ناونیشانی پەرتووک: کەموکورتی دادوەری لێپرسراوێتی بۆ تاوانەکانی #داعش# لە ئێراق
شوێنی چاپ: US
دەزگای پەخش: هیومان ڕایتس ۆوچ
ساڵی چاپ: 2017
هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێراقی وهەرێمی کوردستان، بە پشتگیری هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێرانیشەوە، لە کۆتایی هەڵمەتە سەربازیەکەیاندان لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق (ناسراو بە داعش). لەم هەڵمەتەدا، هێزەکانی حکومەتی ئێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەزاران گومانلێکراویان لە ئەندام و چەکدارانی داعش دەستگیرکردووە کە لەنێویاندا بە سەدان منداڵیش هەن.
هەریەکە لە سیستمی دادوەری حکومەتی ئێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پشت بە دادگا دژەتیرۆریەکانی خۆیان دەبەستن تا بەخێرایی پڕۆسەی دادگاییکردنی ئەم هەموو گوومانلێکراوانەی داعش لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتەنای ڕووبەڕوویان دەکرێتەوە بەپێی یاساکانی دژەتیرۆر ئەنجام بدەن، بەشێوەیەکی سەرەکی و زۆرجاریش بەتایبەت لەسەر بنەمای تۆمەتی ئەندام بوون لەناو داعش و بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ جیاکاریەک لە گەورەی تۆمەتەکانی دژیان و هیچ هەوڵێک نادەن بە ئەولەویەت دان بەگرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان لە دژی تاوانە گەورەکان. دادوەرێکی ئێراقی لە دادگای دژەتیرۆری پارێزگای نەینەوا کە دەسەڵاتی پێدراوە بۆ دادگایکردنی ئەندامانی دەستگیرکراوی داعش لە موسڵ، وتی: لە مانگی شوبات تا کۆتایی ئابی 2017، دادگاکەیی پڕۆسەی دادگاییکردنی 5500 گومانلێکراوی داعشی ئەنجام داوە و لەو ژمارەیە لانی کەم 200 کەسیان سزا دراون.
هیومان ڕایتس ۆوچ ئاگادارە کە لە ساڵی 2014وە لانی کەم 7، 374 کەس لە دادگاکانی ئێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دادگایی کراون یان سزادراون و لەم ژمارەیەش 92 کەیسیان لە سێدارە دراون. ڕێکخراوەکە دەشزانێت کە ئەمە بەشێکی کەمە لە کۆی ژمارەی هەموو ئەو کەسانەی وەک گومانلێکراوی داعش دەستگیر کراون.
ئەم ڕاپۆرتە بایەخ دەدات بە شیوازی لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردن و پڕۆسەی گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان لە دژی گومانلێکراوانی داعش لە ئێراق. لەهەریەک لەم قوناغانەدا، ڕاپۆرتەکە کەموکورتی جددی یاسای بەدی دەکات کە دەبنەهۆی لاوازکردنی هەوڵەکان لە دادگایکردنێکی ڕەوای ئەندام و لایەنگرو چەکدارانی داعش.
لە هەمووی گرنگتر، لە توێژینەوەکەی هیومان ڕایتس ۆوچدا دەردەکەوێت کە ستراتیژێکی نیشتمانی لە ڕێکارە یاساییەکاندا نییە کە تێیدا دڵنیایی بدات لە دادگایکردنێکی ڕەوای ئەوانەی لەناو داعش بەپرسیاربوون لە ئەنجامدانی تاوانە نەگریس و گەورەکان یان بەشدارییەکی پڕ مانای قوربانیان و درووستکردنی تۆمارێکی دادوەری تێروتەسەل بۆ ئەم تاوانانە. لە هەمان کاتدا، دادگایکردن و سزادانی بەرفراوانی هەموو ئەوانەی لایەنگری داعش بوون، ئەگەرچی پەیەوەندییەکی کەمیشیان بە گرووپەکەوە هەبووبێت، دەبێتە هۆی درووستکردنی بەربەست لە بەردەم هەر ئاشتبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە داهاتوودا و خنکان و گیرانی دادگا و بەندیخانەکانی ئێراق بۆ دەیان ساڵی داهاتوو. [1]