ناونیشانی پەرتووک: قوربانیانی مەدەنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باکووری ئێراق (2015 -2021)
دەزگای پەخش:کۆتایی بە بۆردومانە سنووریەکان بهێنن
ساڵی چاپ: 2022
ڕاپۆرتەکە (توێژینەوەکە)، لەلایەن هاوپەیمانییەتییەکی نێودەوڵەتی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە چوارچێوەی هەڵمەتی کۆتایی بە بۆردومانە سنووریەکان بهێنن ئامادەکراوە، کە بۆ یەکەم جارە وردەکارییەکانی کاریگەرییەکانی ئەم دەستدریژیانە بۆ سەرخەڵکی مەدەنی بڵاودەکاتەوە.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەو زەرەر و زیانانەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە سنووربەزێنییەکانی تورکیا داویەتی لە هاووڵاتییانی مەدەنی لە باکووری ئێراقدا، جێگای نیگەرانی و لەسەروەستانە. پێویستی بە هەڵوێستە لەسەرکردنی هاوبەشە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.
ئەم ڕاپۆرتە تێکڕای ئەو دەرئەنجامانە پێشکەش دەکات کە لە لێکۆڵینەوەی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە ناحکومیانەوە بەدەستهاتوون کە توندوتیژییەکانی دژ بە هاووڵاتییانی مەدەنی بە بەڵگەنامە دەکەن و کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن. ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر ژمارە و پێناسی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی کە لە ئەنجامی کردەوە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ژێر ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاخود ئیدارەی حکومەتی فیدڕاڵی ئێراق لە پارێزگای نەینەوا شەهید و برینداربوون. ئەم ڕاپۆرتە شیکردنەوە بۆ شێوە و جۆری ئەو هێرشانە دەکات کە بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی مەدەنی و هەروەها ئەم ڕاپۆرتە لە کاریگەرییەکانی تری ئەو هێرشانە لە وێرانکردنی گوندەکان، ماڵ، نەخۆشخانە، لەوەڕگاکان و زەوی کشتوکاڵی دەکۆڵێتەوە.
ئەم ڕاپۆرتە ڕوماڵی ئەو هێرشانە دەکات کە لە#01-08-2015# ەوە کاتێک بۆ یەکەم جار لە دوای شکستهێنانی پڕۆسەی ئاشتی نێوان کۆماری تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان «پەکەکە»، چەندین هاووڵاتی مەدەنی لە ئەنجامی چەند هێرشێکی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر گوندی زارگەڵی شەهید و برینداربوون تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2021 کە لەلایەن سوپای تورکیاوە ئەنجامدراون.
لە 17-04-2022دا، ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی لەلایەن سوپای سەربازی تورکیاوە لەژێر ناوی چنگی-قفڵ، لە ناوچەکانی هەرێمی باشووری کوردستاندا ڕاگەیاندرا. ئۆپەراسیۆنی چنگی قفڵ، ئەڵقەیەکە لە زنجیرەک ئۆپەراسیۆنی سەربازیی یەک لە دوای یەکی سوپای تورکیا کە لە ساڵی 2018ەوە سوپای تورکیا دەستی پێ کردووە. لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیادا ، لە ڕووبەرێکی بەرفراوانی ئاسمانییەوە بۆردوومان ئەنجامدەدراو پاشان هێزی تایبەتیی سەربازی بەقوڵایی 12-15 کیلۆمەتر لە باشووری سنووری تورکیاوە لە شوێنی درووستکردنی بنکە و بارەگای چاودێریکردنەوە بڵاوەیان پێکرا. لە ئەنجامدا، ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانەی کە لە ناوچە و دۆڵەکانی ئەو سنوورەدا دەژیان و بژێوی ژیانیان بەدەستدەهێنا، لەلایەن تۆپخانەکانی تورکیاوە بە ئامانجدەگیران و یان ناچار بە ئاوارەبوون یاخود ناچار بە ژیانکردن دەکران لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازی سوپای تورکیادا.[1]