ديدارى: ئازاد عەلى
بیۆگرافی: د. ئاسۆ عەبدوڵڵا حەسەن زاده له بەغدا له دایک بووه. خوێندنی له بواری یاسای نێونەتەوەییدا له فەڕەنسا و سویسرا تەواوکردوه. له زانکۆکانی فەڕەنسا، سویسرا و کوردستان مامۆستا و سەرۆک بەش بووه. لەنێوان ساڵەکانی (2012 بۆ 2017) ڕاوێژکاری سەرۆکی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان بووه. لە پاش لەتبوونی حیزبی دیموکرات له ساڵی (2006) تا ساڵی (2019) ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان و ماوەی سێ ساڵ جێگری سکرتێری گشتی و وتەبێژی ئەو حیزبه بووه. له ئێستادا خەریکی کاری ئەکادیمی و ڕاوێژکارییه.
(100) ساڵ بە سەر (#پەيمانى لۆزان# - 1923)، کە لەنێوان دەوڵەتە زلهێزەکان و تورکياى ئەتاتورک واژۆکرا تێپەڕى، کە (پەيمانى سيڤەر)ى هەڵوەشاندەوە و کوردى لە بوونى دەوڵەت بێبەشکرد؟ پاش سەد ساڵ لە بێ دەوڵەتى، کوشتن و جينۆسايد، ئەگەری پشتيوانييەکى نێودەوڵەتى هەيە بۆ کورد، تا لەپای ئەو غەدرە قەرەبوو بکرێتەوە؟ هۆکاری ناوخۆيى گرفتى زۆرە؟ ئەى هۆکاری دەرەکى ئێوە چۆن دەیبينين؟ کورد دەبێت چی بکات و به کوێ دەگات؟
- دیاره ناتوانین هۆکاری ناوخۆیی و هۆکاری دەرەکی بەتەواوی لێک جیا بکەینەوه و ئەو دوانه زۆر جار بەرهەمی یەکترن، بەڵام بە هەرحاڵ ئەوساش و ئێستاش هەر دوو هۆکارەکە وەک یەک کاریگەریی نەرێنییان له سەر دۆخ و چارەنووسی کورد هەبووه و هەیه. له پەنای ئەو دوو هۆکارەشدا پێویسته هۆکاری کات یا سەردەممان له بەرچاو بێت. کێشەی کورد له بنەڕەتدا ئەوەیه، که له مێژوو به جێ ماوه یان باشتره بڵێم وادەی خۆی لەگەڵ مێژوو، که سەد ساڵ پێش ئێستا بوو، له دەستی داوه. به واتایەکی تر ئەو کاتەی که کاتی بوو، کورد ئامادە نەبوو، ئێستاش، که کورد بە خۆ هاتووەتەوە، لانی کەم بۆ سەربەخۆیی ئەگەر درەنگیش نەبووبێت کارەکه دژوارتر بووه چونکه ڕێسای یارییەکە و ئەو شتانەی له گرەودان گۆڕاون.
ئەگەر نا ئەوە نەبێت، کە هەموو ئەو گەلانەی به سەربەخۆیی گەییشتوون هەمووی لە سایەی مشوور، ئازایەتی، ژیری و یەکگرتوویی خۆیانەوه بووبێت. هیچ کام لەو گەلانەی به سەربەخۆیی گەییشتوون نه هێندەی کورد قەڵاچۆ کراون و نه هێندەی کوردیش خەباتیان کردوه. بەڵام به سەربەخۆیی گەییشتنی زۆربەی ئەو گەلانه له سایەی ڕێککەوتنی زلهێزەکان (نموونەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست) یان له چوارچێوەی ڕەوتێکی گشتیی لێکترازانی قەڵەمڕەوەکان و بە سەربەخۆیی گەییشتنی گەلانی ناو ئەو قەڵەمڕەوانه بووه (نموونەکانی ڕزگاری له ئیستعمار و له بەریەک هەڵوەشانی فیدراسیۆنەکانی خۆرهەڵات له نیوەی دوەمی سەدەی بیستەمدا). ئەوەنده تروسکایییەش، که دوای شەڕی یەکەمی جیهانی به پەیمانی سیڤەر بۆ کورد یان باشتره بڵێم بۆ بەشێک له کورد دەرکەوت به هۆیەکی بنەڕەتی، که ئێستاش له جێی خۆیەتی کوژایەوه، ئەویش ئەوهیە، که کورد نه ئەو کات و نه دوای ئەو کاتێش هەرگیز خاوەنی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستیی ئەوەنده بەهێز، یەکدەست و تۆکمه نەبووه، که یەکگرتوانه و به بێ دوودڵی ستراتژیی سەربەخۆیی بگرێته بەر و له ژیۆپۆلەتیکی هەستیار و چاو له سەری ئەو ناوچەیەدا، که کوردستانی لێ هەڵکەوتوه و لەناو ڕکابەریی زلهێزەکاندا به جۆرێک بەڕەی خۆی له ئاو بێنێته دەر، که بۆ پووچەڵکردنەوەی دژمنکاریی دەوڵەتانی دەسەڵاتدار به سەر کوردستاندا پشتیووانی و هاوڕێگایی زلهێزەکان یان زلهێزێک بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. به و پێیهی هەم هۆکاری نێودەوڵەتی هانابەخش نەبووه و هەم خەتای کورد خۆشییەتی، که هەمیشه پارچه پارچه بووه و ئینتمای بچووک و عەقڵییەتی خێڵەکی و میرنشینی به سەریدا زاڵ بووه.
هەموو ئەو قسانە بۆ ئەمڕۆش ڕاستن، تەنیا جیاوازی ئەوەیه، که ئەمڕۆ به داخەوه چاوچنۆکیی یاسای نێودەوڵەتیش لە پەیوەندی لەگەڵ تێکدانی سنوورەکانیشی پێوه زیاد بووه. دیاره هەم لەم بوارەدا و هەم له بواری مافەکانیدا کەمتر له سەربەخۆییدا ئەمڕۆ له یاسا و پەیوەندییه نێونەتەوەیییەکاندا دەرفەت و زەرفیەت بۆ گەلانی ژێردەسته له جاران زیاتره. بەڵام ئەگەر کورد مشوورێک له هۆکارە ناوخۆیییەکەی نەخوات و چاکی نەکات به دووری دەزانم تەنانەت بۆ مافەکانی کەمتر له سەربەخۆییش هۆکاری دەرەکی به هانای کوردەوە بێت.
ئێستا ئایا کورد دەبێت چی بکات و به کوێ دەگات، من پێم وایه کورد به خەیاڵ، درووشم، بانگەشە و دابەشبوون به هیچ کوێ ناگات. بەڵکوو دەبێت له چوارچێوەی هەر پارچەیەکی کوردستاندا چینی سیاسی وێڕای گوێگرتن له کۆمەڵگە ڕاستگۆیانه و شێلگیرانه پڕۆژەیەکی هاوبەشی ستراتژی دابڕێژێتەوه، که هەموو گرووپ و تاکێکی کورد و گشت فرەچەشنییەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردەواری خۆی تێدا ببیننەوه و خەون و بەرژەوەندییه باڵاکانی گەل بخاته پێش قازانج و خولیا تایبەتییەکان. پڕۆژەیەک، که هەر به قسه نەبێت، بەڵکوو به هەنگاوی ورد و ڕوانگەی درێژمەودا تەنرابێت و بە کردەوه کار له سەر ناسنامەی نەتەوەیی و ڕۆئیای سیاسی، ژێرخانسازیی فەرهەنگی، بەرپرسیارکردنی چینی سیاسی، درووستکردنی بنیاتەکانی دەوڵەتداری، کۆنتڕۆڵی خاک و سەرچاوەکان، خۆبژیویی ئابووری، پەروەردەی کادری پسپۆڕ، درووستکردنی هێزی پۆشتە و یەکگرتووی سەربازی، ڕاکێشانی سەرنج و لۆبیی نێونەتەوەیی و زۆر شتی تر بکات. هەر پارچەیەکی کوردستانیش دەبێت بۆ خۆی ئەجێندای خەباتی خۆی بباته پێش و نابێت هێزی هیچ پارچەیەک دەست له کاروباری پارچەیەکی تر وەربدا، بەڵام وێڕای مامەڵەی ژیرانە و واقعبینانەی هەر پارچەیەک لەگەڵ واقیعی حاڵ، دەکرێت و دەبێت هەموو پارچەکان له سەر هەندێک پرەنسیپی نەتەوەیی بۆ پەیوەندیی نێوانیان و بردنە پێشی کۆی پرسی کورد له ئاستی جیهانیدا ڕێکبکەون و کاری پێ بکەن.
* دوو ئەزموونى (باشوورى کوردستان) دواى (ڕووخانى ديوارى بەرلين- 1989) و (ئەزموونى خۆراواى کوردستان) بە دواى (ڕووداوەکانى بەهارى عەرەبى-2011) درووستبوون و تا ئێستاش پشتيوانى ئەمريکا و ئەورروپايان هەيە، ئەم دوو ئەزموونە (جيا لەوەى هەڵگرى ڕەخنەى زۆر و گلەيی ناوخۆيى و دەرەکين) دەتوانن، وەکوو هەنگاوێک بۆ تەواوکردنى (سيڤەر) و کۆتايى (لۆزان) چاوى لێ بکرێت بە ئاکام بگەن؟ بۆچى ئەم دوو ئەزموونە لە (خۆرهەڵاتى کوردستان) و (باکوورى کوردستان) درووست نەبوون؟
- هەر دوو ئەزموونی باشوور و خۆراوای کوردستان به هەموو کەموکووڕییەکانیانەوه له مەودای مێژوویی بوونییەتی نەتەوەی کورددا دەستکەوتی گەورەن و دەبێت به هەموو نرخێک بپارێزرێن، چونکه نابێت پێمان وا نەبێت، که ئەو قەوارانه هەتا سەر بۆ کورد گەرەنتی کراون؛ ئەگەر سەرکردایەتیی ئەو دوو ئەزموونه زۆر وریا، یەکگرتوو و بەرپرسیارانه نەجوڵێنەوه، دەکرێت هەر دووکیان به شه و و ڕۆژێک له دەست بچنەوه. با لەگەڵ خۆشمان ڕاستگۆ بین پشتیووانیی ئەوروپا و ئەمریکا لەو دوو ئەزموونه شتێکی ڕەها نییه.
ئەو پشتیووانییه له ئەزموونی خۆراوای کوردستان هێشتا لەرزۆکه و به کۆمەڵێک پێوانەی تەناهییەوه بەستراوەتەوه، که دەکرێت گۆڕانیان به سەردا بێ. له باشووریش ئەو پشتیووانییه بۆ هەموو شتێک نییه و له بەرانبەردا ئەوانیش چاوەڕوانیی یەکێتی و حوکمڕانیی درووستیان له کوردی باشوور هەیه. ناتوانین هیچ کام لەو دوو ئەزموونەش نه به جێبەجێکردنی پەیمانی سیڤەر و نه به کۆتایی هێنان به پەیمانی لۆزان له قەڵەم بدەین. بەڵکوو دەکرێت بڵێین، که بە فەرمی ناسین و جێکەوتنی ئەو دوو ئەزموونه تا ڕادەیەک جێبەجێنەکردنی سیڤەر قەرەبوو دەکاتەوه یا له دەرەنجامەکانی لۆزان کەم دەکاتەوه.
ئێستا ئایا بۆچی ئەزموونی لەو جۆرەمان تا ئێستا له باکووری کوردستان و له خۆرهەڵاتی کوردستان نەدیتوه، هۆیەکەی بۆ ئەو شته دەگەڕێتەوه، که دوکتور قاسملوو به واقعییەتی ئۆبژێکتیڤ ناوی دەبرد. بە داخەوه دابەشبوونی کوردستان واقعیەتێکی ئۆبژێکتیڤ یان باشتره بڵێم چوار واقعیەتی ئۆبژێکتیڤی درووستکردوه. واته هەر چەندێک تایبەتمەندی و ویست و ئارەزووی هەموو نەتەوەی کورد یەکانگیر و لێک نزیک بێت، ئەو نەتەوەیه له ناو جەغزی لانی کەم چوار دانه چوارچێوەی سیاسی- یاسا و چوار دانه پانتاییی مێژوویی-کولتوری و چوار بەستێنی ژیۆپۆلیتیک و کار و کاردانەوەی نێودەوڵەتیدا مەڵاس دراوه. هەڵکەوت و هەلومەرجی باکوور و خۆرهەڵاتی کوردستان، هەم لەنێوان خۆیاندا و هەم لەگەڵ باشوور و خۆراوای کوردستان جیاوازن. کورد له هەر کام لەو دەوڵەتانەدا، که بە سەریدا دابەش بووه لە ڕووی گرێدراویی مێژوویی و هاوکێشەی دێموگرافیی نێوان خۆی و باقیی خەڵکی وڵات و لە ڕووی پاشخان و کولتووری سیاسی و پەیوەندییه نێودەوڵەتییەکانی سیستمی دەسەڵاتدار لە وڵاتەکەدا له دۆخێکی جیاوازدایه، تەنانەت هیچ هاوشێوەیییەک لەو بارەوه لەنێوان خۆراوا و باشووریشدا نییه. هەر بەشێکی کوردستان له شتێکدا تایبەتمەندیی تایبەت به خۆی هەیە. بۆ نموونه کوردی خۆراوا کێشەی وای هەیە، که کوردی هیچ پارچەیەکی تر نییەتی، بۆ نموونه بێ ناسنامەیی و ناپەیوەستەیی جوگرافیایی. کوردی خۆرهەڵات لەگەڵ ئەوەی که دووەمین پارچەی گەورەی کوردستانه، کەچی لەو بارهیەوه دۆخی له کوردی پارچەکانی تر سەختتره که ئەو دوالیزم (دوانەیی)یەی لەنێوان کورد و تورک له تورکیا یان لەنێوان کورد و عەرەب له ئێراق و سووریا هەیه و وای کردوه شێوەی بابەتەکە لەو وڵاتانەدا سادەتر بێت، له ئێران لەنێوان کورد و فارسدا نییه و مۆزایکەکه له ئێراندا زۆر ئاڵۆزتره و دەوڵەتی ئێرانیش پشت به پاشخانێکی پتەوتر و به ڕابردووتری دەوڵەتداریی پشتبەستوو به ناسنامەی ئێتنیکی-مەزهەبی دەبەستێ.
بۆ باشووری کوردستان دەتوانین باسی ئەو پاشخانه ئیستعمارییەی ئێراق و ئەو هەموو هەل و دەرفەته سیاسییه یەک له دوای یەکانە بکەین، که لەو وڵاتەدا بۆ کورد هاتووەتە پێش. هەر چی باکووری کوردستانیشه، ناتوانین حاشا لەوه بکەین، که سیستمی نیمچه کراوەی تورکیا و تێکەڵاوییه نیهادییەکانی لەگەڵ خۆراوا و ئەرووپا هەمیشه کۆمەڵێک زەرفیەتیشی بۆ کوردی باکوور درووستکردوه.
کەوابوو ئەوەی که ئەزموونی باشوور و خۆراوا له خۆرهەڵات و باکوور درووست نەبوون، پەیوەندیی به و تایبەتمەندییه ناوخۆیی و ژیۆپۆلەتیکانە و به و دەرفەتانەوه هەیه، که له کات و ساتێکدا بۆ پارچەیەکی کوردستان دێنه پێش. ئێوه چاو لێ بکەن، هەتا بەهاری عەرەبی کوردەکانی خۆراوا له ڕووی خەبات و ڕێکخستنەوه له هەموو پارچەکانی کوردستان له دواتر بوون و ئێستاش نەبوونەتە خاوەنی کارزارێکی خەباتگێڕی، که پاشکۆی هێزی پارچەیەکی تری کوردستان نەبێت، کەچی له پڕ دەرفەتێکی ناوخۆیی بە نێونەتەوەییکراو (لە پێشدا شەڕی ناوخۆییی سووریا و ئینجا داعش)یان بۆ هاته پێش، که قۆستیانەوه و له سایەی ئازایەتیی خۆیان و هانابەخشبوونی هەلومەرجەکه توانیان مۆدێلێکی تایبەت له خۆبەڕێوەبەری دابمەزرێنن و سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.
له بەرانبەردا باکوور ئەو پارچەیەی کوردستانه، که له سی ساڵی ڕابردوودا خاوەنی گەورەترین هێزی دیاسپۆرا و له ڕووی سەربازییەوه هەڵسووڕێنەرترین لایەنه (پەکەکه)، ئەوه جیا له خەباتی مەدەنی، که ئەو بوارەی بۆ کوردی باکوور هەبووه، کوردی هیچ پارچەیەکی تر نەیبووه. لەو لاشەوه، خۆرهەڵات ئەو پارچەیەی کوردستانه، که زۆرترین هێمای بۆ هەموو نەتەوەی کورد داهێناوه و له هەر پارچەیەکی تریش کوردستانیش زیاتر یەکانگیری و گرێدراویی لەنێوان خەڵک و حیزبەکاندا تێدا دەبینرێت. کەچی هەم تورکیا و هەم ئێران، هەر کامەیان به شێوەی خۆی، جیا لەوەی که هەر دووکیان پاڵیان بە پاشخانی سەدان ساڵەی دەوڵەتداریی عوسمانی و سەفەوییەوە داوه، له تەواوی ئەو ماوەیەدا نەیانهێشتوه هەژموونی سەربازییان بە سەر کۆی وڵات بە تایبەتیی به سەر کوردستاندا لەناو بچێت. هۆیەکەشی بۆ ئەوه دەگەڕێتەوه، که حوکوومەتەکانی هیچ کام لەو دوو دەوڵەته ڕیسک و موغامەرەی له چەشنی داگیرکردنی کوەیت له لایەن سەدام حسێنیان نەکردوه هەتا هەموو دنیا له خۆیان بکەنه دژمن و بەم جۆره کاردانەوه نێودەوڵەتییەکه دەرفەت بۆ کوردیش بڕەخسێنێ.
ئەگەر شتی لەو بابەتەشیان کردبێت پەرشوبڵاو و کەمتر بەرچاو بووه و له سەردەمێکیشدا بووه، که ئیتر دنیای یەکجەمسەریی پاش کۆتایی شەڕی سارد کۆتایی هاتوه و بوار بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی (وەک ئەوەی له دژی ڕژێمی سەدام کرا) نەماوه. ئەوەش زیاد بکەم، که له تەواوی ئەو سەردەمانەدا، که بەڕێزت مەبەستته نه له ئێران و نه له تورکیا شۆڕش، کودەتا یان ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی له سیستمی سیاسیدا ڕووی نەداوه هەتا کوردی باکوور و خۆرهەڵات به قازانجی خۆیان بیقۆزنەوه. ئەوه جیا له هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانەی که له سێ دەیەی ڕابردوودا له ناوچهکە و جیهاندا ڕوویان داوه و بە تایبەتیی له خۆرهەڵات زۆربەی به زیانی کوردی ئەو پارچەیه تەواو بووه. ئەو قسانه بۆ پاکانەکردن بۆ کەموکووڕی و کەمتەرخەمییەکانی خۆمان نییه، بەڵکوو دەمەوێ بڵێم، کاتێک نەتەوەیەک پارچه پارچه کرا، هەمیشه هۆکاری ژیۆپۆلەتیک و هەلومەرج، که له دەرەوەی ویستی ئەودایە قسەی یەکەم دەکا.
* بە دواى کۆمارى کوردستان (1946-کۆمارى قازى محەمەد) لە خۆرهەڵات، بەردەوام خەباتى ئەم پارچەيە ڕووبەڕووى شکست و هەڵدێران بووەتەوە (جيا لە سەردەمی شۆڕشى گەلانى ئێران- (1979) دەسەڵاتى ناوخۆییی حيزبى ديموکرات و کۆمەڵە) لە کوێ دەکرا، هەلەکان بقۆزرێتەوە بۆ ديفاکتۆى خۆرهەڵات و نەکرا، نەدەکرا (1979-خۆبەڕێوەبەرى خۆرهەڵات) لە دەست نەچێ؟
- ناکرێت جگه لەو دوو سەردەمەی ئاماژەت پێ کردوه، خەباتی هەشت دەیەی ڕابردووی کوردی خۆرهەڵات تەنیا له شکست و هەڵدێراندا کوورت بکەینەوه. ڕاسته، که بزووتنەوەی کورد له خۆرهەڵات به ئامانجه سەرەکییەکانی خۆی نەگەییشتوه و له بەشی زۆری ئەو ماوەیەدا زۆر هۆکار چوونەتە پاڵ یەک هەتا مەیدانی مانۆڕی ئەو بزووتنەوەیه هەر چەند دەکرێت بەرتەسکتر ببێتەوه. بەڵام دەبێت ئەوەشمان لە بەرچاو بێت، که لەو لاشەوه نه ڕژێمی کۆماری ئیسلامی به ئامانجی خۆی بۆ هێنانە سەر چۆکی خۆرهەڵاتی کوردستان گەییشتوه و نه ئەو لایەنانەی دەیانەوێت خۆرهەڵاتی کوردستان پەراوێز بخەن یان بیکەنه پاشکۆی ئەجێندای خۆیان لەو هەوڵەیاندا سەرکەوتووبوون. به پێچەوانەوه، گوڕوتین و ڕووبەری جوگرافیاییی هۆشیاریی سیاسی و هۆگریی نەتەوایەتیی نەوه له دوای نەوەی کوردی خۆرهەڵات هەر هاتوه و زیاتر بووه. هەم کۆمەڵگەی مەدەنی و هەم پارته سیاسییەکانیشی به ئاستێکی باش له پوختبوونەوەی وتاری و ئیعتباری سیاسی و پۆتانسیەلی خەباتگێڕی گەییشتوون. من هەموو ئەمانه به دەستکەوت یان بنیاتەکانی سەرکەوتنی گەورەتر دەزانم. خۆ سەرکەوتن هەر هارد پاوەر نییه، دەبێت سۆفت پاوەریش ببینین.
ئێستا ئایا بۆچی پاش شۆڕشی (1979) دیفاکتۆی خۆرهەڵات درووست نەبوو یان به وتەی بەڕێزت بۆچی خۆبەڕێوەبەریی خۆرهەڵات خۆی نەگرت، لە پێشدا پێویسته بڵێین، که له دوای شۆڕش ئەگەر چی حیزبە سیاسییەکانی خۆرهەڵات بە تایبەتیی حیزبی دیموکرات دەستیان دایه زۆر کار، که ئەرکی حوکوومەتێک بوون و هەوڵیاندا بنەماکانی خۆبەڕێوەبەرییەک له خۆرهەڵات دابمەزرێنن (دیاره ئەو کاتە پێیان نەدەوت خۆبەڕێوەبەری و به ئەدەبیاتی ئەو کاتە خودگەردانی ئەو شته بوو، که کورد پێی ڕازی نەبوو!)، بەڵام کوردی خۆرهەڵات پێ ڕانەگەییشت وەها خۆبەڕێوەبەرییەک درووست بکات و ڕایبگەیەنێت، چونکه جارێ دەبوو مامەڵە لەگەڵ پشێوی و بۆشاییی دەسەڵات بکات و لەوەش خراپتر زۆر زوو پیلانگێڕی و هێرشی تاران لە دژی کوردستان دەستی پێ کردەوە. هەر بۆیه درووستتره لە جیاتی پێکنەهاتنی قەواره، باسی لە دەستدانەوەی کۆنتڕۆڵی خاک لەو کاتەدا بکەین.
هەندێک هۆکاری پێکهاتەیی هەن، که له وڵامی پرسیاری پێشوودا باسم کردن. هەندێک هۆکاری قۆناغییش هەن، که شیاوی ئاماژە پێکردنن. پێش هەموو شتێک بە پێچەوانەی ئەزموونی ڕزگاریی باشووری کوردستان له ساڵی (1991)، که پاش دوو بڕگەی دوورودرێژی خەبات و مەیدانداریی هێزەکانی ئەو پارچەیه و ململانێی سیاسی و چەکداری و مشتومڕیان لەگەڵ حوکوومەت و لەگەڵ دنیای دەرەوە هاتبووه پێش، پێش شۆڕشی (1357) لەگەڵ ئەوەی که حیزبی دیموکراتی کوردستان له دوای ڕووخانی کۆماری کوردستانەوه هەرگیز وازی له خەبات و خۆڕاگری نەهێنابوو، بەڵام له هیچ کام لە بەستێن و مەیدانەکانی خەباتدا خاوەنی ئەو کەرەسته مادی و مینۆکییانە، ئەو پۆتانسێڵە سیاسی و خەباتگێڕییه و ئەو بوار و ئەزموونه له تێکۆشان نەبوو، که له دوای شۆڕشەوە بۆی ڕەخسا.
کوردی خۆرهەڵات له کاتی شۆڕشی (1357)دا ئەگەر چی زۆر ئازایانه بەشداریی گۆڕانەکەی کرد، بەڵام خۆی بۆ ئامادە نەکردبوو و به گوزارشتی ڕێبەرانی ئەو کاتەی حیزبی دیموکرات ڕژێمی شایان به سەردا ڕووخا. ئەو توێژەش له نەیارانی ڕژێم، که باشتر خۆیان بۆ ئەو دەرفەته ئاماده کردبوو و دەرفەتەکەیان بۆ خۆیان قۆستەوه واته خومەینی و هەڤاڵانی به زۆر هۆکار، که دەیزانین له ناو کۆمەڵگەی ئێراندا جێگهوپێگەیەکی وان به نسیب بوو، که زۆربەی نزیک به تەواوی کۆمەڵگەی ئێران ناچار بوو پشتیووانیی خۆی لە ناوبراو ڕابگەیەنێت. هەژموونی ڕێبەری نوێی ئێران له بواری ئایدیۆلۆژی و به ئیسلامی کراوی ئەوسادا به جۆرێک بوو، که تەنانەت کوردەکانیش له سەرەتادا ناچار بوون هەندێک ئاماژەی نییەتباشانەی بۆ بنێرن.
دەشزانین، که کاربەدەستانی تازەی تاران چەنده نادیموکرات و دژه کورد بوون و تەنانەت بەشێکی بەرچاوی بیروڕای گشتیی ئێرانیشان لەو کاتەدا لە دژی کورد هاندا. لەوەش خراپتر، لەو شوێنەدا، که به هۆی سنوورداریی مەیدانی، سەربازی و دەستڕانەگەییشتن بە دنیای دەرەوه کوردی خۆرهەڵات دەرەقەتی شاڵاوی ڕژێمی نوێ نەدەهات و لە ڕووی سیاسیشەوه خەریکبوو له کایەی سیاسیی ئێراندا به تەنیا دەمایەوه (ئەگەر لایەنگەلێکی ئۆپۆزیسیۆنیش هاوسۆزییان لەگەڵ نیشان دابێت، ئەو لایەنانە بۆ خۆیان ئاوارەی کوردستان ببوون)، ڕاست لەو کاتەدا فرەیی له کۆمەڵگەی سیاسیی خۆرهەڵاتدا سەری هەڵدا و ئەو فرەیییه لە جیاتی ئەوەی ببێ به دەرفەتێک بۆ فراوانکردنەوەی ڕووبەری خەبات و قوڵکردنەوەی کەرەستەکانی خۆڕاگری، بوو به بەستێنێک بۆ ڕوانین و ئاقاری جیاواز و نارێکی و تەنانەت شەڕی براکوژی. هۆکارێکی گرینگی تر کشوماتییەک بوو، که بە سەر دنیای دوو جەمسەریی ئەو کاتەدا زاڵ بوو که وای دەکرد، که ئەگەر کێشەیەک له لای یەکێک لەو دوو جەمسەرانه کڕیاری نەبووایە، دەنگی نەدەگەییشته هیچ کوێ و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆی گرینگ نەبوو. لەوەش بگەڕێین، که دەستپێکردنی شەڕی ئێران و ئێراق به ماوەیەکی کەم پاش شۆڕشی ئێران ئەگەر چی بواری بۆ جووڵانەوەی بزووتنەوەی کورد له خۆرهەڵاتیش و له باشووریش درووستکرد، بەڵام هاوکات هەموو شتێکیشی هەم له ئاستی ناوخۆیی و هەم له ئاستی دەرەوەدا خسته ژێر باڵی خۆی.
* شۆڕشى (ژينا-2022) وا چاوى لێ کرا، کە ڕەنگە بتوانێت ئەزموونى سێيەم لە خۆرهەڵاتى کوردستان بکاتە ديفاکتۆ، بەڵام نەکرا؟ نەبوو؟ بە بۆچوونى تۆ بریکاری بنەڕەتی هۆکاری ناوخۆيى ئامادە نەبوو يان دەرەکى پشتيوان نەبوو؟ يان هێزە سياسييەکان وەڵامگۆی ئەو ڕووداوە گەورەيە نەبوون، بۆچى بە ئاکام نەگەیيشت؟
- شۆڕشی ژینا ئەگەر چی ئێستا له فازی داکشان و دامرکانەوەدایه، بەڵام کۆتایی نەهاتوه و دەکرێت له دەرفەت و زەمینەیەکی تردا به گوڕوتینی زیاتریشەوه سەر هەڵدەداتەوه و کوردی خۆرهەڵاتیش به ئەزموون وەرگرتن لە کەمایەسییەکانی قۆناغی پێشوو بیکاته هەلێک بۆ درووستکردنی ئەو دیفاکتۆیەی باسی دەکەیت. کێشەکه ئەوەیه کاتێک تۆ دەڵێی دیفاکتۆ، مانای ئەوەیه دۆخێکی واقع درووست دەکەین، که له دەرەوەی چوارچێوەی یاسادایه و نه دەوڵەتی ناوەندی و نەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە فەرمی دانی پێدا نانێن. بەڵام بۆ ئەوەی دیفاکتۆت هەبێت، دوای ئەوەی دۆخی ئاراییی (ستاتوکۆس)ت گۆڕی، دەبێت یان بۆ خۆت له سەر عەرزی واقیعی تازه ئەوەنده به هێز بیت، یان دەوڵەتی ناوەندی ئەوەنده فاشل و لاواز بێت یان کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لانی کەم زلهێزێک ئەوەنده پشتت بگرێت، که پێش بە پەلاماردانەوەی خاکەکەت و هەڵوەشاندنەوەی دیفاکتۆیەکه بگیرێ.
بۆ نموونه ئەگەر چاو له دیفاکتۆی باشووری کوردستان له (1991 تا 2003) بکەین، ڕاسته قەوارەی باشوور نه لەلایەن حوکوومەتی سەدام و نه لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوه به فەرمی نەناسرابوو، بەڵام بەشێک له هاوپەیمانانی شەڕی دوەمی کەنداو (ئەمریکا و بەریتانیا) له سەر بنەمای بڕیارنامەیەکی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوه یەکگرتووەکان، که تازه باسی شتی واشی نەکردبوو، ناوچەی دژه فڕینیان بۆ کورد له ئێراق درووستکردبوو و ئەوه دەرفەتی به کوردی باشووردا، که هەر چۆنێک بێ قەوارەیەک بۆ خۆی بنیات بنێت و ورده ورده بچێته ناو مامەڵەی نێودەوڵەتیشەوه.
کێشەکه له خۆرهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتیی لەم شۆڕشەی ژینادا ئەوە بوو، که به هەموو گوڕوتین و ئیرادەیەکەوه، که له خەڵکدا دەبینرا و به هەموو دۆشداماوییەک، که له سەرەتاکانی ئەو شۆڕشەدا ڕژێمدا بەدی دەکرا، پێویستییه هەنووکەیییەکانی گۆڕانی دۆخی ئارایی و هیچ کام لەو سێ مەرجەی سەرەوه بۆ پاراستنی دیفاکتۆ له بەردەستدا نەبوون یا لانی کەم نادیار بوون. بۆ دیارکردنی ئەو سیناریۆیەیە حیزبەکانی خۆرهەڵات دەبوو ڕیسکی جوڵەی سەربازی بکەن، که نەیانکرد. هۆیەکەشی ئەوه بوو، که ئەوان له سەرەتاکانی ئەو شۆڕشەدا بەرەو ڕووی دیلەما (هەڵبژاردنێکی سەخت) ببوونەوه، که دەبوو به پێوەری بەها و لێپرسینەوە، وەڵامی بدەنەوه. دیلەماکەش ئەوه بوو، که لە کاتێکدا به شێوەیەکی بێ وێنه نەک هەر لەناو خەڵکی کوردستاندا (که ئەوه هەمیشه کەم و زۆر هەبووه)، بەڵکوو له سەرتاسەری ئێرانیشدا بۆ ماوەیەک جێگەوپێگەیەکی سیاسییان بۆ درووست بوو و قسەیان له ناو خەڵکدا دەڕۆیشت، چاوەڕوانیی جوڵەی چەکدارانەشیان لەسەر درووست بوو. بەڵام ئەوان له کاتێکدا له سەرەتادا دەیانتوانی جوڵەی وا بکەن، که ئاکامەکەی ئازادکردنی هەندێک بەشی خۆرهەڵات بێت، ئەو کارەیان نەکرد.
هۆیەکەشی بەدەر لە پەڕوباڵ بەسترانی حیزبەکانمان له باشوور ئەوه بوو، که حیزبەکانی خۆرهەڵات دەرگیری دوو مەیدان ببوون به دوو چاوەڕوانیی دژیەکەوه. ئەو جێگەوپێگه سیاسییەی له ئاستی ئێراندا (که بژارده باڵادەستەکەی لایەنگری شەڕ و له بەریەک هەڵوەشانی وڵات نییه) بۆ حیزبەکانمان درووست ببوو بەشێکی ڕاست لەبەر به وتەی هەڵوێستی بەرپرسیارانەیان لە ئاست دۆخەکەدا و خۆبواردنیان له هەنگاوی چەکدارانه بوو، بەڵام له کوردستان، که چل و چەند ساڵه ڕژێم شەڕی پێ دەفرۆشێی و میللەتەکه بیر له چارەنووسی جیاوازی خۆی دەکاتەوه، لانی کەم بەشێک له خەڵک چاوەڕوانیی جوڵەی سەربازی و کردەوەی شۆڕشگێڕیی له حیزبەکان دەکرد. له کۆتاییدا حیزبەکانمان لەپێناو بەردەوامیی لە مەیداندا مانەوەی خەڵک و پاراستنی یەکگرتوویی نێوان خەڵکی ئێران و کوردستان و دەرفەت نەدان به ڕژێم بۆ قەڵاچۆی بەربڵاو و دابڕاندن و تەریک کردنەوەی کوردستان هەر له بەستێنه سیاسییەکەدا مانەوه و دەستیان نەدایه وەها جوڵەیەک.
هۆیەکی تریشی ئەوه بوو، که بەهۆی یەکدەست نەبوونی سیاسەت و هەڵوێستی دنیای دەرەوه (تەنانەت لەناو خۆراوایییەکاندا) و شێلگیر نەبوونی کردارییان له بەرانبەر سەرکوتی خەڵک لەلایەن کۆماری ئیسلامیدا هیچ تروسکایییەک نەدەبینرا بۆ ئەوەی بڵێین، که ئەوەی خۆراوا له پاش هەستانی بەهاری (1991) ی باشووری کوردستان بە دژی ڕژێمی بەعس بۆ کوردی کرد، له ئەگەری هەستانی خەڵک له خۆرهەڵات و دووبارەبوونەوەی سیناریۆی شاڵاوی ڕژێم و کارەساتی مرۆیی و کۆڕه و بۆ کوردی خۆرهەڵاتیشی بکات. ئەوه بەدەر لەو واقعییەته تاڵه، که هێزەکانی خۆرهەڵات نه لە ڕووی وتاری و سیاسییەوه و نه له ڕووی مەیدانییەوه ئەو کاتیش هەر وەک ئێستا ئەوەنده تۆکمه و یەکگرتوو نەبوون، که بۆ سیناریۆیەکی ئاوا پێویسته.
* زۆر باس لە يەکگرتوویی هێزە کوردییەکانى خۆرهەڵات دەکرا و دەکرێت، بەڵام هەرگيز نەچووە بوارى عەمەلييەوە، بە تايبەتى لە بارودۆخێکی بابەتى (بابەتى)، وەکوو شۆڕشى (ژينا)، کە دەکرا هاوکێشەکەى بە قازانجى کورد بگۆڕرايە، هۆکاری ئەم نا يەکگرتوویييە چييە؟ بۆچى (بەرەيەکى کوردستانى، پلاتفۆڕمێکى هاوبەش و سوپايەکى نيشتمانى) درووست ناکەن؟
-دیاره یەکگرتوویی یان باشتره بڵێم تەبایی نێوان هێزەکانی خۆرهەڵات ئەمڕۆ زۆر له ڕابردوو باشتره. ئێستا بەخۆشییەوه هەم لاپەڕه ڕەشەکانی ڕابردووی نێوان ئەو هێزانه هەڵدراونەوه (هەر چەندە ئەوەی لەم ڕۆژانەدا له ناو کۆمەڵەدا ڕووی دا بە من دەڵێ، که ئەگەر زیانناسی و فەرهەنگسازی نەکەین و میکانیزمی چاوهدێری و گەرەنتیمان نەبێت، دەکرێت هەموو هەڵەیەک دووباره دەبێتەوه)، هەم کۆدەنگییەکی سیاسیی بەرفراوانتر لەباری لە پێشینەیی پرسی نەتەوایەتی له ناو هێزە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتدا هەیه، هەم هەندێک ئامرازی کار یا لانی کەم سیاسەتی هاوبەشیشمان وەک ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیه.
بەڵام با لەگەڵ خۆمان ڕاستگۆ بین. ئەو بڕه له تەبایی حیزبەکانمان لەچاو چاوەڕوانیی خەڵک، دەرفەت، مەترسی و ئاڵەنگارییەکانی هەلومەرجەکه هەر بە ڕاستی کەمه، ئەگەر نەڵێم هیچ نییه. ئێستا ئایا بۆچی یەکگرتووییی هێزەکانمان لەو ئاستەدا نییه، که دەبێت ببێت، ئەمەش زۆر هۆی هەیه. به باوەڕی من گرینگترین هۆ نەبوونی جیهانبینی و ڕوانگەیەکی سیاسیی پوخت و هاوبەشه، به و مانایه، که ئێمه هێشتا نەمانتوانیوه پێکەوه پێداچوونەوەیەکی ڕابردوو و خانەتەکانییەکانی بەها، ئاواتەکان و لە پێشیینەیییەکی ئامانج و ئایدیاڵەکان و سەنتێزێکی کارای میتۆدەکانی خەبات بکەین. ئەگەر هەوڵیشمان بۆ دابێت، که زۆر کەم ئەو هەوڵه دراوه، ئەو بڕه له تێگەییشتنی هاوبەش، که پێی گەییشتبین نه تەدوین کراوه و نه وەرگێڕراوە بۆ ڕێکار و کەرەستەی هاوبەشی خەبات له هەموو بەستێنەکانی سیاسی، ستراتیژی، جەماوەری، دیپلۆماسی، پێشمەرگه، میدیایی و ..هتددا.
هۆکارێکی تر عەقڵییەتی ڕکابەری و تاکڕەوی نەک هەر لەنێوان حیزبەکاندا، بەڵکوو لەنێوان کەسەکان و سەرکردەکانیشدایه. ئەمەش زۆر جار نەک تەنیا دەسپێشخەریی به جیا و تاکڕەوانه و لاواز بوونی کۆدەنگیی هاوبەش، بەڵکوو بەستراوەیی و دابەشبوون بە سەر جەمسەربەندییەکانی ناو بزووتنەوەی کورد و پاشکۆیەتیی ئێرانییەکانیشی لێ دەکەوێتەوه. پاشان لە جیاتی ئەوەی به شێوەی پلانمەند و بیر لێ کراوه و ئەمڕۆیی کار له سەر فۆرمووله کردنی وتاری سیاسی، یەکخستن و تۆکمەکردنی کەرەستەی فرەچەشنی خەبات بکەین و تۆڕێکی بەهێز و کارا له هێزی جەماوەر، کەسانی پسپۆڕ بۆ هەموو بوارەکان له ناوخۆی وڵات و له هەموو دنیادا درووست بکەین، زۆربەی جار بە شێوەی هەڕەمەکی و کاتی، تەنیا بەشی پێویستیی پێشهاتەکانی ڕۆژ و ڕاگەیەنراوی حیزبی هەنگاو هەڵدێنینەوه.
* ناوەندى کارى هاوبەشى حيزبەکانى خۆرهەڵات (ديموکرات و کۆمەڵە) خۆيان وەکوو جێگرەوەی بەرەى کوردستانى يان ناوەندێکى خۆرهەڵاتى بنەڕەتی سەير دەکەن، بەڵام ڕکابەرەکانيان (کۆمەڵەی حيزبى کۆمۆنيست، پژاک و خەبات) ئەمان بە فەرمی ناناسن، کەواتە چۆن دەتوانن هەموويان لە ناوەندێکى يەکگرتووى خۆرهەڵاتى کۆببنەوە؟
-دیاره درووستتره بڵێین، که بەرەی کوردستانی جێگرەوەی ناوەندی هاوکارییه، بەڵام له نەبوونی توانای درووستکردنی بەرەی کوردستانیدا، ناوەندی هاوکاریمان درووستکردوه. ئەو سێ هێزەی دەرەوەی ناوەندی هاوکاری (هێزی تریش هەن) بۆ خۆیان جەمسەرێکی یەکگرتوو نین و واش نییه، که ناوەندی هاوکاری به فەرمی نەناسن، بەڵکوو نەهاتوونەتە ناو ناوەند یان ئەگەر تێیدا بووبن لێی هاتوونه دەر. پێویسته بزانین که لە دوای شۆڕشی ژیناوە گفتوگۆ و دانیشتنەکانی نێوان هێزەکانی ناوەندی هاوکاری بە تایبەتیی حیزبی دیموکرات لەگەڵ ئەو هێزانەی ناوت هێناون لەپێناو لێکتێگەییشتنێکی باشتر و نزیکایەتییەکی کاراتر زیادی کردوه.
تەنانەت بۆ یەکەم جار هەندێک دەرکەوتن و بەشداریی هاوبەشیش له کۆڕ و کۆمەڵی دەرەکیدا لەنێوان حیزبی دیموکرات و ئەو هێزانەی ئاماژەت پێ کردوون ڕووی داوە. بەڵام من پێم وایه ئەو هەوڵانه بەرهەمی زۆر گەوره و پایەداریان لێ ناکەوێتەوه ئەگەر به دیدێکی فراوانەوه بۆ کۆی وێنەکه نەڕوانین و به شێوەی ڕیشەیی ڕووبەڕووی کۆسپەکانی سەر ڕێگای یەکێتیی گشتگیر و ڕاستەقینەی هێزەکانی خۆرهەڵات نەبینەوه. بۆ بەدیهێنانی وەها یەکێتییەک، دەکرێت ناوەندی هاوکاری بەهێز بکەین، شتێک، که تەنیا به مانای فراوانکردنەوەی نییه. بەڵکوو لەوەش گرینگتر پێویسته بنەمای پتەوتر و کەرەستەی کاراتری پێ ببەخشین. دەشکرێت به هەوێن وەرگرتن له ئەزموونی ناوەندی هاوکاری، به دەستپێشخەریی هێزە بە ڕابردووترەکان، بەڵام به بەشداریی هەموو لایەک بۆ درووستکردنی زەرفێکی تازه، که جێگای ناوەند بگرێتەوه تێبکۆشین. بەڵام هیچ کام لەوانه ناکرێت ئەگەر بۆ گەییشتن به سەنتێزێکی خۆرهەڵاتی، که هەم سیاسی بێ و هەم کارا، هەوڵ نەدەین.
وەها سەنتێزێک پێویسته هەڵگری وتارێکی ڕوون و توندی نەتەوەیی بێت، که هەموو فرەچەشنییەکانی ناو کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنیی خۆرهەڵات خۆی تێدا ببیننەوه؛ مەسایلی ئایدۆلۆژیک به تەواوی لە پرسی نەتەوایەتی دابماڵێت و لەگەڵ لە بەرچاوبوونی هەموو پرسەکانی نێو کۆمەڵگە بە تایبەت پرسی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بابەتی نەتەوایەتی له پێشیینەیی دابنێت؛ هەتا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و ڕەخسانی دەرفەتی ئەوەی که گەلەکەمان له خۆرهەڵات لەسەر چارەنووسی خۆی قسه بکات (چونکه هەموو لایەنەکان باسی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەکەن) خودموختاریخواز، فیدراڵیزاخواز و سەربەخۆییخواز پێکەوه کۆ بکاتەوه؛ ئاجێندای خەباتی خۆرهەڵات نەکاته پاشکۆی هیچ ئەجێندایەکی ئێرانی (به موجاهیدین و شاپەرستیشەوه)، یان هیی پارچەیەکی تری کوردستان؛ وا بکات، که له بڕیاری قوورس و گەورەدا هیچ لایەنێک بە تەنیا نەجوڵێتەوه؛ سەرنج بخاته سەر هێزی خەڵک و سروستی قائیم به خودی پرسی کورد، بەڵام بە شێوەی ئایدیۆلۆژیک مامەڵه لەگەڵ هۆکاری نێودەوڵەتی نەکات؛ سەرەنجام یەکخستنی هێز و کەرەستەی خەباتگێڕیی هەموو لایەنەکان له هەموو بەستێنەکان و بەشداریی دادپەروەرانەی هەموو لایەنەکان بە پێی قوورسایییان له پڕۆسەی بڕیار، جێبەجێکردن و چاوەدێریی دەروەستییەکانیدا لێ بکەوێتەوه.
* لە دواين ڕۆژەکانى (شۆڕشى ژينا)، (عەبدوڵڵا موهتەدى، دەبيرى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕ)، وەکوو لايەنێکى بنەڕەتی ناوەند لەگەڵ (ڕەزا پەهلەوى) و خەڵکانى ترى )مەنشور ( هاوپەيمانێتيان واژۆ کرد. بەڵام حيزبى ديموکرات پشتگیری نەکردووە، ئەمە گرفت بۆ ناوەند درووست ناکات، بە بۆچوونى تۆ ئەم پشتڕاستى ئەو بۆچوونە ناکاتەوە، کە دەستخستنە ناو دەستى کوڕى شا، کە تاوانی زۆرى بەرانبەر بە کۆمار و گەلى کوردستان ئەنجامداوە، هەڵەيەکى مێژوویيى سياسييە؟
- ئێمه هەمیشه گوتوومانه، که گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن نابێت قەدەغه و تابوو بێت و بەشداری له هەر جۆره کۆڕه و کۆبوونەوەیەکی ئێرانیدا بۆ ڕوونکردنەوەی ویستی کورد نەک هەر خراپ نییه، زۆریش پێویسته. بەڵام چوونی بە جیای لایەنێک و لەوەش خراپتر کەسێک بۆ ناو هەر جۆره هاوپەیمانییەکی ئێرانی بە تایبەت ئەگەر هاوپەیمانییەکه سەری زمان و بنی زمانی دژایەتی لەگەڵ فرەنەتەوایەتی بێت و بۆ جێخستنی هەژموونی کەسێک درووستکرابێت، که ئامادە نییه کەمترین ڕەخنە لەو میراته سیاسییه بگرێت، که پشتی پێ دەبەستێ، هەڵەیەکی کوشندەیه. چوونی عەبدوڵڵای موهتەدیش بۆ ناو هاوپەیمانییەک به و ناوەرۆکەوه به و پەلەپڕووزه و به و میتۆدەوه بێگومان کارێکی نەگونجاو بوو، که زیانی نەک هەر به یەکڕیزیی بزووتنەوەی سیاسیی کورد له خۆرهەڵات گەیاند، بەڵکوو به زەرەری خودی خۆی و حیزبەکەشی بوو و بێگومان بووه هۆی لاواز بوونی ناوەندی هاوکارییش.
هەر له بنیدا ئەنجامدانی یەکلایەنەی هەر هەنگاوێکی گەوره ئەگەر تەنانەت درووستیش بێ -بە بێ ئەوەی کۆدەنگیی کۆمەڵگەی سیاسیی خۆمانی لەسەر بێ- هەڵه و دژەبەرهەمه.
به گشتی من پێم وایه ئەو فیکره، که کورد له ئێران دەتوانێت ڕێبەرایەتیی کۆی پڕۆسەی گۆڕان له ئێراندا بکات قسەیەکی تازەی ئێرانییەکانه، که بۆ فریودان و دەستەمۆکردنی زیاتری ئێمه کردوویانه و له خۆشخەیاڵییەک، که دەمانکاته ئاردی نێو دڕوان زیاتر نییه. دیاره کورد دەتوانێت پرسی خۆی به ئێرانی بکات، دەتوانێت بۆ باقیی ئێران ببێته سەرمەشق، دەتوانێت جەمسەرێکی نزیک له خەون و مەرامەکانی خۆی له ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا درووست بکات، بەڵام دەبێت هەموو کار، هەوڵ و توانای خۆی تەنیا بخاته سەر یەکگرتوویی و هێز و قوورسایی خۆی و درووستکردنی بنەماکانی ئەو دیفاکتۆیەی پێشتر باسمان کرد. ئێمه ئەگەر لە کوردستانەکەی خۆمان، که یەک دنیا کاری نەکراو و تەواو نەکراومان لە پێشه سەرکەوتوو نەبین، چۆن دەبێت فریوی ئەوه بخۆین، که شیاوی ڕێبەری کردنی هەموو ئێرانیین!
* ماوەى يەک ساڵە، ئێران بەردەوام بە هۆى (درۆن) و فڕۆکەى سەربازى بۆردومانى بنکە و بارەگاکانى (ديموکرات و کۆمەڵە) دەکات، بەوەشەوە نەوەستاوە، بەردەوام دوا لە حوکوومەتى هەرێم و ئێراق دەکات، کامپ و ئۆردوگاکان دابخات؟ لە چەک دايانماڵێت، ئەم پڕۆسە مەترسيدارە بە کوێ دەگات و جێگرەوەی ئێوە چييە لە ئەگەرى دووبارەبوونەوەى سيناريۆى ڕاگواستنتان، وەکوو ڕێکخراوی (موجاهدينى خەڵق) بۆ ئەلبانيا؟ پێت وايە حوکوومەتى هەرێمى کوردستان سازشتان لەسەر بکات و چەکتان بکات و فشارى زۆرتان بخاتە سەر؟
- ئاشکرایه له دوای شۆڕشی ژیناوه هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپ و بارەگاکانی پارتەکانی خۆرهەڵات له باشوور و فشارەکانی لەو پەیوەندییەدا بۆ سەر بەغدا و حوکوومەتی هەرێم زۆر زیاتری کردوه و ئامانجیشی لەو فشارانه ڕاست ئەو شتانەیه، که باست کردوه. من نازانم کۆماری ئیسلامی تا کوێ لەو کارەیدا سەرکەوتوو دەبێت. تەنیا دەتوانم بڵێم نه حیزبەکانی خۆرهەڵات (موجاهیدینی خەڵقن) و نه حوکوومەتی هەرێمیش، حوکوومەتی مالیکییه. خۆزگه هێزه سەرەکییەکانی باشوور له بەغدا یەکگرتووتر دەبوون بۆ ئەوەی دەرەقەتی ئەم فشارانه بێین.
به هەرحاڵ پێویسته حوکوومەتی هەرێم دوو شتی له بەرچاو بێت:
یەکەم: ڕاسته، که له دوای شۆڕشی ژیناوه کۆماری ئیسلامی زیاتر له جاران له هێزی خەڵک له کوردستان و هەژموونی حیزبەکانی خۆرهەڵات نیگەرانه، بەڵام ئامانج لەو فشارانه تەنیا حیزبەکانی خۆرهەڵات نییه، بەڵکوو لاوازکردن و بچووککردنەوەی هەر چی زیاتری حوکوومەتی هەرێمیشه. ویستێک، که ماوەیەکه له بەغدایش بەهێز بووه و هەر ڕۆژه به شێوەیەک و له دەرفەتێکدا، که هیچ پەیوەندیشیان به پارتەکانی خۆرهەڵاتەوه نییه خۆی نیشان دەدا.
دوەم: جیا لەوه، که بیانووەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو فشار و داوا بێبنەما و پاساو هەڵنەگره، ملدان بۆ ئەو فشار و داوایانەش کۆتایی به دەست تێوەردان و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی تێکۆشەران و پەنابەرانی کوردی خۆرهەڵات له باشووری کوردستان ناهێنێت. بۆ نموونه کۆماری ئیسلامی داوای چەککردنی پارتەکانی خۆرهەڵات دەکات و هەڕەشەی هێرشی زیاتری سەربازی (تەنانەت بە شێوەی زەمینی) بۆ سەریان دەکات له حاڵێکدا، که ڕژێمیش و هەموو دنیاش دەزانێت، که نە له ساڵانی دواییدا و نە بە تایبەتیی له دوای شەهیدکردنی ژینا و هەستانی خەڵکی ئێرانەوه، هێزەکانی خۆرهەڵات کەمترین کردەوەی سەربازییان لە دژی ئێران ئەنجام نەداوه. ئەوەی کۆماری ئیسلامی لێی دەترسێ دەنگ و وتاری حیزبەکانی خۆرهەڵات و ئەو ڕەگوریشەیەیە، که ئەوان لەناو خەڵکدا هەیانه.
دەی باشه کێ دەتوانێت چاوەڕوانیی ئەوەی هەبێت، که نەک هەر بزووتنەوەیەکی سیاسیی مێژوویی وەک بزووتنەوەی کورد له خۆرهەڵات، بەڵکوو کۆمەڵێک پەنابەری سیاسییش تەنانەت قسەش نەکەن و کێ دەتوانێت دەنگی میللەتێک کپ بکات. مادام ئەو دەنگه ڕەوایه هەر دەمێنێت، بیانووگیرییەکانی ڕژێمی ئێرانیش کۆتایی نایەت. هەر بۆیه حوکوومەتی هەرێم و دەوڵەتی ئێراق نابێت مل بۆ ئەو داوایانه بدات، نەک هەر لەبەر ئەوەی ناڕەوا و بێ بنەمان، بەڵکوو بە تایبەتیی لەبەر ئەوەی وەها ملدانێک هیچ شتێک له بابەتەکە ناگۆڕێ و هەر دەستی ئێران بۆ خەوشدارکردنی سەروەریی ئێراق و لێدان له سەقامگیریی حوکوومەتی هەرێم درێژتر دەکاتەوه.
* پار ساڵ يەکگرتنەوەى (حدک) و (حدکا) بە بێ کۆنگرە ڕاگەيەندرا، ئێوە چۆن سەيرى ئەو يەکگرتنە دەکەن، کە بەشێک لە چاودێران دەڵێن: ديموکرات بە واقيعى و کرداری يەکى نەگرتووەتەوە، چونکە بەشێک لە ڕێبەرى ئەو حيزبە ناڕازيين و پێچەوانەی سياسەتى پيادەکراوى حاڵن؟
- ئەو یەکگرتنەوەیه کارێکی پیرۆز و پێویست و بەوەخت بوو، ئەگەر نەڵێم درەنگ بوو (خۆشحالم، که پێش شۆڕشی ژینا به ئاکام گەییشت). حاشای لێ ناکرێت لەگەڵ ئەوەدا، که دیموکرات یەکی گرتووەتەوه و پڕۆسەکه کۆتایی هاتوه، هێشتا ماوەیەکی دەوێت هەتا هەموو ئەو کارانە بکرێن، که بۆ یەکخستنەوەی دوو حیزب، که پازده ساڵ به جیا کاریان کردوه پێویسته و لوتکەی ئەو کارانەش گرتنی کۆنگرەی هاوبەشه. ئێمه ئەگەر له دۆخێکی ئاساییشدا بوواین تەواوبوونی کامڵی ئەو پڕۆسەیە هەندێک کاتی هەر دەبرد، چ بگات بەو دۆخه نائاسایییەی لە پاش شۆڕشی ژیناوه بەهۆی هێرش و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبی دیموکرات و حیزبەکانی تری خۆرهەڵات له باشووری کوردستان درووست بووه.
سەبارەت بەوەش، که گوایە ئێستا بەشێک له ڕێبەری حیزب ناڕازین، باوەڕ بکه ئەوه یەکەم جاره ئەو قسەیه دەبیستم. شتێکی سرووشتییه، که لەناو حیزبێکدا هەمیشه تێبینی و ڕەخنه له سەر ڕەهەندێکی سیاسەت و ژیانی ڕێکخراوەیی ئەو حیزبه هەبێت، بەڵام به بەرپرسایەتییەوه دەڵێم له پاش یەکگرتنەوەمان تا ئێستا هیچ جۆره ناکۆکی و ناڕەزایەتییەکی لەو جۆرەی ئاماژەی پێ دەکەی بەدی ناکەم. به پێچەوانەوه ئەو سیاسەتەی ئێستا (حدکا) دەیباته پێش سیاسەتێکه، که زۆرترین کۆدەنگی هەموو لایەکمانی لە سەره و ڕاست ئەو سەنتێزەیه، که من ئەو کاته، که دوو حیزب بووین هاوارم بۆ دەکرد.
* خۆشت (ئاسۆ حەسەن زادە)، کە پێشتر جێگرى سکرتێر بووى، پاش ئەو يەکگرتنەوەيە پاشەکشەت کرد و گەڕايتەوە پاريس، ئەمە ماناى ئەوە نييە تۆ وەکوو ڕێبەرى لەگەڵ ئەو يەکگرتنەوەيە نييت؟
- ئەمن نەک هەر لەگەڵ ئەو یەکگرتنەوەیه بووم، بەڵکوو یەکێک له کارەکتەرەکانی بە ئەنجام گەیاندنیشی بووم. هەم پێش وەرگرتنی بەرپرسایەتیی باڵای حیزبی چوار پێنج ساڵ ئەندامی گرووپی یەکگرتنەوه بووم، هەم له ماوەی سێ ساڵ جێگری سکرتێری و وتەبێژیی 'حدک'یشدا بەردەوام یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە و دەرچوون له بوونبەستەکانم دا و تەنانەت لە دوای کشانەوەشم له بەرپرسیارییەتی یەکێک لەو کەسانه بووم، که به زۆر کار و هەڵوێست نەخشمان له وەگەڕکەوتنەوەی دانیشتنەکان و خۆشکردنی زەمینەی سەرخستنیاندا هەبوو.
گەڕانەوەی من بۆ فەڕەنسا ساڵێک پێش یەکگرتنەوەی دێموکرات بوو. پاشەکشەشم له بەرپرسایەتیی حیزبی بۆ سێ ساڵ پێش یەکگرتنەوه دەگەڕێتەوه و پەیوەندیی به هەندێک هۆکاری تایبەت به خۆم و ناو حدکەوه هەبوو، نەک بە پرسی یەکگرتنەوه. ئەگەر لەمەولاش خۆم بۆ ڕێبەریی حیزب کاندید نەکەم، ئەوه به هیچ جۆر به مانای ئەوه نابێت، که خۆم لە دیموکراتی یەکگرتوودا نابینمەوه.
* بەم خيلافانەوە، ئيمکان و ئەگەرى جیاببوونەوە دەبينى لەناو حيزبى ديموکراتدا، ئەو مێژوە زۆرەى بەردوام پەرتبوونەی لەناو حيزبى کوردى و بە تايبەتى ديموکرات دەبينين، پێمان دەڵێت: کە جیاوازییەکان و ناکۆکييەکان ڕەنگە سەربکێشێت بۆ جيابوونەوە و پەرتبوونێکی نوێ؟
- وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد لەگەڵ ئەوە، که هەموو لایەک دەتوانن چ ئێستا و چ له داهاتوودا تێبینییان له سەر گۆشەیەک یان ڕەهەندێکی بەڕێوەبردن و سیاسەتی حیزبی یەکگرتووی دیموکرات هەبێت، بەڵام لە پاش ئەو یەکگرتنەوەیه هیچ جۆره ناکۆکییەک نابینم ئەو نیگەرانییه پاساو بدات، که بەڕێزت باست کردوه. وەک بۆ خۆشت ئاماژەت پێدا، حیزبی دیموکرات و حیزبەکانی تری خۆرهەڵات و بە گشتی گەلەکەمان زیانی زۆریان لەم ناکۆکی و پارچه پارچه بوونانه دیتوه. هۆکارەکانی لێکجیابوونەوەی دوو دیموکراتی پێشوو و مەودای ئەو کاتەی نێوانمان و وردەکارییەکانی یەکگرتنەوەی دیموکرات هەر چییەک بن، هیوادارم و پێشم وایه، که تێکۆشەران و ڕێبەرانی حیزبی دیموکرات وانەیان له ڕابردوو وەرگرتوه و ئەو گیانی یەکێتییەی ئێستا له ڕیزەکانی حیزبدا دەبینرێت و بنەماکانی یەکبوونەوەمان به هێزی خۆی دەپارێزن و له هەموو کار و بەرنامه و هەنگاوێکیاندا ئەوه دەسەلمێنن.[1]