ناونیشانی بابەت: هاندانی منداڵ و بەرزنرخاندنی
ناوی نووسەر: #لەیلا بەرزنجی#
هاندانی منداڵ و بەرز نرخاندنی یەکێکە لە چارەسەرە گرنگەکانی بواری پەروەردە کە پەروەردەکاران و، خێزانەکان دەتوانن سوودی لێ ببینن و گۆڕانکاری لە دەدا و هەڵسوکەوتی قوتابیدا بکەن بۆ ئەوەی کەسایەتیی قوتابی بەرەوپێشەوە ببەن و بیکەنە کەسێکی بەسوود و گەورە بۆ دواڕۆژ.
منداڵ کە بە شێوەیەک لە شێوەکان هان دەدرێت و بەرز دەنرخێنرێت، هەرچەندە ئەم بەرزنرخاندنەش لە ڕاستیدا پێچەوانە بێت هەر دەبێتە شێوازێک بۆ ئەوەی منداڵ بگۆڕێت و کارە نەرێنییەکانی بەشێوەیەک بکاتە ئەرێنی کە کەسانی چواردەوری درک بەم گۆڕانە بکەن. نووسەر فایەق سەعید دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لە قوتابخانەیەکدا کاتێک سەرپەرشتیارەکە بوونی قوتابیەکەی بەرز نرخاند و وەک قوتابیکی ژیر و گوێڕایەڵ وەسفی دا یەکێک لە هاوڕێکانی سەری بادا و پێی سەیر بوو کە بەو شێوەیە وەسفی هاوپۆلەکەی دەکرێت لە کاتێکدا پێچەوانەی پێداهەڵدانەکە بوو کەسێکی بێکەڵ و سەرکێش و بەکێشە و بێسەروبەر بوو.
لە ڕاستیدا ئەو پێداهەڵدانە بۆ ئەوە بوو کەوا قوتابییەکە بەخۆیدا بچێتەوە کەسایەتییەک بۆ خۆی درووست بکات کە لە ڕاستی بچێت.
ئەم نموونەیە ڕاماندەکێشێت بۆ تیۆریەک کە باس لە هاندان و پاڵپشتیکردنی کۆنسترەکتیڤانە دەکات. دەکرێت لەپێناو چارەسەرکردنی گرفت پەنا ببەینە بەر هاندان لە هەر ئەرک و کارێکدا بێت. سەرکەوتنی ئەم میتۆدە بەندە بە هاروهاجی و لاساریی خاوەن گرفتەکەوە.
بە دڵنیاییەوە بۆ بەرەوپێشبردنی قوتابییان و چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەتیی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە تەکنەلۆژیا و کرانەوەی وڵاتان تاڕادەیەک لەناو هەندێک لە خێزانەکان دەرگای واڵا کردووە بۆ ئەوەی منداڵەکان بە ویستی خۆیان بجووڵێنەوە و کارەکانیان بەو شێوەیە بێت کە خۆیان دەیانەوێت، بۆ ئەوەی بەشێوازێکی تر و بە گوێگرتن لە ویستەکان و گۆڕانکاری دەبێت ڕێگای هاندان و بەرزنرخاندن بگرنە بەر، چ خێزان یا مامۆستا یا بەڕێوەبەر یا کارگێڕی قوتابخانەکان هەتا بتوانن ڕێڕەوی بیرکردنەوە ناڕێکەکانی قوتابیەکان بگۆڕن. چونکە زۆر جار قوتابی جۆرەها سزادانی لەگەڵ بەکار دەهێنی هیچ گۆڕانکارییەک لە منداڵەکە ڕوو نادات، بگرە هەندێکات زیاتر لاساری دەکات وەک ئەوەی ڕادێت لە هەموو ئەوانەی پێی دەوترێت، جا لە ماڵەوە بێت یان لە قوتابخانە بۆ ئەو هیچ گرنگ نابێت، کەسانی چواردەوری (ئیهانە)کردن و لێدان و سووکایەتییەکان هیچ لەو ناگۆڕێت، تەنانەت لە یەک کات کە گوێی لێ دەبێت لە هەمانکاتیشدا لەبیری دەچێت، وەک کوردەواری خۆمان دەڵێت: لەو گوێ هات و لەو گوێ ڕۆیی، هیچ لەو منداڵەدا نەگۆڕدرا، بۆیە دەبێ ئێمە ئەم ڕێگایە بەهەند وەربگرین هەتا ئەو ڕادەیەی قوتابییەکە ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی ببێتە کەسێکی بەسوود و خاوەن کەسایەتی و بڕیاری تەواو درووست بێت.
تێنینی:
بۆ ئەم بابەتەم سوودم لە کتێبێکی نووسەر فایەق سەعید وەرگرتووە بەم ناونیشانە: هەراسانکردنی منداڵ لەنێوان ماڵ و قوتابخانە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=