لە پەڕاوێزی یارییەکانی پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی یانەکانی ئێراق کە لە شاری #سلێمانی# بەڕێوەچوو، لە یارییەکانی یەک باز و سێ بازی کچان، #چاوان بەهادین#ی کیژە یاریزانی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# و یاریزانی هەڵبژاردەی ئێراق توانی دوو ئەنجامی کاریگەر بۆ یانەکەی بەدەست بهێنێت.
چاوان پێش بەشداری لە یارییەکانی ئەو پاڵەوانێتییە و بەر لە 21 ڕۆژ لە کاتی مەشق و ئامادەکاری تووشی پێکان هاتبوو بەڵام بەهۆی بەهێزی پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانی ئێراق و ململانێکانی، ئەو کیژە پاڵەوانە وەک هەمیشە هەوڵەکانی چڕ کردەوە و توانی پلەی دووەم و سێیەم لە هەردوو یارییەکانی سێ باز و یەک باز بەدەست بهێنێت.
وەک خۆی ئاماژەی پێکرد کە ژمارەی پێوانەی یاری سێ بازی ئێراق بە ناوێتی و ویستیشی هەبووە کە لەم پاڵەوانێتییەدا دووبارە ژمارەیەکی دیکە تۆمار بکات بەڵام پێکان ڕێگر بووە لە گەیشتن بەو ئامانجەی، چاوان وتیشی، لە پاڵەوانێتی یانەکانی عەرەبی میدالیایی ئاڵتونم بەر لە مانگێک بەدەست هێناوە و لە تەواوی ئەو پاڵەوانێتییە دەرەکی و نێو خۆیانەشدا پلەکانی یەکەم و دووەمم لەدەست نەداوە.
دواجار کیژە پاڵەوانەکەی یانەی پێشمەرگە کە ژمارەی پێوانەیی یاری سێ بازی ئێراق و کوردستانی بە ناوەوەیە وتی، لە پاش وەرگرتنی چارەسەر بە چڕی ئامادەکارییەکان دەست پێدەکەمەوە و دەمەوێت دووبارە ژمارەی پێوانەی نوێ تۆمار بکەم، هەروەک سوپاسی جێگری سەرۆکی یانەکەیان و #نزار ئەکرەم#ی ڕاهێنەری کرد کە هاوکار و پاڵپشتی دەکەن.[1]