شارۆچکەی بانە لە ئیدیۆمی کوردەوارییدا
لە پەندەکانی #پیرەمێر#دا هاتووە:
بانەیی دەڵێن ئەسحابە کوژن
سیوەیلی ئێستا قامک دەمژن
ئەسحابه-سەحابە بەو کەسانە وتراوە کە لە سەروبەندی ژیانی پەیامبەری ئیسلام (محەمەد عەبدوڵڵا عەبدولموتەلیب)ی هاشمی قوڕەیشی، ژیاون و یار و یاوەری بوون، لە دوای کۆچی دوایی پەیامبەر لەگەڵ سوپای ئیسلام بەرەو ناوچەکانی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ساسانییەکان وەکوو (فتوحات)هاتوون، لە هەندێک ناوچەی کوردستان وەکوو (دۆڵی سماقوڵی و هەرمۆته و #مەرگە# و #پشدەر# و #کۆیە# و..تاد، دووچاری شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە هاتوون و بەشێکی زۆریان لێ کوژراوە، لە گۆڕستانەکانی ناوچە کوردییەکان نێژران وەکوو (دۆڵی ئەسحابانی دۆڵی سماقوڵی)، ئینجا لە پاشماوەی ئەو جەنگاوەرانەی کە ڕووبەڕووی ئەو ئەسحابانە بوونەوە نازناوی (ئەسحابە کوژ)یان بەسەر دابڕا وەکوو سەرکۆنەیەکی ئایینی ئیسلام بەچاوی بکوژ و ناحەز لێیان دەڕوانرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی کات دەرکەوت ئەسحابە کوژەکان خەڵکی دڕندە و شەڕانگێز و بێباوەڕ و بێ دین نەبوون بەڵکوو ئەو جەنگاوەرە کوردانە بوون کە پارێزگاریان لە سنووری خاک و وڵاتی خۆیانکردووە، دەکرێت خەڵکی بانەش بەشێک بووبن لەو پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی یاوەرانی پەیامبەری ئیسلام، بەڵام ئیدیۆمی (ئەسحابە کوژ) لە مێژووی هاتنی ئیسلام و بڵاوبوونەوەی لە کوردستاندا بە کەسێکی فێڵباز و بێ بەزەیی و ستەمکار و خوێنڕیژ یان بە چەتە و چەتەگەری پیاوکوژ وتراوە: ئەسحابە کوژ، هەر بۆیە بەرانبەر بانەییەکانیش وتراوە: بانەیی ئەسحابە کوژن، واتە: دەست وەشێن و دڕ و بێ بەزەیین.
#بانە#، سرووشت و ناوچەیەکی زورگان و هەرد و کێوە، کۆمەڵێک ڕێگا و ڕێچکەی جۆراوجۆری هەیە هەر لەبەر ئەوەیە لە کۆندا دەوترا: زۆربەی ڕێگاکان دەچنەوە بانە، یان زۆربەی ڕێیەکان دەچنەوە سەر ڕێی بانە، چونکە شارۆچکەیەکە شوێنێکی زیندووی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەر ڕێگەی کاروان و کاروانسەرا بووە، لە پەند و گۆتەیەکی تری کوردەواریدا وتراوە:
هەناری گوڵ هەناری هەناری دانەدانە
سەرەڕێگەت لێدەگرم وەک #حەمەتاڵی بانە#،
کە شۆڕەسوارێکی کورد بووە دژی داگیرکەرانی کوردستان، لە #کوردیپێدیا#شدا هاتووە: #شاران لە عەزرەت بانە کران، بانەش وێران بوو#.[1]