ناونیشانی بابەت: ئەشکەوتی میرکەلۆس لە هاودیان
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
ئەشکەوتی میر کەلۆس دەکەوێتە زنجیرە چیای برادۆست، بەدووریی پێنج کیلۆمەتر دەڕوانێتە سەر گوندی #هاودیان#، سەر بە ناحیەی دیانا لە #ئیدارەی سەربەخۆی سۆران#، شوێنەکەی ستراتیژی و سەرنجڕاکێشە. دەگوترێت پێشووتر قەڵایەکیش لەسەر ئەشکەوتەکە دروست کراوە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، میرکەلۆس یەکێک بووە لەو میرانەی سنووری میرنشینی سۆران، کە لە سەردەمی عوسمانییەکان لەسەرەتای سەدەی (14)دا وەک یەکەمین کەس فەرمانڕەوایی ناوچەکەی کردووە، بەمەش تائێستا شوێنەواری قەڵا و قوللە و شوورای لە ناوچەکەدا ماون، یەکێک لەوانەش بریتییە لە ئەشکەوتی میرکەلۆس لە گوندی هاودیان، هەروەها کوڕەکەی هان داوە بۆ ئەوەی شوێنی بگرێتەوە، بەمەش میر عیسای کوڕی کەلۆس بەگ، لەنێوان سەدەی (14 و 15)دا دامەزرێنەری میرنشینی سۆران بووە و وەک یەکەمین میرنشین لە ناوچەکەدا و دەسەڵاتێکی فراوانی گرتوووەتە دەست.
لەمبارەیەوە ئومێد قادر، لێکۆڵەر و مامۆستای مێژوو لە سنووری ئیدارەی سۆران، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: سەدەکانی ڕابردوو چەندان میرنشین لە #کوردستان# فەرمانڕەواییان کردووە، یەکێک لەو میرنشیناشە میرنشینی سۆران بووە، کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ فەرمانڕەوایی کردووە، هەروەک میرانی سۆران بۆ خۆپاراستن و پارێزگاریکردن لە میرنشینەکەیان هەوڵیان داوە قەڵا و قوللە دروست بکەن، هەروەها سوود لە ئەشکەوتەکان وەربگرن، تەنانەت بۆ کاتی پشوودان و جەنگەکانیش، بۆ نموونە، ئەشکەوتەکانی ( میرکەلۆس، ئاکۆیان، بەستوون، دەیان، زارگەلی) و ئەمانەو چەندین ئەشکەوتی دیکە بەکار هێنراون، بۆ نموونە ئەشکەتی کەلۆس دەکەوێتە زنجیرە چیای برادۆست بەدووریی تەنیا پێنج کیلۆمەتر لە گوندی هاودیان، لە شوێنێکی بەرزەوە دەڕوانێتە دەوروبەری دەشتەدیان و وەک چاودێرێک وایە بۆ ناوچەکە.
دەشڵێت: پێویستە ئەو ئەشکەوت و شوێنەوارە مێژووییانە پشتگوێ نەخرێن، بەڵکوو گرنگییان پێبدرێت، تا بتوانرێت لە ڕووی شوێنەواری و گەشتیاری سوودیان لێوەربگیرێت، بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران و ئەو کەسانەی ئارەزوو و خواستی گەیشتن بەو جۆرە شوێنانە دەکەن، بۆ نموونە، پارێزگاریکردن لێیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی وەک لێدانی ڕێگا و ئەو پێداویستییانەی گرنگن لەدەوربەری ئەو ئەشکەوتانە دابین بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا بە هیچ شێوەیەک لەلایەن خەڵکەوە دەستکاریی ناوەوەی ئەشکەوتە شوێنەوارییەکان نەکرێت، بۆ ئەوەی سروشتی خۆیان لەدەست نەدەن، مەگەر تەنیا تیمەکانی پسپۆری شوێنەواری بۆیان هەبێت لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر بکەن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=