بیستم بولعەلا تا دنیای ڕابوارد
لە کەم تا بەزۆر هیچ گۆشتی نەخوارد
چون ئەیوت ئەویش وەک من گیاندارە
حەز لە ژین ئەکا لە مەرگ بێزارە
وەختێ کە کەوتە حاڵەتی مردن
ڕۆژی سەرە مەرگ گیان تەسلیم کردن
حەکیم بۆی نوان گۆشتی سوورۆ بوو
بیدەنێ بیخوا هەروا زووبەزوو
بە ئەمری حەکیم خزمەتکار ڕای کرد
کەڵەشێرێکی هێنا دەس و برد
سووری کردەوە لەپاڵیا داینا
قسەی حەکیمی چاک بەجێ هێنا
وەختێ بولعەلا کە تەماشای کرد
لە داخ کەڵەشێر بەتەواوی مرد
ڕوانی بە گۆشتا و زار زار بە گریان
ئاهی ئەکێشا لە جەرگی بوریان
وتی ئەی فەقیر بۆچی هار نەبووی؟
یا هەر وەکوو شێر یا ڕەشمار نەبووی؟
تا کەس نەوێری دەست بۆ بێنێ
یا لەناو ڕۆنا هەڵت قرچێنێ
بەڵام بەش هەژار تەنها مردنە
دەوڵەمەند لە خۆی ڕازی کردنە
مردن لە ئەزەل بۆ پیاوی فەقیر
بڕا بە باڵای وەک کەوای حەریر
دەوڵەمەن ئەمرێ ئەمما یەکجارە
مردنی هەژار سوبح و ئێوارە
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #باخچەی کوردستان#
[1]