کاتێک منداڵین، چاوەکانمان پڕن لە خەون و ئاوات، بە خۆشی ئەم خەونانەوە هەنگاو دەنێین و ئەم خەونانە وزەی پێیەکانمانن؛ هەمیشە خەیاڵی بەیانییەکمان هەیە، بەیانییەک کە ئەم شتە و ئەو شتەی تێدا دەکەین، کە وامان لێ دەکات بگەین بەمە و بەوە، هەر بۆیەشە هەموو منداڵێک دەیەوێت زوو گەورە ببێت، چون گەورەبوون بەو دۆخە دەبینێت کە تێیدا ئازادە و دەسەڵاتی تەواوی شوێنکەوتن و بەدیهێنانی خەونە منداڵییەکانیی تێدا هەیە. بەڵام هەر ئەو منداڵە کە گەورەبوو، لەگەڵ یەکەمین ئەزموون و بەرکەوتنی سەرەتایی بە ژیان و واقع، هەر ئەو کاتەی ڕەقیی ژیان لە شوێنێکی دەشکێنێت، هەر ئەو کاتەی گێژەڵووکەکانی گێژ و سەرلێشێواوی دەکەن، لەو کاتەوە وردەوردە خەونەکانی وەکوو پولی دۆمینەی بەدوای یەکدا ڕیزبوو بەدوای یەکدا دەڕوخێن، هەستێکی زۆر ناخۆشە کە ئەو شتانەی خۆشت دەوێن و سەرچاوەی ئیلهام و جوڵە و وزەبوون بۆت یەکیەک لەبەرچاوتدا بڕوخێت و بێدەسەڵاتیشبیت لە بەرانبەر ئەم دۆخە.
ئا لەم قۆناغە مرۆڤ چەند میکانیزمێک دەگرێتە بەر تا بتوانێت بەرگەی ئەم نەهامەتییە گەورەیە بگرێت... یەکێک لە ڕێگە باوەکان ئەوەیە کە هێندە بە قوڵی خۆت هەڵبخەڵەتێنیت کە وای دەربخەیت ئەسڵەن خەون و ڕوئیاکانی منداڵیت بوونی نەبووە و تەنیا گروگاڵێکی بێتاوانانە بوون نەک خەون و ئاواتی ڕاستەقینە، وە دواتر لەوێوە شوێنکەوتنی واقعی نوێ وەک خەونی نوێ و وا دەرخستن کە هەر لە یەکەمەوە بەڕاست تۆ ئەمەت لە ژیان و خۆت ویستووە.
ڕێگەیەکی دیکە خۆ بەنجکردنە، بێگومان شتەکە سادەیە گەر بێهۆشبین ئاگامان لە هیچ نییە، گەر ئاگاشمان لە هیچ نەبێت ئەو کات هەرگیز هەست بەو ڕاستییە ناکەین کە خەون و خەیاڵەکانمان چۆکیان داداوە لە بەردەم ڕاستی و واقعی تاڵدا.
ڕێگەیەکی زۆر باویش بۆ ئەم کارە، خۆ مەژغوڵکردنی بەردەوامە بە چێژ و ویستی کوورتخایەن، وا خۆ دەرخستن بەوەی تەواو هیچمان لا گرنگ نییە، زۆر کات ئەمە بەسەر ئەوانەدا دێت کە پێشتر زۆر ئایدیاڵانە لە ژیانیان ڕووانیوە، هەر بۆیە دەوترێت لە پشت هەموو پووچگەرایەکەوە، ئایدیالیستێکی دڵشکاو هەیە.
هەندێکیش هەن خۆشبەختانە سرووشت بۆیان هێندە بێ ڕەحم نەبووە لەگەڵیان هەر بۆیە گەر پێویستیشیان بە ئەوانەی سەرەوە بێت کەمتر و جیاوازتر پێویستیانە.
ژیانی مرۆڤ پڕۆسەیەکی بەردەوامە لە دڵشکان و ڕازیبوون بەو دڵشکانە. لە کەوتن و تیماربوون، ئا لێرەوە مرۆڤ دابەش دەبێت، ئەو کەسانەی کە بۆ هەمیشە دەتوانن خەون ببینن دەمێننەوە، ئەوانەشی لە دڵسۆزی و بەسۆزی و وەفایان ناتوانن بەتەواوی خەونە کۆنەکانیان جێ بهێڵن و خەونی نوێ ببینن سەرەنجام ڕۆژێک بێزاریەکی زۆر دای دەگرێت و بەدوایدا خەم و خەمۆکی.
کەواتە خەمۆکی، نەمانی توانای خەون بینینە.[1]