خوشکی خۆشەویست، یارانی دڵسۆز
دایکی کوڕانی لاوی جگەرسۆز
بنواڕن بۆ ئاﮪ دەروونی تەنگمان
بنواڕن بۆ بار زمانی لەنگمان
بنواڕن بۆ ڕەنج بەباچووی خۆمان
بۆ شین و زاری، هاتووچووی خۆمان
بڕوانن بۆ لێو پڕ باری زەردمان
بۆ قرچە و برژەی دڵەی پڕ دەردمان
بڕوانن بۆ سەر بەقوڕ گیراومان
بۆ خوڕەی فرمێسک خوێناوی چاومان
ئێمە نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ ئەکێشین
بەسەد ناڵە و دەرد، بەسەد نەخۆشین
کوڕ پەیدا ئەکەین، بەهەزار کێشە
بەو ناڵە ناڵەو، بەو دەرد و ئێشە
سا بیپارێزە با سەرمای نەبێ
باوەشێنی کە تا گەرمای نەبێ
کاتێ نەخۆش کەوت نوشتەی لای شێخان
یان خەستەخانە بۆ داو و دەرمان
هاشاووڵ بۆلای دراوسێ بردن
شەو و ڕۆژ گریان، لە ترسی مردن
هەتا مناڵە پەڕۆ گوو شۆرین
بێشکە ڕاژەندن لە کاتی گرین
بەڕۆژ لە باوەش، شەو لایەلایە
بەڵکوو گەورە بێت، بۆت بێتە کایە
کراسە شڕەکەی زوو زوو بشۆرە
هەتا هەژدە ساڵ بڕۆ بەم جۆرە
کاتێ بوو بە کوڕ بیبەن بۆ ڕووی جەنگ
بیکەن بە نیشان بۆ شێلگی تفەنگ
گوللە تۆپ بدا، لە پەڕەی دڵی
کام دڵ؟ ئەو دڵەی وەک پەڕەی گوڵی!!
لەت لەت جگەری لە دەم بێتە دەر
بە دەم نێزەوە، یا نووکی خەنجەر
چاوی نازاری پڕ بێ لە خوێناو
باڵە تەپێ کا، وەک کەوی کوژراو
هاوار! هەی دایە، هەی بابە ئامان
فریام بکەون، دەسم بە دامان
لەتاو گیان کەنشت، دەم داچەقێنێ
لە گۆنای زەردی جواناو بڕژێنێ
بەبێ چۆڕێ ئاو، بە بێ خەمخوارێ
ئەوە کەی دینە بەردتان لێ بارێ
نامەوێ کوڕم چاو بکا لە کەس
خەڵقم بۆ بگرێ و بیکا بەژێر دەس
نامەوێ دنیام بۆ بکا بە بازاڕ
شتی تیافرۆشم، ببم بە توجاڕ
نامەوێ کوڕم بۆ بکەن بە پەن!
فێری کوشتاری ناو فڕۆکەی کەن!
فەقیر و هەژار بۆمباردمان کا
یاخود پیادە بێ و خەڵکی تاڵان کا
نامەوێ نێزە بەسێتە پشتی
یان ئۆتۆماتیک بگرێتە مشتی
کوڕ بۆیە چاکە غیرەت بنوێنێ
نان دایکەپیری خۆی بەدەس بێنێ
نەیەڵێ باوکی کز و بێ دەس بێ
نەیەڵێ برای چاوی لەکەس بێ
بەلووتی گاسن، بەهێزی دەمار
زەوی هەڵ دڕێ هەر ئەوەڵ بەهار
نانی خێزانی خۆی بەدەس بێنێ
بەقرچەی هاوین ئارەق بڕژێنێ
هەی داد، هەی بێ داد، ئەی ئەهلی ویژدان!
ئەمە کام دینە و، ئەمە کام ئیمان؟!
من کوڕ بەخێو کەم بە دڵێکی تەنگ
بەزۆر ڕایکێشن بۆ مەیدانی جەنگ!
بۆ سوودی مەردووم، سەری ببڕن
بە نووکی نێزە زکی هەڵدڕن
بیکەن بە قوربان، بۆ کۆشک و تەلار
بیکەن بە فیدای سنووقی دۆلار
ئەی دایکی کوڕان! ئەی جنسی لەتیف
ئەی شۆخە ژنان! سەرتاپا زەریف
غیرەت و نامووس بەر مەدەن لەدەس
کوڕ مەدەن بە کوشت بۆ قازانجی کەس
پڕ بەدەم خۆتان، هاوار کەن یەک دەنگ
بڵێن کوڕ خۆمان نانێرین بۆ جەنگ
ئێمە هەژارین لەل کەس دەنگ ناکەین
سەریشمان بڕن ئێمە جەنگ ناکەین
ئیتر هەر بژی دەوری بێ جەنگی
ئیتر هەر بژی ڕۆژی بێ دەنگی
ئیتر هەر بژی ئاسایش خواهان
بژی ئاسایش تا ژینی جیهان
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #شاخی هەورامان#
[1]