باڵیۆزی بەریتانیا لە ئێراق پێیوایە کێشەکانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە ئابووریی بەهێز چارەسەر دەبن. لەبارەی کێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕژدە لەسەر چارەسەریی دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەلەستین و کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەکان.
شەوی پێنجشەممە، بەرنامەی بێستوون تۆک-ی تۆڕی میدیایی ڕووداو کە بێستوون عوسمان پێشکەشی دەکات، پەخشکرا و ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە ئێراق میوان بوو.
باڵیۆزی بەریتانیا لە ئێراق وتی کە، وڵاتەکەی لەگەڵ چارەسەریی دوو دەوڵەتن بۆ فەلەستین و ئیسرائیل و ڕایدەگەیێنێت، کە ئەوان دۆستی ئیسرائیلن دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە کاریگەرییان لەسەر پرسی ئاگربەست هەبێت..
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێراق دەچێتە لەندەن و ستیڤن هیچن بە ڕووداوی ڕاگەیاند، سەردانەکە لە چەند مانگی داهاتوو دەبێت. و بڕیارە چەندین ڕێککەوتننامە واژۆ بکرێت.
لە بەشێک لە گوتەکانی، باڵیۆزی بەریتانیا باسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە، ئەو کەسێکە لە ڕێککەوتنی سیاسیدا زۆر باشە و داوا دەکات بۆ بەرنامەی داهاتووی بێستوون تۆک بانگهێشت بکرێت.
ستیڤن هیچن قوربانییەکانی کورد بەراورد دەکات بە قوربانیی وڵاتەکەی لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا و داوا دەکات هاووڵاتییانی ئێراق و هەرێمی کوردستان وڵاتەکەیان جێنەهێڵن و دەڵێت: کێشەکانی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان بە ئابووریی بەهێز چارەسەر دەبن.
دەقی تەواوی گفتوگۆی نێو بەرنامەکە:
ڕووداو: زۆر دڵخۆشم کە بۆ یەکەم جارە لە ژیانمدا دێمە ئەم شارە، زۆرزۆر دڵخۆشم کە جارێکی دیکە کۆ بووینەتەوە، هەرهەموومان بۆ ئەوەی ئەڵقەیەکی نوێ بۆ بێستوون تۆک تۆمار بکەین، ئازیزان ئاگاتان لێیە کە خێزانەکەمان، خانەوادەکەمان چەند گەورە و فراوان بووە، ئێستا ئێمە خێزانێکی زۆرزۆر گەورەین، کە لە چیاکانی کوردستانەوە دەست پێ دەکەین و گەیشتووینەتە کەنداوی عەرەب و بێگوومان ئەم خێزانە ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر و فراوانتر دەبێت. لە پێناوی یەک شتدا، لە پێناوی ئەوەی کە ئاییندەیەکی باشتر بۆ خۆتان بنیاد بنێن. بەڕێزان دڵنیام کە کاتێک ئێوە دێن بۆ ئەم بەرنامەیە، کاتێک هەزاران کەس داواکاری پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی بێ بۆ ئەم بەرنامەیە، لەبەر ئەوە نایەت کە لەسەر تەلەڤزیۆن دەرچێ، تەلەڤزیۆن زۆرن، زۆر ئاسانە لەسەر تەلەڤزیۆن دەرچی، بەڵام ئێوە پەیامێکتان هەیە دەتانەوێ بیگەیەنن، ئێوە دەتانەوێ ئاییندەی خۆتان بەدەستی خۆتان بنیاد بنێن، ئێوە دەتانەوێ کە چیدی چاوەڕێی خەڵکانی دیکە نەکەن، ئاییندەی ئێوە و چارەنووسی ئێوە دیاری بکات، بەڵکوو خۆتان بە پرسیارە ئازا و ئازادەکانتان بە بیرکردنەوە ڕەخنەگرانەتان و بە ڕەخنەی بابەتیانەتان ئاییندەیەکی باشتر بنیاد بنێن، بێگومان ئەمڕۆش دڵنیام پرسیاری زۆرزۆرتان دەبێت بۆ ئەو کەسەی کە لەسەر ئەم کورسییە دادەنیشێت، لەبەر ئەوەی ئەو کەسەی کە لەسەر ئەم کورسییە دادەنیشێت نوێنەرایەتی دەوڵەتێک دەکا، کە کاریگەرییەکی زۆرزۆری لەسەر ئێراق هەبووە لە مێژوودا و هەیە لە ئەمڕۆدا، لەبەر ئەوە ئێوەش پرسیارتان زۆر دەبێت لێی لەسەر دوێنی و ئەمڕۆ و ئاییندەی وڵاتەکەی خۆتان، ئەو کەسە باڵیۆزی بەریتانا لە ئێراق ستیڤن هیچنە. هەستت چۆنە کە ئەمڕۆ لە بەسرەیت؟ بەسرەی فەیحا. هەروەها نزیکەی 200 خوێندکار لە سەرتاسەری کوردستان و ئێراقەوە لێرەن، کە هیی 59 زانکۆی جودان. ئەوان لێرەن بۆ ئەوەی تۆزێک لێت بپرسنەوە. دەترسیت؟
ستیڤن هیچن: بەڵێ، زۆر دەترسم. هەر زۆر دەترسم. من ئاواتەخوازم قسە لەگەڵ هەمووتاندا بکەم. تۆزێک دەترسم، چونکە نازانم چ جۆرە پرسیارێکم لێ دەکرێت. پێشبینی دەکەم پرسیاری قورسم لێ بکرێت. دەکرێت داوێک نرابێتەوە یان هەوڵ بدەن لە هەندێک ئابڕووچوونی دیپلۆماسیم بپێچێنن، بەڵام ئەوپەڕی هەوڵی خۆم دەدەم.
ڕووداو: باشە. کەواتە پێتوایە دەبێت. لە چ پارێزگایەکەوە دەست پێبکەین؟
ستیڤن هیچن: با لە بەسەرەوە دەست پێبکەین.
ڕووداو: کەواتە با دەستی ئەوانە ببینم، کێ پرسیاری هەیە لە بەسەرەوە؟
محەمەد عەلا: پزیشکی ددانم لە بەسڕە. پرسیارم بۆ بەڕێز باڵیۆزە. لە بەسڕە چەندین جۆر شێرپەنجە بەدی دەکرێت. هۆکارەکەشی بۆ گازە هاوەڵەکان دەگەڕێتەوە دوای بەرهەمهێنانیان. دوو کۆمپانیای بەریتانی لە بەسڕە کار دەکەن. ئایا شانشینی بەریتانیا لە بەرنامەیدایە پاڵپشتی لە کەرتی تەندرووستیی بەسڕە بکات بۆ بەرگرتن لە شێرپەنجە؟ ئایا هاوکاری منداڵە تووشبووەکان بە شێرپەنجە دەکات؟ پرسیاری دووەمم: دەردانی گازی هاوەڵ بەهۆی بەرهەمهێنانی نەوت، کەشوهەوای گۆڕی و کاریگەریی نەرێنی بەسەر ژینگە درووستکرد، بەتایبەتیی هۆکاری ڕاستەوخۆیە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما. دەمانەوێ بزانین دواین پێشهات چی بوون لە کۆبوونەوەی پاریس بۆ ژینگە ڕوویاندا؟
ستیڤن هیچن: سوپاس بۆ دکتۆر محەمەد. سوپاس بۆ هەمووتان و ئەم دەرفەتە بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستەکانی خۆمان و تیشکخستنەسەر تێگەیشتنەکانی خۆمان. پرسیارەکەی ئێوە، یان سەرەتا ئەو دوو کۆمپانیایە: شێڵ و بی پی، ئەمانە کۆمپانیای تایبەتن و کۆمپانیای سەر بە حکومەت نین. هەموو وەبەرهێنانەکانی ئەوان و بڕیارەکانیان هیی ئەو دوو کۆمپانیایە خۆیانن نەک حکومەت. دەکرێت دواتر لەبارەی ئەمەوە قسەی زیاتر بکەین، چونکە لە بابەتی کۆمپانیاکان، ئێمە بۆ نموونە وەکوو چین نین، کە کۆمپانیاکان سەر بە حکومەتن. هەموو کۆمپانیاکانی ئێمە لە پارێزگای بەسرە و لە ئێراق بەگشتی کۆمپانیای تایبەتن. دەرهێنانی نەوت و گاز کاریگەرییەکی گرنگی هەیە لەسەر ئابووریی ئێراق. پێم وایە ئەو ڕێژەیەی کە دەوڵەتی ئێراق لە نەوت و گازدا بۆ داهاتی خۆی پشتی پێدەبەستێ ناتەندرووستە. ئێمە وا پێشبینی دەکەین کە لە ماوەی 10 یان 15 ساڵی داهاتوودا نرخی نەوت ڕوو لە دابەزین دەکات، بۆیە دەمانەوێ لەگەڵ دەوڵەتی ئێراق کار لەسەر چاکسازیی ئابووری و هەمەجۆرکردنی ئابووری بکەین. پێم وایە ئەگەر مێژووی ئێراق لە هەزاران ساڵی ڕابردوودا بخوێنیتەوە، سەرچاوەی سرووشتیی هەرە بەهادار بۆ هەزاران ساڵ لای ئێوە، بریتی بووە لە خاکی بەپیت. پاشان لەم 100 ساڵەی دواییدا سەرچاوەی سرووشتیی بەهادار گۆڕا بۆ نەوت و گاز. پێم وایە بۆ سەدەکانی داهاتوو، داهێنان و ئاستی خوێندن و فێرکردن و هۆشیاریی گەل دەبنە سەرچاوەی سرووشتیی هەرە بەهادار و هەنگاونان لە ئابووریی نەوتەوە بۆ ئابووری مەعریفە و زانین. دوایین قسەم، ئێمە وەکوو بەریتانیا و پێم وایە دەوڵەتانی ئەوروپا و ڕۆژاوا بەگشتی، چاومان لەوەیە پەیوەندییەکانی خۆمان بەرینتر بکەین نە تەنیا لە بواری نەوت و گاز و یان بۆ نموونە ئاساییش. پێم وایە ئەمە بەردی بناغەی پەیوەندییەکانی ئێمە بووە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، بەڵام ئێستا دەمانەوێ فۆکەس بخەینە سەر نە تەنیا دەرکەوتەکانی ناسەقامگیری لە ئێراق، بەڵکوو هۆکارەکانی ناسەقامگیری لە ئێراق، بۆیە هاوکاریی ئێراق دەکەین لە چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، قەیرانی تەندرووستی و هەروەها باشکردنی ئاستی خوێندن و فێربوون و هەر ئێستاش هەندێک کۆمپانیای بەریتانی لە بەسرە هەن، وەکوو ستێڵین گرووپ کە قوتابخانەی زۆریان هەن، بۆیە دەمانەوێ ئەم پەیوەندییانە بەرینتر بکەین و لە بابەتە تەقلیدییەکانی وەکوو ئاساییش و نەوت و گازەوە بگوازینەوە بۆ زۆر بواری دیکە.
لەیس محەمەد: کارمەندی سڕکەر-م لە مەیسان. هەڵوێستی بەڕێزتان چییە لە پاڵپشتیکردنی شانشینی بەریتانیا بۆ قەوارەی زایۆنیزم سەرباری ئەو کۆمەڵکوژییانەی ڕۆژانە ڕوو دەدەن؟
ستیڤن هیچن: سوپاس بۆ پرسیارە ڕاستەوخۆکەت، بێگومان ئەمە بابەتێکی گرنگە، یەکەم شت دەمەوێ بڵێم ئێمە وەکوو بەریتانییەکان هاوسۆزی گەلی فەلەستین و هەموو ئازار و مەینەتییەکانیانین کە لە سەدەی ڕابردوودا بینیویانە. بە دڵنیاییەوە بەریتانیاش لە سەرەتای ئەم چیرۆکەدا ڕۆڵی هەبووە، بۆیە جۆرێک لە بەرپرسیارییەتیمان دەکەوێتە ئەستۆ و زیاتر لە هەندێک وڵاتی دیکەش گرنگیمان بەم کێشەیە داوە. پێم وایە ڕەنگە هەڵەتێگەیشتنێک ڕووبدات کاتێک بەراوردەکە دێتە سەر جیاوازیی هەڵوێستی ئێراق و هەڵوێستی بەریتانیا لە مەسەلەی فەلەستین و ئیسرائیل و غەززە. ئێمە زۆر لەمێژە لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتین. ئەمە هەمیشە بنەمای سیاسەتی بەریتانیا بووە و هەمیشە پێمانوابووە کە جگە لە چارەسەری دوو دەوڵەت هیچ پێشڤەچوونێک بەدی نایەت. لەم کاتەی ئێستادا سێ کاری لەپێشین بۆ حکومەتی بەریتانیا هەن لە سیاسەتیدا لە هەمبەر مەسەلەی فەلەستین. یەکەمیان هەڵگرتنی هەموو قەیدوبەندێکە لەسەر گەیاندنی هاوکاریی دەرەکی بە گەلی فەلەستین، ئەمە خاڵی یەکەم، دووەم شت ئازادکردنی بارمتەکانە بەبێ هیچ مەرجێک و سێیەمیش کە گرنگترینیانە، بریتییە لە ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ. ئەمەش پێم وایە زۆر نزیکە لە، بۆ نموونە ئەگەر دکتۆر فوئاد حسێن لێرە با، لەوانە بوو هەمان شت بڵێ، ڕەنگە شێوازی وتنەکەی جیاواز بێت. بێگومان ئێمە پەیوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، ئەمە شتێک نییە بتوانین نکۆڵیی لێبکەین، ئەم پەیوەندییەشمان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی کاریگەرییان لەسەر دابنێین. ڕەنگە کاریگەرییەکی تەواو نەبووبێ، چونکە ئیسرائیلیش دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، بەڵام پێم وایە کاتێک پێویست بووبێ ئیدانەی کارێک بکەین، پێم وایە هەر دوو ڕۆژ لەمەوبەر بوو کە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا وتی زۆر بە تووندی سەرکۆنەی بۆردوومانی ئیسرائیلی بۆ سەر قوتابخانەکانی غەززە دەکەین. پێشمانوایە مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن پاش ئەوەی لە حەوتی ئۆکتۆبەر ڕوویدا، بەڵام لە هەمان کاتدا بە ئاشکرا سەرکۆنەی هەر کارێکیان دەکەین کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی تێدا بێ و لە دیدار و دانیشتنی تایبەتیشدا قسەیان لەگەڵ دەکەین و هەوڵ دەدەین کاریگەریی لەسەر شێوازی ڕەفتاریان دابنێین. دوایین شتیش ئێمە بە دڵنیاییەوە نامانەوێ ئەم جەنگە تەشەنە بکات و بگاتە لوبنان، بێگومان ئەگەر تەشەنە بکات بۆ لوبنان و حیزبوڵڵا و حیزبوڵا ڕابکێشرێتە ناو ئەم جەنگەوە، ئەوە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئێراقیش دەبێت. پێم وایە لە چەند هەفتە یان چەند مانگی داهاتوودا هەموو هەوڵەکانی خۆمان لەسەر ڕێگری لە تەشەنەکردنی ئەو جەنگە چڕ دەکەینەوە.
ڕووداو: بەڵام ئەگەر تەرجەمەکە دانێیت، دەست خۆش. بەس لەم کاتەدا کە ئێوە چاوەڕێی مانگەکانی داهاتوون گۆڕانکارییەک بێتە پێشەوە لە غەزە منداڵن، کە ژیان لە دەست دەدەن وەکوو خۆشتان باست کرد خوێندنگەکان دەکرێن بە ئامانج و وابزانم ڕای گشتی هەموو جیهان چاوەڕێی پەرچە کردارێکی زۆر خێراتر دەکات لە بەریتانیا و لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژاوا هەست ناکەن درەنگ کەوتوون لەوی کە پەرچە کردارێکی کاراترتان هەبێت.؟ هەست بە بەرپرسیارییەتی وژدانی ناکەن بەرانبەر بەو خەڵکانەی ژیان لە دەست دەدەن؟
ستیڤن هیچن: من کەمێک سەرم لێ شێوا، نازانم بە عەرەبی قسە بکەم یان بە ئینگلیزی.
ڕووداو: عەرەبی ئینگلیزی، کوردیەکەت چۆنە؟
ستیڤن هیچن: باش نییە.
ڕووداو: دەتوانیت چی بە کوردی بڵێیت؟
ستیڤن هیچن: زۆر نا، پشت بەخوا فێر دەبم.
ڕووداو: پشت بە خوا.
ستیڤن هیچن: باشە، پرسیارەکە.. پێم وایە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای قەیرانەکە لە حەوتی ئۆکتۆبەر، بێگومان بەدڵنیاییەوە هەمووان.. خۆی ئەمە پاشخانێکی هەیە، پاشخانێکی مێژوویی و سیاسی هەیە، کە ماوەکەی یەک سەدەیە، بەڵام ئەوەی لە حەوتی ئۆکتۆبەر ڕوویدا کارەساتێک بوو، کارەساتێکی ئینسانی و پلانێک بوو بە نییەتی کوشتنی زۆرترین خەڵک.. زیاتر لە هەزار کەس. بۆیە ئێمە دەڵێین مافی هەر وڵاتێکە، ئیسرائیل بێت، ئێراق بێت یان ئوردن، بەرگری لە خۆیان بکەن کاتێک بەرەوڕووی هێرشێکی لەو جۆرە دەبنەوە. ئەمە هەموو شتێک پاساو نادات، هەرگیز پاساو نییە. شەڕ لە دژی حەماس پاساوی هەیە. ئێمە وەکوو بەریتانیا، ڕەنگە ئەمەش جیاوازییەک بێت لەنێوان هەڵوێستی ئێمە و هەڵوێستی ئێوە. ئێمە لەو باوەڕەدا نین کە حەماس ئاییندەیەکی سیاسی باشیان هەبێت. ئەوانیش دژی بیرۆکەی دوو دەوڵەتن. دژی ئەو بیرۆکەیەن، بۆیە پێمانوانییە حەماس ڕۆڵێکی پۆزەتیڤی لە ئاییندەدا هەبێت. پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یان ئەوەی کە دەڵێن زیانی لابەلا...
ڕووداو: ئەو کارەساتە وەکوو ئەوەیە کە ڕوویدا؟
ستیڤن هیچن: پێم وایە جیاوازییەک لە سیاقەکەدا هەیە، بەڵام خوێنی هەر بێتاوانێک، خوێنی فەلەستینی بێت، ئیسرائیلی بێت، ئێراقی بێت یان بەریتانی، بەهای ئەو خوێنە لە هەموو شوێنێک هەمان شتە.
ڕووداو: کە وایە ناوی دەنێی بە کارەسات بە هەمان شێوە؟
ستیڤن هیچن: بەڵێ وەزیری دەرەوە دوو سێ ڕۆژێک لەمەوبەر ئەوەی وت و ڕایگەیاند کە دووبارە دەستیان کردووەتەوە بە هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی فریاگوزاریی فەلەستینی. ئێمە نزیکەی مانگێک یان شەش هەفتە ڕامانگرت، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی هەندێک تۆمەت و هەندێک ڕاپۆرت کە گوایە هەندێک کارمەندی ئەو ئاژانسە لە ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەردا ڕۆڵیان هەبووە، بۆیە ڕامانگرت و پاش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی نێوخۆیی، ئەنجامگیرییەکە لای ئێمەوە ئەوە بوو کە حەق بە ئێمە بووە و ئێستاش دڵنیایی هەیە کە دووبارە دەستبکەینەوە بە هاوکاری. وەزیری دەرەوە وتی: تەرخانکردنی پارە بۆ ئاژانسەکانی فریاگوزاری لەناو فەلەستین و کاری مرۆیی لەوێ، وتی ئەرکێکی ئەخلاقییە لە بەردەم کارەساتێکی مرۆییدا. ئەمە قسەی وەزیرە نوێیەکەی ئێمە دەیڤد لامی بوو کە وەزیری دەرەوەیە.
ڕووداو: کەواتە لە کابینەی تازەی حکومەت گۆڕان لە سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا دەبینین؟
ستیڤن هیچن: پێشبینی دەکەم لە سیاسەتی دەرەوەدا هەندێک گۆڕانکاری بکرێن و هەندێک شتیش بەردەوام بن. پێم وایە لە ئاستی ئەوروپادا بە نزیکەیی هەمان سیاسەت دەبێت، ڕەنگە کەمێک جیاواز بێت، لە ئاستی ئەمریکایشدا بە نزیکەیی هەمان سیاسەت دەبێت. گەورەترین شت کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا بیکەین ڕەنگە ئەوە بێت بە نزیکەیی بە هەمان شێوە بمێنینەوە. پێم وایە لەبارەی ئیسرائیل و غەزەوە کەمێک گۆڕانکاریتان بینیوە لە شێوازی قسەکردن لەسەریان. باسی ئاگربەستی دەستبەجێ دەکەن. پارەدان بە UNRWAیان تازە کردەوە. ئەوە گۆڕانکارییە. پێم وایە ئاوازی گفتوگۆکانمان جیاوازە. بەڵام پێم وایە لەبارەی ئێراقەوە هەمان شت دەبینینەوە، چونکە ... دەداتوانین دواتر بێینە سەر ئەوە.
ڕووداو: لە کوردستانەوە کێ پرسیارێکی هەیە؟ با پرسیارێکی کوردستان ببینم.
دەشنێ شەمسەدیین لە گەرمیان: من پرسیارێکم لێت هەیە وەکوو کوردێک لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە کە ڕوویدا، بەڕێزت زۆر باشتر دەزانی کە لە دوای 16 ئۆکتۆبەرەوە لە ناوچە جێناکۆکەکانی کوردستان چی ڕووی دا و تاوەکوو ئێستاش پڕۆسەی بەعەرەبکردنکردن لەو ناوچانە بەردەوامە، من دەمەوێ ئەو پرسیارە لە تۆ بکەم، کاتێک کە تۆ کوردێکی دەچیتە شارێکی وەکوو کەرکووک دەچیتە شارێکی وەکوو خانەقین دەبینیت ئاڵایەکی کوردستان لەو شارەدا نییە، تۆ ئەگەر لە جێگای من بی وەکوو کوردێک ئامادەی بەو سیاسەتە لەو شارە بەو شێوەیە بمێنیتەوە؟ یاخود دەچیت ئەو وڵاتە جێ دەهێڵیت و دەچیتە وڵاتێکی دیکە دەبیە پەنابەر؟
ستیڤن هیچن: پرسیارێکی زۆر باشە، سوپاس. پێم وایە یەکەم وەڵامم ئەوە دەبێت. کە دەبێت. بمێنیتەوە، چونکە ئەمە وڵاتی خۆتە و لێرە جێیەکت هەیە. ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو شتێک بە هەر جۆرێک لە جۆرەکان بێ کەموکووڕی بێت. من دەمەوێت لەبارەی داهاتووی ئێراقەوە تەواو گەشبین بم، جا ئەوە لەبەر ئەوە نییە کە گرفتەکان لە بەردەممدا نابینم. بە دڵنیاییەوە ئەو خەڵکە لەنێو گرفتدان، کە ئێستا باست کردن. پێم وایە ئەمە بەشێکە لەو میراتە قورسەی لە سەردەمی سەدام حسێندا هەتانبووە. پێم وایە بێمتمانەیی لەنێوان کۆمەڵگەکاندا شتێکە کە لەو سەردەمەوە سەرچاوەی گرتووە و چارەسەرکردنی ئاسان نییە. بۆ نموونە پرسی کەرکووک کە پرسێکە چارەسەرکردنی زۆر قورسە. بە درێژایی هەموو ناوچە کێشەلەسەرەکان، موسڵ، دیالە و کەرکووک، کێشەی زۆر قورسن و ئێمە و هەر وڵاتێکی دیکە بە دەستیانەوە زەجرمان کێشاوە و ئێوەیش زەجرتان کێشاوە، هەر لەو کاتەوەی کۆمەڵگەکەتان تا ئاستێک ترۆمایەکی ناخۆشی ئەزموون کردووە. جا کاریگەریی ئەو ترۆما ناخۆشەیش ئەوەیە کە بە لاتانەوە سەختە متمانە بە یەکدی بکەن. لەبەر ئەوەی ئەو ئازارەتان لە کۆمەڵگەکەتاندا هەیە، تەواو بۆتان سەختە متمانە بە دەرەوەی بازنەکەتان بکەن. بەلامەوە سەختە ئەوە بۆ خەڵکی وڵاتەکەم ڕوون بکەمەوە، کە ئێوە بە چیدا تێپەڕیون. تەنیا دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ جەنگی یەکەمی جیهانی، کە ئەوە دوایین جار بوو وڵاتەکەم هەستی بەو ئازارە کرد، کە ئێوە تێیدا بوون. ئەوەیش دۆخێکی زۆر جیاوازە، چونکە ئێمەیش لەو شەڕەدا ملیۆنێک کەسمان لە دەست دا. بەڵام یەکەم، بردمانەوە. دووەم، شەڕەکە دژی بیانییەکان بوو. شەڕی ناوخۆیی نەبوو. ئێمە لەلایەن کەسێکەوە نەچەوسێنرابووینەوە. ئەوە تاکە بەراوردێکە کە دەتوانم بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوە بیهێنمەوە. بۆیە چارەسەری ئەم پرسانە زۆر سەختە و من ناتوانم بڕیاریان لەسەر بدەم. من وەک باڵیۆزی بەریتانیا ناتوانم بڵێم ئەمە چارەسەری سیاسییانەی تەواوەتییە بۆ کێشەی دیالە یان کەرکووک. هەموو ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە پێم وایە ئەگەر ئابووری باشتر ببێت، دەکرێت ئەمە بە تێپەڕبوونی کات باشتر ببێت. لە ئەزموونی خۆمانەوە لەگەڵ دۆخێکی وەک ئەمەدا تاکە شتێک دەتوانم بە نموونەی بهێنمەوە و بەراوردی بکەم بریتییە لە سەختییەکانمان لەگەڵ ئیرلەندای باکوور کە بۆ چەندین ساڵ، بۆ دەیان ساڵ، دوو کۆمەڵگەمان هەبوو کە بەهۆی ئایینەوە دابەش بووبوون، لەسەر هێما شوناسی و ئایینییەکان پەلاماری یەکدییان دەدا. خۆپیشاندان دەکرا و ڕووداوەکانی 300 ساڵ لەمەوبەر بەبیردەهێنرانەوە و شەڕیان دەکرد. لە ماوەی تەمەنی مندا سێ هەزار کەس لە بەریتانیا بەهۆی ئەوەوە مردوون. ئەوە چارەسەر نەبووە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە بە جۆرێک لە ڕێککەوتن گەیشتوون کە ڕێککەوتنێکی بێکەموکووڕی نییە، ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی نییە، بەڵام ڕێی داوە کە ئابووری دیسانەوە بکەوێتەوە گەڕ. جا هەر کە ئابووری کەوتەوە گەڕ، ئیدی دەرفەت بۆ خەڵک دەڕەخسێت کە نەبنە بەشێک لە میلیشیا و کۆمەڵە تیرۆریستییەکان، بەڵکوو بەشێک بن لە بوونیاتنانی ژیان لەنێو ئەو کۆمەڵگەیەدا. جا کێشەکە چارەسەر نەبووە. پرسی شوناس چارەسەر نەبووە، بەڵام دەبێت. ڕاستگۆ بم کە بڵێم خەڵک خەریکن لە بیری دەکەن، چونکە لە ژیانیاندا شتی دیکەیان هەیە و لە بری ئەوەی کەسێکی 23 ساڵانی بێداهاتوو بن، کەسێکی 27 ساڵانن کە هاوژین و چەند منداڵێک و کاریان هەیە و لە کۆمەڵگەدا بەشدارن. بۆیە تا ئاستێکی زۆر ئابووری ئەو شتەیە کە دەتوانێت ئەم کێشانە باشتر بکات. جا با بگەڕێمەوە سەر ئەو قسەی کە وتم، دەبێت. بمێنیتەوە، چونکە ئەمە وڵاتی تۆیە.
ڕووداو: بەراوردت کرد لەگەڵ بەریتانیا لەگەڵ ئەو ئەوزموونەی کە باست کرد بەڵام ئێمە ئەزموونێکی نزیکترمان هەیە لە بەریتانیا کاتێک سکۆتلەندا ڕیفڕاندۆمی کرد بۆ سەربەخۆی هیچ یەکێکمان نەبینی لە هێزەکانی ئینگلتەرا بچێت هێرش بکات و بۆ نموونە گلاس کۆ کۆنتڕۆڵ بکا. بەڵام ئەوی لە ئێراق بینیمان دۆخێکی زۆرزۆر جیاواز بوو چۆن چۆنی دەتوانێت ئەو بەراورد کاریە بکەی کە دەشنێ دەپرسێ ڕێک ئەوەیە چونکە ئێستا ڕاپۆرتی زۆرزۆر هەن لەسەر درووستبوونی دوورخستنەوەی خەڵک لەسەر زەوی و زاری خۆی، خەڵکانی گوندی پەلکانە کە مافی خۆیانە لەسەر زەوی خۆیان کشتوکاڵ بکەن ڕێگیریان لێ دەکرێت بە هەمان شێوە شاڵاوی بەعەرەبکردن لە خانەقین دەستی پێ کردووتەوە، بە پێی هەموو ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو دەکرێنەوە و خەڵکی ناوچەکە خەڵکی لۆکاڵى ناوچەکە قسە دەکەن لەسەر ئەوە دەڵێی چی؟
ستیڤن هیچن: سوپاس. جیاوازیی هەیە. جیاوازییەکە ئەوەیە ... هیوادارم وەک پارێزەر دەرنەکەوم. نامەوێت وەک پارێزەر دەربکەوم ... بەڵام جیاوازییەکە یەکێکیان یاساییە کە سکۆتلەندا وڵاتێکی سەربەخۆ بوو و خۆیان ئەوەیان هەڵبژارد ببنە بەشێک لە شانشینی یەکگرتوو. واتە قەوارەیەکی یاسایی هەبوو بە ناوی سکۆتلەندا کە سەدان ساڵ سەربەخۆیی خۆیی هەبوو و پاشان بڕیاری دا بێتە سەر بەریتانیا.
ڕووداو: زۆر قسەهەڵگرە.
ستیڤن هیچن: ئەوە ڕاستە. ئەوە ڕوویداوە. ئێمە لە ساڵی 1707ەوە شانشینی یەکگرتووین و بەر لەوە سکۆتلەندا شانشینێکی سەربەخۆ بووە. شانشینی سکۆتلەندا و شانشینی ئینگلەند کە تێکەڵاوییان هەبووە و شەڕیان کردووە. بۆیە هەمیشە ئەگەری ئەوە هەبووە، کە ئەوان بڕیاری ڕۆیشتن بدەن. ئێستا ئەوان بڕیاریان نەدا بڕۆن، کە من وەک بەریتانییەک زۆرم پێ خۆشە. جیاوازییەکی دیکە بارودۆخەکەیە. ئەو 300 ساڵەی هاوبەشایەتی ئەزموونێکی ئەرێنی بووە و لەو ماوەیەدا سکۆتلەندا نەچەوسێنراوەتەوە و زۆربەی کات ئێمە سەرۆکوەزیرانمان سکۆتلەندی بووە. وەزیری سکۆتلەندیمان هەبووە. ئەوان سوودی زۆریان لە شانشینی یەکگرتوو وەرگرتووە. تووندوتیژی لەنێوان کۆمەڵگەکانماندا نەبووە. کەسی وەک سەدام نەبووە کە خەڵک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە ڕابگوازێت و کەسانی ئینگلەندی بەسەر سکۆتلەنداوە دابنێت. شتی وا ڕووی نەداوە. گرژی هەبووە، بەڵام دواجار بە هاوبەشایەتییەکی دڵخۆشانە ماوەتەوە. دەیڵێمەوە، پێم وایە ئەمە بەشێکە لەو میراتەی ئێوە لەو مێژووەی سەدامەوە بۆتان ماوەتەوە کە مێژوویەکە لە لایەکییەوە جینۆسایدی گەلی کوردە و لایەکەی دیکەیشی هەوڵە بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی شوناسی ئێوە. لە بەریتانیا هەرگیز ئەوە ڕووی نەداوە. هەوڵی جیابوونەوە هەبوو کە ڕووی نەدا. بەڵام ئەگەر جیابوونەوەیەکیش ڕوو بدات، ئەوا جیاوبوونەوەیەکی نێوان دوو دۆست دەبێت. نەک ئەوەی ململانێ بێت لەسەر شوناس و خاک.
ڕووداو: ئەی دەتەوێت قسە بکەیت لەسەر ئەو تووندوتیژییانەی ئێستا لە هەندێک ناوچەدا هەن، وەک بەعەرەبکردن و ئەو شتانە بە گوێرەی هەندێک ڕاپۆرت؟
ستیڤن هیچن: لە ئێراقدا بە ئاشکرا گەلێک شت کەمتر لە تەواون. گەلێک ڕێگەی جیاواز هەن کە لێرەدا دەتوانین بۆ چەندین کاژێر دابنیشین و گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی مافەکانی مرۆڤ بکەین. من کە ئەوە دەبینم، ئەو پرسیارەی لە مێشکمدایە ئەوەیە تا چەندە ئەمە باشتر دەبێت؟
ڕووداو: باشتر دەبێت؟
ستیڤن هیچن: ئایا باشتر دەبێت. یان خراپتر؟
ڕووداو: وەڵامی تۆ بۆ ئەمە چییە؟
ستیڤن هیچن: پێم وایە دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی شتەکان باشتر ببن.
ڕووداو: بەڵام ئێستا باشتر نابن.
ستیڤن هیچن: پێم وایە ئەگەر ئێوە ئەوەی ئێستا تێیداین بەراوردی بکەین بە ساڵی 2016 و 17، ئەوا باشترە. ئەگەر بە ساڵی 2012 بەراورد بکرێت، ئێستا باشترە. ئێستا بەراورد بە ساڵی 2006 باشترە. دەڵێم هۆکاری گەشبینی هەن.
ڕووداو: کێ پرسیاری هەیە؟
زەید لە کەرکووک: من دەرچووی جیۆلۆجیم. پرسیارەکەم بەمشێوەیەیە؛ وەک دەزانن ڕێژەی بێکاری لە کەرکووک لە ئاستێکی بەرزدایە. سەرباری ئەوەی خاوەنی گەنجینەیەکی زۆری نەوتە. بۆچی کۆمپانیای بریتیش پێترۆڵیۆم کارەکانی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکوور تەواو نەکرد. ئایا بەریتانیا چاوی لە وەبەرهێنانی نەوت و غازی لەگەڵ نۆرس ئۆیل کۆمپانی هەیە؟ پرسیارێکی دیکەشم هەیە بەڕێز باڵیۆز؛ هەمووان ڕۆڵی ئاشکرای ئەمریکا و ئێران و تورکیا دەزانن، بەڵام کەس ڕۆڵی شاراوەی ئینگلیز نازانێت. دەمەوێ بزانم پێگەی تورکمان لە سیاسەتی دەرەوەی ئینگلیز لە کوێدایە؟
ستیڤن هیچن: سوپاس بۆ ئەو پرسیارە. خەریکە دەمئاڵێنیتە کێشەکانی کەرکووک. سەرەتا پرسیارت لەبارەی بریتش پێترۆڵیۆم کرد، ئەوە کۆمپانیایەکی تایبەتە، هیچ بڕیارێکی حکومەتی بەریتانیای لە پشت نەبووە ئەوەی کە پڕۆژەکەیان تەواو نەکردووە، ئەمە بڕیارێکە تایبەتە بەو کۆمپانیایە خۆی، بەڵام ئەگەر بمەوێ شتێک بەگشتی بڵێم، کۆمپانیا بەریتانی و ڕۆژاواییەکان بەگشتی لە بارودۆخی سەقامگیر و ئاساییش و سەروەریی یاسادا گەشە دەکەن. کۆمپانیا هەن لە وڵاتانی دیکەوە ڕەنگە لە کەشوهەوای فەوزا و ناسەقامگیردا گەشە بکەن، بەرتیل و هەڕەشە و میلیشیای چەکدار، ئەوە ژینگەی سرووشتیی ئێمە نییە. جا ئەگەر ئێراقییەکان چاویان لە وەبەرهێنەری ڕۆژاواییە، ئەمە تا ئاستێکی زۆر پشت بە پارێزگاری دەبەستێ، چونکە سەرمایە ترسنۆکە. هەر بزنسمانێکیش خۆی بڕیار دەدات کامە هەڵبژێرێ، ئایا وەبەرهێنان لە مەغریب دەکات یان لە کوێت یاخود لە سووریا و لە ئێراق. جا ئەو ئەگەر بیەوێت ئێراق هەڵبژێرێ، دێت تەماشای ئاساییش و ئاستی پارێزگاری دەکات. پێشموایە هەتا پێنج ساڵێک لەمەوبەر، بزنسمانەکان لە ژینگەی ئەمنی دەترسان، ئێستا لە ژینگەی یاسایی دەترسێن، لەمەدا جیاوازییەک هەیە و پێویستە سەروەریی یاسا هەبێت. بەمە دەتوانێت شەپۆلێک لە وەبەرهێنان لە ڕۆژاواوە بۆ ئێراق ڕابکێشی. لە مەسەلەی سیاسەتی شاراوەی بەریتانیا...
ڕووداو: ڕۆڵی شاراوەتان لە ئێراق و ڕاتان لەبارەی تورکمان..
ستیڤن هیچن: تورکمان لای ئێمە خۆشەویستن.. بەخێربێن و ئێوە باشترین خەڵکن.
ڕووداو: وەڵامێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستییانە.
ستیڤن هیچن: زۆر حەزدەکەم بچم سەردانی کەرکووک بکەم، بەڵام تا ئێستا کە سەردانم نەکردوون لەبەر ئەوە بووە پارێزگار دەستنیشان نەکراوە و پێم وایە پاش دانانی پارێزگار پشتیوان بەخوا سەردانتان دەکەم. بەڵام ئەگەر بکەومە پێش ئەوە و لە کاتی دانووستاندنەکان بێت، هەمووان وا لێکیدەدەنەوە کە ئەوە نیشانەی شتێکە. یان دەڵێن مانای ئەم سەردانە چییە. ئێمە دەمانەوێ سەردانتان بکەین و بۆ هەلی وەبەرهێنانیش بگەڕێین، بۆ هەلی فێرکاری و ئاواکاری و.. پلانمان بۆ ئەوێ هەیە و دەمانەوێ سەردانی بکەین، بەڵام ئەوە دەکەوێتە پاش سەقامگیربوونی بارودۆخەکە لە ڕووی سیاسییەوە.
عەبدوڵڵا خالیدی، خۆێندکارم لە کۆلێژی یاسا: من لە نەینەوا هاتووم، تووشبووی تالاسیمیام. لە هەموو ئێراق ئەم جۆرە نەخۆشییە باوە و پێم وایە ئەمەش بابەتێکی تەواو ئێراقییە و بایەخی هەموو ئێراقییەکانە. مانگانە سەردانی بەغدا دەکەم بۆ پڕۆسەی گۆڕینی خوێن، بەڵام هەواڵێکی خۆشم هەیە. ئەم نەخۆشییە ئێستا لە ئێراق چارەسەری نییە، بەڵام هەواڵە دڵخۆشکەرەکە ئەوەیە، بەریتانیا یەکەم مۆڵەتی پێشوەختەی کارکردنیداوە بەناوی چارەسەری جینیاتی کاسڤیری کە لە ڕێگەی ئەم چارەسەرییەوە جیناتەکانی کریسپەر-9 دەگۆڕن، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە چارەسەرکردنی نەخۆشییە بۆماوەییەکانی خوێن هەیە. لەنێو ئەمانەشدا تالاسیمیا دەگرێتەوە. دەکرێت ئەم چارەسەرییە لە ئێراقدا بکرێت؟
ستیڤن هیچن: سوپاس بۆ پرسیارەکەت و خوا بتپارێزێت. ئێمە بەڕاستی شانازی بە ڕۆڵی هەندێک لە کۆمپانیا بەریتانییەکانی بواری دەرمانەوە دەکەین. کۆمپانیای ئەسترازینیکا کە لە سەردەمی کۆرۆنادا پێکوتەیەکی درووستکرد، کۆمپانیایەکی سەنگینە و لە 20 ساڵ لەمەوبەرەوە هاتووەتە ناو بازاڕەکانی ئێراق. بۆیە پێم وایە بوار هەیە بۆ ئەوەی کۆمپانیا بەریتانییەکان بێنە ناو بازاڕی ئێراقەوە. وەکوو بەشێک لە ئەرکی خۆم، دیارە من ناتوانم ناچاریان بکەم، ئەوە بڕیارێکی بازرگانییە، بڕیارێکی حکومی نییە، دەبێت. ڕاستییەکان وەکوو ئەوەی کە هەن بۆ کۆمپانیا هەمەجۆرەکانمان ڕوون بکەمەوە، بریقەدارکردنی نێوبانگ نا، بەڵام بۆیان ڕوون بکەمەوە، بۆ نموونە جیاوازیی نێوان 2024 و 2021، بەرەوپێشچوونێک هەیە لەم ماوەیەدا، بەڵام جاری وا هەیە، ڕەنگە نێوبانگی وڵاتێک بکەوێتە پاش حەقیقەتی ئەو وڵاتە، بۆیە ئەرکی من ئەوەیە بۆیان ڕوونبکەمەوە کە ئاستەنگەکانی بەردەم وەبەرهێنان چین، هەڕەشەکان چین، بەڕاستیش بڵێم بەشێکی کێشەکانی بەردەم کۆمپانیا بەریتانییەکان، کۆمپانیای دەرمان بن یان هیی دیکە، بریتییە لە بڵاوبوونەوەی چەک. هەروەها میلیشیای چەکدار لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، بەتایبەتیش ئەو میلیشیایانەی وتارێکی دوژمنکارانەیان بەرانبەر ڕۆژاوا هەیە، بۆ کۆمپانیاکان زەحمەتە پارەی خۆیان لە وڵاتێکدا بخەنەگەڕ، کارخانە بکەنەوە و نووسینگەیان لە شارە جیاوازەکاندا هەبێت. ئەگەر ببینن هەڕەشە لەسەر کارمەندەکانیان هەیە، ئەمە بەشێکە لە وێنەکە.
ڕووداو: بەڵام، بریتیش پترۆلیۆم 100 ساڵە لێرەیە و پارێزراون. بابەتەکە ئەوە نییە.
ستیڤن هیچن: بابەتەکە ئەوەیە، بێستوون. بریتش پترۆلیۆم لە نەیجیریا ئەزموونی کاری نەیجیریای هەبووە، ئەزموونی کاری لە شوێنە سەختەکان هەبووە. بۆیە ئەوان توانای کارکردنیان هەیە لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتە سکیوریتییەکاندا، چونکە ئەوان زۆر گەورەن. ئەگەر کۆمپانیایەکی مامناوەند بیت و بژارەت هەبێت.، ئایا کارگەکەت لە میسر دادەنێیت یان لە ئێراق؟ ئەوە کە کۆمپانیایەکی مامناوەند بیت نەک کۆمپانیایەکی زۆر گەورە. ئەوا هەموو پارەکەت لە ئاساییشدا خەرج ناکەیت. پێم وایە ئەگەر کۆمپانیایەکی نەوتیت هەبێت.، ڕەنگە قازانجەکان ئەوەندە زۆر بن کە بتوانیت ئەو کارە بکەیت. بەڵام ئەگەر کۆمپانیایەکی مامناوەندیت هەبێت.، ئەوە ناکەیت. کەواتە ئەوە بەشێکە لە ڕەوشە گشتییەکەی ئەو جێیە. ئێمە پێمان خۆشە بیانهێنین. دەمانەوێت لە ڕێگەی ئامێری پێشکەوتووەوە هاوکارییان بکەین.
مستەفا جبووری، پارێزەر لە بەغدا: حکومەتی ئێستای بەریتانیا چۆن سەیری سیاسەتەکەی دەکات لەبارەی شۆڕشی 20 و تا چەند کاریگەریی بەسەر پەیوەندییەکانی ئێستای ئێراق-بەریتانیا هەیە؟
ستیڤن هیچن: بوارم بدە سەرەتا وەڵامی پرسیارەکە وەکوو مێژوونووسێک بدەمەوە و پاشان وەکوو دیپلۆماتێک. وەکوو مێژوونووس، پێم وایە ئەو ماوە زەمەنییە، ماوەی پادشایی لە ئێراق و هەروەها مانداتی بەریتانی زۆر شت هەن شانازییان پێوە بکەین، وەکوو ژێرخان، وەکوو یاساکان، مۆزەخانە، پرد و ڕێگەوبان، شتی دیکەی وەکوو وەبەرهێنان لە وڵاتەکە، بەڵام کاردانەوە لە هەمبەر هەژموونی بەریتانیا لە وڵاتێکی دیکەی وەکوو ئێراق، بە دڵنیاییەوە ئەم هەژموونە بەریتانییە بووەتە مایەی بێزاری و جووڵاندنی هەستی نیشتمانی و سەری کێشا بۆ شۆڕش، بۆیە من شانازی بە تۆماری باپیرانمەوە ناکەم لەم ڕووەوە، چونکە لە دیدگایەکی ئەخلاقییەوە ئەو هەژموونە بەریتانییە کارێکی درووست نەبوو، بۆیە ئێمە لەو ڕووەوە هەڵگری هەمان بەهای باپیرانمان نین. ئێستا سوپاس بۆ خوا چووینەتە سەردەمێکی نوێوە لە پەیوەندیی دووقۆڵی، هاوبەشییەکی هاوسەنگ و یەکسانە و لەسەر ڕێزگرتنی دوولایەنە دامەزراوە. وەکوو وتیشم ئێمە دەمانەوێت ئەم پەیوەندییە بەرینتریش بکەین و لەو بەردی بناخەیەوە کە ئارامی و ئاساییشە، هەنگاو بەرەو بازرگانی و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ماددەی هۆشبەر و شتە هاوبەشەکان بنێین. ئێمە هاوبەشیمان دەوێت و پێم وایە محەمەد شیاع سوودانیش هەمان ئامانجی هەیە. پشتیوان بە خوا لە چەند مانگی داهاتوودا سەردانی لەندەن دەکات و هەندێک ڕێککەوتننامە واژۆ دەکەین.
عەباس فازڵ لە نەجەف: من خوێندکاری بەشی پزیشکیی گشتیم لە زانکۆی کوفە. ئایا هیچ دەرفەتێک هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای بەریتانیا بۆ ئەوەی بتوانین گەشت بۆ بەریتانیا بکەین؟ مەبەستم بۆ پێدانی ڕۆڵی پاڵپشتیکردنی خوێندن و گەشەپێدانە.
ستیڤن هیچن: بەداخەوە لە گیرفانمدا نییە مۆر لە پاسپۆرتەکەت بدەم. خۆزگە بەدەستی ناوخۆ دەبوو نەوەک دەرەوە، ئەوە یەکەم شت، بەدەستی ئێمە نییە وەکوو باڵیۆزخانە. دووەم شت، حەز دەکەم بڵێم ژمارەی ڤیزا بۆ ئێراقییەکان ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت، بە ڕێژەیەکی زۆریش زیاد دەبێت. کە نزیکەی 50%یە، ئەمساڵ زیاتر بووە لە ساڵی ڕابردوو یان ساڵی پێش ئەو. ئێمە هەروەها زەمالەشمان هەیە بۆ خوێندن لە بەریتانیا لەلایەنی حکومەتەوەیە، پرۆگرامێکمان هەیە بەناوی چیڤنینگ، پێم وایە لە مانگی داهاتووەوە دەرگای پێشکەشکردنی داوا دەکەینەوە. ئەمە بۆ ماستەرە لە هەر زانکۆیەک، لە هەر بوارێک و هەر زانکۆیەک. تێچووی ئەمەش هەمووی لەسەر ئێمەیە، تێچووی خوێندن و سەفەر و دەرماڵەیەکی مانگانەی سادە. دەوڵەتی بەریتانیا لەوەیاندا دەستی نووقاوە، بەڵام بەردەستیشە. زەمالە لە زانکۆ تایبەتەکانیش هەن، ئەمە نزیکەی دوو هەزار کورسییە و ئێراقییەکانیش دەتوانن داوا پێشکەش بکەن، داواکانیان ڕاستەوخۆ بدەنە زانکۆکە نەوەک لە ڕێگەی حکومەتەوە. کەواتە چەندین ئامراز و ڕێگە هەن بۆ گەیشتن بە بەریتانیا بە شێوەیەکی یاسایی. خەڵکێکیش هەن کە هەوڵ دەدەن بە ڕێگەی نایاسایی بگەنە بەریتانیا، بەڵام ئەمەیان پرسیارێکی دیکەیە.
ڕووداو: پرسیارێکی دیکە بەڵام دەزانیت ئەنجامەکەی چییە؟ ئەوەیە لە ڕاستیدا بەریتانیا ساڵانە مافی پەنابەریی زیاتر دەدات بەو کەسانەی لە ئێراقەوە بە قاچاخ دەچن بۆ بەریتانیا وەکوو لەوانەی بە فەرمی داوای ڤیزا دەکەن لە بەریتانیا؟
ستیڤن هیچن: ئێستا بۆ ئێراقییەکان زۆر زەحمەتە مافی پەنابەری لە بەریتانیا وەربگرن، زۆر دەگمەن بووە، چونکە لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان، لەو ساڵانەی کە ستەم و زۆری سەددام هەبوو، ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین کە داڵدە و شوێنێکی ئاراممان بۆ خەڵکێک دابین کردووە لەژێر مەترسیی ڕژێمی سەددامدا بوون. ئێستاش بارودۆخ لە ئێراق نموونەیی نییە، بەڵام ستەمیش نییە. ناتوانین بارودۆخی سەردەمی سەددام لەگەڵ کورد و لەگەڵ شیعە لە نەجەف و لەگەڵ هەمووان، لەگەڵ سوننەش بە بارودۆخی ئێستا بەراورد بکەین.
ڕووداو: بەو بۆنەیەوە، ئەکراد نا، کورد. دەزانیت ئەو وشەیەمان پێ ناخۆشە؟
ستیڤن هیچن: نەمزانیوە.
ڕووداو: با. وشەی ئەکراد بۆ ئەوە بەکارهێندراوە کە کورد بچووکتر پیشان بدرێن.
ستیڤن هیچن: ئەی کۆیەکەی چییە؟ چۆن کۆی بکەمەوە؟
ڕووداو: کۆی نییە. ئایا عەرەب و ئینگلیز کۆیان هەیە؟
ستیڤن هیچن: داوای لێبووردن دەکەم. بە مەبەست نەبوو. ئەی وشەی ئەتراک؟
ڕووداو: ئەوەیش هەر بۆ سووکایەتییە.
ستیڤن هیچن: باشە. وڵاتەکەتان جوانە، بەڵام دەڵێی کێڵگەی مینە.
ڕەشاد لە ئەنبار: لە خاکی بەسرە و لە شاشەی ڕووداو-ی کوردی پرسیار ئاڕاستەی باڵیۆزی بەریتانی دەکەم. لە سەردەمی شۆڕشی 20 لەو کاتەدا چەند سەرکردەیەک سەریانهەڵدا و ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەفسەرێکی بەریتانی بەناوی موقەدەم لۆجمێن بەدەست سەرکردە ئێراقییەکان کوژرا. پێتانوایە ئەمانە سەرکردە بوون لە پێناو نیشتمانی خۆیان گیانیان بەخت کرد؟ ڕای تۆ چییە لەبارەی ئەوانەی لە پێناو ئازادییان دەجەنگن؟
ستیڤن هیچن: بەڵێ بیرۆکەکە گەیشت، سوپاس. ئەوەش کێشەیە باڵیۆزی بەریتانیا بیت نەک باڵیۆزی دانیمارک. ئەگەر باڵیۆزی سوید بیت هەمان ئەو مێژووەت نییە. هەندێک جار بەڕاستی بۆ نموونە بیر لە باپیرەم دەکەمەوە. من بینیبووم، کە کۆچی دواییکرد تەمەنم 10 -11 ساڵان بوو، بێگومان باپیرەم بوو زۆرم خۆشدەویست، بەڵام ئێستا بیر دەکەمەوە ئاخۆ ڕای چی بووە لەسەر ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا لە سەردەمی گەنجیی خۆیدا، ئاخۆ شانازی بەوەوە کردووە یان دژی بووە؟ بۆم ئەستەمە بیهێنمە پێش چاو کە کەسێکی وەکوو ئەو ئەخلاقی، باوەڕداری کریستیان و پابەند بە ئایین، چۆن پاساوی ئەوەی داوە دەست بەسەر وڵاتێکی دیکەدا بگرن؟ بۆیە ناتوانم پێتان بڵێم کە... دەمەوێت بڵێم ئەوە بەڕاستی شتێکی حەتمییە، هەر هەژموونێک لە دەرەوە، بۆ نموونە هەژموونی.. تورکی؟ تورکەکان؟ نابێت بڵێم تورکەکان، هەژموونی ئیمپراتۆریی عوسمانی لەسەر وڵاتی ئێوە، لە دەرەوە، لە ئیستەنبووڵەوە، ئەوەش دیسان هەستی بێزاری و ناڕەزایی درووستکرد. بۆیە دەڵێم یاخیبوون، یان شۆڕشی 20 شتێکی حەتمی بوو. ئایا بەریتانییەکان لە ماوەی پاش ئەوە حوکمی ئەم وڵاتەیان بە شێوەیەکی حەکیمانە کرد؟ وەڵامی ئەمە لای ئێوەیە، بەڵام دواتر سەری کێشا بۆ شۆڕشی دیکە. دەتوانین بڵێین ئەو سەربەخۆییەی ساڵی 1932 سەربەخۆییەکی ڕاستەقینە نەبوو، چونکە دیسان هەژموونی بەریتانیا لە پشتی پەردەوە هەر هەبوو. ساتی سەربەخۆیی ڕاستەقینە ئەو کاتە بوو کە سەردەمی پاشایەتی کۆتاییهات. ئەوەشی دواتر لە سەردەمی کۆماریدا ڕوویدا، نازانم ڕای ئێوە چییە؟ کامیان باشتر بوو، سەردەمی پاشایەتی یان کۆماری؟ وەڵامی ئەمە ئاسان نییە، بەڵام ناتوانم پاساو بۆ هیچ حوکمێکی بیانی لەسەر هیچ وڵاتێک بهێنمەوە. بۆیە پێم وایە ئەو کاردانەوەیەی ساڵی 1920 شتێکی ئاسایی بوو.
دالیا لە هەولێر: من دالیا فەتحی بارزانیم، خەڵکی هەولێرم. فیزیۆسێراپیستم. ئەگەر بە مێژوودا بتگەڕێنمەوە، لە ڕۆژی 31ی تەممووزی 1983دا هەشت هەزار بارزانی بە فەرمانی ڕژێمی بەعس لە چیاکانەوە بۆ بیابانەکانی باشووری ئێراق ڕاگوێزران و کوژران. جا تکایە با ساتێک بە بێدەنگی ڕێزیان لێ بنێین. سوپاس. حەز دەکەم قسەکەم بە کوردی تەواو بکەم. لە بەرنامەی (سەفیر شۆ) کە بەڕێزتان پێشکەشی دەکەن.. لە ئەڵقەی شەشەم لە شاری نەجەف بوویت، لە دووکانێکی نەجەف دانیشتبووی دووکانی عەبای عەرەبی بوو، داوات لە دووکاندارەکە کرد کە ئەو عەبای کە مێسی لە کاسی جیهانی لەبەری کردبوو تۆش داوات کرد بیپۆشی، بەو بۆنەیەوە ڕەنگی بوونییەت (قاوەیی) هەڵبژارد. هەروەها لە سەردانێکت بۆ شاری هەڵەبجە گوتت کە من لە پاییزدا دەگەڕێمەوە بۆ هەنار، بۆ هەناری هەڵەبجە. منیش سەرنجی ئەوەم دا چەندێک جەنابتان سەرسامی کولتوور و دەستووری ئێراقی و کوردستانین. بەو بۆنەوەیەوە بڕیارم دا بە دەرفەتێکی گەورەم زانی کە منیش لە کوردستانەوە دیارییەک بۆ جەنابتان بهێنم ئەگەر قبووڵی بکەن. دیارییەکەی من، من پێتان دەڵێم : بەڕێز ئەگەر ئێوە لە وڵاتی بەریتانیا خاوەنی تاجی شاهانەیی گرانبەها و پاشایەتی بن، ئێمە لێرە لە کوردستان خاوەنی جامانەی کوردین، کە ڕەمزی تێکۆشان و بەرخوودان و قوربانیدانی چەندین هەزار شەهید و ئەنفالکراوەکانە، بۆیە لە دەڤەری بارزانەوە جامانەی سوورم هەڵبژارد، ئەوە نەبێت کە فەرق و جوودایی بێت، بەڵام بەو بۆنەوەی کە یادی هەشت هەزار بارزانییە ئەنفالکراوەکان و 182 هەزار کورد لە کوردستان کە ئەنفال کران و جینۆساید کران. ئەگەر دەرفەتم پێ بدەی خۆشحاڵ دەبم، کە ئەم جامانەیە کە سوپاسی باوکم دەکەم لێرەوە کە بە دەستەکانی خۆی بۆی ئامادە کردووی، پێشکەشی جەنابتی دەکەم.
ستیڤن هیچن: دەتوانم بیبەم؟
دالیا: بێگومان. بۆ تۆیە.
ستیڤن هیچن: جوانە. سوپاس. نازانم دوای ئەمە خەندە بکەم یان بگریم، بەڵام دەزانم کاتێک لە هەولێر هاوڕێکانم دەبینم، کاک مەسعود و کاک مەسرور و کاک نێچیرڤان، ڕەنگە ئەمە لەسەر بکەم. بەڵام ئەو ڕووداوەی باست کرد، ئەنفال و دیارنەمانی هەشت هەزار بارزانی ڕووداوێکی زۆر ناخۆشە. ناتوانین وێنای بکەین، بەڵام برین جێدەهێڵن. من وەک بیانییەک پێم وایە هەر کەسێک دەتوانێت زۆر بەڕوونی ئەو برینانە ببینێت کە زۆر سەختە 170 هەزار کەس لە دەست بدەیت و جارێکی دیکە متمانە بە کەسێکی دیکە بکەیت. تا ڕادەیەک ئەستەمە. نازانم ئێوە چۆن دەتوانن خۆتان ناچار بە متمانەکردن دەکەن. ئێستا ئەو کارەی لە ئەستۆی ئەم نەوەیەیە ئەوەیە کە چۆن دەتوانن ئەم مێژووە تێبپەڕێنن و دوای ئەو هەموو شتە ناخۆشە متمانە بە یەکێکی دیکە بکەن. ئەو شتە ناخۆشانە بەسەر هەموو کۆمەڵگەکاندا هاتوون. کوردیش بەسەرهاتی ناخۆشی خۆیانیان هەیە. هەموو کۆمەڵگەکانیش بەسەرهاتی ناخۆشیان هەیە. بەڵام ئەوەی لەمەوە تێیدەگەین ئەوەیە کە ئێوە لە فەرهەنگەکەتاندا شانازییەکی گەورەتان هەیە و، زۆر ئاواتەخوازم لەگەڵ خۆمدا بۆ نیشتمانی ببەمەوە.
موهەیمن موسەوی لە کەربەلا: من بەکالۆریۆسم لە زانستە سیاسییەکان هەیە. ئایا ڕۆڵتان هەیە لە درووستکردنی مەرجەعە ئایینییەکانی شیعە لە ئێراق؟ پرسیارەکەم لەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەریتانیا پەیوەندییەکی دێرینی لەگەڵ ئێراق هەیە و بەرژەوەندیی هاوبەشتان هەیە، کە ڕەنگدانەوەی بەسەر چەندین قۆناخی مێژووییدا هەبووە. خوێندنەوەتان بۆ پەیوەندییەکانتان لەگەڵ مەرجەعی ئایینی چۆنە و پەیوەندیتان لەگەڵ دامەزراوەکانی سەر بە مەرجەعییەتەکانی ناو ئێراق لە چ ئاستێکدایە؟ ئامانجی هاوبەشیشتان چییە؟
ستیڤن هیچن: سوپاس بۆ پرسیارەکەت. ساڵی ڕابردوو سەردانی کەربەلا و نەجەفیشم کرد. پێش دوو یان سێ هەفتەش دووبارە لە نەجەف بووم. لەوێ باسی هەندێک بیرۆکەم کرد و ڕێزێکی زۆرم بۆ سەماحەتی سەید عەلی سیستانی و ڕۆڵی مەرجەعیەت لەم ساڵانەی پاش ڕووخانی ڕژێمی ئێراق دەربڕی. بێگومان ڕۆڵی سیاسی ئەو دیارە، بەڵام پێم وایە ئەو ڕۆڵەی سەماحەتی سەید عەلی سیستانی و پیاوانی ئایینی و حەوزە دەیگێڕن، لە ژیانی خەڵکدا زۆر گرنگە، بێگومان لە ژیانی شیعەکاندا. هەر ئایین بەگشتی ڕۆڵێکی زۆری لە ژیانی کۆمەڵگەدا هەیە. من خەڵکی وڵاتێکی عەلمانیم، بەڵام لە ماڵێکدا پەروەردە بووم کە باوەڕدار بووە، بۆیە لە کەشوهەوای ئایینیدا ئاسوودەم. لە ئێراقیش دەبینم کە ئایین ڕۆڵێکی گەورەی هەیە وەکوو سەرچاوەی خۆشنوودی و سەرچاوەی خۆشەویستی و سەرچاوەی ئەخلاق لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا. هەندێک جار گوێم لە هەندێک کەس و لایەن دەبێت. لە ڕۆژاوا کە دەڵێن ئایین شتێکی دواکەوتووانەیە، دیارە ئەوە هەرگیز ڕای ئێمە نییە.... بەڵام مەرجەعیەت دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و دوورە لە کاریگەریی بەریتانیا. پێم وایە سەماحەتی سەید عەلی سیستانی بریکارێکی لە لەندەن هەیە وەکوو چۆن نوێنەرانی ئایینە جیاوازەکان لەوێن. ئەگەر تەنیا ئەوە ببینی کە مەرجەعیەت نوێنەرایەتیی لە بەریتانیا هەیە و لەمەوە ئەنجامگیریی ئەوە بکەیت کە ئێمە پشتیووانی لە مەرجەعیەت دەکەین، ئەمە بەشێکی زۆر بچووکی وێنەکەیە. بەریتانیای ئەمڕۆ وڵاتێکی هەمەڕەنگە و ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی باپیرانم، بەریتانیا ئەو کاتە دەوڵەتێکی کریستیان بوو. 99%ی خەڵکەکەی کریستیان بوون، بەڵام ئەمڕۆ چوار ملیۆن موسڵمان لەوێ هەن. چوار ملیۆن موسڵمان لە بەریتانیا. سەرۆکوەزیرانمان بە ڕەچەڵەک هیندی بوو. موسڵمانمان هەبووە پارێزگاری لەندەن بووە، قایمقام، وەزیری دارایی، وەزیری دەرەوە، سەرۆکوەزیرانی سکۆتلاند، هەموو ئەمانە موسڵمان بوون، بۆیە ئێمە وڵاتێکی هەمەڕەنگین و لە بەریتانیا ئازادیی تەواوی ڕادەربڕین و ئازادیی پەرستن هەیە. من ڕێز لە ڕۆڵی سەماحەتی سەید عەلی سیستانی دەگرم و وا سەیری دەکەین کە دامەزراوەیەکی زۆر گرنگە بۆ ئاییندەی ئێراق، بەڵام ئێمە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیادا ناژین. ئەمە سەردەمی نووری سەعید پاشا نییە کە باڵیۆزی بەریتانیا سەرۆکوەزیران دیاری بکات، ئەوە سرووشتی نییە و ڕۆڵی من ئەوە نییە، ڕێز دەگرین بەڵام پشتیووانی ناکەین.
کاڵێ لە هەڵەبجەوە: زۆر بەخێر بێیت بەڕێز ستیفن، من کاڵێم خوێندکاری بەشی بازرگانیم لە زانکۆی هەڵەبجە، پرسیارەکەم ئەوەیە کاتێک شێخ مەحموود لە دەربەندی بازیان بەبرینداری دەستگیر کرا، لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە ڕەوانەی هیندستان کرا. پاشان حکومەتی بەریتانیا ویستی جێگرەوەیەک بۆ شێخ مەحموود دابنێت، بەڵام هیچ کەسایەتییەکی کاریزما وەکوو ئەو نەدۆزرایەوە، بۆیە بە ناچاری گەڕێندرایەوە. من پرسیارەکەم لێرەدا ئەوەیە کە ئایا کە گەڕێندرایەوە مردنەکەی ئاسایی بوو؟
ستیڤن هیچن: ئەوە پرسیارێکی مێژوویی گرنگە کە وەڵامەکەیم لا نییە.
ڕووداو: وابزانم یەکێک لێرە بوو وتی من نەوەی مەلیک مەحموودم پێش بەرنامەکە، تۆ بوویت؟ ئەو نەوەی مەلیک مەحموودە.
ستیڤن هیچن: واو!
بەڵێن شێخ مستەفا: من نەوەی شێخ مەحموودی حەفید، مەلیکی کوردستان لە شاری سلێمانییەوە بەشدارم. 100 ساڵ لەمەوبەر حکومەتی بەریتانی بەڵێنێکیان بە گەلی کورد دا بۆ درووستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ وەکوو چۆن بۆ ئێراقیان کرد، بەڵام بۆچی حکومەتی بەریتانیا پاشگەز بووەوە؟
ڕووداو: پرسیارێکی قورسە.
ستیڤن هیچن: بەڵێ. بۆ پرسیاری ئاسان نەهاتوومەتە ئێرە. وەڵامی پرسیارەکە نازانم. ئاگام لەو چیرۆکەیە کە بەریتانیا دەینێرن بۆ هیندستان و پاشان دەیهێننەوە. نازانم چۆن مردووە. پرسیاری تایبەت بە سەربەخۆیی کورد و ڕۆڵی ئێمە تێیدا وەڵامەکەی دوورودرێژ و ئاڵۆزە. دەتوانین چەندین کاژێر لێرەدا دابنیشین و قسەی لەسەر بکەین. ئەگەر لێکۆڵینەوە بکەیت لەسەر ئەوەی بە ڕاستی ڕوویداوە لەنێوان ساڵانی 1919 بۆ 1923دا کە دانووستاندنەکان دەکران، چوار کەس هەبوون کە بریتی بوون لە لۆید جۆرج، ویڵسن، کلێمەنسۆو و یەکێکی ئیتاڵیایی کە دەبوو بڕیار لەبارەی تەواوی ئیمپراتۆریەتی ڕووخاوی هابسبۆرگ و ئیمپڕاتۆرییەتی ڕووخاوی ڕووس و ئیمپراتۆریەتی ڕووخاوی عوسمانییەوە بدەن. ئەوەی کردیان بەڕوونی بەشێک بوو لە داینامیکی هێز لەنێوان ئەو وڵاتانەدا کە گەورەتر بوو لەو دۆخەی لە سلێمانی و هەولێر هەبوو. ئەوان لەو شتانەدا شارەزا نەبوون، بەڵام دەبوو کار بکەن. زۆر کار هەبوو بیکەن، بۆیە زۆر بەخێرایی کاریان دەکرد. وەڵامی ڕاستەقینەی ئەو پرسیارە ئەوەیە کە بارودۆخی دراوسێکانتان، دراوسێکانی گەلی کورد، ڕێگەی بە درووستکردنی دەوڵەتی کورد نەدەدا. لەو کاتەدا هەر زۆر سەخت دەبوو دەوڵەتێک بۆ کورد درووست بکرێت. پێم وایە وەڵامی دووەمیش ئەوەیە کاتێک ئەوان پرسیاریان لێ کرا کە ئایا گەلی کورد نەتەوەیە یان ئایا گەلی کورد کۆمەڵە هۆزێکی جیاوازن کە شەڕی یەک دەکەن تاوەکوو خەڵکی دیکە؟ ئەوا وەڵامەکە بەڵێ بووە. وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوە بووە کە کورد کۆمەڵێکی یەکگرتوو نین و بە زمانی جیاواز قسە دەکەن و فەرهەنگی جیاوازیان هەیە و هیچ سەرکردەیەکی ڕۆحییان نییە.
ڕووداو: لەگەڵ ئەوەیشدا مەلیک مەحموود سەرکردایەتیی گەلی کوردی دەکرد. لە نامەکانی دیپلۆماتێکی بەریتانیدا بەر لەوەی بەریتانیا لە بەڵێنی دەوڵەت بە کورد پەشیمان ببێتەوە، دەتوانین ئەوە ببینین کە وەکوو نەتەوە باسی کورد دەکات و مەلیک مەحموودیش وەکوو پاشایەکی بەهێز باس دەکات.
ستیڤن هیچن: خۆی هەندێک کەس لەنێو سیستمی بەریتانیدا پێیان وابوو کورد گەلن، کەسانی دیکە پێیان وانەبوو. بۆیە گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە لەسەر ئەوە هەبوو. هەروەها پێم وایە شتی دووەمیش کە گومانی تێدا نییە ئەوەیە کە زۆربەی ئەو بڕیارانەی لەبارەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دران، پەیوەندییان بە دەسەڵاتی سیاسیی گەورەتر و فراوانتر لە تاکەکەسەوە هەبوو.
ڕووداو: زۆر ببوورە. ئێمە باسی مێژوو دەکەین، بەڵام زۆر نەتەوە کە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی بەریتانیاوە درووستکران نەتەوە نەبوون، بەڵام ئیمپراتۆریەتی بەریتانی نەتەوەی بۆ درووستکردن. ئایا پێتوایە ئەمە وەڵامێکی واقیعییانەیە بۆ ئەم پرسیارە مێژووییە؟
ستیڤن هیچن: خۆی ئەوەی سنوورەکان لە کوێدا کۆتاییان بێت و لە کوێدا دەست پێبکەن، بابەتی دانووستاندن بوو لەنێوان فەرەنسایی و بەریتانی و ئەمریکاییەکان. ئەوە ئەو شتە بوو کە ڕووی دەدا. من لێرەدا دانانیشم و بڵێم ئەوە باشترین کار بوو. ئاشکرایە ئەوە باشترین کار نەبوو بۆ دیزاینکردنی شتەکان. سەرنجی من لەبارەی هەوڵدان بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی ئەو دۆخە چۆن بووە ئەوەیە کە ئەو بڕیارەیان لەبارەی کوردەوە یەکێک بووە لەو 200 بڕیارەی داویانە. ئایا دەبوو بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە بدەن زانیاریی زیاتریان هەبووایە؟ دڵنیام دەبوو بڕیارەکە بدەن. ئایا بۆ ئەو بڕیارە 10 ساڵیان لە بەردەمدا بوو؟ دۆخەکە شیاوی بەڕێوەبردن نەدەبوو. من هەندێک هاوسۆزیانم بۆ ئەو دۆخەی خۆیانیان تێدا بینیوەتەوە، بەڵام پێم وا نییە، ئەوەندەیش سادە نییە کە بڵێن هەموو ڕاستییەکانمان لا بووە و تەواو تێگەیشتووین و بەو بڕیارە گەیشتووین. پیلانگێڕییش نەبوو. ئەنجامی پێکدادانی زلهێزەکان بوو.
ئەحمەد محەمەد سەبری لە پارێزگای بابل: من لەدایکبووی 2002م. بچووکترین شێفی حەلوانیم. بەشداریم لە گەورەترین فێستیڤاڵی خواردن و چێشتلێنان کرد کە زیاتر لە 20 وڵات تێیدا بەشداربوون. لە تەمەنی منداڵیمانەوە لە سەرەتاکانی 2003دا گۆڕانکاری لە دەسەڵات ڕوویدا. چاومان لەوە بوو ئێراق لەڕووی ئابووری و پیشەسازییەوە گەشە بکات، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەمەمان نەبینی. دوای تێپەڕبوونی دوو دەیە دۆخی خزمەتگوزاری و ئابووری و گەشەپێدان لە پاشەکشەی بەردەوامدایە. بەشێک لە سیاسەتڤانان لە لێدوانەکانیاندا تۆمەت دەخەنە پاڵ ئەمریکا و بەریتانیا و دەڵێن بە دەستی ئەنقەست ئەم کارە دەکەن بۆ ئەوەی درێژە بە هەژموونیان بدەن لە ئێراق. ئێوە ڕاتان چییە، پێتانوایە وڵاتی دیکەش پەیوەندیی بەم پاشەکشەیەوە هەبێت.؟
ستیڤن هیچن: سوپاس بۆ پرسیارەکەت و بەخێربێی. لەم دواییەدا لە حیللە بووم، چونکە پڕۆژەیەکی گەورە هەبوو لەوێ کە هاوکارییە داراییەکەی لەلایەن ئێمەوەیە و تایبەتە بە زێراب و هەروەها تۆڕی ئاوی خواردنەوە بۆ خەڵکی حیللە. بودجەی ئەم پڕۆژەیە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە و بەریتانیا پارەکەی دابین دەکات. پێم وایە هەڵە تێگەیشتنێک لە پشت ئەو پرسیارەوە هەیە، کە گوایە ئەمریکا یان بەریتانیا حەزیان لەوەیە لە ئێراقدا فەوزا هەبێت.، بۆ ئەوەی بتوانین دەست بەسەر ئێراقدا بگرین. کاری لەپێشینەی بەریتانیا و دەوڵەتانی دیکەی ئەوروپاش بە شێوەیەکی گشتی ئەوەیە کە لە ئێراقدا سەقامگیری هەبێت.. بە پێچەوانەوە ئێمە لە ناسەقامگیریی ئێراق دەترسێین، چونکە ئەوە هەم کێشەی نێوخۆیی بەدواوەیە و هەمانکات، هەر نائارامییەک لە ئێراقدا کاریگەریی لەسەر دەرەوەی خۆیشی دەبێت. ناوچەکە دەشڵەژێنێت و تەنانەت دەگاتە ئەوروپایش. سەرهەڵدانی داعش بۆ نموونە، خۆ پێکهێنەرە سەرەکییەکانی داعش ئێراقی و سووری بوون، بەڵام لێکەوتەکانی گەیشتە بەریتانیاش. تەنانەت کێشەی ئەمنیی زۆری بۆ بەریتانیا و فەرەنسا و بەلجیکا درووستکرد. هەموو ئەو کێشانە لە موسڵ و ڕەققەوە سەرچاوەیان گرت. بۆیە ئێمە ترسێکی زۆرمان لە ناسەقامگیریی ئێراق هەیە، نە ئەوەی لە سەقامگیریی ئێرە بترسین. ئێمە دەمانەوێت لێرە دەوڵەتێکی بەهێز هەبێت.، دەوڵەتی بەهێز وەکوو ئەوەی سەددام نا، دەوڵەتێکی بەهێز کە بتوانێت ئاستی گوزەرانی گەلی ئێراق باشتر بکات. ئەم دەوڵەتەی ئێستا بەهێز نییە، بۆیە وەکوو وتم ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا تەنیا لە شوێنێکدا دەتوانن گەشە بکەن کە سەقامگیری و دڵنیایی هەبێت.. کۆمپانیاکانی ئێمە دەچنە بازاڕێکەوە کە دڵنیا بن پارێزراو دەبن، کە دڵنیا بن کارمەندەکانیان پارێزراو دەبن، بۆیە ئەوەی ئێمە دەمانەوێت پێچەوانەی فەوزایە. ئێمە دەمانەوێت ئاساییش لێرە هەبێت.، چونکە لەڕووی دۆستایەتییەوە ئەمەیان بۆ ئێمە باشە، هەروەها لەڕووی بەرژەوەندیشەوە. لە بەرژەوەندیی ئێمەیە کە ئارامی و ئاساییش لە ئێراق و لە ناوچەکە هەبێت.، ئەوەی ئێمە لێی دەترسین فەوزایە. بەڵێ دەوڵەتی دیکە هەن کە لە کەشی بێسەروبەریدا گەشە دەکەن. ئێمە هیچ میلیشیایەکمان نییە، ئەمە خۆ ئاشکرایە و نەهاتووین میلیشیا درووست بکەین. لە شوێنێکدا کە بێسەروبەری هەبێت. و سەروەریی یاسا نەبێت، بۆ هەندێک لایەن باشە و لەوێدا گەشە دەکەن، بەڵام ئەوەی تایبەت بێت بە وڵاتانی ئەوروپا، ئێمە لە شوێنێکدا وەبەرهێنان دەکەین و دەتوانین کاریگەر بین و پێگەی دیپلۆماسیمان بەهێز بێ کە بۆ نموونە وڵاتێک بێت وەکوو سعودیە، یان ئیمارات، چونکە وەبەرهێنان لەوێ دەپارێزرێت، ئاساییش هەیە، میلیشیا نییە، بۆیە لەوێ دەتوانین گەشە بکەین. کەواتە ئێمە دەمانەوێت ئێراق وڵاتێکی ئارام بێت، ئەمە چ لەڕووی دۆستایەتی و چ لەڕووی مێژووی هاوبەشمان کە وەکوو لە پرسیارەکانتانەوە دەرکەوت شتێک هەیە بۆماوەییە، بووە بە نەریتێک بۆ باڵیۆزی بەریتانیا، من وەکوو باڵیۆزی دانیمارک نیم، کەواتە لەڕووی مێژوویش، بەڵام لەوانە گرنگتر لەڕووی بەرژەوەندی، پێشموایە دواجار هەر سیاسەتوانێک لە لەندەن بێت یان لە بەغدا یاخود لە دیمەشق و عەممان، یەکەمین شت و دوایین شت کە بیری لێدەکاتەوە بەرژەوەندییە. ئەمەش ئەرکی منە وەکوو باڵیۆزی بەریتانیا لە ئێراق کە بەرژەوەندییەکانی وڵاتی خۆم بپارێزم. بەرژەوەندی و کاری لەپێشینی ئێمەش سەقامگیریی ئێراقە، سەقامگیرییەکی وەهمی نا، سەقامگیری لە ڕێی سەرکوتەوە سەقامگیرییەکی وەهمی و لەرزۆکە، سەقامگیریی ڕاستەقینە لە حوکمڕانیی درووستەوە سەرچاوە دەگرێت، لە دامەزراوە و ئابووریی بەهێزەوە سەرچاوە دەگرێت.
عەبدوڵڵا میران، قوتابی لە کۆلێژی ئاداب بەشی ڕاگەیاندن: من وەک تورکمانێک دڵخۆشم بەشداریم لەم بەرنامەیە کردووە. زۆر دەمێکە دیموگرافیای کەرکووک دەگۆڕدرێت. لە سەردەمی ڕژێمی لەناوچوو، سەتان هەزار برای عەرەب لەسەر پارێزگای کەرکووک تۆمارکران. پارە و موڵک و مووچەی مانگانەیان پێدەدرا. دوای ڕووخانی ڕژێم، هەندێک لایەنی کوردی هەمان سیاسەتیان جێبەجێ کرد. نامەوێت گشتاندنی بۆ بکەم بەڵام بەشێک لەلایەنی کوردی ئەم کارەیان کرد. هەردوو پڕۆسەکە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووک لە دژی گەلی تورکمان کرا. منیش وەک گەنجێکی تورکمانی هەولێر، خزم و کەسوکارم لە کەرکووک هەیە و لە نزیکەوە ئاگاداری دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەن. ئەمڕۆ کەرکووک شاری پێکهاتە جیاوازەکانە و تورکمانیش بەشێکی ڕەسەنی ئەم شارەن. ئەمڕۆ تورکمان داوا دەکەن پارێزگاری شارەکەیان پێبدرێت. ئەمەش مافێکی سرووشتیی تورکمانە. پرسیارەکەم بەم شێوەیەیە بەڕێز باڵیۆز، ئایا پشتیووانی لە داواکاریی ڕەوای گەلی تورکمان لە کەرکووک دەکەن؟ چونکە بوونی زۆر بەهێزتان لە کەرکووک هەیە بەهۆی بوونی کۆمپانیای نەوتی عێرای IPC و ڕۆڵێکی زۆرتان لە ڕێگەی شارەزاکانتانەوە هەیە. پرسیاری دووەمیشم بەڕێز باڵیۆز، ڕا و بۆچوونتان بۆ پێکهاتەی تورکمانی ئێراق چییە؟
ستیڤن هیچن: کەرکووک وەکوو وتم زۆر ئاڵۆزە. نازانم ئەگەر کەسێک هەبێت. لە ئێراق لەو ئاڵۆزییەی کەرکووک و کێشەکانی تێگەیشتبێت. بێگومان سەددام کە خەڵکی بۆ ئەوێ هێناوە هەوڵی داوە دیمۆگرافیای هەندێک ناوچە بگۆڕێت. پاش هاتنی نەوەیەکی نوێ یان دوو نەوە، زۆر زەحمەتە بگەڕێیتەوە بۆ دۆخی سەرەتا. وەکوو مەسەلەی ئیسرائیلە. پاش کۆچی خەڵک بۆ ئەوێ، ڕەنگە لە ساڵی یەکەم، دووەم یان هەتا پێنج ساڵ بکرێت بگەڕێیتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، بەڵام پاش نەوەیەک، دوو نەوە خەڵکەکە ڕەگ دادەکوتن. دەبنە خاوەنی ماڵ و ئەمەش مافی خۆیانە. پێم وایە پرسیارەکەی تۆ تا ئاستێک دەچێتەوە سەر مەسەلەی پشکپشکانێ کە لە ئێراقدا هەیە، ئەمەش بابەتێکە وا من دەیوروژێنم، بابەتێکی هەستیار و قورسیشە. پێم وایە مەسەلەی پشک لای هەر گرووپ و پێکهاتەیەک کە بەشێک و پشکێکیان لە حوکمڕانیدا هەبێت.، بیرۆکەیەکی باشە بۆ دەرچوون لە دۆخی شەڕ، یان دەرچوون لە قۆناخی کێشە، وەکوو سەردەمی دوای سەددام. بەڵام لە کۆتاییدا، پاش 40 بۆ 50 ساڵێک، ئیدی دەرچوون لە سیستمی پشکپشکانێ کارێکی ئاسان نابێت. ئێمە 25 ساڵێک لەمەوبەر لە ئێرلەندای باکوور چووینە ناو سیستمێکی نزیک لەوە، ئامانجەکە هێورکردنەوەی بارودۆخی نێوان توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئەوێ بوو، ئێستا نازانین چۆن لەو سیستمە دەرچین بەرەو سیستمێکی باشتر. پێم وایە هەموو خەڵک لە ئێراق وای بە باشتر دەزانن.. کە مەسەلەی تاک نەک پێکهاتە، مافەکانی تاک، ئەمە دیدگای ئێمەیە وەکوو لیبراڵەکانی ڕۆژاوا، ماف دەبێت. بۆ تاک بێ نەک بۆ کۆمەڵ.
ڕووداو: بەڵام 100 ساڵ پێش ئێستا بە هەمان بیرۆکەوە هاتنە ئێراق گوتتان لە ئێراق کۆمەڵگەیەکی نوێ درووست دەکەن، کە خەڵکی تێیدا وەکوو کۆمەڵگەکانی ئەوروپا تاکگەرایی بێ، نەک پێکهاتە، نەک ئاستی کۆمەڵایەتی، هاووڵاتی خۆی بێت، بەڵام شکستتان هێنا، واتە هێشتا بەنیازن دوای 100 ساڵ بە هەمان شێوە بیری لێ بکەنەوە، ئەم وڵاتە واقیعێکی هەیە کوردی تێدا دەژی، عەرەبی تێدا دەژی، تورکمانی تێدا دەژی، بە نیسبەی جیاواز ئایینی جیاوازی تێدایە و مەزهەبی جیاوازی تێدایە و ئەگەر بابەتەکە ببێت بە زۆرینە و کەمینە هەندێک لەم پێکهاتانە مەترسی لەسەر ژیان و لەسەر بوونیان درووست دەبێت. واتا وابزانم 100 ساڵ تێپەڕی بەسەر ئەو ئەزموونەدا کە بەریتانیا هێنایە ئێراقەوە، ئێستاش هەر بە هەمان شێوە بیر دەکەنەوە، گۆڕانکارییەک درووست نەبووە لەوەی کە بینیتان بەو شێوەیە ئیش ناکات ئەمە.
ستیڤن هیچن: پێم وایە کە لە 1917دا گەیشتینە ئێراق، بە ڕاشکاوی دەیڵێم، بیرۆکەی دانانی پاشا بەشێکی بۆ کۆنترۆڵکردن بوو، بەڵام پاشایش بیرۆکەی ئەوەی هەبوو هەوڵ بدات تاکە گەلێک درووست بکات نەک پێکهاتەی جیاواز. تا ئاستێک شکستی هێنا. پێم وایە ئەوە بیرۆکەی بەعسیش بوو کە هەوڵی دەدا ئەم شوناسانە تێبپەڕێنێت و شتێکی جیاواز درووست بکات، کە هەمووان وەک یەک بن.
ڕووداو: بەڵام مەڵێ کە پاشا لەلایەن گێرتروود بێڵەوە ڕاهێنانی پێ نەکرابوو.
ستیڤن هیچن: گێرتروود بێڵ. تۆ بە باسکردنی چیرۆکی گێرتروود بێڵ بیرم پەرت دەکەیت، چونکە ئەوە چیرۆکێکی باشە. ئێمە بەزۆر شێوە شانازی بە گێرتروود بێڵەوە دەکەین. پێم وایە ئەو ئافرەتە زۆر بە ئاشکرا گەلی ئێراقی خۆش دەویست و شەیدایان بوو. ئەگەر ئەوە بخوێنیتەوە کە نووسیویەتی...
ڕووداو: زۆر قسە هەڵدەگرێت. مەبەستم ئەوەیە وەکوو کوردێکی ئێراق.
ستیڤن هیچن: باشە. پێم وایە ئەگەر ئەوە بخوێنیتەوە کە نووسیویەتی، بۆ خودی من زۆر بەڕوونی دیارە کە تا چ ئاستێک خەڵکی ئێراقی خۆشویستووە. ئایا ئەوە مانای وایە هەرچییەک ئیمپراتۆریەتی بەریتانی کردبێتی ڕاستە؟ نەخێر. پێم وا نییە. بێینە سەر پرسیاری تایبەت بە شوناسە جیاوازەکان لە ئێراق. پێم وایە ئەوە بۆ ئێوە هێشتا گرفتێکی زۆر گەورەیە. پێم وایە سیستمی پشکپشکێنە کە ئەمە بۆ کورد و ئەوە بۆ شیعە و ئەمە بۆ سوننە و ئەوە بۆ کریستیان سوودی هەبووە، بەڵام زیانیشی هەبووە. پێم وایە هەموومان بە دڵمان دەبوو کە پرسی تایبەت بە تاکەکەس ببینین، نەک کۆمەڵەکان. ئەوەی چۆنە بە ئەوە دەگەن زۆر قورسە. ئێمە لە وڵاتەکەماندا بە قورسی بەوە گەیشتین، بەڵام تاکە خاڵ کە بۆی دەگەڕێمەوە بریتییە لە پرسی ئابووری. ئەگەر خەڵک لە کۆمەڵگەیەکی گەشاوەدا بەشی هەبێت.، ئەوا ئەگەری زۆرە بتوانن هاوکاریی یەکدی بکەن تاوەکوو ئەوەی لەسەر سەرچاوەیەکی بچووک شەڕ بکەن. بۆیە ئابووری شتێکی بچووک نییە. شتێک نییە وەک جادوو بێت. ئابووری و خوێندن نزیکترین شتن کە هەمانن.
مستەفا ڕکابی، لە شاری ناسرییە: هەنگاوەکانی حکومەتی بەریتانیا چین بۆ زامنکردنی وەبەرهێنانەکانیان لە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی ئێراق بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر بەهێزبوونی هەژموونی سیاسیی گرووپێکی دیاریکراو لەسەر حیسابی سەقامگیریی نیشتمانی؟ پرسیاری دووەمم؛ بەریتانیا چۆن هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێراق دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە؟
ستیڤن هیچن: ئێمە لەبەر هۆکاری جیاواز پەیوەندیمان لەگەڵ حیزبە جیاوازەکانی ئێرە هەیە و ئەمە زۆر ڕوونە و دوای هەر دیدارێک تویتێک هەیە، کەواتە نکۆڵی لەمە ناکەین و ناتوانین بیشارینەوە. ئەمە دیارە هۆکاری جیاوازی هەیە. ئێمە هەروەها پەیوەندییەکی بەهێزیشمان لەگەڵ دەوڵەت هەیە، بۆ نموونە کاری کۆنسوڵیمان هەیە. بەرژەوەندییەکی جیاواز هەیە، تەنیا هەر بازرگانی و ئاساییش نییە، کاری کۆنسوڵییە، بۆ نموونە ئەگەر بەریتانییەک گیرابێت، یان بەریتانییەک هاتبێت بۆ سەردانی کەربەلا و پاسپۆرتەکەی بزر کردبێت، ئەمە ئاساییە، بەڵام پێویستمان بەم پەیوەندییانە هەیە لەگەڵ وەزارەتەکان و هەروەها وەزیرەکان، لەمەشەوە ئەو ڕاستییە دەبینین کە حیزبە جیاوازەکان کاریگەرییان لەنێو حکومەتدا هەیە، بۆیە وەکوو باڵیۆز، پێویستە پەیوەندیی دۆستانەم لەگەڵ هەموو لایەنە جیاوازەکان هەبێت.، دیارە ئەمە لەپاڵ بەرژەوەندییە بازرگانییەکانمان. مەسەلەی گۆڕانی کەشوهەوا، ئێمە لەسەر چەندین ئاستی جیاواز لەم بوارەدا کار دەکەین. لەسەر ئاستی جیهانی، پێم وایە شەش مانگێک لەمەوبەر دوو ملیار دۆلارمان وەکوو بەخشین بەو سندووقە دا کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا تەرخان کراوە. ئەمە لەسەر ئاستی جیهانی، بڕە پارەیەکی گەورەیە و شتێکی سادە نییە. لەسەر ئاستی ئێراقیش وەکوو دەوڵەت، وەکوو دەزانن تاوەکوو ئاستێک پەیوەندیی بە کێشەی هۆشیارییەوە هەیە، بۆیە کار لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لە بەغدا و لە هەولێرەش دەکەین، بۆ ئەوەی چاکسازی لە میتۆدی خوێندندا بکەن و هەندێک وانەی تایبەت بە ژینگە بخەنە ئەو میتۆدەوە، ئەمە دەبێتە کارێکی ستراتیژی کە هەموو قوتابخانەکانی ئێراق بەشداربن لەو هەڵمەتی هۆشیاری لەبارەی ژینگە. هەروەها لەسەر ئاستی لۆکاڵی، لە باکووری وڵات پڕۆژەی دیکەمان هەن، بەتایبەتیی لە کەرکووک، بۆ نموونە لەگەڵ جووتیاران بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەین و نوێترین جۆری ئەو تۆوانەیان بدەینێ کە دەکرێت لە کەشوهەوای وشکدا بچێندرێن. شتێکی دیکەشمان هەیە لەگەڵ برایانی کوێتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی باهۆزی لم، ئەمە شتێکە کاریگەریی زۆری لەسەر کوێت هەبووە کە دراوسێی ئێوەیە. کەواتە ئێمە پڕۆژەیەکمان هەیە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و لەگەڵ کوێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی باهۆزی لم. پڕۆژەکانمان زۆرتر لەو بوارانەدان.
عەلی ئیبراهیم لە موسەننا: خوێندکاری قۆناخی چوارەمی کۆلێژی دەرمانسازی. دەمەوێت تیشک بخەمە سەر دوو خاڵ، کە بەڕێز باڵیۆز ئاماژەی پێکرد. شانازیکردن بەو یاسایانەی حکومەتی بەریتانیا پێشنیازی کردوون لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێراق، لەگەڵ دەستەواژەی مافی مرۆڤ، کە لەسەر ئاستێکی فراواندا دەخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە. حکومەتی بەریتانی لە سەردەمی پاشایەتیدا چەند یاسایەکی پێشنیاز کرد، کە بووە هۆی شێواندنی شیرازەی کۆمەڵگەی ئێراقی. لەمانە هاندان بۆ کۆچی جووەکانی ئێراق کە لە ساڵی 1950 بوو. لە یاساکەدا ئاماژە بە لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی ئێراقی بوو لێیان. هەروەها یاسای داوای هۆزەکان کە ئەرکی دادگەکانی بە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان سپاردن وەک سەرۆک هۆز و کەسە باڵادەستەکانی ناوچەکە و سیاسەتڤانان. بۆ ئەوەی بارودۆخی خەڵک بەڕێوەببەن. بواری مافی مرۆڤ، ئەم وشەیە کە سەدایەکی زۆر فراوانی لە ئاستی جیهاندا هەیە. دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیی لە ڕاپۆرتێکیدا وتی، هێزەکانی بەریتانیا مافەکانی مرۆڤی لە ئێراق لە ساڵانی 2003-2009 پێشێلکرد. هەر لە کوشتنەوە دەستی پێ کرد تا گەیشتە دەستدرێژیی سێکسی و ئازار و ئەشکەنجەدانی تاکی گەلی ئێراق. هەروەها سەرباری ئەوەی سکاڵا پێشکەش کرا بۆ سزادانی سەربازەکان کە بەشێکیان بە تاوانباری جەنگ ناسێندران، بەڵام نەکرا. ئەو خاڵەی مەبەستمە باسی بکەم، لێرە گەنجی کورد و عەرەب هەیە. منیش گەنجێکی عەرەبم لەدایکبووی 2002م. زۆر شانازی و خۆشەویستیم بۆ برایانی کورد هەیە. کورد ڕۆڵێکی زۆر باشیان گێڕاوە و عەلی ناوێک هەیە کوردە هێندەی باوکم شانازی پێوەدەکەم. هەروەها جوان ناوێک هەیە خانمێکی کوردە کاریگەریی زۆر بەسەرمەوە هەیە. ئەمڕۆ ئێمەی گەنج، نوێنەرایەتیی باب و باپیرانمان و بۆچوونەکانیان ناکەین، ئێمە دەمانەوێ ئێراقێکی نوێ بوونیات بنێین. پرسیارەکەم بەمشێوەیە. ئێمەی گەنجان دەمانەوێ مێژوویەکی نوێ دابڕێژین جیاواز بێت لەو مێژووە خوێناوییە پڕ لە داخە کە بەڕێز باڵیۆز شانازی پێوە ناکات لەگەڵ ئێراق. ئایا بەڕێز باڵیۆز پلان و بەرنامەی هاوکاریکردنی گەنجانی ئێراقی هەیە؟ ئایا ئەم گردبوونەوەیە دەبێتە دەستپێکێک بۆ درووستکردنی پەیوەندیی کەسی بۆ گەنجانی ئێراق لەگەڵ حکومەت و باڵیۆزخانەی بەریتانی و لەگەڵ بەڕێزتان؟
ستیڤن هیچن: با لەوەی کۆتاییەوە وەڵام بدەمەوە. بە دڵنیاییەوە دەمانەوێت پەیوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵ ئێوە هەبێت.. ئەمە بەشێک بووە لە نیازەکانی من و ئەرکەکانی من کاتێک هاتمە ئەم وڵاتە. سەرەتا وێنەی باڵیۆزخانە و بەرپرسانی باڵیۆزخانەم وا دەهاتە پێش چاو وەک ئەوەی دەترسێین لەم وڵاتە، وەکوو ئەوەی نائاسوودەین لەم وڵاتە و وەکوو ئەوەی ئەم وڵاتە هەمووی کێشە بێت و حەزم دەکرد لە شوێنێکی دیکە بم. ئەمە خراپ تێگەیشتن نییە لە کەسەکان، بەڵام 20 ساڵ لە کێشەی ئەمنی و قەیران و ئۆتۆمبێلی دژەگوللە و تیمی پاسەوانی و وەکوو ئەوەی ئێرە وڵاتێکی مەترسیدار بێت، من دەمویست ئەمە هەتا ئاستێک بگۆڕم، هەر ئەمەش یەکێک بوو لەو پاڵنەرانەی بە شەقامەکاندا بە پێ بڕۆم و بە ڤیدیۆ وێنەی بگیرێت، بۆ ئەوەی دۆستایەتی نیشان بدەم، بەڵام ئێوە ماشەڵڵا 45 ملیۆن کەسن، ناتوانم سەردانی هەمووتان بکەم، بۆیە.. خۆزگە دەکرا، بەڵام لە ڕێی ئامرازەکانی سۆشیالمیدیاوە دەرفەتی ئەوەت دەبێت. پەیامێک بە خەڵک بدەی کە ئێمە لێرە ئاسوودەین و حەزدەکەین شت بزانین و قسەتان لەگەڵ بکەین. ئەمەش دەرفەتێکی زۆر جوان بوو بۆ من. من ئەگەر بڵێم، ئەگەر بە قسە بڵێم ڕەوشی ئەمنیی ئێراق لە جاران باشترە، ئەمە باشە، بەڵام ئەگەر بە شەقامێکدا بەپێ بڕۆم، ئەوە مانای وایە دەریدەخەم کە ڕەوشی ئەمنیی ئێراق لە جاران باشترە. ئەمە پەیامێکی گرنگترە لەوەی تەنیا بە قسە بیڵێم. کەواتە ئەمە بەشێکە لە کاری ئێمە. دەشمانەوێ پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئێوە هەبێت.. مەسەلەی کۆچی جووەکان.. من ئەوەم نەدەزانی و وردەکاریی ئەو یاسایە نازانم. من لەم قسانەوە لەگەڵ ئێوە وەکوو ئێراقی، وا هەست دەکەم بە جۆرێک بیری ئەو سەردەمە دەکەن کە جووەکان لە ئێراق بوون. خواردنەکانیان و میوزیکیان و وەکوو ئەوەی شتێک لە ناسنامەی ئێوە بزر بووبێ پاش ئەوەی جووەکان بۆ ئیسرائیل کۆچیان کرد. بێگومان ئەمە چیرۆکێکی درێژە، من دەڵێم ئەوە چیرۆکێکی ئاڵۆزە. ئێستا چیرۆکی کریستیانەکانیش هەیە، کریستیانەکان وا کۆچ دەکەن. ئەمە کارەساتێکە بۆ ناسنامەی ئێراقی. ناسنامەی ئێراقی لەپاش کۆچی جووەکان بەشێکی بزر بوو، چیرۆکەکە ئەوە نییە کە شتێک هەیە بەناوی ئیسرائیل جووەکان بۆخۆی دەبات. ئێستا کریستیانەکانیش وا هەست دەکەن کە شوێنێکیان لێرە نەماوە، ئەمە پرسیارێکە بۆ هەموو ئێراقییەکان، ئەمە وەکوو تۆمەتبارکردن ناڵێم، بەڵام پێکهاتە جیاوازەکانی وەکوو کریستیان و ئێزدی و سابیئەی مەندایی وا هەست دەکەن کە شوێنێکیان نەماوە، ئەمە بەڕاستی ئاڵنگارییەکی گەورەی بەردەمی ئێوەیە، نە تەنیا لەسەر ئاستی مرۆیی بەڵکوو لەسەر ئاستی ناسنامەی نیشتمانی، ئەم بەشەش لەو ناسنامەیە وەکوو جووەکان بزر دەبێت. وەڵامی پرسیارەکەم نەدایەوە، بەڵام ئەمە پەیامێکی گرنگە.
ڕووداو: مادام باسی کریستیان و باسی ئێزدیت کرد، خوشک و برای کریستیان و ئێزدیمان لەگەڵن بە دڵنییایەوە، با بۆچوونی ئەوان وەرگرین. کریستیان، فەرموو.
ڕەبان گۆرگیس لە پارێزگای دهۆک: سەرەتا پرسیارێک ئاڕاستەی بەڕێزتان دەکەم. بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی ئینگلیز هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکوو ئەمڕۆ، لە نزیکەوە پەیوەندیی لەگەڵ ئێراق هەبووە. پێتانوایە بوونی کریستیانەکان لە ئێراق بە شێوەیەکی گشتیی و بەتایبەتیش لەو ناوچانەی کە ناکۆکی لەسەرن. با بڵێین لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێراق و تورکیا. ئێستا بەهۆی شەڕ و ناکۆکی لەنێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، شەپۆلێکی ئاوارەیی و دەربەدەربوون لە ناوچەکەمان و گوندەکانماندا ڕوودەدات. بە بۆچوونی ئێوە و بۆچوونی حکومەتی بەریتانیا هیچ هیوایەک هەیە بە مانەوەی ئەم پێکهاتەیە یان دۆخەکە درێژە دەخایەنێت بۆ ئاڵوزبوونی زیاتر و دواتر نەمانی ئەم پێکهاتەیە؟ بەشی دووەمی پرسیارەکەم. زۆربەی جار حکومەتەکانی ڕۆژاوا و حکومەتی بەریتانیاش کاتێک باس لە سیاسەتی دەرەوەی دەکات بەتایبەتیی لەبارەی هاوکاریکردنی پێکهاتەکان لە وڵاتە هەژارەکان یان ئەو وڵاتانەی شەڕ و پێکدادان تێیاندا بەردەوامن. دەبینین کاریگەریی ئەم هەڵمەت و سیاسەتانەیان بەسەر دۆخی هەڵبژاردن و مانەوەیان لە دەسەڵات دەبێت. بەدڵنیاییەوە کاریگەریی ئەرێنی بەسەریاندا دەبێت. پێتانوایە پێداویستی ئەم پێکهاتەیە لەو ئاستەدایە کە گەلانی ڕۆژاوا پێی ڕازیبن؟ ئایا هەڵمەتەکان لەلایەن حکومەتی بەریتانیا بە ئەرێنی هەژمار دەکرێت بۆ پێکهاتەکان؟ پرسیارێکی دیکە، ئێوە باستان لە گۆڕانکاری لە ئێراق کرد. پێتانوایە گۆڕانکاری ئەرێنی بەمنزیکانە لە ئێراق بەرجەستە دەکرێت؟ یان لە داهاتوویەکی درێژخایەندا دەبێت؟ ئایا گۆڕانکارییەکان لە ناوخۆوە سەرهەڵدەدەن یان بە دەستی دەرەکیی و هاوکاری بیانییەوە دەبێت؟
ڕووداو: کۆمەڵگەی کریستیانمان لە ئێراق بەر لە 2003 ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو تا سێ ملیۆن کەس بوو، بەڵام ئێستا دەبینین لە ناوخۆدا ئاوارە بوون یان لە دەرەوە بوونەتە کۆچبەر و زێدی خۆیانیان لە نەینەوا لە سنوورەکانی نێوان کوردستانی ئێراق و تورکیا جێهێشتووە. زۆر لە هاوڕێ کریستیانەکانم پێم دەڵێن کە وڵاتانی ڕۆژاوا، جیهانی کریستیان و وڵاتە دیموکراسییەکانی ڕۆژاوا کاتێک مامەڵە لەگەڵ کەیسی کریستیانەکانی ئێراقدا دەکەن دووڕوون. باس لەوە دەکەن کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا ئازارەکانیان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بەکاردەهێنن. لە کاتێکدا ئێستا لەو سێ ملیۆنە ڕەنگە 500 هەزار کریستیان لە ئێراق بژین.
ستیڤن هیچن: بە عەرەبی وەڵامی بەڕێزت بدەمەوە؟ سەرەتا بەخێربێن، پشت بە خوا لە ئامێدی سەردانتان دەکەم. پێم وایە گەلی کریستیان، یان پێکهاتەی کریستیان گەلێکی شارستانین، عەشایەر و حیزبتان نییە و هیچ شتێکیشتان نییە بتانپارێزێت جگە لە یاسا. بۆیە کریستیانەکان لە هەمووان زیاتر پێویستیان بە جێبەجێکردنی یاسایە. تۆ ئەگەر بۆ نموونە عەلی وەردی بخوێنیتەوە، مەبەستم نووسەری مەزن عەلی وەردییە، کە وا بیری دەکردەوە هەڵکشان و داکشان لە هێزی دەوڵەتدا بەندە بەوەی لە دەوڵەتی بەهێزدا کە جێبەجێکردنی یاسا هەیە، گەشەکردن و پێشکەوتن بەدیدێن، جا لە بازرگانی بێت یان لە خوێندن و فێرکردن. لە شوێنێکیشدا کە دەوڵەت بەهێز نییە، بێسەروبەری پەیدا دەبێت. کریستیانەکان لە حاڵەتی بێسەروبەریدا دەگەڕێنەوە بۆ چیاکان. لە بەسرە و بەغدا و شارە گەورەکانەوە ڕوودەکەنە چیا. کاتێک کۆنترۆڵی دەوڵەتیش بەهێز بوو دەگەڕێنەوە بەسرە و بەغدا و موسڵ و ناوچەکانی دیکە. بۆیە کریستیانەکان پێویستیان بە جێبەجێکردنی یاسا هەیە. ئەمەش یەکێکە لە ئاستەنگەکانی بەردەم حکومەتی ئێراق و کارێکی ئاسان نییە. پێم وایە بڕیارەکەی فایەق زێدان لەبارەی جیاکردنەوەی دادگا لە وەزارەتی داد، ئەمە بەشێک لە سەربەخۆیی دەداتە دادوەرەکان، بەڵام بێگومان پێویستمان بە هەنگاوی باشترە و هەمووانیش کۆکن لەسەر ئەوە. لە بابەتی ڕۆژاوا، وڵاتانی ڕۆژاوایی مافی پەنابەری بە زۆرینەی ئەو کریستیانانە دەدەن کە لە ئێراقەوە کۆچ دەکەن. بەشێکی ئەمانە چوونە کەنەدا، ئوسترالیا، ئەمریکا، فەرەنسا و بەشێکیشیان لە بەریتانیان، ئەمە مەسەلەیەکی سیاسی نییە لە بەریتانیا. بابەتی کریستیانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەسەلەیەکی گەورەی سیاسی نییە لە بەریتانیا. گفتوگۆیەک لەنێوان کڵێسەکاندا هەیە. لە کڵێسەکەی من لە بەریتانیا، هەموو هەفتەیەک نوێژ بۆ چارەنووسی کریستیانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت، بەڵام وەکوو کێشەیەکی سیاسی وجودی نییە. پرسیارەکەی دیکە چی بوو؟ گۆڕانکاری.. گۆڕانکاری، پێم وایە چارەنووسی.. من هەمیشە دەڵێم چارەنووسی ئێراقییەکان لەدەست ئێراقییەکان خۆیاندایە. چارەنووسی ئێراق لە دەستی خۆتاندایە. ئەمە بەو مانایە نییە کە دەرەوە هیچ کاریگەرییەکی نییە، کاریگەریی لە دەرەوە هەیە، بەڵام...
لیڤیار سامی پزیشک لە کەرکووک: من پزیشکم، ناوم لیڤیار سامی-یە لە کوردستانم خەڵکی پارێزگای کەرکووک. بەهۆی ئەوەی خەڵکی کەرکووکم، دەمەوێت لە ساڵی 2017ەوە دەست پێبکەم. بە دڵنیاییەوە دەزانیت چی ڕوویدا. داگیرکارییەکەی 16ی ئۆکتۆبەر. بۆیە دەڵێم داگیرکاری، چونکە ئەو کات پێشمەرگەی لێبووە و بەبێ جیاوازی بەرگریی لە هەمووان کرد و قوربانی زۆری دا. ئێوە ئەو کات، بۆچی حەشدتان لە دژی کورد هاندا، ئەمە لە کاتێکدایە کەرکووک لەناو کوردستانە. پرسیاری دووەمم، بریتش پێترلیۆم لەو کاتەدا، کە مەبەستم ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەرە، ڕۆڵی لە کەرکووک چی بوو؟ دەکرێت بە ئەرک نەبێت بۆمان ڕوون بکەیتەوە؟
ستیڤن هیچن: پێم وایە بەڕێزت دەتەوێت ڕامکێشیتە ناو کێڵگەی مین، بەڵام با دیپلۆماسیانە و لە هەمانکاتدا ڕاشکاوانەش هەوڵێک بدەم. قەیرانی داعش زۆر شتی لە ئێراقدا گۆڕی. ڕاستە دەریا داعشی لە موسڵ و کەرکووک و ناوچەکانی دیکە هەڵلوشی، بەڵام ئەو دۆخەی دواتر بینیمان هەمان ئەوەی جاران نەبوو.. زۆر شت گۆڕان. بوون و کاریگەریی حەشدی شەعبی لە هەندێک ناوچەدا و ئەو میلیشیایانە، پێش هاتنی داعش وجودیان نەبوو. یەکێک لە لێکەوتەکانی داعش، بۆ نموونە وجودی حەشدی شەعبی و میلیشیا بوو لە دەشتی نەینەوا. ئەمانە پێشتر نەبوون، هەر شیعەش لەو ناوچانە نەبوون یان زۆر کەم بوون. یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومەتی ئێراق ئەوەیە چۆن مامەڵە لەگەڵ بوونی ئەم میلیشیایانە دەکات؟ نە تەنیا لە دەشتی نەینەوا و کەرکووک، بەڵکوو لە جەرف ئەلسەخر و ناوچەکانی دیکەش، لە موسڵیش. چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمە دەکەیت؟ پێم وایە ستراتیژی حکومەت و دەوڵەت بۆ دەورەدانی میلیشیاکان، 2017 بوو، پێم وایە کە میلیشیاکان ڕاکێشرانە ناو دەوڵەتەوە و مووچەیان بۆ دیاریکرا، باشە لەمە تێدەگەین. ئەگەر بەراوردی نێوان 2017 و 2004 بکەین، لە 2004 ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان گەڕانەوە ماڵەکانیان، لە سوپا نەمان، بەڵام چەکیان بەدەستەوە بوو، بۆیە بڕیاری هێنانی میلیشیاکان بۆ ناو حکومەت لۆژیکییە، بەڵام ئەگەر یەکێک لە حەشدی شەعبی کە مووچە وەردەگرێ، دەبێت ملکەچی فەرمانیش بێ. سەرباز مافی ئەوەی نییە بڵێ بەگوێی ئەم فەرمانە دەکەم بەڵام ئەمەیان نا. ئەمە نە سرووشتییە و نە لۆژیکییە، بەڵام دیارە ئەمەش کاتی دەوێت و پێویستە واقیعی بین. لەخۆگرتنی میلیشیاکان لەلایەن دەوڵەتەوە، میلیشیاکان لە 2003 وە لەسەر گۆڕەپانی ئێراق هەر هەبوونە. لەخۆگرتنی تەواوی میلیشیاکان و دانانیان لەژێر فەرمانی سوپا و سەرۆکوەزیران پێویستی بە کات هەیە. ڕۆڵی کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیۆم کە لە کەرکووک بوو، ئەو کۆمپانیایە بەتەواوی لە سیاسەت دوورە. کارمەندانی بریتش پێترۆڵیۆم نایانەوێ سیاسی بن و نزیک بن لە سیاسەت، تەنیا دەیانەوێت سەقامگیریی ئەمنی و ئیداری هەبێت. ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانن لە کاری دەرهێنانی نەوت و ڕاهێنانی ئێراقییەکان و کارمەندانیان بەردەوام بن. بریتش پێترۆڵیۆم کۆمپانیای حکومەت نییە، بەڵام پێم وایە وەکوو ئێراق پێویستتان بە هەندێک کۆمپانیای بیانی هەیە کە ببنە هاوبەشی کۆمپانیا ئێراقییەکان و ئەویش یەکێکە لەوانە.
محەمەد ئەبولهێل لە دیوانییە: دیوانییە یەکێکە لە ناوچە مێژووییەکان. یەکەم شوێنە پەرتووکخانەی هەبووە، هەروەها یەکەم شوێن بوو خوێندنەوە و فێربوون تێیدا دەستی پێ کرد. پرسیارەکەم بەم شێوەیەیە؛ بەریتانیا چۆن کار دەکات بۆ ناساندنی شوێنەوارە مێژووییەکانی دیوانییە لەسەر ئاستی جیهان بەتایبەتیی پێدانی دەرفەت لە پێناو چونە نێو لیستی کولتووریی جیهانی. پرسیاری دووەمم، ئەگە خرایە لیستەکەش، ڕۆڵی ئێوە چی دەبێت. بۆ بەهێزکردنی گەشتیاری کولتووری لە دیوانییە؟
ستیڤن هیچن: ئەو پرسیارەی تایبەتە بە کولتوور و شوێنەوار و گەشتیاری لە دیوانییە، پێم وایە ئەم وەڵامە بۆ هەموو پارێزگاکان دەبێت. ئێمە وەکوو بەریتانیا چەندین پڕۆژەمان هەن بۆ پارێزگاری لە کولتووری ئێراق بە بینراو و نەبینراوەوە. بەداخەوە لە ماوەی ڕابردوودا دەرفەتی ئەوەمان نەبووە سەردانی هەندێک لە پارێزگاکان بکەین. بەڵام ئێستا وەکوو ئەم سەردانەی ئەمڕۆم بۆ بەسرە و پێشتریش چووم بۆ سامەڕا و چووم بۆ حیللە و زۆر شوێنی دیکەی ئەم وڵاتە جوانە، بەڵام پارێزگاکانی ناوەڕاست هەتا ئێستا سەردانم نەکردوون. جەنابی سەرۆکوەزیران زۆر پێداگری دەکات کە بچم بۆ میسان، پشتیوان بەخوا سەردانتان دەکەم. نامەوێت بڵێم هەموو شتێک لە ئێراق ڕزگار دەکەین، ئەمە ئەرکی دەوڵەتی ئێراقە، پێم وایە هەندێک جار، کاری گونجاو ئەوەیە ڕۆشنایی بخەینە سەر هەندێک بژارە لە بەردەم حکومەت، پڕۆژەی ڕاستەوخۆ نا، وەکوو دەڵێن خەڵکی مەککە کاروباری خۆیان باشتر دەزانن، ئێوەش خۆتان هەموو چارەسەرەکان دەزانن، هەموو وەڵامەکان لای ئێمە نین، بەڵام دەتوانین خەڵکی شارەزا بهێنین و دەشتوانین گەشتیاران هان بدەین، بەڵام کێشەی گەشتیاری ئەوەیە پشت بەئارامی و ئاساییشی وڵات دەبەستێ. بێگومان ڕەوشی ئەمنی 100 جار لە جاران باشترە، بەڵام هێشتا هەڕەشە لە بەریتانییەکان هەر هەیە. تەنانەت هەڕەشە لەسەر منیش هەیە. هەندێک میلیشیا ئێمەیان خۆشناوێ، بۆیە زەحمەتە بۆ نموونە خزمەکانی خۆم هان بدەم سەردانی ئێراق بکەن ئەگەر هەڕەشە هەبێت. جا ئەمە بەشێکە لە کێشەی ناکۆنترۆڵی ئەمنی و نەبوونی کۆنترۆڵ لەسەر بڵاوبوونەوەی چەک، بەڵام پشت بەخوا چاوم لەو ڕۆژەیە کە گەشتیاران بە ژمارەی زۆر بگەڕێنەوە بۆ سەردانی ئەم وڵاتە جوانە.
مورتەزە ساڵح لە واست: هەر لەم کەناڵەدا لێدوانێکتان هەبووە و تێیدا باسی ئەوەتان کرد کە تەقاندنەوەی 25 کگم تەقەمەنی پەیام نەبووە. لە لێدوانێکی دیکەتان لە پانێلێکی ناوەندی ڕافیدەین لە نەجەف باستان لەوەکردووە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی خاڵی لاوازی ئێراقە. بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەبینین دەوڵەتی ئێوە پشتیووانی لە (میلیشیای پێشمەرگە لە باکوور) دەکەن. ئەم دووفاقییە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
ڕووداو: ببوورە، ببوورە، پێشمەرگە میلیشیا نییە.
ستیڤن هیچن: ئەوە کێشەی نێوانتانە.
ڕووداو: ئۆۆۆۆۆ ئەوە سیاسەتی بەریتانیایە.
مورتەزە ساڵح: لە هەردوو حاڵەتدا بەڕێز باڵیۆز هێزەکان دەبێت. لەژێر فەرماندەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان بێت. جا ئەگەر پێشمەرگە بێت یان حەشدی شەعبی. لە هەمان کاتدا پاڵپشتی لە سوودانی دەکەن، ئاخۆ ئەمە ڕێککەوتنێکی هەرێمییە یان بە قەناعەتەوە دەیکەن؟
بێستوون عوسمان: یەک خاڵ هەیە حەز دەکەم ڕوونی بکەمەوە وەکوو کوڕە پێشمەرگەیەک من ئەوە دەڵێم من بە ڕەحمەت بێ باوکم لە ساڵی 1974لە شۆڕشی کوردستان بوو وەکوو کوڕە پێشمەرگەیەک ئەوە دەڵێم کە پێشمەرگە هەم بەپێی دەستووری ئێراقی کە لە ساڵی 2005 زۆربەی زۆری ئێراقیەکان دەنگیان بۆ دا بە کوردستانیشەوە ، هەم بەو خەباتەی کە سەد ساڵە دەیکات بۆ ئازادیی وڵات هێزێکی نیشتمانیی ڕێزلێگیراوە، کاتێک 2003 پۆڵ بریمەر هات و ئەو وشەیەی بەکارهێنا کە تۆ ئێستا بەکارتهێنا بۆ پێشمەرگە، لەو کاتەدا سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ئەو وەڵامەیان دایەوە کە پێویست بوو، بۆیە تاوەکوو ئێستا پێشمەرگە ماوە و هەر دەشمێنێت وەکوو بەشێک لە هێزەکانی پاراستنی هەموو ئێراق بەپێی دەستوور و وەکوو هێزێکی نیشتمانی کوردستانیش کە بە بەردوامی ژیانی خەڵکی پاراستووە، حەزم کرد ڕوونی بکەمەوە بۆت.
ستیڤن هیچن: کاتێک وتم بۆمبێک بە 25 کیلۆگرام تەقەمەنییەوە پەیام نییە، ئەوە ئەو کاتە بوو کە هێرش دەکرایە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان. هاوپەیمانان کە لە ئێراقن، لەسەر داخوازیی حکومەت لێرەن. لەو کاتەدا دەنگی وا هەبوون کە دەیانوت ئەوە هێرشێکی جیدی نەبووە، تەنیا پەیامێکی ئاگادارکردنەوە بووە لە میلیشیاکانەوە بۆ هاوپەیمانان. منیش لەو کاتەدا وتم بۆمبێک بە 25 کیلۆ تەقەمەنییەوە ناکرێت پەیام بێت، بەڵکوو هەولێکی جدییە بۆ کوشتن، بەکردەوەش ڕوویدا و سێ ئەمریکی کە هاتبوون بۆ ئەوەی هاوکاریی ئێراق بکەن، بەدەستی میلیشیای ئێراقی کوژران. ئەوە پەیام نەبوو. تەرمەکان گەڕێنرانەوە بۆ خێزانەکانیان لە ئەمریکا. خەڵکێک کە لەسەر داوای حکومەتی ئێراق گەیشتبوونە ئەم وڵاتە، بەدەستی میلیشیا کوژران. ئەوە پەیام نەبوو.. پەیام نەبوو. بۆ خاڵی دووەمت، بوارم بدە بیرۆکەی خۆم ڕوونبکەمەوە. حەشدی شەعبی بەشێکە لە حکومەت، میلیشیاکانی دیکە کە دەکەونە دەرەوەی حەشدی شەعبی، ببوورە حەشدی شەعبی بەشێکە لە دەوڵەت نەک لە حکومەت.. وەکوو وتم تۆ ئەگەر لە حەشدی شەعبی بیت، کەواتە بەشێکی لە سوپا و سەربازیش بژارەی نییە. سەرباز ملکەچی فەرمانە. سەربازێک لە سوپا ئەگەر فەرمانی فەرماندەکەی خۆی ڕەتبکاتەوە، ئەوە بە هەڵگەڕانەوە هەژمار دەکرێت و ئەمە بۆ حەشدی شەعبیش هەر ڕاستە. میلیشیاکانی دیکە کە چەکیان هەیە، ئێستا وەکوو سەرەتا نین، لە 15 ساڵ لەمەوبەرەوە سوپای مەهدی کە ئەو کاتە ئێمە لە بەسرە بووین، سوپای مەهدی بووبووە ئاڵنگارییەکی گەورەی بەردەم شکۆی دەوڵەت و سەرچاوەی قەیرانێکی ئەمنی لەسەر ئاستی ناوخۆ. ئەو میلیشیایانەی ئەمڕۆ کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتن، بوون بە کێشەیەکی نێودەوڵەتی. کێشەی نێودەوڵەتی لەوانەیە بەبێ ئارەزووی خۆتان و بەبێ ئارەزووی سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردرا و بتانئاڵێنێتە چەندین کێشەی نێودەوڵەتی و تەنانەت جەنگیش. ئەمە گرنگترین پرسیاری بەردەم دەستەبژێری سیاسییە: ئاشتی یان جەنگ؟ بەدەستی خۆیان نییە.. میلیشیا دووربخەنەوە.. میلیشیا دووربخەنەوە، چونکە ئەمە خاڵێکی لاوازییە و دەوڵەت لەرزۆک دەکات. برایانی پێشمەرگە بەگوێرەی دەستوور میلیشیا نین. ئەمە بەپێی دەستوور. لەوە زیاتر درێژەی نادەمێ.
سوکونە لە بەسەرەوە: ئێوە ڕستەیەکتان وت منیش لای خۆم تۆمارم کرد. گوتتان شارەکەتان جوانە، بەڵام کێڵگەی مینە. ڕاستە وڵاتەکەمان جوانە ڕاستە کێڵگەی مینە بە بەڵگەی ئەوەی لەوەتەی لە 2003وە هێزەکانی بەریتانیا لە بەسرەیە و ئەو زەرەر و زیانەی بە شارەکە کەوتووە لە ئەنجامی پاشماوەی بۆمب و مینەکان زۆرن. لەمبارەیەوە پرسیارم هەیە و هیوادارم وەڵامتان هەبێت.. یەکەم بۆچی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا نەخشەی مین و پاشماوەی تەقەمەنییە بەجێهێڵدراوەکانی بەریتانی پێشکەشی حکومەتی ئێراق نەکرد بۆ ئەوەی بە ئاسانی پووچەڵ بکرێتەوە و جۆرەکانیشی بزاندرێن کە بووە هۆی گیانلەدەستدان و کەمئەندامبوونی خەڵکێکی زۆر. پرسیاری دووەمم؛ بۆچی هێزەکانی بەریتانیا هاوکاری ئێراقی نەکرد لە کێوماڵکردنی بۆمب و مینەکان. سەرباری ئەوەی لە ڕووی ئەندازیاری سەربازییەوە زۆر پێشکەوتووە؟ بوونی ئەم هەموو بۆمب و مینە کاریگەریی بەسەر ژینگەش هەیە. بەریتانیا بۆ بوونیاتنانی دۆخی خراپی ژینگە و کەشوهەوا چی کردووە پلانی هەیە شتێک بکات. لە کۆتاییدا ئەو پرسیارەش دەکەم، بەریتانیا بە نیازی کردنەوەی کۆنسوڵخانەیە لە بەسڕە؟
ستیڤن هیچن: ماشائەڵڵا پرسیارەکانی لە زاخۆوە هەتا زوبێر بوو. سوپاس بۆ پرسیارە هەمەجۆرەکانت. مەسەلەی کێڵگەی مین، بە خاڵێکی وەرمەگرن، ڕەنگە گونجاو نەبووبێ، بەڵام مەسەلەی مین، ئەوەش بەشێکە لە پاشماوەی کۆمەڵێ جەنگی جیاواز کە بۆ ئێوە بەجێماون. بەڕاستیش زۆرینەی ئەو مینانە کە ئێستاش لە ئێراقدا ماون، پاشماوەی جەنگی ئێراق ئێرانن لە ساڵانی هەشتاکان و بەشێکیشی هیی سەردەمی داعشە. لە 2016 وە، لە چوارچێوەی قەرزێکی بەریتانیا بۆ دەوڵەتی ئێراق، بەشێک هەبوو بۆ ئەوەی بە هاوکاریی کۆمپانیا بەریتانییەکان هەموو ئەو مینانە هەڵبگیرێنەوە. ئەمە ماوەیەکی درێژ مایەوە، چونکە کێشەی دیکەش هەبوون، کێشەی کۆرۆنا هەبوو، ئاڵۆزیی دیکە هەبوون، بەڵام من وەکوو بەشێک لە کارە لەپێشینەکانی خۆم وەکوو باڵیۆز، لەگەڵ جەنابی وەزیری ژینگە و برایانی ئەو وەزارەتە، خەریکی ڕێکخستنی کاروبارەکان بووم بۆ ئەوەی پارە بۆ خاوێنکردنەوەی ئەو ناوچانە تەرخان بکرێ. ئەمە پێویستی بە کار بوو، ئێمەش کارمان لەسەر دەکرد. پرسیارەکەی دیکە... بەڵێ کونسوڵخانە. کونسوڵخانەی بەریتانیا پێم وایە هەتا 2011-2012 هەبوو، پاشان دامانخست. ئێستا ئێمە لە سەردەمێکی نوێداین. سەردەمی داعش نا، لە سەردەمی داعشدا تاکە کاری لەپێشینی ئێمە لە ئێراق بە نیسبەت ئێمە و ئێوەش هەروەها، بریتی بوو لە شکستهێنان بە داعش، بۆیە ئەو کاتە پێویستمان تەنیا بە باڵیۆزخانەیەک هەبوو، باڵیۆزخانەیەک و کونسوڵخانەیەکیش لە هەولێر بۆ ئەوەی لەگەڵ کورد بەشدار بین. ئێستا دەچینە سەردەمێکەوە، دەتوانم بە پڕکێشییەوە بڵێم: ڕەنگە پشت بە خوا گرنگتریش بێت لە ئاساییش. مەڵبەندی بازرگانیی ئێراقیش کوێ دەبێت؟ بەسرەیە. بۆیە هەلی زۆر لێرە لە بەسرە هەن. بۆ منیش ئەمە جاری دووەمە لە ماوەی دوو سێ مانگدا کە سەردانی بەسرە دەکەم.. زۆر سوپاس.. ئێمە لە سەردانی بەردەوامدا دەبین بۆ بەسرە، چونکە هەلی زۆر هەن و پڕۆژەی هەمەجۆر هەن و پشتیوان بەخوا هەندێک لەو پرۆژانە لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەکەونە بەرچاو. دواتر سەیر دەکەین، ئەگەر بریتش پێترۆڵیۆم لێرە بێت و قوتابخانەی بەریتانی هەبن و پڕۆژەی هەمەجۆر هەبن، ڕەنگە ئەمانە ببنە پاساوێک بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی کونسوڵخانە.
دیار لە سلێمانییەوە: من خاوەن بڕوانامەی دبلۆم لە بواری شیکاری نەخۆشییەکان و خاوەنی چەند داهێنانێکم کە چەند داهێنانێکیان لە وڵاتی بەڕێزتان دەنگدانەوەی هەبوو. پرسیاری یەکەمم ئەوەیە ئایا لە وڵاتەکەی تۆدا کەسێک هەبووە کە خۆبەخشی بکات بۆ ماوەی هەشت ساڵ بێ ئەوەی هیچ پاداشتەکی هەبێت. یاخوود مافێکی بدرێتێ؟ پرسیاری دووەمیان دەربارەی ژیانی تایبەتیتە ئەگەر، هەوادارم نەگاتە ئەو ڕادەیە پێویستت بێت بچیتە نەخۆشخانەیەک لە کوردستاندا دەچیتە نەخۆشخانەیەکی حکومی یان نەخۆشخانەیەکی تایبەت؟
ڕووداو: لە ئێراق دەچیت بۆ نەخۆشخانە ئەگەر پێویستت بێت؟
ستیڤن هیچن: ئەگەر بە ڕاستی پێویستم پێی بێت، بەڵێ، دەچم. پێم وایە پەیوەندیی بە دۆخەکەوە دەبێت. خۆی ئەو شێوازەی ڕێکمان خستووە ئەوەیە ئەگەر شتێکی گشتی بێت، دەبێت. بچمەوە بۆ بەریتانیا. ئەگەر شتێکی لەناکاو بێت، خۆیان دەمنێرنەوە بۆ بەریتانیا. لە بەریتانیا کە کچی یەکەمم لە دایک بوو، لە ئینگلتەرا لە دایک بوو و پزیشکەکە ئێراقی بوو. کچی دووەمم لە کوێت لە دایک بوو و پزیشکەکە هەر ئێراقی بوو. بۆیە بە تەواوەتی متمانەم بە پزیشکی ئێراقییە.
سومەیە لە هەولێر: من سومەیە ڕەشید کچی پێشمەرگەیەکم لە یەکێک لە گوندەکانی هەولێرەوە هاتووم. بەخێرهاتنی بەڕێزتان دەکەم و پرسیارەکەی من سووک و ئاسانە، خۆتان دەزانن هەڵبژاردنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نزیک بووەتەوە، ئایا حیکمەت لەوەدا چی بوو کە بەڕێزتان لایەنی سیاسی خۆتان ئاشکرا کرد بە سەردانێکی فەرمی بۆ لای لاهوور شێخ جەنگی لە ماوەی ڕابردوودا.
ستیڤن هیچن: سوپاس. خۆشحاڵم کە پێت گەیشتم. پرسیاری ئاسان ئەوەیە کە هاندەری چ یانەیەکی ئینگلیزییت؟ پرسیاری ئاسان ئاوایە. پێم وایە بە نزیکەیی چاوم بە سەرکردەی هەموو حیزبە کوردییەکان و ئەو کەسانە کەوتووە کە سەرۆکایەتیی لیستێک دەکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی کوردستان. بۆیە چاوم بە لاهوور و کاک بافڵ و قوباد و هەروەها نەوەی نوێ کەوتووە. بە نزیکەیی دیدارم لەگەڵ هەموو حیزبەکاندا کردووە. ئێمە واناکەین کە حیزبێک بەسەر حیزبێکی دیکەدا ڕەپێش ناخەین. ئێمە لە هەڵبژاردنەکانی ئێراقیشدا لایەنگری کەس نین. بێگومان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی و حکومەتەکەیدا کاردەکەم. لەگەڵ وەزارەتە جیاوازەکاندا کاردەکەم. کاتێک چاوم بە کەسێک دەکەوێت، ئەوە مانای وا نییە کە من هاوڕای بم. ڕەنگە لە کۆتایی دیدارەکەدا تویتێک بکرێت وێنەی من بێت لەسەر کورسییەک بە جلوبەرگی فەرمییە و بڵێت باڵیۆزی بەریتانیا چاوی بە فڵان کەوت و ئەم بابەتانەیان تاوتوێ کرد. باشە. بەڵام دەکرێت لە پشتی ئەو وێنەیەوە ڕازینەبوون هەبێت.. ڕەنگە لە پشتی ئەو وێنەیەوە گفتوگۆیەکی زۆر ڕاشکاوانە کرابێت. بۆیە ئێمە لایەنگری کەس ناکەین. نابێت ئێوەیش وای دابنێن کە من دیدار لەگەڵ کەسێک دەکەم، خۆبەخۆ وا بزانیت من پەسەندی دەکەم یان پشتگیریی دەکەم. ئەوە شتێکە کە هەموو سیاسییەکان هەوڵ دەدەن لە هەڵبژاردندا باشترین کاری خۆیان بکەن.
ئەڵوەند زنار لە دهۆک: دەمەوێ بۆچوونی بەڕێزت بزانم کە چۆن هەنگاوەکانی نێچیرڤان بارزانی دەبینی لە بەرقرارکردنی ئاشتی لە ئێراق و چارەسەرکردنی ئاڵۆزیی نێوان بەغدا و هەولێر؟ تۆ چۆن ڕۆڵی ئەو دەبینیت؟
ستیڤن هیچن: کاک نێچیرڤان دیپلۆماتێکی سرووشتییە. ئەو لە ڕێککەوتنی سیاسیدا زۆر باشە. ئەو تەنیا کەس نییە کە لەوەدا باشە. پێم وایە سەردانی کاک مەسروور و دواتریش کاک مەسعوود هەر زۆر گرنگ بوون. هەموو ئەو سیاسییانەی لە بەغدا چاوم پێیان کەوتووە خۆشحاڵ بوون بە بینینی کاک مەسعوود. هەروەها وتیشیان کە گفتوگۆیەکی تەواو ڕاشکاوانەیان کردووە. جا پێم وایە ئەوە زۆر گرنگە. هێشتا کێشەکان ماون. کێشەکانی بودجە وا دەردەکەون کە چارەسەر بووبن، بەڵام پێم وایە دادپەروەرانەیە کە بڵێم کێشە ڕاستەقینە قووڵەکە بۆ چەندین دەیە ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان پێیان وابووە ئەوەی بەغدا لاواز دەکات، من بەهێز دەکات. ئەگەر لە سەردەمی سەدامدا بووبن، گوتوویانە ئەوەی سەدام لاواز دەکات من بەهێز دەکات. لە هەندێک خاڵدا دەبێت. بازێکی زەینی هەبێت. کە بزانرێت گەشانەوەی ئێمە بە یەکدییەوە بەستراوەتەوە. پێم وایە ئەوە بۆ هەردوو لا هەنگاوێکی گەورەیە کە بینێن، چونکە مێژوویەکی دوورودرێژ هەیە و گەلێک سەختی هەبوون و زۆر کەس ئازاریان چەشتووە، بەۆیە زۆر قورسە متمانە بە دەرەوەی بازنەکەی خۆت بکەیت. پێم وایە سەردانەکەی کاک نێچیرڤان هەر زۆر باش بوو. هەروەها ئەوانەی کاک مەسروور و کاک مەسعوودیش زۆر گرنگ بوون. هیوادارم باشتربوونی دۆخەکە بتوانێت بە لای کەمەوە ببێتە دەستپێکی چارەسەری هەندێک لە پرسەکان. پرسی زۆر سەخت لەبارەی کەرکووک و نەینەوا و شنگال. ئەوانە هەموویان پێکەوە پەیوەستن. بۆیە چارەسەریان قورسە.
موحسین حەسەن حەجی: من لە شنگالی ماڵوێرانەوە لەگەڵتان بەشدارم، پیخۆشحاڵم بەڕێز ستیڤن لێرە ئامادەی و سوپاس بۆ بەرنامەی بێستوون تۆکیش کە ئەمڕۆ لێرە کۆمانبکاتەوە، وەک دیارە لە 3ی ئاب کە ڕۆژی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکانە لەو ڕۆژەدا هەڤاڵان، بەڕێز ستیڤن لەم ڕۆژەدا دیسان کول و برینەکانی ئێمە ئێزدییەکان دەکوڵێنەوەو نوێدەبنەوە، بەهێزترین دایکی ئێزدییان لەسەر گۆڕی ڕۆڵەکانیان دەگرین کە گیانی خۆیان لە پێناو ئایین و خاکی بەختکردوون سێ ئاب نەک بەتەنیا ئەمەیە، بەڵکوو سێ ئاب بۆ ئێمەی ئێزدییەکان ڕۆژێکی ڕەش بووە و جینۆسایدە و نەمانی ویژدانی مرۆڤایەتییە لای ئێمەی ئێزدی، هەروەها کوشت و تاڵانکردن و ڕفاندن و قوربەسەری بوو بۆ ئێمەی ئێزدی، ئەگەر ئێستا من پرسیاری خۆم لە جەنابت بکەم گوێ لەمن ڕاگرە، بەهەزاران منداڵی ئێمە گەنج و پیر و ژنانی ئێمە لەسەر دەستی گەورەترین تیرۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ناوی داعش بوو کە هاتنەکوشتن، یەکێک لەو قوربانییانە خاڵ و خاڵوژنی من بوو کە کوژران، من چۆن پشتڕاست بم کە ئێوە وەک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی گشتی و خاوەن وڵاتێکن کە بانگەشە بۆ مافی مرۆڤ دەکەن، چۆن پشتڕاست بم کە جارێکی دیکە ئێمەی ئێزدییەکان ڕووبەڕووی جینۆسایدێکی دیکە نابینەوە.
ستیڤن هیچن: سوپاس بۆ پرسیارەکەت. بە داخەوەم بۆ قوربانییەکانت. ئێزدییەکان ئازاری زۆریان چەشتووە. هەموو پێکهاتەکانی ئێراق لە سەردەمی داعشدا ئازاریان چەشتووە و هەموویان لە شکاندنی داعشدا قوربانییان داوە. ئێمە لە پشتیووانیی ئێوەدا بۆ بردنەوە لە دژی داعش ڕۆڵمان هەبووە. سەرکەوتنەکە هیی خەڵکی ئێراقە نەک هاوپەیمانان. پێم وایە شتە گرنگەکە ئەوەیە کە پێویستە بەرپرسیارییەتیت هەبێت.. پێم وایە ئەوەی لە جینۆسایدەکانی پێشوو و هاوشێوەی و کۆمەڵکوژییەکاندا دڵنیایی ئەوەیان داوە کە هەموو کەسێک لە بیردا دەمێنێتەوە. ئەوە هەر ئەوەندە نییە کە جینۆسایدێک ڕووی دابێت. هەموو کەسێک یادی بەزیندوویی دەمێنێتەوە. ئەوان لە هۆڵۆکۆست و لە ڕوواندا هەوڵی ئەمەیان دا. پێم وایە ئەمە ئەرکێکە. لێکۆڵینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یونیتاد کە ئێمە پشتیووانییان دەکەین و کۆتایی ئەم مانگە کۆتایی دێت. بەڵام هێشتا کار هەیە کە دەبێت. بکرێت. هێشتا لە نەینەوا گۆڕی بەکۆمەڵ هەن کە دەبێت. هەڵبدرێنەوە. ئەوەیش کارێکی قورس و ناخۆش و بۆ کەسانێک و تەنانەت بۆ حکومەت و وڵاتیش ناخۆشە ڕووبەڕووی ئەوە ببێتەوە کە ڕوویداوە. بەڵام پێم وایە ئەگەر ئێوە وەک کۆمەڵگە ڕووبەڕووی ئەوە نەبنەوە کە ڕوویداوە، ئەوا ناتوانن لە کۆتایی چیرۆکەکەدا بگەنە بەرپرسیارییەتی. ئێستا حکومەتی ئێراق داوای لە یونیتاد کردووە بڕوات. ئەوە بڕیاری حکومەتی ئێراقە و بڕیارێکی سەروەرانەیە. پێم وایە ناتوانین گرەنتتی بدەین، چونکە بە داخەوە ئەوە شتێکە لەنێو مرۆڤدا کە ئێمە لە تواناماندایە ئەم شتانە بکەین. هەر تەنیا لە نەینەوا نییە. تەنیا لە ئێراقیش نییە. لە شوێنە جیاوازەکانی جیهانیشدا دەیبینین. بۆیە گەرەنتی نییە. ئەوەی دەتوانین بیکەین ئەوەیە هەوڵ بدەین ئەو کەسانەی ئەمەیان کردووە بدەینە دادگە تا بیانخەنە زیندانەوە و لەمە بەردەوام دەبین. ئێمە لەنێو پۆلیسی بەریتانیا لە بەدواداچوون بەردەوام دەبین. بەردەوام دەبین لە لێکۆڵینەوە لە هەر تۆمەتبارێک، نەک تەنیا لە کەیسی ئێزدییەکاندا، بەڵکوو لە کەیسی سپایکەر و کۆمەڵکوژییەکانی دیکەیشدا. بۆیە زۆر بە داخەوەم بۆ زیان و قوربانییەکانتان. پێم وا نییە بتوانین ئەو گەرەنتییە بدەین. پێم وایە ئەوە شتێکە پەیوەندیی بە گەلی ئێراقەوە هەیە کە دڵنیایی بدات بەرپرسیارییەتی دەبێت، بە تایبەتیی دوای کۆتاییهاتنی یونیتاد. ئێستا ئەوە ئەرکی ئێراقە بیکات.
ڕووداو: بەڵام بە داخەوە هێشتا 70 هەزار خێزانی داعش هەن کە ڕەنگە ئێستا ئەندامی نوێی میلیشیاکان بن لە کەمپی هۆلدا کە ڕەنگە 50 کیلۆمەتر لە شنگالەوە دوور بێت. ئینجا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لەوێ نییە تا لێیان بپرسێتەوە.
ستیڤن هیچن: کێشەی داعش تەواو نەبووە. کێشەی داعش زۆر لە پێشوو باشترە، بەڵام تەواو نەبووە. پرسی باکووری سووریا و بۆشایی لە سووریا بۆ داعش تا خۆیان ڕێکبخەنەوە تەواو نەبووە. نازانم حکومەتی سووریا چۆن دەتوانێت ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێکبخات و بەڕێوەی ببات. حکومەتی سووریا ناتوانێت درعا بەڕێوەببات کە 50 میل لە دیمەشقەوە دوورە. ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات. ناتوانێت خزمەتگوزاریی پێبگەیەنێت. ناتوانێت لە درعا قوتابخانە بکاتەوە. چۆن دەتوانێت ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆنترۆڵ بکات؟ بۆیە بۆشایی بۆ داعش دەکرێتەوە تا خۆی ڕێکبخاتەوە. بە داخەوە، پێم وایە ئەم دۆخەی ئێستا لە ئێراق هەیە زۆر لە ئەم ساڵانەی ئاییندەی نێوخۆی سووریا باشترە. ئێراق تەنیا بەشێکی وێنەکەیە. سەیرم لێ دێت کە پرسیار لەبارەی هاوپەیمانانەوە نەکرا. پێم وایە هاوپەیمانان کۆتاییان دێت، بەڵام هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لە سۆماڵ و بەشەکانی دیکەی ئەفریقا و لە سووریا پێویستە بەردەوام بێت، گەرچی لە ئێراق کێشەکە زۆر لە پێشوو باشتر بێت.
عومەر عادل لە تکریت: ڕۆڵی سەرەکیی باڵیۆزەکان، نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکانیانە لەناو وڵاتی میوان و جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکانیانە لە ئێراق. بەڕێز باڵیۆز، ڕۆڵتان چی بوو لە کۆبوونەوەی نێو ماڵی شەعلان کەریم کە ژمارەیەک پەڕڵەمانتاری سوننە ئامادەی بوون؟ ئایا بابەتەکە پەیوەندیی بە خێراکردن بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەڕڵەمان؟ پێتانوانییە ئەمە دەستوەردانە بۆ نێو کاروباری ناوخۆی وڵات و لاوازکردنی سەروەرییەکەی؟
ستیڤن هیچن: بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی ڤیەننا، ئەو ڕێککەوتننامەیە بنەمای کاری دیپلۆماسییە، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتننامەیە، دیپلۆماتکار لە هەر وڵاتێکدا مافی ئەوەی هەیە لەگەڵ هەموو خەڵک قسە بکات نە تەنیا لەگەڵ وەزیرەکان و یان.. دەتوانین لە بەریتانیا، لە فەرەنسا بە وڵاتەکەدا بگەڕێین، ئەمەش لەبەر چەندین هۆ، یەکێک لەوانە قووڵکردنەوەی تێگەیشتنە لەو وڵاتە. من بەڕاستی لە 2013 و 2014 سەردانی ئێراقم کردووە. لەو سەردەمەدا، تەنیا دەرفەتی ئەوەمان هەبوو لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا قسە بکەین. بەرپرسانیش لە بەغدا بەمنیان دەوت هەموو شتێک لەژێر کۆنترۆڵە.. هەتا هەفتەیەک پێش کەوتنی مووسڵ هەر دەیانوت هەموو شتێک لەژێر کۆنترۆڵە، بۆیە ناتوانین بە تەنیا پشت بە دیدگای سیاسەتکاران و بەرپرسانی گەورە ببەستین. بە دڵنیاییەوە بەشێک لە وێنە گرنگەکە دەبینن، خۆی بەڕاشکاوی وێنە گەورەکە لای ئەوانە. بەرپرسان لە وەزارەتەکان ئاماریان لەبەردەستە و وێنە گەورەکەیان لەلایە، بەڵام ئێمەش لە ڕێی گفتوگۆوە لەگەڵ ئێوە بەشێکی وێنەکە وەردەگرین. پارێزگارێک، هاووڵاتییەکی ئاسایی لە بەسرە یان لە زوبێر دۆخەکە لە گۆشەی خۆیەوە دەبینێ. ئەوەی مووسڵ لە گۆشەیەکی دیکەوە. لە سەڵاحەدین دۆخەکە لە گۆشەیەکی دیکەوە دەبینن، بۆیە ئێمە تێکەڵی خەڵک دەبین بۆ ئەوەی تێگەیشتنی خۆمان قووڵتر بکەینەوە. شێخ شەعلان هاوڕێمە، لە سەڵاحەدینیش کە سەردانم کرد، ئەوە لە چوارچێوەی سەردانێکمدا بوو بۆ پارێزگاکە و ئەویش وەکوو سەرۆک عەشیرەت نزیکەی 100 کەسی لە سەرۆک هۆزەکانی ئەو ناوچەیەی کۆکردەوە. لەو دانیشتنەدا گوێم لە تێڕوانینی ئەوان گرت دەربارەی کاروباری پارێزگاکە و هەروەها تێڕوانینیان بۆ ڕەوشی ئەمنی و ئابووری و کولتووری لە ئێراق. ئەوە بەو مانایە نییە کە کاریگەرییان لەسەر من داناوە. من تەنیا گوێم لە ڕا و بۆچوونی ئەوان گرتووە لەو دانیشتنەدا. کەواتە شتەکە لەبەر ئەوە نەبوو کە ئێمە لایەنگری لە شێخ شەعلان دەکەین، یان ئێمە دژی شێخ شەعلانین. ئەم دیدارانە هەلێکن بۆ ئەوەی تێکەڵی خەڵک بین هەروەکوو ئەوەی ئەمڕۆ کە دەرفەت ڕەخساوە بۆ ئەوەی تێکەڵی ئێوە بم و لێتانەوە فێر ببم. وەکوو وتم خەڵکی مەککە کاروباری خۆیان باشتر دەزانن، ئێمە وەکوو بیانی، بەڕاستی وڵاتەکەتان وڵاتی ئاڵۆزییە.
ڕووداو: کام بیانی وەک ئەوەی ئێستا گەڕاوەتەوە لە عەمارە؟
ستیڤن هیچن: وڵاتی شتی سەیر و سەمەرەیە و پێویستمان بەوەیە خەڵک دیدگا و تێڕوانینی خۆیانمان بۆ باس بکەن، بەتایبەتیی لە وڵاتێکی ئاوا هەمەڕەنگدا. وڵاتێکی هەمەڕەنگ کە هەمووان بە ئێزدی و کریستیان و تورکمان و سوننی و شیعی و.. ماشەڵاتان لێبێ هەمووتان لە یەکدی جیاوازن. بێگومان ڕای جیاوازتان هەیە و ئێمەش دەمانەوێ گوێ بگرین و کەڵک وەرگرین و فێربین.
ڕووداو: دوایین پرسیارم بۆ تۆ. پێتوایە دوای تۆ بۆ بەرنامەی دواتر دەبێت. کێ لەسەر ئەو کورسییە دابنیشێت؟
ستیڤن هیچن: زۆر کەس هەن کە دەتوانم بیریان لێ بکەمەوە. ئەو کەسەی حەز دەکەم لێرە دابنیشێت و خەڵک پرسیاری لێ بکەن، کەسێکە زۆر شتی باشم لە بارەیەوە گوت، کاک نێچیرڤان بارزانییە کە پێم وایە کەسێکی زۆر باش دەبێت. لێرە دابنیشێت. بە دڵنیاییەوە سەیری ئەو بەرنامەیە دەکەم. پێت دەڵێم کە کێی دیکەیش زۆر باش دەبێت. ئەویش کوردێکی دیکەیە و کاک بافڵ تاڵەبانییە. پێم وایە ئەویش کەسێکی زۆر باش دەبێت.
ڕووداو: بەڵام لە هەولێر.
ستیڤن هیچن: جارێکی دیکە دەمخەیتە کێڵگەی مینەوە ... بۆ کەسی سێیەمیش، لەبەر ئەوەی لە بەسرەم و کەسێک کە حەز دەکەم دواتر بیبینم و پێم وایە کەسایەتییەکی زۆر گرنگی ئێراقە، ئەویش شێخ حەسەن عەیدانییە. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!