پڕۆژەکەی ئەحمەدی خانی لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی
ئامادەکار: #خەدیجە ئەسکەندەر#
ئەحمەدی خانی (1651-1707) شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیر و فەیلەسوفی گەورەی کورد، کوڕی سەردەمی خۆی بووە، لە یەکەم کەسانێک دادەنرێت کە لەسەر کوردایەتی و نەتەوەخوازیی کوردی نووسیویەتی.
#ئەحمەدی خانی# بەناوبانگترین شاعیری نەتەوەی کۆنی کوردە، لوتکەی هۆنراوەی کرمانجی سەرووە، ناوبانگی ئەحمەدی خانی لەگەڵ مەم و زیندا سنووری دووری وڵاتی بڕیوە و بە جیھاندا بڵاو بووەتەوە و تا ئێستاش هەزاران خوێنەری هەیە بە زمانە جیاجیاکان.
• ژیانی ئەحمەدی خانی
ناوی ئەحمەد کوڕی ئەلیاس کوڕی ڕۆستەم بووە، لە ساڵی 1650 زایینی لەدایکبووە، نازناوی هۆنراوەی لە ھۆزی خانیان وەرگرتووە، بەشێکی ئەم ھۆزە لە نزیک ناوچەی #بۆتان# بوون، وە بنەماڵەی شاعیر باریان کردووە بۆ شاری #بایەزید#، لە #مەم و زین#ەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە خانی لە #جزیرە# ژیاوە، خانی یەکێک بووە لە مەلا گەورەکانی سەردەمی خۆی و شارەزاییەکی چاکی لە فەلسەفە و زانستەکانی دیکەدا ھەبووە.
ئەحمەدی خانی ھەموو ژیانی بۆ خوێندەواری و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی سیاسی خەرج کردووە لە کۆمەڵی کوردەواریدا، شاعیر لە مەڵبەندی لەدایکبوونی شاری بایەزید، لە ساڵی 1707 کۆچی دوایی کردووە و ھەر لەوێش نێژراوە.
خانی ھەر لە سەرەتاوە دەیزانی کە نووسینی کوردی خوێنەری کەمە و ئەو پەرتووکانەی کە بە کوردی نووسیبووی نەیاندەتوانێت بگەنە ژمارەیەکی زۆر خوێنەر، ئەمەش بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێتەوە:-
• لە لایەک ئەو کۆمەڵگەیەی کە ئەحمەدی خانی تێدا دەژیا زۆربەی ھەرەزۆریان نەخوێندەوار بوون.
• لەلایەکی دیکەوە زمانی نووسین و خوێندنی ئەو سەردەمە زیاتر بە زمانی عەرەبی و فارسی بوو، نووسەرانی ڕۆژەھەڵاتی ناوین بە نووسەرانی کوردیشەوە بەو زمانانە پەرتووکیان نووسیوە،
ئەو کاتەی خەڵک لە کێبڕکێدا بووە تا زمانی سەردەست و دەسەڵاتدارەکان بزانێت خانی بە زمانی کوردی نووسینەکانی بڵاو دەکاتەوە.
هەروەها هەوڵ دەدات خەڵکی فێری خوێندەواری و زمانی کوردی بکات، کوردی بکاتە زمانی سەرەکی لە نووسیندا و بیپارێزێت لە توانەوە.
شاعیر کاتێک هەستی کردووە هەموو شتێکی کورد لە مەترسیدایە بۆ ئەمە تەنیا گەلانی سەردەست و دەسەڵاتدار تاوانبار ناکات بەتوندی دژی ئەو نەریتە کوردییەی ئەو کاتە دەوەستێتەوە کە دژی یەکتری وەستاونەتەوە و چوونەتە پاڵ دوژمن و نەیاران، نەیانتوانیوە یەک بگرن خاوەن یەک گوفتاری یەکگرتوو بن.
دەبینین ئەحمەدی خانی، گرنگییەکی زۆری بە زمانی کوردی داوە وەکوو ھەڵوێسەیەک لە دژی دەستەڵاتداران و ھاوکات وەکوو ڕەخنەیەکیش لە کوردەکان خۆیان، چونکە پێی وابووە کە زوو خۆیان دەدەنە دەست، ئاغا و دەستەڵادارە بێگانەکان، زمانی نووسین دەتوانێت ببێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ھەست بکەن کە ئەوانیش نەتەوەیەکن.
ئەحمەدی خانی یەکەم شاعیرە کە گلەیی لە سەرۆک ھۆزەکانی کورد دەکات کە یەک ناگرن و پشت بە نەیارانیان دەبەستن، دەنا دوژمنانی کورد غوڵامێتیان بۆ دەکردن و دەڵێت :
گەر دێ هەبوا مە ئتتفاقەک
ڤێکرا بکرا مە ئنقیادەک
ڕۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی
هەمیان ژ مە ڕا دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەولەت
تەحسیل دکر مە علم و حکمەت
• بەرھەمەکانی:
عەقیدەیا ئیمانێ:
بە پەخشان و ھۆنراوە سەبارەت بە پێنج کۆڵەکەی ئیمان لە ئیسلامدا نووسراوە.ساڵی 2000 لە سوید چاپ کراوە.
ئەم بەرهەمە پەرتووکێکی بچوکی عەقایدی ئیسلامە، چەند وانەیەکی زانستی (کەلام)ە، خانی بە ھۆنراوە پێشکەشی فەقێیانی کوردی کردووە، لێرەدا خانی وەک مامۆستایەک خۆی دەنوێنێت و نەچووەتە کۆڕی گفتوگۆ و لێکدانەوەی مەزھەبەکانی ئیسلامەوە، وەک (مەم و زین)ی نەکردووە، بەڵکو پەرتووکێکی خوێندنی پێشکەش بە فەقێکانی کردووە.
نووبەھارا بچووکان:
1683، فەرھەنگۆکێکی عەرەبی-کوردییە بە هۆنراوە، بۆ منداڵانی کوردی داناوە تا فێری زمانی عەرەبی ببن کە ئەو سەردەمە زمانی دین و زانست بووە، یەکەم جار لە 1926 لە #ڕەواندز# چاپکراوە.
خانی بە ھۆنراوەی کوردی فەرھەنگەکەی پێشکەش بە منداڵانی کورد کردووە، بۆ ئەوەی فێری عەرەبی ببن، خانی لێرەدا وەک کوڕی گەل خۆی دەنوێنێت، ئەم نۆبەرەیەی پێشکەش بە میر و خاوەن دەسەڵات ناکات، بەڵکو بۆ منداڵانی کوردی نووسیوە وەک خۆی دەڵێت:
نە ژبۆ ساحیب ڕەواجان
بلکی ژبۆ بچووکێد کرمانجان
مەم و زین:
ساڵی 1692نووسراوە، بەڵام یەکەم جار لە 1919 لە ئەستەمبوڵ چاپ کراوە، کە ئەنجامی مەرگی ناکامانە و پڕ لە ئازاری مەم و زین ببووە چیرۆک و بە پشتاوپشتی دەگوترایەوە، دەمێک بوو ئەو سۆز و فیداکارییە سروودی دڵداران بوو، خانی ھات سەر لە نوێ زیندوی کردەوە، نەمری پێ بەخشین و بەناوی ئەوانەوە کۆمەڵێک بیروڕای لە فەلسەفەی خۆی دەربڕی
جوانی خانی لەوەدا دەردەکەوێ کە ئەو زانست و زانیاری و مەعریفەیەی کە بەزەحمەت پێی گەیشتووە چەندین وڵات گەڕاوە بۆ ئەوەی بە دەستی بهێنێ بۆ خۆی گلی نەداوەتەوە بەڵکوو پڕۆژەیەکی داناوە و فەلسەفەیەکی داڕشتووە کردوویەتی بە بەرنامە بە بیری کوردانە و دۆخی کوردانە و ڕەچاوکردنی دۆخی سیاسی و سۆسیۆلۆژی ئەو کاتە
هەر وەک خانی خودی خۆی لە هۆنراوەەکانیدا دەیەوێت باس لە خەم و خەفەتی دڵی خۆی بکات و بە دوای چارەسەردا دەگەڕێت مەم و زین دەکات بە بەهانەیە، وەک دەڵێت:
شەرحا غەمێ دل بکەم فسانە
زین و مەمێ بکەم بەھانە
مەم و زین بەرهەمی35 ساڵەی تەمەنییەتی چونکە لە تەمەنی پانزە بۆ شانزە ساڵی دەستی کردووە بە نووسینی ئەو بەرهەمە مەزنە بە وردبوونەوە لێی دەگەینە ئەو واقیعەی کە مەم و زین بەرهەمێکی زیاتر سیاسییە وەک لەوەی ڕۆمانسی بێ واتە لە بنەڕەتدا بە ئەندازەی ئەوەی زۆرتر سیاسییە ڕۆمانسی نییە هەڵتەکاندنێکی سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژیییە بۆ ئەو کاتەی ناوچە کوردی و تاک و کۆمەڵگەی کوردی بۆ ئەو دۆخە چەق بەستووییەی کۆمەڵگەی کوردی کە ئەو کات لەژێر دابەشکاریی عوسمانی و سەفەوی دا بووە هەمیشە ناوچە کوردییەکان بوونەتە مەیدانی جەنگ قوربانییەکانی جەنگەکان تەنیا خەڵکی سڤیلی کوردی بووە ئیتر خانی دێت لە پەنای ئەوەوە پڕۆژەیەک پێشکەش دەکات بە زمانی هۆنراوەی بۆ ئەوەی بتوانێت ڕێگە چارەیەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزێتەوە ئەو چەند بنەمایەک پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی ڕزگار بن لەم داگیرکاری و پارچەپارچە بوون و خۆ خۆیی و داڕمانی ئەخلاق و بەهای کۆمەڵگەی کوردی ئەو کاتە تێیدا بووە .
کەواتە خانی لە ڕێی مەم و زینەوە چەندین شت بە ئێمە دەڵێت بە دەر لەوەی ئەم شاکارە سیاسی و ڕۆمانسییە وەک وترا بەرهەمێکی مێژووییشە چونکە شاعیر مێژووی ئەو کاتەمان بۆ دەگێڕێتەوە بە هۆنراوە، بۆیە دەتوانرێ وەک سەرچاوەییەکی گرنگی مێژوویی سوودی لێ وەربگیرێ ئەم داستانەی ئەحمەدی خانی باس لە دۆخی ئەو کاتی تاکی کورد و کۆمەڵگەی کوردی و دۆخی ئەو کاتەی حوکمڕانی کوردی و شێوازی حوکمڕانی کوردی و میر و میرنشینەکان باس دەکات، خستنەڕووی پڕۆژەکەی بە زمانی هۆنراوە دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ئەوەی کە زمانی هۆنراوەی زیاتر باڵا بووە وەک لە زمانی نووسینی ڕووت.
بۆیە خانی دوای خوێندنەوەیەکی واقعی بۆ دۆخی کورد، پێشنیاری پڕۆژەیەکی سیاسیی-کۆمەڵایەتی دەکات بۆ ئەوەی کوردەکان هەوڵ بدەن سوودی لێ وەربگرن تا دەوڵەتی خۆیان دابمەزرێنن
لە خوارەوە گرنگترین فاکتەرەکان دەخەینەڕوو کە خانی لە دوتوێی پڕۆژەیەکدا ئاماژەی پێ داون بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، بریتین لە:
1-یەکێک لە فاکتەرەکان لە پڕۆژەکەی خانی بەرچاو دەکەوێت بریتییە لە هەبوونی سوپا، سوپایەکی بەهێز و پڕچەککراو بە چەکی مۆدێرن، لە ڕووی مێژووییەوە باس لە سوپای ڕووس دەکات کە چۆن بووەتە سەرداری عالەم باسی لە گرنگی هێز دەکات لەم سەردەمە، چونکە زمانی سیاسی ئەو کاتە زمانی هێز بووە، هەبوونی ئەم ھێزە بۆ پاراستنی وڵات لە مەترسی ھێرش و داگیرکاری وڵاتانی تر.
2-فاکتەری دووەم بریتییە لە یەکگرتن کە ڕێگایەکی گونجاوە بۆ گشت نەتەوە و کۆمەل و گرۆپێک تا بتوانن بەهۆیەوە ڕێچکەیەکی تەندرووستی دەسەڵاتداری و ژیان کردن پێکەوە بدۆزنەوە، بە تایبەتیی بۆ ئەوانەی کە ئامانجێکی بنیاتنەرانەیان هەیە بۆ گەیشتن بە دۆزی ڕەوای خۆیان، بە پێچەوانەوە گەر بێتوو یەکگرتوو نەبن و لێکترازا و بن ئەوا ناتوانن ئامانج و مەبەستی خۆیان بپکێنن، مەبەستی خانی ئەوەیە کە نابێت کۆمەڵێک میر و میرنشین و عەشیرەت و تایەفە و تیرە و بنەماڵە و لایەن هەبن بە جیاجیا خاوەن هێز و سەرکردەی خۆیان بن، بەڵکوو دەبێت هەموویان یەک بگرن لەژێر ناوی یەک نەتەوە و خاوەن یەک گوفتار بن تا دەوڵەتێک دابمەزرێنن.
3-فاکتەری سێیەم بریتییە لە ئایین ئەسڵی ئایین (هەموو ئایینەکان) بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی هاتوون، خودی ئایین (پەیام) پێویستی بە مرۆڤ نییە ببێتە خزمەتکاری.
خۆی گەورەیە، تەواوە، موتلەقە، لەوەوە بنەمای زۆریکردن نییە لە ئایین، خانی نایەوێت ئایین ڕابماڵرێت بەڵکوو دەیەوێت ئایین بەگەر بخرێت بۆ خزمەتی دەوڵەت بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگە و درووستکردنی تاکەکان واتا تاکەکان نابێت خزمەتکاری ئایین بن بەڵکوو ئایین خزمەتی تاکەکان بکات کاتێک خانی بابەتی ئایین دەورووژێنێت لە بێباوەڕیەوە ئەم قسەیە ناکات پێویستە ئەوەمان لە بەرچاو بێت کە بەرهەمێکی هەیە بە ناوی عەقیدەی ئیمان کە تیایدا باس لە پێنج فەڕزەکەی ئایینی ئیسلام دەکات لەو پەڕی باوەڕدارییەوە ئەم قسەیە دەکات چونکە خانی تێگەیشتووە لەوەی کە ئایین بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی هاتووە.
4-یەکێک لە فاکتەرەکان تر بریتییە لە عیلم و مەعریفەت، زانست و زانیاری لەهەموو شت گرنگترن چونکە تەنیا بەو دوو شتە دەتوانین بگەینە دەرئەنجامی هۆشمەندی ئەگەر زانست و زانیاری نەبێت ژیان و گەردونیش پڕدەبن لە جەهالەت و هەموو شتێک پوچ و بێ مەعنا دەبێت یەکێکە لەو فاکتەرانەی کە خانی زۆر جەختی لەسەر کردووەتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە پڕۆژەکەیدا ئەو هانی تاکەکان دەدات بۆ ئەوەی خۆیان ڕۆشنبیر بکەن و بزانن لە دونیای دەوروبەر چی دەگوزەرێت، خانی لە ڕێگەی پڕۆژەکەیەوە لەگەڵ بنیاتنانی دەوڵەت هەوڵی بنیاتنانی تاکەکانیش دەدا واتا تاکێکی سەربەخۆ کە ئازا و بە جەرگ و تێگەیشتوو و ڕۆشنبیری بێ.
5-خانی باس لە سەرکردە دەکات وەکوو هۆکارێکی دیکە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی هەبوونی سەرکردەیەکی بەهێز و قارەمان، سەرکردە ئەو کەسەیە خەڵک بەرەو ئامانجە هاوبەشەکان ئاڕاستە دەکات و ئامانج دەگرێتە بەر و پرد لەنێوان تاکەکان درووست دەکات، و هێز و مەعریفە پەرتەوازەکان کۆ دەکاتەوە، و هاودەمی درووست دەکات واتە کۆکەرەوەی هەموو بۆچوونەکانە، سەرکردایەتی کردن هونەرێکە دەتوانێت کاریگەریی بخاتە سەر تاک و کۆمەڵگە بە مەبەستی بەڕێوەبردنیان.سەردەمی خانی پێچەوانەی سەردەمی ئێستا ئەو کەسانەی بەهێز و قارەمان بوون ڕۆڵیان دەبینی لە بنیات نانی دەوڵەت.
بە داخەوە پڕۆژە مەزنەکەی خانی لە دوتوێی شاکارە جوانەکەیدا بە زمانی هۆنراوە، لە مەعریفەی تاکی کورد غاییبە، ئەمەی سەرەوە هەوڵێک بوو بۆ ئاشنابوونەوە بە بەشێک لە فەلسەفەی کوردی، ئەو پڕۆژەیەی کە ئەحمەدی خانی نزیکەی 300-400 ساڵ بەر لە ئێستا پێشکەشی کوردی کردووە، بە زمانی هۆنراوە، هەوڵی داوە تاکەکانی کورد تێ بگەیەنێت لەوەی کوردیش نەتەوەیەکە وەک هەر یەک لە نەتەوەکانی دیکە، دەتوانێت ببێت بە خاوەن دەوڵەتی خۆی و خاکەکەی خۆی بپارێزێت لە دەستی بێگانە و هەموو لایەک یەک بخات و خاوەن یەک گوفتارێکی سیاسی یەکگرتوو بن، هەوڵی پاراستنی کورد و زمانی کوردی بدەن لە توانەوە و لەناوبردن، نۆکەری بێگانە نەبن و پاڵپشتی یەکتر بن لە بنیاتنانی دەوڵەتی کوردی، خانی باسی کردووە، کەچی بە داخەوە وەک پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، دەنا کوردیش دەتوانێت کەڵک لە بەرهەمی فەلسەفی و ئەدەبی کوردی وەربگرێت بۆ یەکخستن و هەنگاونان بەرەو دەوڵەتداری.[1]