پاسۆک و فیلمی کارتۆنی منداڵان: یادەوەرییەکی خۆش بۆ مێژوو
ساڵی 1979 بارەگای (#پارتی سۆسیالیستی کورد -پاسۆک# ) لە گوندی (شێنێ) بوو، شێنێ یەکێک بوو لەو گوندە نەگوازراوانەی سەر سنووری فەرمیی ئێراق و ئێران. شێنێ سرووشتێکی شاخاویی زۆر سەخت و زۆر جوانی هەبوو و پڕ لە باخ و بێستان و کانیاو بوو. خەڵکەکەیشی زۆر پاک و دڵسۆز بوون و زۆر دڵسۆزی پێشمەرگە و شۆڕش بوون. ئێمەیش، هاوبیرانی پاسۆک، دوو خانووی چۆڵکراومان خاوێن کردبووەوە و کردبوومانن بە بارەگای خۆمان. لە شێنێ جگە لە ئێمە بارەگای زۆربەی پارت و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی لێ بوو.
ماڵی خوالێخۆشبوو مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسێینی لە پشتی بارەگاکەی ئێمەوە بوون. بارەگای پاسۆک بە وتەی د. قاسملۆی نەمر، بوو بوو بە (بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان)، زۆربەی کۆبوونەوەکانی ڕێکەوتن و هەوڵی ئاشتی و ئاشتبوونەوەی هەموو پارت و ڕێکخراوە ناکۆک و دژبەیەکەکانی ئەو سەردەمە، هەموویان لە بارەگای پاسۆک ئەنجام دەدران. بەکورتییەکەی بارەگای هاوبیرانی پاسۆک کراوە بوو بۆ هەموو کەس و لایەنێک. لە شێنێ هاتوچۆ و میوانداری لەنێوان پێشمەرگەی هەموو لایەنەکاندا هەبوو. بارەگای پاسۆک بەردەوام بەو توانا مادیی و مرۆڤییە کەمەی کە هەمانبوو، بەڵام هەمیشە پڕ لە میوان بوو. هەموو پێشمەرگە و کەسایەتی و لایەنەکان بارەگای پاسۆکیان بە ماڵی خۆیان دەزانی. تاکە بارەگای پێشمەرگەی کوردستانیش بوو کە ئاڵای پیرۆزی کوردستانی تێدا هەڵکرابوو.
ئەمە بۆ مێژوو دەبێت باس بکرێت کە ئەو دەمە هەموو لایەنەکانی دیکەی کوردستان، دژی هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان بوون، پیشاندان و بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان بە شۆڤێنیزم و ڕەگەزپەرستی و جیابوونەوەخوازی دەزانی!؟ بەڵام ئاڵای کوردستان لای هاوبیرانی پاسۆک یەکێک بوو لە هێما هەرە پیرۆزەکانی کورد و کوردستان، پاسۆک، بە ژمارە کەم بوو، بەڵام لە هەڕەشە و گلەیی و گاڵتەپێکرن، بێباک بووین و ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەسەر بارەگای پاسۆکەوە هەردەم بەسەربەرزی و ئازادی دەشاکایەوە.
ئەم پێشەکییە پێویست بوو بۆ ئەوەی بابەتێکی گرنگتان بۆ بگێڕمەوە کە ئەمەیە: شەوێکیان هاوڕێیانی کۆمەڵەی مارکسی-لینینی کوردستان-کملک، میوانی ئێمە بوون. لە ڕاستیدا هاوڕێیانی کۆمەڵە زووزوو سەردانیان دەکردین و نێوانمان باش و خۆش بوو. لەو میوانیدارى و دانیشتنانەدا بەگشتی باسی هەموو بابەتێک دەکرا. لە یەکێک لەو دانیشتن و میواندارییانەدا، هاوبیری نەمر، کاکە فەرهاد خەفافی گیانبەخش بوو ، باسی پێویستبوونی بە کوردیکردنی فیلمی کارتۆنی بۆ منداڵانی بە کورد و کوردستان کرد و زۆر بە پێویست و گرنگ و پڕبایەخ بابەتەکەی باس دەکرد، بەڵام بەداخەوە هەموو میوانەکان کردیان بە پێکەنین و گاڵەتە و گەپ و وتیان ماڵتان ئاوا بێت هاوبیرانی پاسۆک ئێوە هەموو شتێکتان هەر بە کوردی دەوێت و بەدەست ئێوە بێت هەموو شتێک ببێت بە کوردی!؟ بەکورتییەکەی باسەکە بەو پێکەنین و گاڵتە و گەپە کۆتایی پێ هێنرا.
پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە: ئایا هاوبیرانی پاسۆک لەو سەردەمەشدا، لەو بێ توانایی و بەو ژمارە کەمەشەوە هەر ئاسۆی بیرکردنەوە و بیروباوەڕی کوردایەتییان فراوانتر نەبووە!؟
تێگەیشتن و ڕەهەندی بیرکردنەوەیان پێشکەوتووتر و دووربینانەتر نەبووە!؟
دڵسۆزتر و خەمخۆرتر نەبوون بۆ پەروەردە و ژیانی داهاتووی منداڵانی کورد و کوردستان!؟
بەڵام خۆشبەختانە، ئەمڕۆ هەموو لایەنە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، دامودەزگەی گەورە و شوێنکار و ستۆدیۆی پێشکەوتوویان بۆ بەرهەمهێنان و دۆبلاژکردنی فیلمی کارتۆنی منداڵان دامەزراندووە و بە سەدان کارمەند و بە دەیان هونەرمەند و شێوەکار و هونەرپیشه، لەم بووارەدا کار و خزمەت دەکەن و بووەتە پیشە و سەرچاوەی ژیانیان. بە میلۆنان دۆلار بۆ ئەم مەبەستە پیرۆزە خەرج دەکەن و ڕۆژانە لە کەناڵە تیڤییەکانیانەوە پەخشی ئەو فیلمی کارتۆنی کوردییە دەکەن کە ئەو سەردەمه، جگە لە هاوبیرانی پاسۆک، هەموویان بە خەیاڵ و شۆڤێنیزم و ڕەگەزپەرستییان دەزانی و گاڵتە و پێکەنینان پێی دەهات!؟
ئیتر هەموو لایەکتان سەرکەوتووبن ..... هەر بۆ پێشەوە.
#بەختیار شەمەیی#
#22-08-2014# [1]