(ڕێککەوتنی سەدە) وەک هەنگاوێکی چارەنووسساز!
#کارۆخ خۆشناو#
دوای (72) ساڵ لە هەڕەشە و گوڕەشە و ململانێ و شەڕ، دواجار وڵاتانی عەرەبی (یەک لە دوای یەک) سەرەیان گرتووە تاکوو پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا واژوو بکەن، چونکە بۆیان دەرکەوت کە ناتوانن بە شەڕ ئیسرائیل لە ناوبەرن، بۆیە ناچار بوون بە ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەڵبکەن، ئاشتییەک کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و لە چوارچێوەی نەخشە ڕێگای (ڕێککەوتنی سەدە) بەرنامەی بۆ داڕێژرابێت.
پڕۆژەی ڕێککەوتنی سەدە (صفقة القرن Deal of the Century) نەخشە ڕێگایەکە بۆ چارەسەرکردن و کۆتایهێنان بە کێشەی (فەڵەستین-ئیسڕائیل).
ئیدارەی ترەمپ لە سەرەتای دەست بەکاربوونییەوە، بەسەرپەرشتی جارید کۆشنێر (زاوا و ڕاوێژکاری ترەمپ) ئامادەکاری کردووە بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ پڕۆژەی (گرێبەستی سەدە) لەو چوارچێوەیەشدا لە (25 و 26ی حوزەیرانی 2019) لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن کۆنفرانسێکی ئابووری بەڕێوەچوو بۆ پشتیووانیکردن و زەمینەسازی (ئابووری) بۆ پڕۆژەکە.
دوێنێ (#15-09-2020#) لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکادا هەنگاوێکی تری چارەنووسساز لەژێر چەتری (ڕێکەوتنی سەدە) بەڕێوەچوو، بەسەرپەرشتی و چاودێری و بەشداری ڕاستەوخۆی ئەمەریکا، هەر سێ وڵاتی ئیسڕائیل و ئیماڕات و بەحرێن، ڕێککەوتنی ئاشتیان واژوو کرد، ڕێککەوتنەکە وەرچەرخانێکی مێژوویی گشتگیرە، بوارەکانی سیاسی و ئابووری و زانستی و سەربازی و ئەمنی و کولتووری و وزە دەگرێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ هەوڵدەدات (گرێبەستی سەدە) وەک ڕێکلام بۆ هەڵبژاردنی مانگی (11) بەکار بهێنێت بۆ ڕاکێشانی سەرنجی شەقامی ئەمەریکی و بەرزکردنەوەی لیڤڵی دەنگەکانی، بە مەبەستی هەڵبژاردنەوەی بۆ خولی دووەم و مانەوە لە کۆشکی سپی بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی ئەم پڕۆژیەوە نەخشەی چەند وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکاری بەسەردا بێت لەوانە: ئیسڕائیل، فەڵەستین، ئوردن، میسڕ.
پڕۆژەکە ئامانجی زۆری هەیە و ئەرکی زۆری لەخۆ گرتووە، لەوانە سنووردارکردنی هەژموون و هێزی هەر سێ وڵاتی نەیاری ئەمەریکا (چین و ڕووسیا و ئێران) هەروەها ڕێگری لە هیلالی شیعی و دابینکردنی ئاساییش بۆ ناوچەکە و شوێنگرتنەوەی ئەو بۆشاییەی کە ئەمەریکا درووستی دەکات لە کاتی کشاندنەوەی هێزەکانی لە ناوچەکە.
تاکوو ئێستا هەڵوێستی ئاشکرای فەڵەستینییەکان و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی دژی گرێبەستی سەدەن، چونکە پێیانوایە ئەم پڕۆژەیە زیاتر خزمەت بە ئیسرائیل دەکات، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەم هەڵوێستەی بەشێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی تەنیا لە ترسی ڕای گشتی عەرەبی و ئیسلامی بێت، دەنا لەژێرەوە لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیلدا ڕێککەوتوون و ئامادەباشیان کردووە بۆ جێبەجێکردنی نەخشە ڕێگای گرێبەستی سەدە، لەم چوارچێوەیەشدا ملیارەها دۆلاریان تەرخان کردووە بۆ بنیاتنانی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئاوارە فەڵەستینییەکان لە هەریەک لە وڵاتانی فەڵەستین و میسر و ئوردن. [1]