#قوباد تاڵەبانی#، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی کلاودیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردن و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی کوردستان تاوتوێ کران.
کۆبوونەوەکە کە ڕۆژی سێ شەمە (#25-06-2024#) لە #هەولێر# بەڕێوەچوو، دوای ئەوە دێت کە ماوەی کارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق درێژکرایەوە و یەکێک لە بوارەکانی کارکردنشیان هاوکاریکردنی ئێراق و هەرێمی کوردستانە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق و هیوای خواست ڕۆڵی گرنگ ببینن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەڕڵەمانی کوردستان بە جۆرێک کە ئەنجامەکەی جێی متمانەی هاووڵاتییانی هەرێم بێت.
قوباد تاڵەبانی، نیگەرانی خۆشی دەربڕی لە دواخستنی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و ڕایگەیاند: هیچ بیانوو و پاساوێک نەماوە بۆ دواخستنی زیاتری وادەی هەڵبژاردن، بە تایبەتیش کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئێراق ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن. [1]