ناونیشانی بابەت: پشووی هاوین، دەرفەتی زێڕین
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
پشووی هاوینە، کاتێکی دیاریکراوی ساڵە بۆ پڕۆسەی پەروەردە، واتە ئەو کاتەیە کە ئەوانەی کاردەکەن لەناو قوتابخانە و خوێندنگە و زانکۆکان، کار ناکەن و پشوو وەردەگرن، جگە لە یەکە کارگێڕییەکان، بە مەبەستی ڕایی کردنی کارەکان و ڕێکخستنی پلان و ئامادەکارییەکان، ئەم پشووەش لە خۆڕا و بە هەڕەمەکی و خواستی تایبەت دانەنراوە، بەڵکوو بە پێی توێژینەوە و لێکدانەوەی زانستی و لەبەر چاوگرتنی بواری دەروونی و هەلومەرجی کەشوهەواو پلەکانی گەرما دیاریکراوە.
بەدەر لەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداون، هەندێک وادەبینن کە پشووی هاوینە دەرفەت و فرسەت دەخولقێنێ لە بەردەم پڕۆسەی پەروەردەدا تا هەنگاوی تر و باشتر بنرێت لە گشت بەش و جۆرەکانی پەروەردە، ئەوانەی گرنگ وپیویستن بە خاڵ ئاماژەیان بۆ دەکەین، ئەمانە بەشێکیانن:
1-بەهێزکردنی خولیا و خواستی خوێندکاران، بەهۆی بەشداریکردنیان لە (خولی خواست)واتە ئەو خولانەی کارامەیی و ویستی تایبەت گەشە پێدەدەن، وەک وەرزش، موزیک، شێوەکاری، مەکەوانی، ئەسپسواری، ....... هتد
2-یەکەی ڕاهێنان و مەشقی پەروەردە، دەکرێت خولی جۆراوجۆر بۆ مامۆستایان بکاتەوە، تا توانست و ئاستی زانستی و پەروەردەیی مامۆستایان بەرزتر و گەشاوەتر بکات
3-فرسەتێکی باش و گونجاوە بۆ ئاڵوگۆڕو چاپکردنی ئەو پڕۆگرامانەی خوێندن کە پێویستە بگۆڕدرێن
4-نۆژەنکردنەوە و درووستکردنی بینای نوێی خوێندن، بە پێی پێویست
5-ناردنە دەرەوەی کۆمەڵێ مامۆستای شارەزا و خاوەن ئەزموون بۆ ئەو وڵاتانەی پڕۆسەی پەروەردە تیایداندا پێشکەوتووە، تا لەوێ فێربکرێن و ئەو ئەزموونەی ئەوان بۆ لای خۆمان بگوازنەوە
6-دیاریکردن و دانانی پلانی میلاکات بۆ ئەو خوێندنگەنەی پێویستن و وەرگرتنی داواکاری ئەو مامۆستایانەی داوای گواستنەوە دەکەن
ئەمانەی سەرەوە بەشێکی گرنگ بوون لەو کارانەی کە پێویستە لە پشووی هاویندا پلانیان بۆ دابنرێت و ئەنجام بدرێن.
بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە بووەتە مایەی سەرنج و تێبێنی سەبارەت بە پشووەکانی هاوینە، ئەوەی گرنگی پێدەدرێت، نە زانستییە و نەپەروەردەییە، بە نموونە ئێستا خوێندنگە و پەیمانگە ئەهکییەکان هەڵدەستن بەکردنەوەی خولی بەهێزکردنی وانەکان، کە ئەمە لای ئێمە خولی بێزاربوونە لەوانەکان، چونکە ناکرێت خوێندکار هەموو ساڵەکە خەریکی خوێندن بێت، ئەی کەی و چۆن پشوو بدات؟ لەو کاتە دا هەست بە ماندوویی و بێزاری و لەدەستدانی وزەیەکی زۆر دەکرێت.
لە هەموو وڵاتانی جیهان پشووی هاوینە هەیە، بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافی و پێگەی ئەو دەوڵەتانە لەسەر هێڵەکانی پانی و درێژی.
هەموو کارکردنێک دوای ئەنجامدان و ماندووبوون پێویستی بە ئارامگرتن و پشوودان هەیە، بێگومان بۆ پڕۆسەی پەروەردەش ئەمە گونجاوە، ئاساییە مرۆڤ لە کارەکەی ماندوو بێت، هەروەها ئاساییە هەوڵی پشوودان بدات، وە هەموو کەسێک توانای دۆزینەوەی باشترین ڕێگای پشوودانی نییە، کەواتە کە نەتتانی ئەو هەلە کە ناوی پشووە وەربگریت، کاتێک ناتوانرێت پشووەکە بە باشی وەربگرێت بۆ ئەو کەسانە بۆیان دەبێتە قوورسایی.
پشووی هاوین دوای چەند مانگێکی زۆر لە هیلاکی و ماندووبوون و هەوڵدان لەناو پڕۆسەیەکی ئاڵۆزدا بە مابەستی فێربوون، کە لە خوێندن و پێداچوونەوە وتاقیکردنەوە و تووشبوون و بەریەککەوتن لەگەڵ حاڵەتی ئاڵۆزی دەروونی و نائارامیدا دێتە پێش، لەو کاتەدا پشوو وەرگرتن دەبێتە پێویستییەکی حەتمی و مافێکی ڕەوای خوێندکاران و ناکرێت ئەنجام نەدرێت.
پشوو گرنگە بەڵام پێویستە جەخت لەسەر گرنگی ڕێکخستنی کات بکرێتەوە بۆ کەڵک وەرگرتن لێی و چێژ وەرگرتن لە زۆرترین خواستە دەروونی و جەستەییەکانی فێرخوازان.
پشوو چەند گرنگە، چۆنییەتی بەسەربردنی کاتی پشووی هاوین ئەوەندەیتر گرنگە، تا بە پلانێکی دیاریکراوی بەرنامە بۆ دانراو ئەنجام بدرێت.
زۆر جۆرو بابەتی گرنگی ژیان هەن کە بخرێنە ناو پلانی کاتی پشووی هاوین بە مەبەستی کەڵک بینین و تێرکردنی خواستەکانی فێرخوازان و گەشە پێدانی بەهرەکانیان، لەو بەهرانە (خواستی خوێندنەوە (گۆڤار-ڕۆژنامە-پەرتووک)، وەرزش کردن، گەشت کردن و ئاشنابوون بە شار وشوێنەکانی تر، سوودوەرگرتن لە کات و ڕاهێنانیان بۆ ئەوەی کات بەفیڕۆ نەدەن، بینین و ئاشناکردنیان بە فیلم و چێژوەرگرتن لە ڕووداوەکانیان، ئاشناکردنی فێرخوازان بە ژینگە و چۆنێتی پاراستنیان، خۆشویستنی گیانداران و باڵندەکان چونکە بەگشتی منداڵان حەزیان بە هاوڕێیەتیان دەکەن، ئەنجامدانی گەشتی بچووک بۆ باخی گشتی وپەرتووکخانەی گشتی لەلایەن دایک وباوکی فێرخوازان بە مەبەستی ئاسوودەکردنی دەروون وچێژبەخشین ...... زۆریتر).
لە سەر حکومەت پێویستە قوتابخانەی هاوینە بکاتەوە بۆ ئەو فێرخوازانەی مەبەستیانە گەشە بە بەهرەکانیان بدەن، نەک قوتابخانە و پەیمانگای بەناو ئەهلی و بازرگانی، ڕاستە خەڵک ئەمکارە دەکات، بەڵام ئەو بۆشاییە لایەنی پەیوەندیدار درووستی کردووە کە حکومەتە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=