سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# بڕیارێکی لە بەرژەوەندی سوودمەندانی پڕۆژەکانی قەرزی بچووک دەرکرد و بڕیاریدا لێخۆشبوون لە ڕێژەی 20%ی کۆی گشتی قەرزی نەگەڕاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پێدانی قەرزی بچووک بکرێت.
ڕۆژی دووشەممە #24-06-2024# وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان #مەسرور بارزانی#، بڕیاری لێخۆشبوون بۆ سوودمەندانی قەرزی بچووک دەردەکرێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەی #وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی# هاتووە: وەکوو ئاشکرایە، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە ڕۆژی چوارشەممە #27-03-2024#، کۆمەڵێک بڕیاری لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دەرکرد، بەڵام سەرەڕای لێخۆشبوون لە هەندێک قەرزی وەکوو ئاو، کارەبا، سزای هاتوچۆ و هتد. لای خۆمانەوە وەکوو وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ خزمەتی سوودمەندانی سندووقی قەرزی بچووک، #کوێستان محەمەد# وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەڕێوەبەری سندووقی پشتیووانی پڕۆژە بچووکەکانی ڕاسپارد بە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەل و بەزووترین ماوە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران پێشکەشی بکات و گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، خۆشبەختانە دوای گەنگەشەکردنی بابەتی لێخۆشبوون لە سوودمەدانی قەرزی بچووک بڕیاری لێخۆشبوون لە ڕێژەی (20%) لە کۆی گشتی قەرزی نەگەڕاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پێدانی قەرزی بچووک دەرکرا.
بەپێی فەرمانەکە کە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیمزای کردووە، تێیدا هاتووە: بڕیاردرا بە لێخۆشبوون لە ڕێژەی (20%) لە کۆی گشتیی بەرکەوتەکانی قەرزی نەگەڕاوە لە چوارچێوەی قەرزی بچووک.
لە خاڵێکی دیکەی فەرمانەکەدا هاتووە: ڕاسپاردنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی ئەو سوودمەندانەی قەرزی بچووک کە پڕۆژەکانیان سەرکەوتوو نەبووە بە هۆکاری بەدەر لە ویست و ئیرادەی خۆیان، بۆ ئەوەی دواتر بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.
هەروەها لە خاڵی سێیەم و چوارەمدا هاتووە: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هەماهەنگی #وەزارەتی دارایی و ئابووری#، ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی بڕیاری لێخۆشبوونەکە دەردەکات و هەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بە جێبەجێ کردنی ئەو فەرمانە پابەند کراون. [1]