=KTML_Bold=ئەنفال، پەیوەندیی کورد و عەرەب! لە بەردەم یادەوەری 35 ساڵەی تارماییەکانی جینۆسایددا=KTML_End=
#ئیبراهیم مەلازادە#
جەوهەری پەیوەندی نێوان نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی ناوچەکە و دەوڵەتە داگیرکەرەکان، بەتایبەتیش لە کەیسی، دەوڵەتی ئێراق دا، “جینۆسایدە”. ئەم دەستنیشان کردنە، لە بابەتێکی کوورتدا لەلایەن ئەمیری حەسەن پوورەوە ئاماژەی پێکراوە و شڕۆڤەیەکی کوورتی کردووە، منیش لێرەدا بە گرنگم زانی بەرهەمی بێنمەوە.
تا ئەو چرکەساتەش، خواست و ئیرادەی نەتەوەکانی ناوچەکە، کە هەژموونیان بەسەر دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا هەیە و وەکوو کابووسێک وان بەسەر خاک و خەڵکی کوردستانەوە، درێژەدانە بە داگیرکاریی و زەوتکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، زەوتکردنی سادەترینی ئەو مافانەش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا خوێندن و فێربوون و پەروەردەن بە زمانی دایک. ئەو پەیوەندییەی کە تا ئەمڕۆش کورد و دەوڵەتی ئێراق بە یەکەوە دەبەستێتەوە، پەیوەندییەکی ئاسایی نییە، پڕە لە ئەزموونی تاڵ و کۆمەڵکوژی و جینۆساید. یەکێک لەو تاوانە گەورانەش “شاڵاوەکانی ئەنفال”ە، وەک فۆرمێکی جینۆساید. تا ئەمڕۆش دەستەبژێری سیاسی و ڕۆشنبیری و کلتوریی نەتەوەی عەرەب لە ئێراق ئامادە نییە بوێرانە دان بەو تاوانانەدا بنێن و داوای لێبوردن بکەن، قەرەبووی قوربانییەکان بکەنەوە؛ لەو پێناوەشدا، پەیوەندییەکی مرۆڤدۆستانە و یاسایی، بۆ ئاییندەیەکی گەشتر لە ناوچەکەدا بینا بکرێت.
ئەوەی لای من ڕۆشنە، تا ئەو چرکەساتەش، ئەو خواستە لای عەرەبی شیعە خۆبوواردنە لەو بەرپرسیارییەتییە. ئەوان خۆیان بە میراتگری دەوڵەتی ئێراقی دوای ڕژێمی سەدام/#بەعس# دەزانن، بەڵام خۆیان لە هەموو بەرپرسیارییەتێکی ئەخلاقی و یاسایی ئەو دەوڵەتە دەدزنەوە. توز#خورماتوو# “ڕاوەدوونانی کورد بەهۆی کوردبوون”، لە سەردەمی عەببادی و بەعەرەبکردنی بەردەوام لەسەر پارێزگای #کەرکووک# دا، شایەتی بەردەوامیی ئەو پەیوەندییە ناهاوسەنگە دوژمنکارەیە.
عەرەبی سوننە، لە دەستەڵاتیش نەماون، بەڵام لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ کورد هەرگیز نەک هەر بەو لایەدا ناچن، بەڵکوو تا ئەمڕۆش بێ ئەوەی ڕێز لە هەستی برینداری کورد بگرن، شانازی بە “سەدام حسێن”ەوە دەکەن. ئەگەر خۆیان لە کورد بە قوربانیتر دانەنێن، خۆیان بە کەمتر دانانێن، لەکاتێکدا ئەوان لەو پەیوەندییەدا بەرپرسیاری یەکەمن، ئێستاش عەرەبی شیعە. ئەگەر بیانویستبایە ئەو پەیوەندییە بگۆڕن، بۆ نموونە وەک “ڕواندا”، کە سەردەمێکی نوێیان دەستپێکرد، سەردەمێک بە سڕینەوەی هەموو شوێنەوارەکانی جینۆساید، دەبوایە لە “ئێراق”یش بە ڕەسمیی داوای لێبوردن لە کورد بکەن و هەموو شوێنەوارەکانی جینۆسایدیان بسڕیبانەوە. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە ئایا ئێراق وڵاتی کوردە، یان داگیرکەر؟
تا ئەو چرکەساتەش، ئەو پەیوەندییەی کە کورد و دەوڵەتی ئێراق بە یەکەوە دەبەستێتەوە، پەیوەندییەکی ئیشکالئامێزە. زۆرینەی عەرەب خۆیان بە تاکە خاوەنی بنەڕەتی ئێراق دەزانن. متمانەشیان بە کورد نییە و پێیان وایە کورد خۆی بە ئێراق دا شۆڕکردووەتەوە، تەنیا بارگرانییە. هەروەها لەڕووی تیۆرییەوە، زۆرینەی کوردیش خۆی بە داگیرکراو دەزانێت، بەڵام لە پڕاکتیکدا بەو زیهنییەتە ڕەفتار ناکات. بۆیە کورد بە قەد ئەوەی خۆی بە ئێراقی دانانێت، بەهەمان ڕێژەش “ئەگەر دانیشی پێدا نەنێت، ئێراقییە”. ئەمەش مانای وایە کورد لەنێوان هاووڵاتیبوون و بێگانەبوون لە ئێراق، گیریی خواردووە و لە ماوەی ئەو نەوەد ساڵەدا نەیتوانیوە لەو زۆلکاوە دەرباز بێت یا خۆی دەرباز بکات.
ئەگەر کورد لە ڕووی وشیارییەوە، لە دووڕیانی ئەو تێگەیشتنەی ئەمیری حەسەن پوور هەیەتی، هەنگاوی بنابوایە، دەبوایە دەوڵەتی ئێراق لەسەر بنەمای پەیوەندیی جینۆساید دابمەزرێتەوە، ئەوسا، خودی دەستووری ئێراقیش لەسەر ئەو بنەمایە ڕەنگڕێژ دەکرا و دەنووسرایەوە.
تا ئەمڕۆش عەرەبی ئێراق بە سوننە و شیعەوە، تێگەیشتنیان وەهایە کە “سەدام لە هیچ شتێک دادوەر نەبووبێت لە دابەشکردنی ستەمدا دادوەر بووە”، ئەم تێگەیشتن و دەربڕینە جگە لەوەی کە ڕاستیی تێدا نییە، بۆ دیزەبەدەرخونەکردنی تاوانی جینۆسایدە، بیزانن یا نەیزانن، بە ئەنقەست وا بڵێن یا بە نەشارەزایی، کە کاتی خۆی سەرکردە کوردەکانیش وەکوو بەبەغا هەمان قسەیان دەکردەوە. بەڵام ئەوە ڕوونە کە جینۆساید تاوانێکی نێودەوڵەتییە و جیاوازە لەگەڵ ئەوەی کە ڕژێمی بەعس کێشەی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی شیعە و کەمێک لە عەرەبی سوننەدا هەبووە، تا ئەو ئاستەی خودی دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق، تاوانی دوجێلی بە جینۆساید هەژمار نەکرد، کە قوورسترین تاوان بوو بۆ ئەوان، بەڵام دەبینین کە هەموو ئێراقیان خسووەتە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی شیعەوە. بە زیادەوە قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووەکانی شیعەی عەرەبیان کردووەتەوە، بەڵام کوردە فەیلییەکان، لەگەڵ ئەوەی کە شیعەشن، تا ئەوڕۆ دەستەڵات ئامادە نییە وەکوو پێویست قەربۆی کوردە فەیلییەکان بکاتەوە و مافەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە، چونکە کوردن.
کێشەی زۆرینەی کورد و کڵۆلییەکەی لە ئێراق و “هەڵبەت لە پارچەکانی دیکەشدا” لەوەدایە کە تا ئێستاش لەو پەیوەندییە “توندوتیژە” تێناگات کە لەگەڵ بەغدا یان پێتەختەکانی دیکەدا کۆی دەکاتەوە. پەیوەندییەکە هێندە سادەیە، لەبەر سادەیی لێی حاڵی نابن. لە هەر کوردێک بپرسیتدەڵێت سوپای ئێراق داگیرکەر بوو، ئەمەش مانای وایە کە بەغدا پێتەختی داگیرکەرە. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش جینۆساید دژ بە نەتەوەی کورد ئەنجام درا.
لە ئاماژەکردندا بۆ باشووری کوردستان، زۆربەی هەرە زۆری کورد دەڵێت “باشووری کوردستان” لە 1926 بە ئێراق لکێندرا، یاخود لە “پەیماننامەی سیڤەر”دا دان بە مافەکانی کورد دا نرا”، یاخود “ئێمە میللەتێکی داگیرکراوین”، سەرنج لەو دێڕانە بدەن، هەموومان دەست خۆشی لە ئیسماعیل بێشکچی دەکەین کە پەرتووکی “کوردستان کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتیی” نووسیوە، بەڵام هیچ ڕەفتارێک و کردارێک کورد بەو ئاقارەدا نابات. لە هەمان کاتیشدا دەچنەوە بەغدا و بە پێتەختی ئێراقی فیدڕاڵ ناوزەدی دەکەن و دەستەبژێری سیاسی بە پێتەختی خۆیانی دەزانن. لەتەک دەیان و سەدان سیاسی کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ لە حیزبی بەعسدا، لە دەوڵەت، لە سوپا و لە دامەزراوەکاندا بەشدار بوون، دادەنیشن و سمێڵیان دەپەشتن. لەو چەند ساڵەی دواییش، هەر بەهۆی ئەو ناهەشییە و شکستی نوخبەی دەستەڵاتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی نیشتمانسازییدا، بە هەزاران کورد دەست خۆشی لە دادگای فیدڕاڵی و سەرۆک وەزیرانی ئەو پێتەختە دەکەن. کەواتە، چۆن ئەو پەیوەندییە لەسەر بنەمای جینۆساید ڕێکبخرێتەوە؟
دەبوایە، پەڕڵەمانی کوردستان لە ڕابردوو یەکێک لە کارە هەرە لە پێشینەکانی داڕشتنی قانونێک بوایە بریتی بێت لە بەتاوانکردنی نکوڵیکردن (تەجریمکردنی ئینکارکردنی) لە جینۆسایدی کورد لە ئێراق. لە داهاتووشدا ئەگەر ئەو پەڕڵەمانە دامەزرایەوە، هەمان قانون یەکێکە لە پێویستییەکان. لە هەمان قانوندا، دەبێت ئەو پەیوەندییە لەگەڵ بەغدا ڕێک بخرێتەوە، ئەو ڕێکخستنەوەیە خزمەت بە چەندین تەوەری جیاواز دەکات:
یەکێکیان؛ ئەگەر بڕیار بێت بەغدا پێتەختی دەوڵەتی فیدڕال بێت، پێویستە ئەم بەتاوانکردنە (تەجریمکردنە) لە بەغداش بە یاسایی بکرێت، پێویستە کارێک بکرێت چۆن ئەڵمانەکان ئارەقەی شەرمەزاری دەیانگرێت کە باس لە هۆلۆکۆست دەکرێت، ئاواش عەرەبەکان شەرمەزاری بیانگرێت کە باس لە شاڵاوەکانی ئەنفال، قڕکردن و لە ڕیشەدەرهێنانی کوردانی فەیلی و بارزانییەکان و کیمیاباران دەکرێت.
دووەمیان: ئەگەر خواستێک، ئیرادەیەک درووستبێت، ئەو پەیوەندییەی جینۆسایدی نێوان کورد و عەرەب بگۆڕدرێت بۆ پەیوەندییەکی ئاسایی، مرۆیی و یاسایی، دەبێت سەرەتا یاسای بەتاوانکردنی نکوڵیکردن لە جینۆسایدی کورد لە ئێراق تەواوی پڕۆسەی جینۆسایدی کورد لە ئێراق بگۆڕدرێت، لە پەڕڵەمانی ئێراق وەها یاسایەک دەربچێت. ئەمەش وەکوو سەرەتایەکی ئەرێنی بۆ گۆڕینی ئەو پەیوەندییە. ئەو کات، هاووڵاتی ئێراقی ئاسایی، بە هەموو پێکهاتەکانەوە لەوە تێدەگەن کە کورد میللەتێکی جینۆسایدکراوە و دەبێت لەسەر ئەو بنەمایەش ڕەفتاری لەگەڵدا بکرێت. بەشێکیش لە ڕێوشوێنەکان، قەدەغەکردنی ناوی سەدام و سڕینەوەی هەموو ئەو بۆرد و ناوانەش کە پەیوەندییان بە ئەنفالەوە هەیە، لەوانەش ناوی ئەو قوتابخانە و دائیرە و ڕێکخراوانەی کە بەناوی ئەنفالەوە کراون. ئەگەر ئەوە نەکرێت، ئەگەری دووبارە بوونەوەی جینۆساید لە ئێراق، هەمیشە ئەگەرێکی کراوە دەبێت و ئێراقیش وەکوو دەوڵەتێکی داگیرکەر دەمێنێتەوە. [1]