ناو: فاتیح
نازناو: فاتیح ئارش
ناوی باوک: بارام سڵێمان
ساڵی لەدایکبوون: 1953
شوێنی لەدایکبوون: #جوانڕۆ#
$ژیاننامە$
لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی یان سەردەمێک تا ڕادەیەک بەدەسەڵاتی کورد لە جوانڕۆ سەربە پارێزگای کرماشان لە دایک بووم، تەمەنی منداڵیم لە جوانڕۆ و ناراو تێپەڕاندەوە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بەشێوەی جۆراوجۆر هەستی نەتەوایەتیم تێدا بووە و لە زۆر بواردا کاردانەوەم هەبووە بە شێوەیەک کە لە تەمەنی لاوێتیدا لە قوتابخانە دەریانهێنام و ڕەوانەی بەندیخانەیان کردم، زۆر دەرفەتی خۆم و بنەماڵەم فیدا ئاڕاستەی پڕ هەوراز کردەوە، لە بەندیخانە هەتا ژیانی دەربەدەری و ئاوارەگی هەوڵمداوە ئاست و هەست (خەبات و خوێندن) پێکەوە ببەستم و هیچکامیان لە بیر نەکردەوە و لە بواری ئاست یان چۆنایەتیدا توانیومە بەو ڕادە کە خۆم پێویستم هەیە بگەم و ئیستاکەش خۆم بە قوتابی تۆ (خوێنەر) دەزانم و لێت فێر دەبم، هەفتا و یەک ساڵ (71) لە تەمەنم لە دونیایی خەیاڵاوی پڕ لە کەند وکۆسپ و دوور لە نەرگسییەت (خۆبەزلزانی) تێپەڕاندەوە و لەم سەفەرە دوورودرێژەدا زۆر جار نەیاری سەرەکی و لاوەکی (خۆماڵی و دەرەکی) هەوڵیانداوە ڕێگای شەمشەمەکوێرە هەڵبژێرم بەڵام بەخۆشییەوە سەرنەکەوتوون چونکە بەرخۆدانم بە ژیان زانیوە، لە سەردەمی شۆڕشی بەتاڵان براوی گەلانی ئێراندا لە ساڵی (1978) تا بە ئەمڕۆ هەڵوەدای ڕۆژهەڵاتی کوردستانم و ماوە سی و یەک ساڵە (31) لە وڵاتی سوید دەژیم بەڵام هەمووکات کوردستان قیبلەم بووە و بۆ تاقە ڕۆژێک ئەرکی سەرشانم لە بیر نەکردەوە.
لە وڵاتی سویددا دوای بەشێک لە خوێندن بیست و پێنج ساڵ (25) بۆ ژیان کارم کردەوە، لەو ماوەدا وێرای ئەرکە نەتەوەیی و ڕامیارییەکان لە بوارە جۆراجۆرکاندا بەگوێرە توانا یارمەتیی هزریم بەخۆپێگەیاندنی زۆر کەس کردەوە، نزیک بە بیست ساڵی ڕێنماییکاری کۆمەڵایەتی بووم و توانیومە کارتێکەری ئەرێنیم لەسەر زۆر لاوی کورد و بێگانە هەبێت، ئەوە چەند ساڵە خانەنشینم و لەو ماوەیەدا توانیومە سێ (3) پەرتووک بە ناوەکانی: (1. کورتەیی بیرەوەرییەکانم، 2. ڕەخنە و بۆچوون، 3. ژیان و خەبات) بنووسم کە وێرای بۆچوون و شیکاری ڕامیاری هەڵگری زۆر بیرەوەری شیرین و تاڵن، بەخۆشییەوە هێشتاکە مێشکم گەنجە و ەگەر سۆمای چاوەکان ئیجازە بدەن نووسینی دوو پەرتووکی دیکە بە ناوەکانی (چەوساوەکان و چەسێنەرەوەکان) لەگەڵ (کردار و کاردانەوە) لە بەردەستدایە، بەوهیوایە ئەو کورتە ژیاننامەیە جێگای ڕەزامەندی بێت بەڵام بۆ زانیاری زیاتر چاو لە نووسراوە و پەرتووکەکانم بکەن. بەهیوای سەرکەوتنی گەلی کورد.
[1]