چون نەما عیززو شەرەف، حەییسیەت و ناوی چی؟
بەخت ئەگەر یار نەبێ، مەکر و فەن و داوی چی؟
حورمەت ئەمڕۆ کە نەبوو، حورمەتی فەوتاوی چی؟
«پارە ئەمڕۆ شەرەفە پیاوەتی و، پیاوی چی؟
ئێستە بێ پارەیی بەدناوی یە، بەدناوی چی؟»
ئەوی ئێستا لە نەزەردایە، بەفیکرا نەدەهات
دوێ بە دوو ئانەی ئەدا پێت، چ بە خۆت و چ برات
خوا ئیرادەی کە ببێ، سەیری کە ئەم هاتە کە هات
ئەو کەسەی دوێنێ لە ژێر عالەمەوە ناڵەی ئەهات
ئەمڕۆ سەردار و ڕەئیسە، گەزی چی جاوی چی
بەخوا باوەڕت بێت و بە هەموو عیلمی کەلام
شەو لە بۆ چۆڵ ئەبرا، ڕۆژ ئەکرا سەوقی حەمام
سەری دایم لە کەنابوو، کونی بوو، وەقفی عەوام
ئیستە ئەو کورسی نشینە و، منی بێ پارە گەدام
وا، بە گون گوێژە ئەکێڵێ، کەنی ڕوخاوی چی؟
سەرم سوڕماوە کە بۆچ ئەو کەسە ئەهلی هونەرە
سەرکز و قوڕبەسەر و بێ سەمەر و دەربەدەرە
خواردنی خوێنی دڵ و ئاوی زووخاوی جگەرە
عەبد و مەحکوومی کەسێکە بە هەموو جلوەکەرە
سەیری بازاڕی خوا کە، دڵی سووتاوی چی؟
ئەی فەلەک ڕاستۆ نەبی بۆ عەمەلی پڕ زەرەرت
بۆ بەخێو کردنی بێ سوودی هەموو جاشەکەرت
بۆ هەزاران عولەمای دڵ بە خەمی دەربەدەرت
سەیری ئەم ئیشە کە ئەیکەی، قوڕی عالەم بەسەرت!
تۆ کە ڕاوچی ژنی حیزی، سەگی چی؟ ڕاوی چی؟
کلکی کەر هەڵبڕی ئەیبەیتە سەر ڕوتبەیی شا
شا بە شەق دەرئەپەڕێ ئەیخەیتە ناو فەوجی گەدا
تاوێ باوی چەقەڵە و، ڕۆژێ دەمی دێلە بەبا
گاهێ ڕێوی بە نەزانی ئەکەیە شێری هەجا؟
کەس بەتۆ فەخری نەبێ، دەمی چی؟ باوی چی؟
قانعا ئیشی فەلەک پووچە وەکوو ئیشی مناڵ
هەرچی هات گوێی مەدەرێ، بێ سەمەرە فیکر و خەیاڵ
بەیەکێ شەربەت ئەدات و بە یەکێ هەرزەنی تاڵ
هەر لە ڕۆژی ئەزەلا عادەتی بوو ئیشی بەتاڵ
چاوی ڕەحمی نییە بۆ کەس، کەسی چی جاوی چی
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #شاخی هەورامان#
[1]