ناونیشانی بابەت: هەڵوێست وەرگرتن دژی پاوانخوازی و نادادی کۆمەڵایەتی
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
لە سەرەتای دەستپێکی وتارەکەم، دەمەوێ ئاماژە بە هەڵوێست بکەم و بیناسێنم.
هەڵوێست: دەربڕینی کۆمەڵێک هەست و بیروباوەڕ و ڕەفتارە بەرانبەر بە ڕووداوێک یان بابەتێک یان بابەتگەلێکی وەک (سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، پەروەردەیی، ئابووری.....)هتد.
هەڵوێست وەرگرتن زۆرجار بەرانبەر کردار وهەڵوێستی کەسێکیش سەرچاوە دەگرێت، واتە هەڵوێستی تاکەکەسی ئەویش لە کاتێکدایە کەسی بکەری ڕەفتارەکە لای ئەوی تر بە نامۆیی و پێچەوانە لێکدەدرێتەوە، لە بەرانبەردا هەڵوێستی لەسەر وەردەگرێت، هەڵوێستەکە یان هەڵچوون دەبێت کە بە وتن و دەربڕین یان دەنگدابڕان و زویر بوون دەبێت.
ئەمەش لە بواری دەروونناسیدا وەک ئارەزوویەکی بەدەست هێنراو پێناسە دەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی کەسەکان، لەسەر کێشە، شت، یان ڕووداوەکە بە شێوەیەکی دیاریکراو، ئەم هەڵسەنگاندنانە زۆرجار ئەرێنی دەبن کەسی بکەر سوودی لێدەبیننێت و ئەو ڕەفتارە باش دەکات و دووبارەی ناکاتەوە، یان نەرێنی دەبێت کەسەکە مامەڵە نەشیاوەکە بەردەوام بکات و بیکاتە ڕکەبەری و سوورتربێت لەسەر ڕەفتارەکەی. یان لەوانەیە هەندێکجار نادیار و شاراوەبن و لای زۆر کەس نەگەنە ئامانج و مەبەستی ڕوون و دیار.
لەناو کۆمەڵگەی کوردەواریدا هەڵوێست بەپێی سەردەم و کات وشوێن، شێوازەکانی و قۆناغەکانی ژیانی ژیاری کۆمەڵگەی کوردەواری گۆڕانی بەسەردا هاتووە و دیاریکراوە، چونکە کورد نەتەوەیەک بووە هەمیشە لە هەوڵ و خەباتدا بووە، بۆ ڕزگاری و خۆپاراستن و بەرگری لە خاکەکەی و خۆی وەک نەتەوە، ئەوەش خۆی لە خۆیدا بەرزترین لوتکەی هەڵوێستە.
گەل و نەتەوەی زیندوو ئەوەیە، کە ڕێگە نەدات دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی نیشتمانەکەی یان ئەو عکومەت و کەسانەی بەڕێوەی دەبەن، لە جیاتی ژیانی ئاسایی وەک مرۆڤ بژین وهاوسەنگ و یەکسان بن لەگەڵ هاونیشتمانییەکانیان. نەک ببنە چەوسێنەرو پاوانخواز ئەوەش بە درووستکردنی دەیان ڕێکخراوو کۆمەڵەی سەربەخۆ و فشار تا ببنە بەربەست لە بەردەم درووست بوونی خەونی بە دکتاتۆر بوونی دەسەڵات و ڕیبگرن لە هەستی پاوانخوازی و ستەمکاری ئەو دەسەڵاتە.
دەکرێت هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی هەڵوێست بکەینە چەند قۆناغێک پێش ڕاپەڕینەکەی بەهاری 1991 خەڵکی کوردستان لە سەنگەری بەرگرییەکی سەختدا بووە بەرانبەر ڕژێمی #بەعس#ی ڕووخاو و گەورەترین قوربانیش هەر خەڵک داوێتی.
ئەو هەڵوێستە بە ئامانج و ئاکام گەیشت، بەهۆی وەدەرنانی ئەو ڕژێمە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان، لە بەرانبەردا ڕژێم دامودەزگاکانی کارگێڕی لە هەرێم کێشایەوە، هێزە کوردییەکانیش بەهۆی درووستبوونی بۆشایی کارگێڕی، ساڵی 1992 هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستانیان ئەنجامدا و یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا، لێرەوە پەنجا بە پەنجا واتە دابەشکردنی دەسەڵات بۆ دوو هێز، پاش ئەوە ساڵی 1994 بەهۆی ناکۆکی و ململانێی حیزبەکان و یەکتر قبووڵنەکردن شەڕی خۆبەخۆی کورد درووست بوو، لە ئاکامدا سەدان ڕۆڵەی کورد بوونە قوربانی و دوو زۆنی و دوو جوگرافیای سیاسی لە هەرێم هاتە کایەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە.
ئەوەی بووەتە جێی سەرنج و باس و تێبینی زۆر کەس، ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان هەمیشە هەڵوێستیان هەبووە لەو کاتانەی پێویست بووبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە دەسەڵاتداران گوێیان بە خواستی خەڵک نەداوە و بە پێچەوانەوە، هەڵوێستیشیان لەناو هزری تاکی کورددا کوشتووە.
تەنانەت ئەوەندە بێ پلان و بی بەرنامە کاریان کردووە، بەهۆی پابەند نەبوون بە یاسا و بوونی هێزی تایبەت و کەسی، کە بۆ مەبەستی پاوانخوازی بەکاریان پاوانخوازی بەکاریان هێناوە، لە ئەنجامدا ستەم و نادادییەکی زۆر هاتۆتە ناو هەرێم و دەنگی ناڕازی زۆر بووە.
ئەو دەنگە ناڕازییانە پێویستیان بە هەڵوێستە بەڵام هەلومەرجی ڕامیاری وئاستی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووری و دەستوەردانی هەرێمایەتی، هەستی بەرپرسیارییەتی لای هاووڵاتییان ناڕەزایەتییەکانی کردووە بە گوفتار نەک هەڵوێستی کرداری، ئەمەش بۆ نەبوونی دادگایەکی بێلایەن و سەربەخۆ دەگەڕێتەوە.
هەڵوێست وەرگرتن لە بەرانبەر دەسەڵاتی پاوانخواز گرنگە بۆ پاراستنی مافەکانی هاووڵاتییان و بەرقەرار کردنی دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا.
ئەوەی نیگەرانی درووستکردووە لای خەڵک، داگیرکردنی موڵکی گشتییە لەلایەن بەرپرسان وکۆمپانیاکانی حیزبە باڵادەستەکان، چونکە بەگشتی لەم هەرێمە لەجیاتی ئاوەدانی و کامەرانی، پاوانخوازی و وێرانکردن و داگیرکردن بووەتە پیشەی بەرپرسان و کۆمپانیاکانیان.
تەنانەت دەست درێژی کراوەتە سەر موڵکی پەروەردە و پاوانگە ولەوەرگە و موڵکی (مساطحة)واتە ئەو موڵکەی هیی حکومەتە و بۆ ماوەیەکی دیریکراو بە پێی مەرج و گرێبەستی کاتی دیاریکراو دەدرێت بە کەسێک یان کۆمپانیایەک، لە ئێستادا ئەو زەویانە زۆربەیان داگیرکراون لەلایەن بەرپرسانەوە.
لەسەر لایەن و ئەو کەسانە پێویستە هەنگاوەکانی هەڵوێست وەربگرن، لە بەرانبەر ئەو پاوانخوازیانەی کراوە، کە هەڵوێستیش بەچەند ڕێگە وهەنگاوێک دەکرێن ئەوانیش بەشێکیان ئەمانەن:
1-دەرکردنی نووسراوی ناڕەزایەتی
2-خۆپیشاندانی ئاشتیانە و مەدەنیانە
3-ڕەخنەگرتن لە ڕێگەی میدیاوە (نووسین وبەدواداچوون و چاوپێکەوتن و توێژینەوە)
4-هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی
5-پشتیووانی کردنی ئۆپۆزیسیۆن (ئەگەر هەبێت)
6-داواکردن لە داواکاری گشتی تا ڕێگربێت لە پاوانخوازی (لە کاتی دڵنیا بوون لە سەربەخۆیی دادگاکان).
ئەو هەنگاوانەی سەرەوە، ڕێگەکانی وەرگرتنی هەڵوێستن، کە لەم هەرێمەی ئێمە بەشێکیان ئەنجامدراون، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و تێبینی و ڕەخنەیە بۆ سەر لایەنی ئەنجامدانی کاری پاوانخوازی، هیچ وەڵام وبۆچونیان نەبووە لەسەر ئەم خواستە گرنگەی خەڵک کە هەڵوێستە.
ناڕەزایی دەربڕین پێویستییەکی گرنگە بۆ ئەوەی لەمپەڕ وبەربەست بۆ کاری خراپ و قێزەوونی پاوانخوازی دابنرێت، (مارتن لۆسەر) لەسەر وەرگرتنی ناڕەزایی وتوێتی (هەر کەسێک گیانی مرۆڤدۆستی هەبێت، دەبێت بڕیار بدات کە چ جۆرە ناڕەزایەتییەک لەگەڵ بیروڕاکانیدا دەگونجێت، بەڵام دەبێت هەمووکەس ناڕەزایەتی دەرببڕێت).
لەم وتەیەی (لۆسەری) مەزن ئەوەی دەبێتە پێوەر و پێوانەی بوونی کایەی چاودێری و بەدواداچوون، هەڵوێست وەرگرتنە، لەسەر هەموو کایەکانی ژیان، لەو کاتەشدا ئەوەی قووڵدەبێتەوە وبەدی دێت، دوو ئامانجی گەورەن بۆ ژیان ئەوانیش، بوونی دیمۆکراسی ڕاستەقینە و یاسا ودادگایەکی سەربەخۆیە، کە هەموو مرۆڤەکان لەسایەیاندا بە کامەرانی شاد دەبن. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=