چاپەمەنی مانگ؛ یەکێکە لە ناوەندەکانی چاپکردنی پەرتووک و بڵاوکردنەوەی پەرتووک لە شاری #مەهەباد# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
سەرەکیترینی ئەو پەیڕەوانەی کە مانگ وەک شێوازی کاری خۆی ڕەچاویان دەکات بریتین لە:
1- (مانگ)لە چاپ و بڵاوکردنەوەدا گرینگی دەدات بە بابەتی پێشکەوتوو و مۆدێرن و بە تایبەت لە بواری:
ٲ) هونەر و ئەدەبیات.
ب) بەشی منداڵان و تازەلاوان.
ج) زانستی مرۆیی. بڕیارە هەریەک لەو بەشانەش لە چوارچێوەی گەڵاڵەیەکی جیاوازدا پێناسە بکات و بڵاویان بکاتەوە.
2-هەر بەرهەمێکی چاپکراو لە مانگدا دەبێت خۆی بدات لە قەرەی بەرهەمەکانی هاوشێوە لە زمانەکانی دیکەدا.
بەو واتایە ئەگەر بەرهەمەکە داهێنان بێت دەبێت ئاستی بەرز بێت، بۆ وێنە لە بواری زانستی مرۆییدا دەبێت لانی کەم ئەو بەرهەمە شێوازی ئاکادمیکی ڕەچاو کردبێت و دووپاتکەرەوە یان لاسایی کردنەوەی بەرهەمی ناو زمان و کولتوورەکانی دیکە نەبێت. ئەگەر بەرهەمەکەش وەرگێڕان بێت، وەرگێڕ دەبێت بە سەر هەر دوو زمانەکەدا زاڵ بێ و هەر دوو لایەنی زمانی ئەدەبی و زانستی ڕەچاو کردبێت و نابێت لاوازی بە هیچ یەک لەو لایەنانەوە ببینرێت.
3- (مانگ)گرینگییەکی تەواو دەدات بە بواری وەرگێڕان. لەو نێوەدا ئەوەی بۆ مانگ گرینگە وەرگێڕانە لە زمانی سەرەکییەوە یان لانی کەم لە زمانی ئینگلیزییەوە. چونکە هەروەک دەزانین لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆربەی وەرگێڕانەکان بۆ سەر زمانی کوردی لە زمانی دووەمەوە بوون، هەر بۆیەش ئەمە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی مانگە و هێڵێکی سوورە کە بڕیارە نەیبەزێنێ.
4-منداڵان بەرهەمی دواڕۆژی ژیانن.
گرینگیدان بە ئاستی خوێندەواری منداڵان و دواڕۆژیان ئەرکی سەر شانی هەر دایک و باوکێکی فەرهەنگپەروەر و هەر خەمخۆرێکی زمان و کولتووری گشتییە.
هەر بۆیە فێرکردن و ڕاهێنانی منداڵان بە کولتووری خوێندنەوە و کاریگەریی دانان لەسەر سیستەمی پەروەردە کردنیان بۆ (مانگ)وەک یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکان و بەشێکی چالاکی چاپەمەنی دێتە ئەژمار. “مانگ” لەم پێناوەدا هەوڵ دەدات بەرهەمی باشی منداڵان چ هیی نووسەرانی کورد یان دەقی وەرگێڕان، بە کواڵیتی بەرزەوە لە چاپ بدات و پێشکەش بە منداڵانی وریای کوردستانی بکات.
5-یەکێک لە کێشەکانی بەردەم دیاردەی خوێندنەوە و ڕۆشنبیری نەک هەر لە کوردستان بەڵکوو لە زۆربەی وڵاتانی هاوشێوەدا، شێوەی بڵاوکردنەوە و دەستپێڕاگەیشتنی پەرتووکە. کە ئەم بەشە لە وڵاتی ئێمەدا و لە کوردستان زۆر لاوازە تا ئەو جێیەی کە پەرتووکە چاپکراوەکان تەنیا بە سەر چەند فرۆشگای پەرتووکی دیاریکراودا دابەش دەکرێن و دەستی خوێنەر زۆرجار بە پەرتووک ڕاناگات و هەر بۆیەش لێیان بێبەشە. مانگ هەوڵ دەدات کە چاپکراوەکانی خۆی لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا بڵاو بکاتەوە و بیانگەیەنێتە دەست خوێنەری کورد.
چ لە ئێران و چ لە هەرێمی کوردستان. لەم پەیوەندییەدا مانگ سەرەڕای ئەوەی کە بەرنامەیەکی تۆکمەی هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی پەرتووک بە سەر فرۆشگاکانی پەرتووکدا، داوا لە تەواوی فرۆشیارانی خوازیاری پەرتووک لە سەرجەم کوردستان و دەرەوە دەکات کە پەیوەندی پێوە بکەن و مانگیش هەوڵ دەدات بە ئاسانترین شێوە بەرهەمەکانی بگەیەنێتە دەستیان.
6-یەکێک لەو هۆکارانەی کە بووەتە هۆی ئەوەی نووسەر و وەرگێڕی کورد دڵسارد بێت لە کاری نووسین و گرینگی پێ نەدات، بایەخ نەدان بە بەرهەم و ئەرک و ماندووبوونیانە. زۆربەی کات مافی نووسەرەکان و وەرگێڕەکان فەوتاوە و لە ئاکامیشدا گەلێک جار بەسەرهاتی پەرتووکەکان تەنیا بە چاپێک کۆتایی هاتووە و لەم نێوەشدا ئەوەی هەمیشە نادیارە مافی خاوەن بەرهەمە. لەم ئاڕاستەیەدا “مانگ” چاوەڕێی کاری بەلاش لە هیچ کەس ناکات و هەر کەسێک لە (مانگ)بەرهەمی چاپ بکرێت گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ دەکرێت و بەپێی تیراژ و نرخی پشت بەرگی پەرتووک، نووسەر پاداشی خۆی وەردەگرێ. بەو هیوایە کە ئەم ڕەوتە لە سەرجەم پانتایی چاپەمەنی و بڵاوکردنەوەی کوردیدا جێی خۆی بکاتەوە و چیتر مافی نووسەران بەفیڕۆ نەچێت. هەر بۆیەش لێرەدا (مانگ)داوا لە تەواوی نووسەران و وەرگێڕان و قەڵەمبەدەستانی بەتوانای کورد دەکات کە هاوڕێ و هاوکاری بن و لە بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانیدا ببنە یارمەتیدەری. هەروەها بۆ ئەو ئەرکەی کە گرتوویەتییە ئەستۆ، (مانگ)چاوەڕێی پەیوەندی نووسەر و وەرگێڕی کورد لە هەر شوێنێکی جیهان دەکات.
7-پێوەری مانگ بۆ هەڵسەنگاندن و چاپی پەرتووک خودی ئەو دەقەیە کە دێتە بەر دەست. هەڵبژاردنی پەرتووک بۆ چاپ پەیوەندی نییە بە کەسایەتی و تایبەتمەندی تاکەکەسی یان بۆچوونی سیاسی و ئایدۆلۆژییانەی نووسەرەوە.[1]