کوڕ ئەبێ جێگەی شاخ و بن بەرد بێ
ڕەنگ زەرد و زایف هەناسە سەرد بێ
خەمبار و پەشێو سەرسام و بێ ڕەنگ
بێ کەیف و دەماخ وەک نەقشی ڕوی سەنگ
وەک پڵنگ چابک، وریا وەک ڕەشمار
بە زاهیر سەرکز وەک مەردە موردار
مردن و ژیان لە لای یەکسان بێ
بۆ بە جێماوی پیشەی گریان بێ
زۆر چاک تێکۆشێت بۆ بەرزی هۆزی
خۆ بکات بە قوربان بۆ خاکی کۆزی
هەتا ئەتوانێ دەس هەژار بگرێ
سارد نەبێتەوە هەتاکوو ئەمرێ
جەنگ لابا لە ناو برادەرانی
ئاشتی خاتە بەین کەس و کارانی
هێندە تێکۆشێت چاک خوێندەوار بێ
لە ڕێی ئازادی زرنگ و هۆشیار بێ
وڵات نەفرۆشێ ببێ بە جاسوس
پارە وەرنەگرێ لە باتی نامووس
خۆی پڵاو نەخوا و برای نانی جۆ
فاسۆن نەپۆشێ و براکەی پەڕۆ
خەمی تێکەڵاو خەمی یاران بێ
پڵنگی نەبەز لە ڕووی مەیدان بێ
ژیانی گەلی نەدا بە پارە
لەسەر حەق بڕوا بۆ ژێر قەتارە
زیندان لە لایا باخ و بێستان بێ
بەرزی یا نزمی لەلای یەکسان بێ
ئەوسا پێی ئەڵێم، کوڕی جوانە
شێری بێچوە شێر، بێشەی نیشتمانە
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #شاخی هەورامان#
[1]