بەرزەنجە دێیەکە کەوتووەتە شەرقی شاری #سلێمانی# وە ئەم دێیە بە سادات ناوبانگی کردووە، باپیرە گەورەی ئەم ساداتە شیخ عیسای نوور بەخشە کە کوڕی باباعەلی هەمەدانە ئەم باباعەلییە لە دەورەی عباسییەکانا ڕۆیشتووە بۆ هەمەدان لە ساڵی 656ی هیجریدا کە سەڵتەنەتی عەباسی بە دەست مەغوول تێک چوو شێخ عیسا و شێخ مووسا کە هەردووکیان بران ڕوویان کردە عێراق و بەرزەنجەیان ئاوەدان کردەوە، شێخ مووسا کە برا گەورە بووە هیچ منداڵی نەبووە بەڵام شێخ عیسا ماشائەڵڵا هێندە ئەولادی لێ کەوتووەتەوە لە ژمارە نایەن. ساداتی بەرزەنجە ئێستە لە هەموو پارچەیەک لە خاکی ئیسلامدا هەیە و بوون بە چەند بەرەباب وەکوو بەرزەنجەیی، نۆدێیی، دۆل پەموویی، تەرانەوەنی، گلەزەردەیی یانی لەم پەرتووکەدا ناگونجێت بەرە بابەکان بەتەواوی بنووسم بەڵام لە سروەی بەربەیانا بەتەواوی ئەیان نووسم.
=KTML_Bold=پیاوە بەرزەکانی بەرزەنجە=KTML_End=
1) شێخ مەعرووف نۆدێیی
شێخ مەعرووف نۆدێیی کە عالم بووە و عەلامەی زەمانی خۆی بووە یانی ئەم شێخ مەعڕووفە لە هەموو عیلمێکدا تەسنیفاتی هەیە شتێک کە من بزانم شەست جڵد پەرتووکی نایاب نایاب و بەنرخی تەسنیف کردووە. ئەم شێخ مەعرووفە لە ئەولادەی شێخ محەمەدی نۆدی بە تەسادف دەوری حوکمداری بابانەکانی کردووە، میری قەڵا چوالان کە پادشای بابان بووە نەیهێشتووە شێخ مەعڕووف لە نۆدی دانیشێ بردوویە بۆ مودڕسی قەڵا چوالان. لە قەڵا چوالانەوە لەگەڵ بابانەکان و دانیشتووانی قەڵا چوالان گوێزاویانەتەوە بۆ دەشتی مەڵکەندی و مەڵکەندیان کردووە بە شار ناویان ناوە سلێمانی و چۆنییەتی ئەو گوێزانەوەیە لە پەرتووکی چوار باخی پێنجوێنا بە زمانی گردی سەیوانەوە نووسیومە ئیتر پێویست بە دووبارە ناکات.
2) حاجی کاک ئەحمەد
حاجی کاک ئەحمەد کوڕی شێخ مەعرووفی موسەنیفە لە شاری سلێمانی لە دایک بووە ئەم حاجی کاک ئەحمەدە زۆر خوا پەرست و عالەم بووە یانی دەتوانم بڵێم لە دیانەتا لە خاکی ئیسلامدا هاوتای نەبووە و لەناو خاکی کوردەواریدا هێندە بە پاک و خاوێن تەماشا کراوە هەر کاغەزێک کاک ئەحمەد نووسیبێتی مەردۆم هەڵیانگرتووە لە باتی دوعا و نوشتە. دەڵێن حاجی کاک ئەحمەد دوعای گولەبەندی نووسیوە ئەو دوعایە بە هەر کەسێک بووبێ گولە کاری لێ نەکردووە من بە چاو نەمدیوە بەڵام دەڵێن لە کوردەواریدا زۆر جار دوعای کاک ئەحمەدیان کردووەتە مل ئاژەڵ و تفەنگیان پێوە ناوە ئەو تفەنگە ئەو ئاژەڵەی نەبڕیوە. حاجی کاک ئەحمەد هەر وەک عالەم بووە ئێرشادێتی کردووە هەمیشە تێکۆشاوە بۆ ئیسلاحی مللەت زۆرجار بووە کە حاجی کاک ئەحمەد چووە بۆ بانە بۆ مەریوان بۆ لابردنی ستەم لەسەر هەژارێک. یانی ئەگێڕنەوە کە جارێک کابرایەکی بانەیی ڕەنجبەرێکی دەبێت ڕەنجبەرەکە حەز لە کچ ئاغاکەی دەکات ئاغاکەی کچەکەی پێ نادات کابرای ڕەنجبەر هاوار دێنێ بۆ کاک ئەحمەد ئەمیش دەچێت بۆ بانا بۆ تکاکردن و ئەو کچە بە پارەی خۆی ئەگوێزێتەوە بۆ کابرای ڕەنجبەر. حاجی کاک ئەحمەد ژیانی خۆی لە ڕێگەی ئیسلاحاتی دین و دونیا سەرف کردووە و چوار ڕوبعەیەکی شەرعی داناوە بۆ لوغەتی فارسی بۆ ئەمە کە هەر موسڵمانێک هێزی بە عەرەبی ناشکێ بە فارسی تەواو هەڵسان و دانیشتنی دینێ شارەزا ببێت وە ئەو پەرتووکەی ناوناوە مەکتووب. دەتوانم بڵێم ئەو ئیستفادەی دینییەکە لە مەکتووب کراوە لە کەم پەرتووکە شەرعییەکان کرابێت ئەگەر بە لوغەتی کوردی بوایە زۆرتر سوودی لێ وەرئەگیرا.
3) شێخ مەحموود
شێخ مەحموود کوڕی حاجی شێخ سەعید کوڕەزای کاک ئەحمەدە ئەم شێخ مەحمودە هەر لە منداڵییەوە خۆی دایە ئەسپ و تفەنگ و سوارە پێکەوەنان زۆر جار شەڕی عەشایەری کردووە و لە زۆر جەنگا سەر کەوتوو، وە هەتا پاش جەنگی گەورەی یەکەم کاتێک کە حکوومەتی بەریتانیا هاتە عێراقەوە دوو تا سێ دەفعە بە ناوی ئیستقلالی کوردستانەوە تەشکیلاتی کوردستانی کرد بەڵام تێکیشی ئەدایەوە لەم پەرتووکەدا ناگونجێت بە درێژی باسی شێخ مەحموود بنووسم چوونکوو ئەم شێخ مەحموودە نزیکەی پازدەساڵ بە کەژ و کێوەوە ڕای بوارد و هەمیشە لە گەل هێزی حکوومەتی عێراقا جەنگی دەکرد و دوو جار لە تەرەف بێگانە و لەسەر داوا کردنی ئازادی بەندی و دیلی کێشاوە و دە ساڵ خانە شاری بووە، لە سروەی بەربەیانا بە درێژی باسی دەکرێت، لە ڕۆژی لە دایک بوونییەوە هەتا ئێستەکە ماوە و لە دێی داری کەلی لە ناوچەیی بازیان تابع ناحیەی تەناڵ دانیشتووە.
4) شێخ تەهای بەرزەنجە
شێخ تەهای بەرزەنجە: شێخ تەها عالمێک بووە کە هەموو کوردەواریدا ناسراو بوو حەتا شۆرەتی عیلمی شێخ تەها گەیشتووەتە پایتەختی عوسمانییەکان کە شاری ئەستەنبووڵ بووە لە لای سەرۆکی عوسمانییەوە نووسراوەی بۆ هاتووە و بانگ کراوە بۆ ئەستەنبوول وە کراوە بە مامۆستای پادشازادەکان.
5) باباڕەسووڵ گەورە
بابە ڕەسووڵ و شێخ عەلی کوسە و شێخ حەسەن گازەردە وشێخ محەمەد ئەوانەوەن لە ئەولادی نوور بەخش باس کراون و ئەم زاتانە شایانی نووسینن لە مێژوودا لە سروەی بەر بەیانا خۆیان و ئەولادیان باس کراوون هێشتا چاپ نەکراوە ئنشائەڵڵا دەخرێنە پێش چاو
6) شێخانی ئێرشاد
شێخانی ئێرشاد چە قادری و چە نەقشی بە ڕووناکی نووسراون لە چاپکردنی سروەی بەر بەیانا پێشکەشی دەکرێت.
...........
کاتێک کە حکوومەتی عێراق بە دڵسوزیەکەی خۆی ئەمری مکافحەی تەمامی دا لە کوردستاندا بەڕێ کەوت من کرام بە موعەلمی مکافحە لە دێی «سیتەکدا» بەڵام لە کاتێکی زۆر تەنگ و چەڵەمەدا بوو چوونکە ساڵ درەنگ بوو حکوومەت پێی نەدەکرا بە چاکی تەماشای ئەم قوتابخانەانە بکات، و کەرەستەی خوێندنیان بەتەواوی پێ بدات: وەکوو چرا و سۆبە و نەوت: بۆ قوتابخانەی شەو وە پەرتووک و دەفتەر و قەڵەم بۆ قوتابخانەی ڕۆژ بەڵام «تەڵاخان» [ژنی شێخ لەتیفی شێخ مەحموودە تەڵا خانم کە یارمەتیی دەری خوێندەواریە لە دێی (سیتەک) کچی (حەلیم خان) کوڕی مەحموود خان کوڕی فەتاح خان کوڕی حاجی مستەفا بەگ مەشهوور بە حاجی نائبی بانەیە. حاجی نائب لە دەورەی حوکمڕانی سەربەخۆی بوو ئەم خانی برایا نائبولحکوومەت بووە بۆیە پێی دەوترێت حاجی نائب دەچێتەوە سەر سڵێمان بەگی مەشووری بانە. بەگزادەی بانە وەکوو لە تاریخدا بۆمان دەر کەوتووە و ڕۆشن مان کردووەتەوە چەندین ساڵ لە پێش دینی ئیسلامدا فەرمانرەوایی ئەو خاکەن بە دەستەوە بووە، دەتوانم بڵێم لە پاش خانەدانی ئاردەڵان و بابان سێیەم خانەدان بوون لە کوردستاندا وە لە کاتێکدا دینی موقەدەسی ئیسلام دەر کەوتووە بە بێ شەڕ و شوور دینیان ئیختیار کردووە بەهۆی ئەوەوە لە مێژوودا پێیان دەڵێن ئیختیار دینی هەرچەندە کە ئێشتە لەوەچێ تازە پێ گەیشتووەکانیان کە نەخوێندەوارن نازانن کێن و دەچنەوە سەرکێ؟!] هیمەتێکی زۆری کرد و هەموو کەرەستەی خوێندەواری بە پارەی خۆی بۆ قوتابخانەی شەوڕۆز کڕی، یەعنی گەر بە جۆرێک بوایە بەرگ و خوراکیش ئەکڕی بۆ بەچکە هەژارەکان.
جا کەوابوو پێش کەوتنی قوتابخانەی سیتەک بەسەر باقی قوتابخانەەکانی هاو زەمانی خۆیدا زۆرتر بە هیمەتی تەڵا خانمی ئەزانم.
وە هیوامان وایە ئەم کردەوە جوانەی «تەڵاخان» ببێت بە هانەهانە بۆ هەموو خانمە دەوڵەمەندەکانی تر تا کوو ئەوانیش ڕێ و شوێنی ئەو بگرن و هەر یەکەیان لە لایەکەوە یاریەی ڕۆڵە هەژارەکانی نیشتمانەکەیان بدەن.
نووسەر: #قانع#
دیوان: #دەشتی گەرمیان#
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە!