بە مەبەستی بەشداری لە پاڵەوانێتی کاراتێی یانە پاڵەوانەکانی عەرەبی، تیمی کاراتێی کچانی یانەی وەرزشی پێشمەرگە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی یەوە گەیشتنە شاری شاریقەی ئیمارات.
سەبارەت بە بەشداری تیمی کچانی یانەی پێشمەرگە و ئامادەکاریان بۆ ئەو پاڵەوانێتییە م.#شێرزاد محەمەد حەسەن# سکرتێری یانەی پێشمەرگە و هاوکات سەرۆک شاندی تیمی کاراتێی یانەکە بۆ ئەو پاڵەوانێتییە بە پێشمەرگە سپۆرتی ڕاگەیاند کە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ئامادەکارییەکی چڕیان بۆ ئەو پاڵەوانێتییە بەهێزە دەستپێکردووە و دەیانەوێت ببنە تیمی یەکەم لە یارییەکانی کاتا و کۆمیتە لەو ڕکابەرییە بەهێزانەی پاڵەوانێتییەکەدا.
ناوبراو وتیشی، کچانی پێشمەرگە دوای بەدەست هێنانی نازناوی ئێراق دیاری کراون بۆ ئەو پاڵەوانێتییە و بە سوپاسەوە جگەلە هاوکارییە بەردەوامەکانی سەرۆک و جێگری سەرۆکی یانەکەمان، لیژنەی ئۆڵۆمپی ئێراق د.عادل عیدان -ی سەرۆکی یەکێتی کاراتێی ئێراق پاڵپشتی تەواویان کردووین، هەروەک سوپاسی هەریەک لە د.بەیدا سەرۆکی نووسینگەی وەرزشی ژنانی ئێراقی کرد لە دابین کردنی پێداویستی و کارەکانی کارگێڕی تیمەکەیان.
سەبارەت بە ئەنجام دانی کەمپ و ئامادەکاری کچانی یانەی پێشمەرگە لە وادەی ئامادەکاریان شێرزاد محەمەد وتی، تیمەکەمان لەژێر سەرپەرشتی هەریەک لە ڕاهێنەران #ئەرسەلان موڕادی# و بەختیار ئەحمەدەوە بە شێوەیەکی چڕ ئامادەکاریان پێکراوە و جگەلە یاریزانانی تیمی کچانی یانەکەمان، پێکهاتەکەمان بە دوو کیژە یاریزانی یانەی چەمچەماڵ تۆکمە کردووە و هەر بۆیە بە ناوی یانەی پێشمەرگە سوپاسیان دەکەین.
لە درێژەی وتەکانی دا سەرۆک شاندی تیمی کاراتێی یانەی پێشمەرگە وتی، ڕۆڵی خاتوو #لەیلا محەمەد ئەمین#ی جێگری سەرۆکی لیژنەی خانمانی ئێراق بەرز دەنرخێنین کە لە وادەی ئەنجام دانی مەشق و ئامادەکاریەکان هاوکاریان بووە و لە نزیکەوە چاودێری کردوون.
دواجار سکرتێری یانەی پێشمەرگە هیوای خواست کە بتوانن لەو پاڵەوانێتییەدا ئەنجامی کاریگەر و بەرچاو بۆ شاری #سلێمانی# و کوردستان و ئێراق بەدەست بهێنن و بە میدالیا و جامی یەکەمی یەوە بگەڕێنەوە خاکی نیشتمان.
جێگەی باسە بڕیارە یارییەکانی پاڵەوانێتی کاراتێی کچانی یانەکانی عەرەبی لە ڕێکەوتی 08-02 تا #12-02-2024# و لە شاری شاریقەی وڵاتی ئیمارات بەڕێوە بچێت.[1]