=KTML_Bold=دەستێوەردان و ستراتیجی ئێران لە عێراق=KTML_End=
#شێرکۆ کرمانج#
کار و کردەوەکانی ئێران لە ئێراقی دوای-جەنگ دەکرێت لە سیاقێکی فراوانتری ستراتیجیەتی ئەو وڵاتەدا بۆ ناوچەکە تەماشا بکرێت، کە مەبەست لێی دابینکردن و مانەوەی پێگەی ئێران خۆیەتی. داگیرکردنی ئێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە 2003، دواتریش، گۆڕینی ڕژێمە سوننەکەی ئێراق بە ڕژێمێکی لەخۆگرتر بەڵام کۆنتڕۆڵکراو لەلایەن شیعەکانەوە دەرگایەکی کردەوە بۆ ئێران کە لێیەوە بە ئاسانی بچێتە ژوورەوە و تێوەگلێ لە کاروباری ناوخۆی ئێراق. ئەوە بەو مانایە نییە کە دەستوەردانی ئێراق لە 2003 دەست پێدەکات بەڵکوو دەمانەوێت ئەوە بڵێین کە لەو ڕۆژەوە ئاسانتر و چڕوپڕتر بووەتەوە، ئەگینا ئێران هەر لە سەردەمی “محەمەد ڕەزا شا”وە دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆی ئێراق کردووە. بۆ نموونە، ئێران لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە هاوکاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی کردووە لە ئێراق. لە (1974-1975) ئەم هاوکارییە زۆر چڕ بووەتەوە. دیارە ئێران ئەوەی بۆ سەرکەوتنی کورد نەکردووە بەڵکوو بۆ لاوازکردنی ئێراق و فشار خستنەسەری بە مەبەستی چۆکدادان. بەرئەنجامەکانی ئەمەش لە ڕێککەوتنی جەزائیر لە 1975 دەرکەوت، کە بۆ پشتکردنی ئێران لە بزووتنەوەی کورد، ئێراق ئامادە بوو بەشێک لە خاکی خۆی لە ناوچەی نەفت شاە بدات بە ئێران لەگەڵ نیوەی شەتولعەرەب. لە دوای ڕووخانی شا و دامەزراندنی جمهوری ئیسلامی، ئێران چڕتر لە جاران دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆیی ئێراق دەکرد. بۆ نموونە، هاوکاری #پارتی دیموکراتی کوردستان# و حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی دیکەی لە 1979 ەوە دەستپێکردەوە. لە 1986 ش بەدواوەش یارمەتیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#ی دەدا و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان ئەنجام دەدا. بێجگە لەمانە، ئێران چەک و تەقەمەنی بۆ گرووپ و حیزب و لایەن شیعییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێراق دابین دەکرد و لە وڵاتەکە داڵدەی دەدان. (بۆ سەرەتاکانی دەستوەردانی ئێران لە ئێراق تەماشای بابەتی “ئێران لە ئێراق و سووریا: سەرەتای پەیوەندییەکان و گرنگییە جیۆپۆلەتیکییەکان” بکە لە زنجیرەی ئەم شرۆڤانەی لە ماڵپەڕی سەکۆ بڵاوکراونەتەوە)
شیعەکانی ئێراق، ئەو زۆرینەیەی کە ساڵانێک بوو داپڵۆسێنرابوون، بە ڕووخانی ڕژێمە عەرەبییە-سوننییەکەی سەدام حسێن، خۆیان لە پێگەیەکی تەواو جیاوازتردا بینییەوە زۆر بەرزتر و دەسەڵاتدارتر لەوەی کە پێشتر ئەزموونیان کردبوو. لە بەرئەنجامدا شیعەکانی ئێراق مافی زیاتر، ئاستی زیاتری بەشداری سیاسیی و لە هەمووشی گرنگتر کۆتایی پەراوێزخستنی ئابووریی و کۆمەڵایەتییان دەویست. ئێران وەکوو وڵاتێکی زۆرینە شیعە و خۆبەخاوەنزانی شیعەکانی دنیا ئەم دەسەڵاتە نوێیەی شیعەکانی ئێراقی بەکارهێنا بۆ هاتنەژوورەوە و ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز و کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەمریکا و سعودیە لە وڵاتەکەدا. هاوکات، ئێران کەڵکی لەو پەیوەندییە مێژووییەی لەگەڵ گرووپە شیعەکاندا کە پێشتر بارەگایان لە ئێران دا هەبوو، وەک حیزبی دەعوە و مەجلیسی ئەعلا، وەرگرت بۆ خشین و خزین بۆ ناو دەسەڵات. ئەمە جگە لەوەی پەیوەندی درووستکرد لەگەڵ ئەو بزووتنەوە نوێیانەی تازە درووست ببوون وەکوو جەیشی مەهدی (لە 2014 ناوەکەی گۆڕا بۆ سەرایای سەلام) بە سەرکردایەتی موقتەدا سەدر و میلیشیاکانی دیکە وەک عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرکردایەتی قەیس خەزعەلی و کەتائیبی حیزبوڵا بە سەرکردایەتی ئەبوو مەهدی موهەندیس (تا کوژرانی لە 2020) و حەرەکەی نوجەبا بە سەرکردایەتی ئەکرەم ئەلکەعبی، کە زۆربەیان دوای 2003 دامەزران. ئەم پەیوەندییە و دۆستانەییانە پێگەیەکیان بۆ ئێران درووستکرد کە لەوێوە کاریگەریی لەسەر سیاسەت لە ئێراق دا هەبێت.
لە ساڵانی داگیرکاریی ئێراق لەلایەن ئەمریکاوە، لەنێوان 2003 بۆ 2011، ئێران چەندین جۆر میلیشیا و گرووپی دیکەی شیعیی، بە ئیزافەی ئەوانەی ئاماژەیان پێکرا، درووست و پارەدار کرد. هاوکات، هاوکاری دەکردن و ئاڕاستەی دەکردن لەناو هێزە سیاسییە شیعییەکاندا تاوەکوو هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ئێراق دا. لە هەمان کاتدا، ئێران پشتی ئەو حکومەتە شیعیەشی دەگرت کە لە بەغدا دەسەڵات بەدەست بوو هەر لە حکومەتەکانی “نووری مالیکی”وە بگرە تا دەگاتە حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان تاوەکوو نیوەی ساڵی 2007 ئەو میلیشیایانەی ئێران هاوکاری دەکردن، بەرپرس بوون لە ئەنجامدانی نیوەی ئەو هێرشانەی دەکرانە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان. ئەمە لەکاتێکدایە، زۆربەی چاودێران پێیان وابوو کە ئەنجامدەری هێرشەکان قاعیدە و گرووپە تیرۆرستییە سوننەکانن نەک گرووپە شیعەکانی نزیک لە ئێران. لە 2003وە، میلیشیا شیعییەکان، لەوانە: جەیشی مەهدی و عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی حیزبوڵا و حەرەکەی نوجەبا و چەندانی گرووپی دیکەی بچووک لەلایەن سوپای قودسی پاسداران (ئەم یەکەیەی سوپای پاسداران بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان لە دەرەوەی ئێران) و حیزبوڵای لوبنانەوە ڕادەهێنرێن و ڕێکدەخرێن. ئەم بانگەشانە بنەمای لەسەر ئەو شوێنپەنجە و شوێنەوارانە داناوە کە بەو چەکە ئێرانیانەوە بوون کە دژی هێزەکانی هاوپەیمانان لەلایەن میلیشیاکانەوە بەکارهاتبوون. ئەفسەرانی سەربازی ئەمریکا لە ئێراق دەڵێن: ئێران بەبەهای ملیۆنان دۆلار چەکی لە چەشنی سەکۆی ڕۆکێت و نارنجۆک داوە بە میلیشیا شیعییەکان لە ئێراق. ئامانجی سەرەکی ئێران لەمەدا سەرلێشێواندن و هەراسانکردنی هێزەکانی ئەمریکا بووە بۆ ئەوەی فشاریان لێ بکات ئێراق بەجێبهێڵن. ئەم کردارەی ئێران و میلیشیاکانی تا ئێستا هەر بەردەوامە، لە داوی کوشتنی قاسم #سلێمانی# لە 2020 و شەڕی غەززە لە 2023 چڕتر و خەستر بووەتەوە. بە کوورتی، ئامانجی ئێران لێدان بووە لە بەرژەوەندی و ئامانج و سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە گشتی و لە ئێراق بە تایبەتی. کەواتە مادام ئێران هێندە بوێر بێت گرفت بۆ ئامانج و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا درووست بکات، ئەوا دەبێت لەلایەن هەموو هێز و لایەنەکانی ناوچەکە بە هەند وەربگیرێت. ئەوە مانای ملکەچکردن نییە بۆ ئێران بەڵکوو خۆئامادەکردن و پلاندانانە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
لە دوای ئەوەی پارێزگا سوننییەکانی ئێراق کەوتنە دەست #داعش# لە 2014 دا، تێوەگلانی ئێران لە ئێراق و پاڵپشتییەکانی بۆ حکومەتە شیعییەکەی و میلیشیا شیعییەکان بەرفراوانتر بوون و زیاتر دەرکەوتن. ئێران ئەوەی پێی کرا کردی بۆ ئەوەی ئێراق و حکومەتە شیعییە-باڵادەستەکەی لە ڕووخان ڕزگار بکات. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە “ڕاوێژکارە سەربازییە ئێرانییەکان لە مەیدانی جەنگدا ئامادە[بوون] و کاریگەریی زۆریان هە[بوو]” لە یارمەتیدانی ئێراقییەکاندا لە دژی داعش. سەرچاوە ئێرانییەکان ئەوەیان پشتڕاستکردۆەتەوە کە ئێران ڕاستەوخۆ لە شەڕدا بوو لە دژی داعش و ڕاوێژکارێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە مەیدانی جەنگدا لە شاری سامەڕا کوژرا. سەرکردەی باڵای سەربازی ئێران، قاسم سلێمانی، کە بەرپرسی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بوو لە سەروبەندی کەوتنی موسڵ لە 2014 بە بەردەوامی لە ئێراق دا کارا بوو. لە پشت پەردەوە قاسم سلێمانی و ئەو 80 هەزار میلیشیایەی لەژێر فەرمانیدا بوون ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە ڕزگارکردنی موسڵ و ناوچەکانی دیکە لە داعش، ئەمەش تێوەگلانی ئێران لە کاروباری ئێراق دا بە زەقی دەردەخات.
=KTML_Bold=ستراتیجییەتی ئێران لە ئێراق=KTML_End=
سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە هەمبەر ئێراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا دوو دیو و دوو ئامانجی هەبووە: دژە-ئەمریکا و پڕۆ-شیعە. لە داگیرکردنی ئێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە 2003 بۆ 2011، واتە تا ئەو کاتەی ئەمریکا هێزە سەربازییەکانی لە ئێراق کشاندەوە، ئێران سیاسەتە دژە-ئەمریکاییەکەی لە ڕێگای پلانێکی تاکتیکییەوە جێبەجێ دەکرد، کە پێکهاتبوو لە هێرشکردنە سەر و زیانگەیاندن بە هەموو شێوەیەک بە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ڕێگای کۆمەککردن و ئاڕاستەکردنی میلیشیا شیعییەکان ڕاستەوخۆ، هاوکات بەناڕاستەوخۆ یارمەتیی هەندێک گرووپی سوننی تیرۆریستی دەکرد. ئامانجەکانی ئێران لەم کار و کردەوە و پرۆسانەدا ئەمانە بوون: یەکەم، لەنزیکمەودادا ئەوە بوو کە ناسەقامگیریی لە ئێراق درووست بکات تاوەکوو ڕێگری بکرێت لەوەی ئەمریکا بە ئامانجە ستراتیجییەکانی بگات لەو وڵاتەدا. دووەم، لە دوورمەدا، تاوەکوو ڕێگری بکات لەوەی ئەمریکا شوێن پێی خۆی لە ئێراق قایم بکات یان بنکەی سەربازی دابنێت و ببێتە هەڕەشە لەسەر ئێران. بە مانایەکی دیکە مەبەستەکە ئەوە بوو کە ڕێکەوتننامەی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و ئێراق، ئەوەی لە 2010 ەوە تا ئێستا گفتوگۆ و بڕیار و پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت، کاریگەریی لەسەر ئێران کەم بێت یان نەبێت، بە شێوەیەکی دیکە ئەمریکا لە ئێراق و ناوچەکەدا لاواز بکات نەک بەهێز. ئامانجی سێیەم ئەوەبوو کە ئەمریکا دوورخاتەوە لەوەی کە بیر لە هێرشی ڕاستەوخۆی سەربازی بۆ سەر ئێران بکاتەوە، بەتایبەتیی ئەگەر گفتوگۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران شکست بێنێت یاخوود وازی لێبهێنرێت ڕێک وەک ئەوەی دۆناڵد ترەمپ (2017-2021)، سەرۆکی ئەمریکا، کردی و ئێستاش جۆ بایدن دووبارە دەیەوێت ڕێککەوتنەکەی 2005 دوای پێداچوونەوە واژۆبکەنەوە. ئامانجی چوارەم گرفت درووستکردن بووە بۆ بەهێزبوونی هەر هێزێکی سوننی لە ئێراق کە ڕەنگە مەترسیەکی دوورمەودا بۆ سیستەمە دینی و سیاسییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران درووست بکات. ئامانجی پێنجەم و کۆتاش دڵنیابوونەوە بوو لەوەی کە ئێراق جارێکی دیکەنەبێتەوە بە مەترسی سەربازیی لەسەر ئێران. بەواتایەکی دیکە، دەسەڵاتدارێکی سوننە نەیەتە سەر حوکم کە مەترسی بۆ ئێران درووست بکات، ڕێک وەک ئەوەی سەدام حسێن لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کردی. ئەڵبەت دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە ئێراق لە هەشتاکاندا هێرشی کردە سەر ئێران و لە کۆتایی جەنگەکەشدا سوپای ئێراق تا ئەندازەیەک شکستی بە سوپای ئێران هێنا و سەرکەوتوو بوو لە شەڕەکەدا.
ستراتیجیەتی دووەمی ئێران لەمەڕ ئێراق بەو مەبەستە داڕێژرابوو کە هێزە شیعییەکان پڕتوانا و بەهێز و پڕچەک بکرێن، بەتایبەتیی لەپەیوەند بە کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوە حکومییەکان و ئەمنییەکان. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ئێران نەک هەر یارمەتیی حکومەتە هەڵبژێردراوە زۆرینە شیعەی داوە بەڵکوو دەستێوەردانیشی کردووە لە درووستکردن و ئاڕاستەکردنی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق لە 2003ەوە تا ئێستا. ئێران پەیوەندییە کۆنەکانی لەگەڵ سەرکردە سیاسییە شیعییەکاندا، لە قۆناغی ئۆپۆزسیۆن بووندا، بە چاکی بەکارهێناوە و دەهێنێت بۆ فراوانکردنی کاریگەرییەکانی لەسەر ئاڕاستە سیاسییەکانی ئێراق و ئەو دیوی ئێراقیش، لە سووریا و لوبنان.
ئێران کە خۆی وڵاتێکە شیعە تێیدا زاڵە، هەم لە ڕووی دانیشتووان هەم لە ڕووی سیاسییەوە لەو باوەڕەدایە کە تەنیا کاتێک بە ئامانجە ستراتیجییەکانی دەگات ئەگەر هاتوو هاوپەیمانە شیعەکانی کۆنتڕۆڵی دەسەڵات و دامەزراوەکانی ئێراق بکەن. ئیدی لەو ڕێگایەوە، ئێران دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی لە ئێراق دا بسەپێنێت و باڵادەستی خۆی فراوان بکات و بیگەیەنێتە سووریا و لوبنان. بەمشێوەیە ستراتیجییەتی ئێران لە ئێراق لەسەر سێ کۆڵەکە وەستاوە، ئەوانیش یارمەتیدانی حکومەتە زۆرینە شیعییەکە، لەگەڵ کۆمەکی میلیشیا شیعییەکان، لەپاڵ ئەمانەش، درووستکردنی کۆمەڵێک تۆڕی وەکیل و هاریکاری ڕێکخراو و ناڕێکخراو، هەر یەکەی بۆ پرسێکی دیاری کراو بەکاردێنێت لە کاتی پێویست، ئەگەرنا سەربەخۆیانە کار دەکەن.
ئێراق نەک هەر وەک خۆی پڕبایەخە بۆ ئێران بەڵکوو گرنگی ئەم وڵاتە لەپاڵ ئەمەشدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێراق دەروازەی گەیشتنی ئێرانە بەسووریا، کە هاوپەیمانێکی دیکەی ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوێشەوە ئێران دەتوانێت دەستی کۆمەک و یارمەتیی بگەیەنێت بە حیزبوڵا، گرنگترین و ستراتیجیترین هاوپەیمانی ئێران لە 1982 ەوەوە. لە ڕێگای کاریگەرییەکانییەوە لەسەر حکومەتی ئێراق، ئێران دەیەوێت ئەو هاوسەنگی هێزە بپارێزێت لە ئاکامی ڕووخانی سەدام حسێن بەدەستی هێناوە کە بوو بەهۆی پووکانەوەی سیاسیانەی سوننەکان و هەستانەوەی شیعەکان. ئەم هەستانەوەیەی شیعە وای کردووە زۆربەی سیاسی و چاودێرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەن بەو باوەڕەی کە هیلالێکی شیعی درووست بووە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە لە ئێران دەستپێدەکات و بە ئێراق و سووریا دا تێدەپەڕێت بەرەو باشووری لوبنان، کە ناوچەی باڵادەستیی حیزبوڵایە.
سەرەڕای بەرژەوەندی سیاسی و ئەمنی، ئێران بەرژەوەندی ئابووری زۆر گرنگیشی لە ئێراق دا هەیە. ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئێران و ئێراق گەیشتووە بە 12 دۆلار لە 2013 و ئەگەری ئەوەش هەیە ئەو بڕە بگاتە 30 ملیار لە 2023. ئێران ڕۆژانە 8 ملیۆن مەتر سێجا گاز بۆ ئێراق دەنێرێت. ئەو گەمارۆ ئابووریە نێودەوڵەتیدانەی خراونەتە سەر ئێران وای کردووە ئێراق ببێت بە هاوبەشێکی بازرگانی گرنگ بۆ ئێران. ئێران دەیەوێت ئێراق وەکوو بازاڕێک بۆ شمەکەکانی بەکاربێنێت، هاوکات لە ڕێگای ئێراقیشەوە ئەو کەرەستە و ئامێرانەی دەسکەوێت کە گەمارۆیان خراوەتە سەر.
هۆکارێکی دیکە لە پشت ڕۆڵگێڕانی ئێران لە ئێراق دا ئەوەیە کە لە سەردەمی جەنگی ئێراق-ئێران، ئێراق ببووە شوێنی داڵدەدانی چەندان هێزی نەیاری ئێران، بۆ نموونە، موجاهیدینی خەلقی ئێران. لە سەروبەندی ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن دا موجاهیدین نزیکەی 3400 چەکداری هەبوو، کە لە نزیک سنووری ئێران لە “کامپی ئەشرەف” نیشتەجێ بوون. ئێران هەوڵیداوە ئەم گرووپە لەلایەن ئێراق-ەوە کۆتایی پێبهێنرێت و گەر بکرێت ئەندامەکانی ڕادەستی ئێران بکرێن. کاتێک کامپەکە لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا دا بوو تا 2009، داواکاری لەو جۆرە ڕەت دەکرانەوە. بەڵام کاتێک حکومەتەکەی مالکی کە شیعە تێیدا باڵادەست بوون، ئیدی گرووپەکەیان ناچار کرد ئێراق جێبهێڵێت. فشارەکانی ئێران بوو بەهۆی ئەوەی چەند هێرشێک بکرێتە سەر کامپەکە لەلایەن هێزە ئێراقییەکانەوە کە هێرشێکیان لە 2009 و یەکێکی دیکە لە 2011 ڕوویداو، لەو دوو هێرشەدا، سەدان ئەندامی موجاهیدین کوژران یان بریندار بوون. لەژێر فشاردا ئەندامەکانی ڕێکخراوەکە لە کۆتاییدا دەستیان کرد بە چۆڵکردنی کامپەکە و زۆرینەیان ڕوویان لە ئەوروپا کرد. ئەمە ئەو ئامانجەیە کە ئێران لە ڕێی هاوپەیمانە شیعییەکانییەوە دەیویست پێی بگات و پێی گەیشت. ئەم دەسکەوتە ستراتیجیانە ئەو تێزەی ئەم توێژینەوە دەسەلمێنێت کە ئێران هێزێکی هەرێمییە و ڕۆڵێکی کاریگەر لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دەگێڕێت، وەک شەڕکردن دژی داعش و دەستێوەردان لە کاروباری ئێراق و سووریا و لوبنان و بەحرەین و سعودیە و یەمەن.
کاتێک داعش ڕووبەرێکی زۆری لە خاکی ئێراق داگیرکرد و هەڕەشەی لە بەغدا کرد، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی ئەو کاتی ئێران، ڕایگەیاند کە ئێران ئەوەی لە دەستی بێت دەیکات بۆ ئەوەی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە هەڕەشەکانی داعش بپارێزێت. ڕۆحانی ناوی شوێنە پیرۆزەکانی وەک کەربەلا و نەجەف و کازمییە و سامەڕای هێنا و پاشان وشیاریدا بە “زلهێزەکان و خزمەتکارەکانیان لەگەڵ تیرۆریستەکان کە ئێران هەموو شتێک دەکات بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە”. هەرزوو دوای داگیرکارییەکانی داعش، ئێران قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودسی نارد بۆ ئێراق بۆ هاوکاری حکومەتەکەی لە دژی داعش. ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتە پێشەوە ئەوەیە: داخۆ ئێراق بۆچی ئەوەندە گرنگە بۆ ئێران؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە مرۆڤ دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ پێگەی جوگرافی و سیاسی ئێراق بۆ ئێران بکات لەگەڵ وردبوونەوە لە دابەشبوونی دیموگرافی دانیشتووانی ئێراق.
یەکەم، زۆرینەی دانیشتووانی ئێراق ڕێک وەک ئێران موسڵمانی شیعەن. هەروەها ئێراق شوێنی زۆر لە مەزارگە پیرۆزەکانی شیعەی تێدایە، لەوانە: ئیمام عەلی لە نەجەف، ئیمام حسێن لە کەربەلا، ئیمام کازم لە بەغدا، ئیمام هادی و ئیمام سەربازی لە سامەڕا. ئەم شوێنانە بۆ هەموو شیعەی جیهان گرنگن بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم شوێنانە دڵی مێژووی شیعەن. لەوەش زیاتر، ئێران سنوورێکی هاوبەش بە ئێراقی دەبەستێتەوە کە درێژییەکەی 1458 کیلۆمەترە. لە حوزەیرانی 2014 داعش شاری #جەلەولا#ی داگیرکرد کە تەنیا 25 کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوورە. ئێران وەڵامی ئەم هەڕەشەیەی داعشی بەوە دایەوە کە هاوکاری ئێراق و سوپا لاوازەکەی زیاتر بکات بۆ ڕێگریکردن لەوەی کە داعش ببێتە هەڕەشە لەسەر ئاساییشی ئێران. بێجگە لەمانە، ئێران دەیەوێت یەکپارچەیی خاکی ئێراق بپارێزێت. ئێران لە هەڵوەشاندنەوەی ئێراق زۆر دەترسێت چونکە دانیشتووانی ئێرانیش، هاوشێوەی ئێراق، دابەشی چەندین گرووپی نەتەوەیی و مەزهەبیین. ئێران زیاتر لەوە دەترسێت ئەگەر داعش یان هەر گرووپێکی دیکەی سوننی-قەومی نەوەستێنرێن ئەوە حکومەتە شیعییەکەی ئێراق بە یەکێکی سوننە جێگەی پڕ دەکرێتەوە. لەپاڵ ئەمانەش، ئێران هەوڵی جددیش دەدات ئەو هەوڵانە شکست پێ بهێنێت کە لەلایەن ئێراقییەکان و ئەمریکییەکانەوە دەدرێن بۆ درووستکردنی سوپایەکی پرۆفێشناڵی نامەزهەبی بۆ ئێراق. ئێران ئامانجی ئەوەیە کە هێزێکی سەربازی هاوتەریب بە سوپای ئێراق، هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێران، لەو میلیشیایانەی کە دامەزراون بنیادبنێت. بەمشێوەیەش زاڵبوون بەسەر کاروباری ناوخۆی ئێراق و دەستگرتن بەسەر ئاڕاستەکانی ئەو وڵاتەدا ئاسانتر دەبێت بۆ ئێران.
لە تشرینی دووەمی 2016 ئەنجوومەنی یاسادانانی ئێراق پێگەی #حەشدی شەعبی#ان بەیاسایی کرد، بەوەی کە بە فەرمی تێکەڵ، یان کران بە بەشێک لە سوپای ئێراق، بەڵام بەشێکی سەربەخۆ. کاتێک دەڵێین سەربەخۆ، مەبەستمان ئەوەیە کە مەرج نییە ئەو هێزانە، یان لانی کەم بەشێک لەو هێزانە، پابەند نین بە فەرمانەکانی سەرۆک وەزیران وەک فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان. ئەمە ڕێک لە #07-11-2021# دەرکەوت، کاتێک هەندێک لەو میلیشیایانە بە درۆن ڕاستەوخۆ هێرشیان کردە سەر ماڵی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی ئێراق، مستەفا کازمی. دواتریش کازمی و حکومەتەکەی نەیانتوانی هیچ هەڵوێستێک بنوێن سەرەڕای ئەوەی کە کازمی بە زاری خۆی وتی ئەو دەزانێت ئەوانەی کە هێرشەکەیان ئەنجام داوە کێن!
لەوانەش گرنگتر، ڕاستە ئێران بە نیگەرانییەوە لە سەرهەڵدانی داعشی دەڕوانی بەڵام داعش ئەو دەرفەتەی ڕەخساند بۆ ئێران کە نیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات کە ئەو هێزێکی گرنگە لە ناوچەکە و دەبێت وەک ئەوە دانی پێدابنرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لە گۆشەنیگای ئێرانەوە بەشداری ئەو لە ڕێگریکردن و تێکشکاندنی داعش دا پێگەی ئێران بەهێزتر دەکات لە دانووستانە ئەتۆمییەکاندا لەگەڵ ڕۆژاوا. مرۆڤ دەتوانێت ئەمە بە ئاسانی ببینێت لەو ڕێککەوتنەدا کە لە تەموزی 2015 لەنێوان ئێران و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ڕووسیا و چین دا واژۆکرا، کە بە ڕێککەوتنی پێنج کۆ یەک ناسراوە. دیارە دواتر کاتێک دۆناڵد ترەمپ هاتە سەر حوکم لە ئەمریکا ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە، ئێستا ئیدارەی نوێی ئەمریکا جارێکی دیکە لە گفتوگۆدان بەڵام تا ئێستا لە نیسانی 2024 هێشتان ڕێککەوتنەکە دووبارە واژۆ نەکراوەتەوە.
لە بنچینەدا ڕێک وەک ئەوەی حەسەن ڕۆحانی ڕوونی کردەوە، ئێران “سەقامگیری و ئاساییشی ئێراق وەک هیی خۆی تەماشا ئەکات.” بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ئێراق لق و پۆپی زۆرە، بۆیە سیاسەتە ستراتیجیەکانی ئێران لەو وڵاتەدا پاڵنەر و هاندەری جیاوازیان هەیە و هەندێکجار دژبەیەکن. بۆ نموونە، لەلایەکەوە ئێران دەیەوێت ئێراق ناسەقامگیر بکات بۆ ئەوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ شوێن پێ قایمکردن لاواز بکات؛ لەلایەکی ترەوە ئێران هەموو شتێکی کردووە بۆ ئەوەی وا بکات شیعە دەسەڵاتدار بکات و لە حکومەتدا زاڵیان بکات و مەزارە پیرۆزەکانی شیعەش بپارێزێت. ئەم دووڕیانە سیاسییە ئاستەمە، واتە دژایەتیکردنی ئەمریکا لەلایەک و هێشتنەوەی شیعەکان لە دەسەڵاتدا لەلایەکی دیکە، وای کردووە ئێران زۆر بەقووڵی ڕۆبچێتە ناو قەیرانی ئێستای سووریا و ئێراق. ئەم بارودۆخە سیاسییانە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن و ڕەچاو بکرێن. [1]