فرمێسکی تیمساحی دەڕێژێت
پەند و ئیدیۆمێکی جیهانییە زۆربەی گەلانی دونیا بەکاریدەهێنن، ئاژەڵی تیمساح وشکاوەکییە (ئاوی و وشکانی)، بۆ دەستکەوتنی خۆراک دێتە کەناری ڕووبار و چەمەکان بۆ گرتنی نێچیر، دوو بیر وبۆچوون لەسەر فرمێسکەکەی هەیە دەوترێت: وەکوو تەڵەیەک ئەو فرمێسکە بەکاردەهێنێت کە ڕژێنێکی لینجە بۆ سەرنجڕاکێشانی نێچیرەکان بۆ ئەوەی نیشانیان بدات کە مردووە، تا باڵندەکان لێی نزیک بکەونەوە، یان وەکوو ڕژێنێک لە کاتی خواردنی نێچیر بەکاری دەهێنێت، بیروبۆچوونی دووەم ئەوەیە کە بەهۆی خواردنی نێچیرەکەوە هەناسەی خێرا دەدات بەمەش چاوی ئاوێ دەکات، ئەوە کراوە بە ئیدیۆم و بۆ کەسێک بەکاردەهێنرێت کە هەر بەڕووکەش بۆ کەسێک بگرێت و لە ناخ و دڵ و دەروونییەوە نەبێت، تەنیا بۆ فریودان هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بێت بەو جۆرە گریانە دەوترێت: فرمێسکی تیمساحی بۆ دەڕێژێت.[1]