کۆنفرانسی کوردانی قەوقاز داوا دەکات زمان و شوناسی کوردی لە دەرەوەی کوردستان بپارێزرێت و چەند دەستپێشخەرییەک بۆ ئەو مەبەستە ڕادەگەیێنێت.
ڕۆژانی 15 و 16ی ئاب لە شاری تبلیسی پایتەختی جۆرجیا، بە بەشداری ژمارەیەک لە زمانزان، نووسەر و لێکۆڵینڤانانی کورد لە وڵاتانی ناوچەی قەوقاز و ڕەوەندی کوردانی وڵاتانی دیکە، کۆنفرانسێک بە ناونیشانی کوردانی قەوقاز و ڕوانگەی نەوتەوەیی بەڕێوەچوو.
ڕاگەیێندراوی کۆنفرانسەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانج لە چالاکییەکە باشکردنی هاوئاهەنگیی کۆمەڵانی خەڵکی کورد بووە بۆ پاراستن و پێشخستنی ناسنامەی کوردیو تاوتوێکردنی هەندێک بابەتی گرنگی پەیوەست بە کورد.
ڕاگەیێندراوی کۆتایی کۆنفرانسەکە دەڵێت: ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە دەرەوەی کوردستان بەهۆی زۆر هۆکار لەژێر مەترسیی ونبووندایە. ئێمە داوا لە هەموو ڕێکخراوە کوردستانییەکانی جیهان دەکەین بۆ ڕزگارکردن و پێشخستنی ناسنامەی کوردی لە وڵاتانی خۆیان، بەرنامە ڕێکبخەن.
یەکێکی دیکە لەو ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکە ئەوەیە کە لیژنەیەکی زانستی پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی بەرنامەیەکی یەکگرتوو ئامادەبکەن تاوەکوو کوردانی دەرەوەی وڵات فێری زمانی کوردی بکەن.
قەوقاز ناوچەیەکی جوگرافیی نێوان دەریای قەزوین و دەریای ڕەشە، وڵاتانی جۆرجیا، ئەرمینیا، ئازەربایجان و چەند بەشێکی باشووری ڕووسیا دەگرێتەوە. بە گوێرەی دوایین سەرژمێرە فەرمییەکان، زیاتر لە 170 هەزار کورد لەو ناوچانە دەژین، بەڵام پێشبینی دەکرێت ژمارەی ڕاستەقینەیان زیاتربێت.
کۆنفرانسەکە داوا دەکات کۆمەڵەیەک لە زانایان و پسپۆڕانی کورد پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی پەرتووکێکی یەکگرتووی وانەی زمانی کوردی و لە پاشەڕۆژیشدا ئەلفوبێیەکی یەکخراو ئامادە بکەن.
بەشێک لە سەرچاوە مێژووییەکان پێشانیدەدەن کە کورد لەنێوەڕاستی سەدەی دەیەمی زاینییەوە لە قەوقاز هەبووە. هەروەها بەشێکی زۆریشیان لە سەدەکانی شازدە و حەڤدەیەم لە ئەنجامی جەنگەکانی نێوان عوسمانی و سەفەوییەکان ناچاربوون لە کوردستانەوە کۆچبکەن بۆ ئەو ناوچەیە.
لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا، وەک نەتەوەیەک دان بە کورد دانرا و هەوڵی پێشخستنی کولتوور و زمانی کوردی دەدرا. بۆ نموونە، کوردانی ئەرمینیا قوتابخانەی تایبەت بە زمانی کوردیان هەبوو و ژمارەیەک بەرهەمی نووسراو بە زمانی کوردی بڵاوکرانەوە. بەڵام دواتر بەهۆی سیاسەتەکانی جۆزیف ستالین، سەرۆکی پێشووی یەکێتی سۆڤییەتی کە پێکهاتە نەتەوەییەکانی بە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتەکەی دەبینی و گومانی دەکرد دەست لەگەڵ نەیارانی سۆڤیەت تێکەڵ بکەن، بە تایبەتیی ئەوانەی لە نزیک سنوور بوون، دەستکرا بە دیپۆرتکردنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئەو نەتەوانە بۆ ئاسیای نێوەڕاست، لەنێویاندا کازاخستان کە ئێستا سەرووی 50 هەزار کوردی لێ دەژین.
بۆ ڕێگریکردن لە توانەوەی زیاتری کورد لەنێو نەتەوەکانی دیکە، کۆنفرانسەکە داوا لە کوردانی باشووری قەوقاز، ئەوروپا و ئاسیای نێوەڕاست دەکات یەکێتیی نەتەوەیی کورد لەسەر بنەمای زمان پێشبخەن کە هەزاران ساڵە کۆڵەکەی پاراستنی ناسنامەی کوردییە.
ڕاگەیێندراوەکە هەروەها دەڵێت: باوباپیرانمان، وەک سەرچاوەی نەتەوە و ڕەگ و ڕیشەی کولتووری کوردی، نەوەک تەنیا ڕابردووی ئێمەن، بەڵکوو بناخەی داهاتوومانن. بۆیە داوا لە هەر کوردێکی قەوقاز، ئاسیای نێوەڕاست و ئەوروپا دەکەین، بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆی، پاشناوی دیرۆکیی باو باپیرانی خۆی بگەڕێنێتەوە، ئەگەر ئەوان لە کاتی کۆچبەری، زۆرداری یان دۆخی دیکەدا ناچاربووبن لە دەستی بدەن یانیش بە زۆر گۆڕرابن. پاراستنی زمان و کولتوور کۆڵەکەیەکی سەرەکیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی کوردە لە دەرەوەی کوردستان.[1]