چاکەیەک دەکات و گووەکی لە تەنیشت دەکات
لە دوای ئەنجامدانی کارێکی باش، هەڵەیەک بکرێت کە ببێتە مایەی نیگەرانی و دڵ تووندی، بەکەسەکە دەوترێت: گوت تێکرد، ئیحسان مستەفا وەڵاشی لە ئاغاکانی گوندی (حەساری ڕۆستێ) بوو، کە زنجیرە چیای (حەساڕۆست) هەر لە حەساری #ڕۆستێ#-ەوە هاتووە، کە بەرزترین لوتکە شاخی باشووری کوردستان (هەڵگورد)ی لێیە، لە شاخدا لە ڕیزەکانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# دادوەری شۆڕشی کردووە و لە شاریش کاری پارێزەری دەکرد، بۆی گێرامەوە وتی: لە کۆندا هەندێک گەڕیدەی ئینگلیز و شاخەوان هاتبوونە گوندی حەساری ڕۆستێ و داوایان کردبوو چەند گەنجێکی چالاک پێش خۆیان بچنە سەر لوتکە شاخی هەڵگورد و ئاو و خۆراک و پێداویستی لەگەڵ خۆیان ببەن، دواتر ئەوانیش دێن، لەگەردی بەیانییەوە زۆر زوو گەنجەکان لەخە و هەڵدەستن و بە پشتە کۆڵەوە دەڕۆن و دەگەنە سەر لوتکە شاخەکە، لەبەر ئەوەی زۆر زوو هەڵساون و دەستیان بە ئاو نەگەیاندووە، کە دەگەنە سەر لوتکەکە یەکیان تەنگاو دەبێت و لەسەر دوندەکە خۆی بەتاڵ دەکات و پیساییەکی گەورەی پەپکەیی تووند دەکەنێت، بەبێ ئەوەی گوێ بەوە بدات پاشی کەمێکی تر میوانە ئینگلیزەکان دین و ئەوە نیگەرانیان دەکات، دوای ئەوە ئینگلیزە بیانییەکان دەگەنە سەر لوتکە شاخەکە، دەبینن کوڕە گەنجە کوردەکان زۆر بەڕێکوپێکی و ئازایانە لەکات و ساتی خۆیدا گەیشتوون، خوان و سفرەیان ڕاخستووە، زۆر دڵخۆش دەبن، بەڵام کە دادەنیشن یەک لە ئینگلیزەکان زۆر بە بۆن دەبێت دەپرسێت لەو دوندە بەرز و هەوا خۆشەدا ئەو بۆنە ناخۆشە چییە؟ ئەوانیش پێدەکەنن و یەکێک لەگەنجەکان دەست بۆ برادەرێکی درێژ دەکات دەڵێت: ئەوە فڵانە لێرە گووی کردووە و دەستی بەئاو گەیاندووە، ئینگلیزەکە دەڵێت: ئەنگۆی کورد کاری چاک دەکەن و دواتر گوی تێ دەکەن، ئەو سەربوردەیە ئەو ئیدیۆمەم پێ شیکردووەتەوە کە دەڵێت: چاکەیەک دەکات و گووەکی لە تەنیشت دەکات.[1]