لەژێر ناوی بەرهەمی خۆماڵی و چارەسەری نەخۆشی چی دەگوزەرێت؟ بەشی21
نووسین و ئامادەکردنی: #کرێکار قادر# ڕوستایی
ئەوەی ئێستا لە بازاڕەکان و بەشێکی زۆر لە دوکان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕیکلام و پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت بەناوی بەرهەمی خۆماڵی و تەواوکاری خۆڕاک و چارەسەر بۆ نەخۆشی بە بەرهەمی خۆماڵی، کارێکی تری مەترسیدارە لەسەر ئاییندەی تەندرووستی خەڵکی بەکارهێن.
هەندێک کەس بێ ئەوەی زانیاریان هەبێت و شارەزای بوارەکەبن هاتوون چەند ئامێرێکیان کڕیوە زەیت و ئاوتک و سرکە و گژوگیا ئامادە دەکەن و دەیکەنە قوتوو، بەناوی بەرهەمی خۆماڵی و چارەسەری سرووشتی بە خەڵکی دەفرۆشن!
لە کاتێکدا درووستکردن و ئامادەکردنی هەر بابەتێکی وەک: زەیتی سرووشتی، گژوگیا، ئاوتکی گیایی بۆ چارەسەری نەخۆشی کارێکی هەر وا ئاسان نییە، پێویستی بە پسپۆڕیی و شارەزاییەکی زۆر باش هەیە تا بەو ڕێگەیە بتوانن بەشێوازێکی زانستی زەیتی سرووشتی و ئاوتکی گیایی بەرهەم بهێنن.
خۆڵکردنەچاوی خەڵک و چارەخوازان لەژێر ناوی بەرهەمی سرووشتی و خۆماڵیدا، بە تەنیا ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی کارگەکانیان و هێنانی بەرهەمی وڵاتانی ترە، دوکانەکانیان پڕکردووە و کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکەن و خۆیان دەوڵەمەند دەکەن و خەریکی ناوبانگ پەیداکردنن بەو ناوەوە، هەندێک کارگەی بەرهەمهێنانی بەرهەمی خۆماڵی و سرووشتی لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەهارات فرۆش و کۆگا و دوکان و مارکێت و پزیشکی خۆراکی ڕێککەوتوون تا بەرهەمەکانیان بۆ بناسێن و ساغی بکەنەوە بەسەر خەڵکدا، بە بڕە پارەیەکی زۆریش دەیفرۆشن، لەوە کارەساتتر ئەوەیە هەندێک کەس لە ماڵەوە لە ژوورێکدا یان لە شوێنکی گەورەتر لە ژوورێک خەریکی ئامادەکردن و درووستکردنی زەیتی سرووشتی و ئاوتکی گیایی و سرکە و ئامادەکردن و تێکەڵکردن و لێکدانی گژوگیان، بۆ مەبەستی چارەسەر بە ڕێگەی ڕیکلام و پڕوپاگەندەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەهەرمەکانیان ساخ دەکەنەوە بەسەر خەڵکدا، لە کاتێکدا هیچ لیژنەیەکی تەندرووستی و لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداری ئەو شوێنانە نین و چاودێریان لەسەر نییە، نازانن ئایا بە ڕێگە و شێوازێکی زانستی بەرهەمەکانیان بەرهەم دێنن یان بە ڕێگەی هەڕەمەکی و دوور لە بنەمای زانستی!
بەرهەمهێنانی، بەرهەمی سرووشتی خۆماڵی دەبێت ستافێک بێ شارەزا و پسپۆڕبن لە بواری درووستکردن و ئامادەکردنی زەیتی سرووشتی و سرکە و ئاوتکی گیایی و تێکەڵ کردنی گژوگیا بۆ مەبەستی چارەسەری نەخۆشی پێویستی بە خوول و ڕاهێنان و خوێندنی زۆرە لەو بوارەدا، کارگەکە دەبێت لەژێر چاودێری لێژنەی تەندرووستی و لایەنی پەیوەندیداردا بێت.
هەر بەرهەمێکی سرووشتی و خۆماڵی هەر کارگەیەک بوو هیچ کات وەک چارەسەر و دەرمان بەکار نایەت بەڵکوو تەواوکاری خۆراکییە و ڕیکلام و پڕوپاگەندە کردن بەو ناوە هەڵەیە و دوورە لە بنەمای ڕێگەپێدانی یاسایی چونکە بەرهەمهێنانی زەیتی سرووشتی و سرکە و ئاوتکی گیایی و تێکەڵ کردنی گژوگیا، بۆ مەبەستی چارەسەر وەک دەرمان بیفرۆشن بە خەڵک کارێکی نایاساییە و دوورە لە بەهای کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیش، بەناوی بەرهەمی خۆماڵی و سرووشتی، وەک دەرمان و چارەسەر مەخەڵەتێن و بەو ناوە مەیکڕن و مەیخۆن لە خۆتانەوە تکایە. [1]
کرێکار قادر ڕوستایى
نووسەر و شارەزا لە بواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری.
#13-07-2024#