جا بێمە سەر باس ژن مارە بڕین
نەک مارە بڕین بە پارە کڕین
جاران ڕەسم بوو ژن بە خۆڕایی
شەرعەن حەرام بوو پارەی شیربایی
ئێستە خوا دەوام مامۆستا بدا
فێڵ ئەدۆزێتۆ حەڵاڵی ئەکا
لەسەر شیربایی مارە ئەبەستێ
حەڵاڵی ئەکا و هیچ لێی ناوەستێ
ژنی بێ باوک بە بێ برایە
حەقداری تەنیا یەک ئامۆزایە
کە یەکێ هاتوو داواکری بوو
سا بەهەر جۆرێی خڕیداری بوو
ئامۆزا ئەڵێ خۆ من حەقدارم
مەسەلی مەشور بەشە بەشدارم
پازدە دینارم ئەوێ شیربایی
خۆ من شێت نەبووم هەر بە خۆڕایی
کچ ئەڵێ بەخوا پارە ناگرم
شوو بەمە ناکەم چون من چاترم
بەڵێ ئامۆزا ڕاستە حەقدارە
هەر خۆی حیسابە گەورە و سەردارە
ئەمما بەو شەرتە نەمدا بەم کابرا
ئەوم قەبووڵە لەباتی برا
ئەم پیاومە ناوێ هەرسات لە جێیێ
سەرسەری و بێ ماڵ هەر تاو لە دێیێ
ئەمجارە کابرا کە جواب کرا
پەنا ئەباتە بەر خزم و برا
پارە قەرز ئەکا بە سوود و سەلەم
پازدە دینارێ بەبێ زیاد و کەم
وەختێ ئامۆزا پارە ئەبینێ
ڕەحم و ئینسافی لەلا نامێنێ
ئەڵێ مامۆسا مارەی ببڕە
با دابمەزرێ ئەم دەڵە شڕە
ئەمجا کچ ئەڵێ بەخوا شوو ناکەم
خۆم ئەخنکێنم قەت ئیزن نادەم
ئامۆزام حەقی بەسەرمۆ نییە
نانیم نەخواردوە حەقداری چییە؟
ئامۆزا ئەڵێ بێ حەیای ماکەر
چۆن ئیزن نادەی ڕۆحت دێنمە دەر
دەس ئەداتە دار پڕی ئەداتێ
ئەیگرن نایەڵن دەستی بیگاتێ
ئەمجا کچ ئەچێ بۆ دراوسێ ماڵ
خۆی ئەشارێتۆ بەسەد هەزار حاڵ
چرا هەڵ ئەکا ئەیدۆزێتەوە
بەقژ ئەیکێشێ ئەیهێنێتەوە
خەنجەر دەردێنێ فیشەک تێ ئەخا
بە لوولە تفەنگ جار جار لێی ئەدا
بە زەجر و بەداخ بە خەنجەر لێدان
ئەیکێشێ هەتا دێنێتە مەیدان
ئەڵێ مامۆسا سا، خێراکە دێرە
من ئیشم زۆرە نامێنم لێرە
کچ هاوار ئەکا ئەڵێ کاک مەلا
پەنام بۆ هانیت ئەی مەردی خوا
مەیەڵە بمدا بەم کابرا کەرە
لە عەقڵ و زانین زۆر بێ خەبەرە
مەلا دێتە جواب دادە زۆر چاکە
پیاوێکی کاسب زۆر تینەت پاکە
تمەس مامۆسا زۆر بە کوڵە بۆی
پەلە پەلیەتی بۆ حەقەکەی خۆی
کچی بێچارە دێتە گوفتوگۆ
ئەڵێت هەی هاوار هەی هانا هەی ڕۆ
نەمکردوە و نایکەم ئەگەر لەت لەت بم
یاخۆ باڵ بەستەی گوریس و پەت بم
ئامۆزا دیسان مشت ڕائەکێشێ
لەکەس ناترسێ هیچ نای ئەندیشێ
فیشەک گولەکۆڵ ئەنێتە تفەنگ
مشتی بۆ ئەگرێ بێ سەدا و بێ دەنگ
ژن ئەقیژێنێ ئەڵێ هەی مەلا
فریام بکەوە بۆ خاتر ئەڵڵا
مارەم ببڕی منەت بە گیانم
زۆر زۆر مەمنوونم بەندە فەرمانم
مارەی ئەبڕێ ئەمجار مامۆسا
بێ ئیجازەی شەرع بێ ئیزنی خوا
مەلا دەک کوێر بی بۆ زهد و ورعت
دەک پشتت شکێ بۆ ئیجرای شەرعت
کەی باوک و باپیر هەروا زووبەزوو
دروستە بە زۆر کچ بدا بە شوو
ئەمە کەی دینە و کام ئیمام فەرمووی
پووکاوڵت بێ خۆ تۆ ڕیش چەرمووی
زۆر تماعکار بی سێ ڕووپیە ئەبەی
بۆ پارەیێ کەم بۆچی وا ئەکەی
ئەوا ئامۆزا وەحشیە و کەرە
مەلا دانیشتووی جێی پێغەمبەرە
میللەت تا بەکەی جەهل و نەفامن
میللەت تابەکەی شێت و عەوامن
میللەت هەموو کەس گەییە جێی مەردی
ئەی تۆ کێ ئاوا لە ڕێگەی بردی
میللەت قانعی خوشکی نەماوە
خەمی تۆ ئەخوا ئەم بەند و باوە
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #شاخی هەورامان#
[1]