایی لە ئەکادیمیای پزیشکیی گویلهانە
2. ناجی کوتلای، قارس، پزیشکی تایبەتمەند
3. عەلی قەرەخان، سوێرەک، پارێزەر
4. کۆچۆ ئەلبیستان، هاسە، پزیشک
5. یاوز چاملیبەلی، بایەزید، ئەفسەری تۆپخانە
6. محەمەد عەلی دینلەر، جزیرە، خوێندکاری قۆناغی یەکەمی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئەنقەرە
7. یوسف کاچار، دەرسیم، خوێندکاری قۆناغی یەکەمی کۆلێژی تەکنیکی بیناسازی
8. نورەدین یڵماز، جزیرە، خوێندکاری قۆناغی کۆتایی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئەنقەرە
9. زیا نامی شەرەفخانئۆغڵو، بتلیس، پارێزەر
10. مەدەد سەرحەد، ئیغدیر، خوێندکاری کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستەنبوڵ
11. حەسەن ئاککوش، ئورفا، خوێندکاری کۆلێژی ئابووری
12. عورفی ئاکقۆیونلو، پوێتویرگە، خاوەن کارگەی شتومەکی سڤیل
13. سەلیم کلچئۆغڵو، ڤارتۆ، ئەفسەر
14. شەهابەدین سەبتیئۆغڵو، پالو، ئەندازیاری کشتوکاڵ
15. سەعید ئەلچی، بینگۆل، ژمێریار
16. سەعید قرمزیتۆپراک، دەرسیم، خوێندکاری قۆناغی کۆتایی کۆلێژی پزیشکیی ئیستەنبوڵ
17. یاشار کایا، ئیغدیر، خوێندکاری کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستەنبوڵ
18. فایەق ساڤاش، ئیغدیر، خوێندکاری کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستەنبوڵ
19. حەیدەر ئاکسو، قیغی، پارێزەر
20. زیا ئاجار، قولپ، خوێندکاری قۆناغی دووەمی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستەنبوڵ
21. فازیل بوداق، ئامەد، خوێندکاری قۆناغی کۆتایی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستەنبوڵ
22. خەلیل دەمیرەل، ئیسەڵاحیە، ئەفسەری تۆپخانە
23. فەرید بیلەن، ئامەد، خاوەن مەغازەی فرۆشتنی پێڵاو
24. ئەسەد جەمیلئۆغڵو، ئامەد، ئەندازیاری کشتوکاڵ
25. مستەفا نووری دیرەکچیگیل، ئامەد، پشکێنەری تەندرووستی
26. فەوزی ئاوشار، قارس، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ئیستەنبوڵ
27. نەجاتی سیاخان، سوێرەک، خوێندکاری قۆناغی دووەمی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستەنبوڵ
28. حەسەن ئولوس، ئەرزەڕووم، (پیشە: نەزانراو)
29. نەزمی بالکاش، لجێ، خوێندکاری کۆلێژی دارستانی زانکۆی ئیستەنبوڵ
30. حسێن ئۆغوز ئوێچۆک، ئامەد، خوێندکاری بەشی ددان لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ئیستەنبوڵ
31. محەمەد نازم چیغدەم، ئەنقەرە، وەستای بۆیاخ و کاری بیناسازی
32. فەوزی کارتاڵ، وان، ئەفسەری یەدەک
33. محەمەد ئایدەمیر، سوێرەک، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ئیستەنبوڵ
34. عەبدول ڕەحمان ئەفەم دۆلاک، ئامەد، خاوەنی ڕۆژنامەی ئیلەری یورت و هاوبەشی ڕۆژنامەی گویڤەن
35. موسا عەنتەر، نووسێبین، پارێزەر و نووسەر
36. جانب یڵدرم، ئامەد، پارێزەر
37. ئەمین کۆتان، موش، ژمێریاری کارەبا
38. کوێککەش قەرەداغ، ماراش، (پیشە: نەزانراو)
39. موحسین شاڤاتا، مەلاتیا، بازرگانی ئاژەڵ
40. تورگوت ئاکن، ئەرگانی، خوێندکاری قۆناغی سێیەمی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئەنقەرە
41. سدقی ئەلبستان، هاسە، خوێندکاری کۆلێژی یاسای زانکۆی ئەنقەرە
42. شەرەفەدین ئەلچی، جزیرە، خوێندکاری قۆناغی دووەمی کۆلێژی یاسا
43. مستەفا ڕامانلی، بەشیری، خوێندکاری قۆناغی کۆتایی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئەنقەرە
44. محەمەد ئوێزەر، سوێرەک، خوێندکاری قۆناغی کۆتایی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ئیستەنبوڵ
45. فەیزوڵا دەمیرتاش، پالو، تەکنیکاری کشتوکاڵ
46. جەزمی بالکاش، لجێ، خوێندکاری کۆلێژی دارستان
47. خاڵس یۆکوش، قارس، خوێندکاری کۆلێژی میکانیکی زانکۆی ئیستەنبوڵ
48. عیسمەت بالکاش، لجێ، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی
49. سەعید بینگوێل، بینگوێل، خوێندکاری کۆلێژی ئابووریی زانکۆی ئیستەنبوڵ
[1]