ناونیشانی پەرتووک: ڕوانگەی گەنجان لە هەرێمی کوردستان -2023
ناوی نووسەر: #ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو#
شوێنی چاپ: هەولێر -باشووری کوردستان
دەزگای پەخش: ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو
ساڵی چاپ: 2023
دەشێ لە ڕێی لێکۆڵینەوە لە گەنجانەوە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە داهاتووی کۆمەڵگە چۆن دەبێت. گەنجانی تەمەن 15-29 ساڵ ڕێژەی 28%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانن و ئەمەش1ملیۆن و 727 هەزار و 903کەس دەکات. ئەمە بێجگە لەوەی کە 35%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە خوار تەمەنی 15 ساڵییەوەن کە 2ملیۆن و 159هەزار و879کەس دەکات. ئەم دیمەنەش دەریدەخات کە داینامیکی دانیشتووانی گەنج لێرە، بە لانی کەمەوە بۆ نزیکەی دوو دەیەی داهاتووش بەزیندوویی دەمێنێتەوە. ئەمەش لە ڕوانگەی ئابوورییەوە بە واتای هێزی کاری نوێ و نەفەسی نوێ دێت، هەڵبەت ئەگەر سیاسەتە ئابووری -کۆمەڵایەتییەکان بە لەونێک بن کە ئەوان لە داهاتوودا دەرفەتی گەشەکردنیان هەبێت. ئەگەر پێچەوانەکەیشی ڕوویدا، ئەوا زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی گەنج کە بە شێوەی سرووشتی داوای دابەشکردنەوەی سەروەت و سامان، هەلیکار و بەشداری سیاسی دەکات، دەتوانێت دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیش بگۆڕێت. ئالێرەوەیە کە بایەخی تێگەیشتن لە ڕوانگەی گەنجان سەبارەت بە پرسە ئابووری، کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان زۆر گرنگە. ئەمە دەتوانێت کۆمەڵگە بگۆڕێت، بۆیە بۆ تێگەیشتن لە سرووشتی ئەو گۆڕانکارییەش پێویستە سەرەتا لە گەنجان تێبگەین.
بەپێی ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو؛ ڕوانگەی گەنج لە هەرێمی کوردستان -2023، کە لە حوزەیرانی ئەمساڵدا کراوە، گەنجان لەڕووی دارایی، کۆمەڵایەتیی و تەنانەت لەڕووی ئاساییشەوە زیاتر گرێدراوی بنەماڵە و خێزانن. 90.1%ی گەنجان نایانەوێ لە خێزان دوور بکەونەوە. 52%یان پارە لە خێزان وەردەگرن و لەڕووی ئابوورییەوە گرێدراوی خێزانن. 66%یشیان گوتوویەتی ئەگەر کێشەیەکیان بۆ دەرکەوێت پەنا بۆ خێڵ، خزم و کەسوکار دەبەن، ئەویش لەکاتێکدا کە تەنیا 33% گوتوویانە پەنا بۆ دامەزراوەی فەرمیی حکومەت دەبەن. لەسەرئاستی هەرێمی کوردستان ڕۆیشتن بۆ بازاڕ، خەوتن و دواتریش سەردانی مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان لە ڕیزی زۆرترین ئەو کارانەن کە گەنجێک لە ماوەی هەفتەیەکدا لە هەرێمی کوردستان دەیانکات. 79.9%ی گەنجانیش گوتوویانە هەرکاتێک دەستمان بە تاڵ دەبێت، بە مۆبایلەوە خەریکی سۆشیالمیدیا دەبین.
ئالێرەوە دەردەکەوێت کە خێزان فاکتەرێکی کاریگەرە لەسەر شکڵپێدانی دیدگا و ڕوانگەی گەنجان لە هەرێمی کوردستان. بەڵام گرفتەکە لێرەدا ئەوەیە کە بەشێکی زۆری دایکان و باوکانی گەنجانیش ئاستێکی بەرزی خوێندەوارییان نییە. بەپێی ڕاپرسییەکە، ڕێژەی 67.3٪ دایکانی بەشداربووان نەخوێندەوارن. ڕێژەی 45.8٪ی باوکانی بەشداربووانیش نەخوێندەوارن، 39.8٪یشیان هەڵگری بڕوانامەی کەمتر لە ئامادەیین و تەنیا 4.7٪یان بڕوانامەی ئامادەییان هەیە. بۆیە ئەو دیدگایەی کە گەنج لەوێوە وەریبگرێت، هەر ئەوانەیە کە بەشێوەی نەریتی گەشەیان کردووە. ڕێژەی ئەو گەنجانەی کە گوتوویانە بڕوایان بەئازادییە تاکەکەسییەکان هەیە لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، بە جۆرێک کە 83.9% بووە، بەڵام، 85.5%یان گوتوویانە نابێت کچان یان ئافرەتان بە تەنیا گەشت بکەن و بەشێوەی سەرەکی هۆکاری ئەوەشیان بە پێی ڕیزبەندی، بۆ ئایین، کولتووری کۆمەڵگە و قسەی خەڵکی گەڕاندۆتەوە و ڕێژەیەکی کەمیش بە پاساوی نەبوونی ئاساییش و ئاسانکارییەکانی گواستنەوەی گشتی دژی ئەوە دەرکەوتوون. بۆیە لێرەدا بە گشتی دوو تایبەتمەندی جیاواز بەدیدەکرێت، لەلایەک بڕوای بەئازادی تاکەکەسی هەیە بەڵام لەلاکەی دیکە ڕەتیدەکاتەوە.
زیاتر لە 72%ی گەنجان دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن ئەگەر مافی دەنگدانیان هەبێت، ئەم ڕێژەیەش لەسەرووی ڕێژەی گشتی بەشداریکردنی خەڵکە لە دوایین هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان کە 59% بوو. هەروەها نزیکەی 30%یش زیاترە لە ڕێژەی بەشداریکردنی گشتی خەڵک لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2021ی پەڕڵەمانی ئێراق. کەمیی ڕێژەی گشتی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان، هەروەها بەرزبوونی ژمارەی گەنجان لە هەرێمی کوردستان، وادەکەن کە ڕۆڵی ئەوان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستاندا یەکلاکەرەوە بێت.
بەپێی ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکە، لە کۆی ئەو 1 ملیۆن 727 هەزار و 903 کەسەی گەنجەوە کە هەن، 416 هەزاریان بە تەمای دەنگدان نین کە دەوری 27%دەکات. 1ملیۆن و 216 و 369 کەسیش گوتوویانە دەنگ دەدەن ئەگەر مافیان هەبێت کە ئەویش 73% دەکات. 33%ی ئەو 73%ی کە حەزی لە دەنگدانە، نەویستووە دەنگەکەی ئاشکرا بکات. واتا بە ژمارەیەکی گشتی، زیاتر لە 416251 کەس دەکات. ئەوانەی کە گوتوویانە دەنگ نادەن، هۆکارەکانی وەک بێ متمانەیی بە پارتە سیاسییەکان، نەبوونی کەشی ئازادی هەڵبژاردن و نەبوونی بەربژێری گونجاویان وەک پاساو باسکردووە. بێگومان ئەگەری گۆڕانی ئەمانەش تا دواساتەکانی هەڵبژاردن لە ئارادایە. بۆیە ئەو ڕێژەیەی کە دەڵێت دەنگ نادەم و ئەوانەش کە دەنگی خۆیان ئاشکرا ناکەن، پێکەوە دەتوانن فاکتەری سوپرایز بن لە هەڵبژاردنی داهاتوو.
بەپێی ئەنجامەکان، زۆربەی گەنجان ڕوویان لە کەرتی تایبەت کردووە بۆ دۆزینەوەی کار کە وەکوو گرفتێکی سەرەکی تەماشای دەکەن. هەڵبەت کەرتی تایبەتیش نەیتوانیوە بەتەواوی جێی هیوا بێت بۆ گەنجان و، پێدەچێت نەبوونی دڵنیایی تەواو سەبارەت بە داهاتوو، هەروەها نایەکسانی لە دەرفەتەکانی کەرتی تایبەت و کەمیی مووچە لەو هۆکارانە بن کە وایانکردووە، هێشتا گۆشەیەکی بیرکردنەوەیان لەسەر دامەزراندنیان لە کەرتی حکومی بێت. ئەمەش ئەو شوێنەیە کە دەشێ حکومەت سەرنجی زیاتری بخاتەسەر. پێویستە پرسیارەکە ئەوە بێت کە چۆن دەکرێت کەرتی تایبەت بە جۆرێک گەشە پێبدرێت و ڕێیکبخرێتەوە کە دڵنیایی بداتە گەنجان؟
ئەو جیاوازییە زۆرەی کە لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا سەبارەت بە کارکردن هەیە ، بابەتێکی زۆر گرنگە. بەپێی ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە، 43.9%ی گەنجان کاردەکەن. هەڵبەت جیاوازیێکی ڕەگەزیی زۆر لەنێو ئەوانەدا هەیە. بە جۆرێک کە 61.5%یان نێرن و تەنیا 16.1%یان لە ڕەگەزی مێن و بەوەش ئامادەیی ژنان و کچان لەنێو هێزی کاردا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە. ئەوان زیاتر بەکاری بێ بەرانبەر (Unpaid work)ەوە سەرقاڵن کە ئەمەش بۆ سیاسەتەکانی گەشەپێدان تەگەرە درووستدەکات.
بە گشتی ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو کە بەهەوڵ تەقەڵای تیمێکی 11 کەسی بەرهەمهێنراوە، زۆر خاڵی وردی تێدایە کە دەشێ ببنە بنەمایەکی گرنگ بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان، ئەویش بە جۆرێک کە گەنجان، ڕوانگە و خواستەکانیان لە پێشچاو بگرێت و دەرفەتی گەشەکردنێکی فراوان بڕەخسێنێت.[1]