یەکێتی ناوەندی شەتڕەنجی ئێراق یەکەم پاڵەوانێتی وەرزی نوێی بە دەستپێکی پاڵەوانێتی یانەکانی ئێراق بۆ ئاستی نایاب دەبێت و لەو چوارچێوەیەشدا یەکێتییەکە بڕیاری داوە لە ڕێکەوتی 14-02 تا #17-02-2024# کۆبوونەوەی یەکەمی یارییەکانی کە خۆی لە حەوت جەولە دەبینێتەوە بەڕێوە بەرێت.
یارییەکانی ئەو پاڵەوانێتییە بە بەشداری تیمی شەتڕەنجی یانەکانی (کارەبا، ئیتیسالات، پێشمەرگە، خانزاد، حەشد شەعبی، ألهدف، سەماوە، قادسیە، مهندسین، بەعقوبە، ئەلقیسارە، الفکر، عەشتار و ڕسیل) بەڕێوە دەچێت و بڕیارە جەولەی یەکەمی لە کاتژمێر 3:00 ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە #14-02-2024# و لەنێو هۆڵی هۆتێل ئەنتەر دەست پێبکات.
سەبارەت بە بەشداری تیمی شەتڕەنجی یانەی پێشمەرگە، #ئەسعەد ئیسماعیل# سەرپەرشتیاری گشتی بەشی شەتڕەنجی یانەکە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، تیمەکەمان ئامادەکاری تەواوی هەیە و بۆ کێبڕکێ دەچینە نێو یارییەکان و دەمانەوێت سیناریۆی وەرزەکانی ڕابردوو دووبارە بکەینەوە بۆ بەدەست هێنانی یەکێک لە پلەکانی پێشەنگی ڕیزبەندی.
ناوبراو وتیشی، لە کۆبوونەوەی یەکەم حەوت جەولەی یارییەکان بەڕێوە دەچێت و دواتر و لە کۆبوونەوەی دووەمدا 6 جەولەی کۆتایی یارییەکان ئەنجام دەدرێت و یانەی پاڵەوان جامی یەکەمی ئێراق بەدەست دەهێنێت.
دواجار ئەسعەد ئیسماعیل وتی، لەم وەرزەدا یەکێتی شەتڕەنجی ئێراق بڕیاری داوە کە هەرتیمێک لە 14 یاریزان پێک بێت کە خۆی لە حەوت یاریزانی پێشکەوتوانی کوڕان و 2 کچە یاریزان و 2 یاریزانی خوار تەمەن 20 ساڵ و 2 یاریزانی خوار 14 ساڵ دەبێت و یاریزانی کۆتایش ئارەزومەندانە بەشداری دەکات کە خۆی لە کچە بیرمەندێک یاخود خوار 20 ساڵ یان 14 ساڵ دەبینێتەوە.[1]