کەشک و فەریک لە ئیدیۆمی کوردەوارییدا
کەشک لە هەنبانە بۆرینەدا وا هاتووە: شیرێژی بەتەڕی گوشراوی وشکەوە کراو، لەبەر ئەوەی خۆراکێکی سەرەکی کشتیاری و شوانکارەی کوردەواری بووە لە دێهات و لە شاران، بۆیە زۆر بایەخی پێدراوە، لە زۆر ئیدیۆمدا بەکارهێنراوە، لەڕووی ناوەرۆک و گوزارشتییەوە زۆر لە یەکترییەوە نزیکن، بۆ نموونە: بە ددان چیڕکردنەوە بەرانبەر هەڵەی کەسێکی نەفام دەوترێت: کەشکت فەریک بێت، واتە: هەی نەزان، فەریک: هەموو شتە پێ نەگەیشتووەکانی وەکوو دانەوێڵە (فەریکە نۆک) و چەقاڵە (فەریکە بادەم) و سێو (فەریکە سێو) و...تاد، هەتاوەکوو بۆ گاڵتە بە کەسێکی کەودەن دەوترێت: فەریکە کەر، مامۆستا #هەژار موکریانی# لە #چێشتی مجێور#دا لەناو حوجرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نازناو و ناو و ناتۆرەی ناو فەقێیان بەکاریهێناوە، یان بە منداڵکارێک و هەرزەکارێک دەڵێن: فەریکە پیاو، کەشکیش دوای ئەوەی هەڵدەخرێت هێشتا بەتەواوەتی هەتاو گاز و نەبووە بە کەشکی تەواو بە فەریکە کەشک دادەنرێت، ئەگەر کەسێک جێگای متمانە و پشت پێ بەستن نەبێت بۆ ئەنجامدانی کارێک بەتەوسەوە پێی دەوترێت: ئەوە بەتەمای تۆ بێت، کەشکی لێ دەبێتە فەریک، واتە: ڕیسەکەی لێ دەبێتەوە خوری، وەکوو هەڕەشە و گوڕەشەش بەکاردێت کە دەوترێت: کەشکت لێ دەکەینەوە فەریک، واتە: ئەو کارەی تا ئێستا کردووتە هەموویت لێ هەڵدەوەشێنینەوە و دەتبەینەوە خاڵی سەرەتا و سفر، چونکە کەشک بگەڕێتەوە بۆ فەریکی واتا: کەشکی پێ نەگەیشتوو، هەر لەناو کۆمەڵی کوردەواریشدا وتراوە: فڵانە کەس کەشکی لێ بووەوە فەریک، کەسێک کارێکی گەیاندبێتە کۆتایی و بەرهەم بەهۆی هۆکارێکەوە کارەکەی بگەڕێتەوە سەرەتاوه، ئەگەر دوو کەس هەمان خاسییەت و ئەدگار و ڕەوشتیان هەبێت وەکوو ئەوەی لە یەک دایکی بن بۆ ئەمانە دەوترێت: کەشکیش برای دۆیە، بۆ دوو کەسیش دانوڵەیان بە یەکەوە نەکوڵێت و نەتوانن بە یەکەوە هەڵبکەن پێیان دەوترێت: #کەشکیان پێکەوە ناکوڵێ#، هەندێکجاریش هاوشێوەی: ماسی لە بەحرا ناژمێردرێت یان ئاسکی نەگیراو ئەبەخشێ دەوترێت: قیاسی کەشکێ لە مەشکێ ناکرێ، لە پێ دەشتەکانی هەولێرێش دۆخۆرەکان و داندۆک خۆر و کەشکخۆرەکان هەنە کە پشت بە بەخێوکردنی مەڕوماڵات و وەرزێری و دانەوێڵە چاندن دەبەستن وەکوو ناوچەکانی قەراج و کەندێناوە، هەڵبەت کەشکخۆرەکانیش پشت بە بەرهەمەکانی ماست و ماستاو و دۆ دەبەستن، بۆ ناوچەکانی پشتی چیای سەفینیش دەوترێت: دۆشاو خۆرەکان یان مێوژ خۆرەکان، بەهۆی ڕەز و باغەکانی پشتی #سەفین# و #خۆشناوەتی# و دۆڵەکانی #سماقوڵی# و #بالیسان# و #هیران# و #نازەنین# و...تاد.[1]