(ئازادی و سەربەخۆیی) دەسەندرێن نابەخشرێن!
#کارۆخ خۆشناو#
دوای هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم، سیستەمی نوێی جیهان لەسەر بنەمای هەبوونی کیانێکی سەربەخۆ و ئازاد بوونیاتنرا، بەو واتایەی کە (پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانییەکان) لەسەر ئاستی وڵاتان بوو نەک گەلان و نەتەوەکان، ئەگەرچی (ناو) لەو ڕێکخراوانە نرا (کۆمەڵەی گەلان و دواتریش نەتەوە یەکگرتووەکان) بەڵام مەرجی سەرەکی ئەندامبوونیان بریتی بوو لە هەبوونی کیانێکی سەربەخۆ لە فۆرمی ( دەوڵەت)، لەبەر ئەوە هەموو هەوڵ و تەقەڵا و خەبات و شۆڕشی گەلان چڕ بوویەوە بۆ بەدەستهێنانی کیانێکی ئازاد و سەربەخۆ، تاکوو بتوانن ببنە بەشێک لە سیستەمی نوێی جیهانی.
ئەگەر بەخێرایی ئاوڕێک لە مێژووی ئەو (193) وڵاتە بدەینەوە کە بەفەرمی ئەندامن لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە:
1- لەلایەک هیچ گەل و میللەتێک مافی ئازادی و سەربەخۆییان پێ نەبەخشراوە، بەڵکوو بە شۆڕش و خەبات و تێکۆشان مافەکانیان سەندووە.
2- لەلایەکی تر هیچ وڵاتێک بە (پێرفێکت)ی لە دایک نەبووە، بەڵکوو لە کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییاندا کۆمەڵێک کەموکووڕییان هەبووە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی، چ لەسەر ئاستی دەرەکی، بەڵام دوای بەدەستھێنانی سەربەخۆییان بە جددی کاریان کردووە بۆ بنیاتنان و پەرەپێدانی داموودەزگا نیشتمانی و مەدەنی و دیموکراسییەکان.
دوای نزیکەی سەد ساڵ لە لکاندنی باشووری کوردستان بێ ویستی گەلەکەی بە وڵاتی نوێی دامەزراوی ئێراق، ناڕازیبوون و شۆڕشی یەک لە دوای یەکی لێکەوتۆتەوە، چەند دەرفەتێکیش بۆ ئازادبوونی کورد ڕەخساوە بەڵام نەقۆستنەوەی ئەم دەرفەتانە چەندە پەیوەندی بە نەبوونی زەمینەیەکی گونجاوی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ھەبووە، دوو ئەوەندەش پەیوەندی بە نەبوونی یەکڕیزیی ناوخۆیی و لۆکاڵی هەبووە.
مێژووی زۆرینەی ڕەهای گەلانی (ئازاد و سەربەخۆ) تژیە لە خەبات و قوربانیدان، بەتایبەت مێژووی (سەدەی بیست) بۆ هەر چوار گەلی (کورد و جوو و بۆسنی و ئەرمەن) پڕیەتی لە خەبات و مەرگەسات، بەڵام لەناو ئەم چوار گەلەدا تەنیا کورد نەبووەتە خاوەنی کیانێکی سەربەخۆ، وێڕای خەبات و قوربانیدانێکی بێشومار، بۆ نموونە بۆسنییەکان لە ساڵی (1994) لەلایەن سربەکانەوە بەبەر چاوی دونیاوە کۆمەڵکوژ و جینۆساید کران، بەڵام ئەوانیش وەک جوو و ئەرمەن، بەرهەمی جینۆسایدەکەیان (بە بوونە دەوڵەت) چنییەوە.
پێم وایە کورد پێویستی بە ئێرادەیەکی نەتەوەیی (سەرووی حیزبی بوون) هەیە بۆ بەرنامەڕێژیکردن و دۆزینەوەی بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ زلهێزەکان لە پێناو کۆکردنەوەی پشتگیری و لۆبیکردن بۆ کیانێکی سەربەخۆ، چونکە سەرەڕای ئەوەی کورد لە (چەندین شوێن و چەندین جار) کۆمەڵکوژ و جینۆسایدکراوە، بەڵام هێشتا نەبووەتە خاوەنی قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ، لێرەدا پێویستە بپرسین بۆچی کورد نەگەیشتۆتە ئەم خەونە ڕوایەی و نەیتوانیوە ئەم مافە بە دەست بهێنێت؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە هەڵوەستە بکەین و توێژینەوەی زانستی ئەنجام بدەین، تاکوو بزانین تا چەند خەتای زلهێزە بێ بەڵێنەکانە و تا چەندەش خەتای پەرتەوازەیی و کەمتەرخەمی خۆمانە؟ چونکە هیچ گەل و نەتەوەیەک لە مێژوودا (وەک کورد) دەرفەتی ئازادبوونی لەدەست نەداوە، سەرەڕای هەموو جینۆساید و قوربانیدانێک بەڵام هێشتا خەونی سەربەخۆیی بەدی نەهاتووە.
لە ئێستادا (206) وڵات لە جیهاندا هەن، دەتوانین بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێنیان بکەین:
1- (193) وڵات ئەندامی کارای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن.
2- تەنیا (2) ئەندام سیفەتی (چاودێر)یان هەیە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوانیش (فەلەستین و ڤاتیکانن).
3- (6) وڵات نیمچە دانپێدانانی ناتەواویان هەیە، ئەوانەی پێیان دەوترێت دول معترف بها جزئياً، ئەوانیش (کۆسۆڤۆ، تایوان، قوبروسی تورکی، کۆماری عەرەبی دیموکراتی بیابانی خۆراوا، ترانس نیستریا و سۆماڵیلاند)
4- وەک دیفاکتۆ (5) وڵات بە حوکمی ئەمری واقع دەوڵەتن، ئەوانیش (کۆماری گەلی دۆنێتسک، کۆماری گەلانی لوگانسک، ناگۆرنۆ قەرەباغ، ئەپخازیا و ئۆسێتیای باشوور).
قەوارەی هەرێم ئەو دیفاکتۆیەیە کە لە دوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستان و گۆڕانی هاوکێشەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هاتۆتەکایەوە، ئەگەرنا هیچ کاتێک عەقڵیەتی حوکمڕانی (عەرەب و تورک و فارس) ئامادە نین دان بە مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستاندا بنێن، بەڵام یەکانگیری (بەرژەوەندی هێزەکانی ناوچەکە و زلهێزە نێودەوڵەتییەکان) هەرێمی کوردستانیان کردە قەواریەکەکی پارێزراو بە گوێرەی بڕیاری (688)ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی کە لە (#05-04-1991#) دەرکرا، ئەم بڕیارەش دوای بڕیاری سیڤەر لە (#10-08-1920#) بە یەکەمین بڕیاری نێودەوڵەتی دادەنرێت کە لەلایەن دەزگایەکی گرنگی وەک ئەنجوومەنی ئاساییش لە بەرژەوەندی نەتەوەی کورد دەرکرابێت.
(ئازادی و سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەت) پڕۆسەیەکی درێژخایەن و دوورمەودان، پێویستی بە قوربانی و پلانی پێشوەختە و زەمینەسازیی هەیە، کوردیش ئەم پڕۆسەیەی دەستپێکردووە و یەکەم هەنگاویشی ناوە کە بریتی بوو لە (ڕێفڕاندۆم) ، هەر کاتێک بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەبار بوو، دەکرێت کورد هەنگاوی تر بهاوێژێت و پڕۆسەکە تەواو بکات.
بارودۆخی ئێستای ناوچەکە ناسەقامگیرە و کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە ئارادان لەژێر چەتری ڕێکەوتنەکانی (ئیبڕاهیمی و شامی نوێ و نیۆم و گرێبەستی سەدە) بەڵام مەرج نییە دیدگا و بەرژەوەندی بەشێک لە وڵاتان لەگەڵ درووستبوونی دەوڵەتی کوردی هاوتەریب بن، بۆیە پێویستە سەرکردایەتی کوردستان هەوڵبدات بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکان پاراڵێڵ و هاوتەریب بکات تاکوو نەبنە ڕێگر لە بەردەم سەربەخۆیی کوردستاندا، لە سەرووی هەموو ئەو وڵاتانەش ئەمریکا دێت، کە پێویستە کورد بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵی هاوتەریب بکات و پشتگیری ناوەندەکانی بڕیاری ئەمریکا دەستەبەر بکات، لە ڕێگای پڕۆسەی لۆبیکردن و کۆکردنەوەی پشگیری و پاڵپشتی، ئەمەش پێویستی بە کات و کارەکتەر و بودجە هەیە، چونکە بە دەستهێنانی پشتگیری بۆ پڕۆسەی سەربەخۆیی لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا بێ بەرانبەر نابەخشرێت، بەڵکوو پێویستە لە ڕێگای لۆبیکردنەوە بکڕدرێت.
لە کۆتاییدا دەڵێم پێویستە کورد کەڵک لە ئەزموونی کۆمەڵێک وڵات وەربگرێت، لەوانەش وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئیسرائیل و ئیماڕات و ئۆکرانیا و کرواتیا و ئەرمینیا ....هتد، بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی لۆبیکردن و کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ سەربەخۆیی بە میکانیزمی دیبلۆماسی (نەرم و سەردەمیانە) لە پێناو بە مەنزڵ گەیاندنی پەیامی ڕەوای ڕیفڕاندۆم و بەدیهێنانی خەونی پیرۆزی سەربەخۆیی کودستان. [1]