جەژن خلاس بوو ئاگردان کۆربۆوە
ژیانی کوردەواری کولەمەرگی و نەداری و نەبوونی و قاتوقڕی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، کوێرەوەری و نەخۆشی و هەژاری و زەحمەتکێشی باڵی بەسەر بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا هێنابوو، خەڵکی ڕەشۆکی و ڕەمەکی و ئاسایی خوان و سفرەی نان خواردنیان تێروپڕ نەبووە، هەر بەنانەسکی و بەسکێک تێر و بەدووان برسی بوون، لەبەر ئەوەی کورد زۆرینەی لەپەیڕەوانی ئایینی ئیسلامن بۆیە تەنیا لەهەر دوو جەژنەی (ڕەمەزان و قوربان)، سفرە و خوانیان دەڕازاندەوە، بۆن و بەرامەی چز و گۆشت و پەڵاوێک دەهات و ئاگردانەکان پڕ دەبوون لە خواردن و خواردنەوە و دەگەشانەوە، لەبەر ئەوەی هەرچی هەبووە لە ڕزق و ڕۆژوو هەمووی لە ڕۆژی جەژن بەکارهاتووە، دوای جەژن هیچ شتێکیان نەبووە و دەست نەکەوتووە بۆیە کوردەواری وتویەتی: جەژن خلاس بوو ئاگردان کۆربۆوە. [1]