خوا کوا ڕوستەمی ئەمڕۆ سەری خوێنخۆری بشکێنێ؟
خوا کوا ئاگرێکی وا کە پیاوی بەد بسووتێنێ؟
پزیکێکیش نەبوو جارێ کەدەردی دڵ بفەوتێنێ
سەرم ناوێ کە فیزی بەگلەری و سەرداری بنوێنێ
دەمم ناوێ کەتیکەی زل زلی تەنهایی بگلێنێ
دەسا تاکەی لەناو گەلدا درۆ و فیشاڵ ئەنوێنێ؟
ئەگەر خایەن بە هۆزت بێ بزانە قابلی جوێنی
لەبەر قازانجی خۆت بۆچی دڵی بێ دەست ئەڕەنجێنی
٭خوا ئەوچاوە هەر کوێر بێ کەچاو بۆخەڵکی هەڵبێنی
دە ڕەببی کەڕ ببێ گوێیێ نەبیسێ شینی هاو خوێنی
خوایا ئەوکەسەی پیسە دوچاری گێژی مەینەت بێ
گرفتاری خەم و دەرد و پەشێوی باری نەگبەت بێ
لەڕۆژی جەژنەدا ئیشی هەموو هەر شین و میحنەت بێ
لچێ خوێنی فەقیری پێ مژن یا ڕەببی دابڕزێ
زمانێ بەد بڵێ هێندە بماسێ خێوی خنکێنێ
وەرە سەیرو تەماشاکە کە هەر .. ێک و هەر پەستێ
کەهەر جاسوسی بێ دین و کەهەر بێهۆش و سەر مەستی
کە دەستی بوو بەهەر جۆرێ لە بەدکرداری ناوەستێ
دەبەسراوی کەلەبچەی دەستی زاڵم بۆنەبێ دەستێ
کە ئەو دەستە بەشی بێ دەستەڵاتێ بگرێ ، بڕفێنێ؟
تەماشای شیوەنی من کە، ئەخوێنم هەر وەکو قومری
برا ئەم شینە بۆتۆیە کەوا بێ جێگە و بزری
دەسا هاو دەردی دڵ! فەرمو لەگەڵ من،تۆیش بەکوڵ بگری
لە کۆتی حاکما ڕەببی ، بمێنێ تا دوا عومری
قول وقاچێ کەبۆ هاواری خەڵکی سستی بنوێنێ
ئەوا گەل پاکی سەر کەوتن ، بەجێ ماوین لەناو جێدا
وەکو بێهۆش ئەسوڕێنۆ لەشاران و لەناو دێدا
ئەمە گەردوون بەئێمەی کڕد، دەپەندی وا بەسەر کێدا؟
وەرە بنواڕە، کاکم لافی خەمخۆری منی لێدا
کەچی بوتاکە یەک ئانە سەد وەک من ئەشکێنێ
برا من سەر زەنشتی تۆ ئەکەم ،سا تۆش بەهەر جۆرێ
بزانە هۆزی بێدەس نیت، لە ڕووی گێتی تەاو زۆری
دڵت پاک بێ لەگەڵ هاودڵ ، سپیت، سووری، ڕەشی بۆری
نەبوو دەستێ لەکوردستانەدا جارێ بەخەمخۆری
کە پشتی بێ سەر و پێیێ بە دڵسۆزانە بخورێنێ
ئەوا بەم جۆرە ڕابورد و لەدەس چوو عومری فەوتاوم
لە بیری یەکیەتی گەلدا، تەواو سووتاو و برژاوم
کە چۆن هاوڕێم چووە سەر کەل، لەبن کەلدا بەجێ ماوم
نزامی عالەمی هێندە بە لاری دێتە پێش چاوم
ئەگەر سەد جارە پینەی کەن، ئەپچڕێ و تازە نامێنێ
ئەوەی دڵپیسی نیشتمانە، خوا سا بەردی لێ بارێ
بە پارە و دەستەڵاتی خۆی، نەبوو جارێ بکا کارێ
ئەزانم هیچ بە هیچ نابێ، بە هیچ نابین، بە هیچ بارێ
مەگەر دەستی تەبیعەت وەرگەڕێ و بیخاتە سەر بارێ
کە ڕیشەی ئەهل ئەم عەسرە، بە دەستی جەور دەربێنێ
دەبا نووکی قەڵەم ئەمڕۆ بنووسێ و هۆشی پەیدا کا
بخاتە مێشکی لاوان و سەراسەر گەنج شەیدا کا
هەزار وریای وەکوو وریا، بە جارێ شوور و غەوغا کا
لە پاشا دایکی ئەم خاکە، کوڕێکی تازە پەیدا کا
ئەویش تێکۆشێ وەک قانع براکانی بلاوێنێ
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #شاخی هەورامان#
[1]