ئەسپێکی لەڕ نەک تەویلەیەکی پڕ کەر
ئەسپ، وڵاخە بەرزەیەکی یەکسمە لە زۆر کۆنەوە مرۆڤ ماڵی کردووە و بۆ پێداویستییەکانی خۆی وەکوو کەلوپەل و بووک گواستنەوە و سوارسوارنێ و شەڕوشۆڕ و کاروباری کێڵگە بەکاریهێناوە، هەندێک جار ئەسپێکی ڕەسەن خێری بۆ خاوەنەکەی داوەتەوە و لە هەموو ناوچەیەکەوە خەڵکی هاتوون ماینەکەی خۆیانی لێ چاک بکەن تاوەکوو نەوەیەکی ڕەسەنیان دەست بکەوێت، لەبەر ئەوەی ئەسپ ناو و ناوبانگێکی باشی هەیە، ئەگەر ئەسپێکی لەڕ و لاواز و بێ نموودیش بێت هەر جێگەی بایەخە و خەڵکی بە تەویلەیەک لە ئاژەڵی گوێدرێژی وەکوو کەری ناگۆڕنەوە بۆیە وتراوە: ئەسپێکی لەڕ نەک تەویلەیەکی پڕ کەر.[1]