=KTML_Bold=10 خاڵ لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا!=KTML_End=
#کارۆخ خۆشناو#
بڕیارە دوای تەنیا دوو هەفتەی تر و لە ڕێکەوتی (#03-11-2020#) هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا ئەنجام بدرێت، ئەو (10) خاڵەی گرنگە بزانین لەسەر هەڵبژاردنەکان بریتین لە:
1-ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی جیهان، چونکە تاکوو ئێستا ئەمەریکا زلهێزترین وڵاتی دنیایە و (واشنتن)ی پایتەخت چەقی داڕشتنی بڕیارە چارەنووسسازەکانی جیهانە.
2-لە مێژووی (244) ساڵەی سەربەخۆیی ئەمەریکادا هیچ کاتێک هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دوا نەخراوە، هەتا لە کاتی شەڕی ناوخۆ و شەڕی دەرەکیشدا هەموو چوار ساڵ جارێک (بە گوێرەی ماددەی دووی دەستووری ئەمەریکا) هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجام دراوە (ئەگەرچی چەند مانگێک لەمەوبەر ترەمپ داوای دواخستنی هەڵبژاردنی کرد، بەڵام هەر زوو داواکەی لەلایەن کۆماری و دیموکراتەکانەوە ڕەتکرایەوە).
3-هەڵبژاردنی ئەم جارە لە بارودۆخێکی ناهەمواردا ئەنجام دەدرێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ئەمەریکا ڕۆژانە ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات لە ڕێژەی تووشبووان و ڕێژەی مردووان.
4-هەردوو ڕکابەری سەرەکی (دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆماریەکان و جۆزیف بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان) بە شێوەیەکی قووڵ ڕای گشتی و شەقامی ئەمەریکایان دابەشکردووە.
5-جگە لە دوو کاندیدە سەرەکییەکە (ترەمپ و بایدن) کۆمەڵێک بەربژێری تر هەن کە ژمارەیان (34) کاندیدە، بەڵام هیچکامیان ئەگەری دەرچوونیان نییە، بەڵکۆ چانسی بردنەوەی (کورسی) کۆشکی سپی مۆنۆپۆڵ کراوە بۆ هەردوو بەربژێرەکەی هەردوو پارتە سەرەکییەکەی ئەمەریکا (بایدنی دیموکرات و ترەمپی کۆماری).
6-جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆک، لە هەمان ڕۆژدا هەڵبژاردن بۆ تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و (3/1) ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران بەشێک لەحاکمی ویلایەتەکان ئەنجام دەدرێت.
7-لەلایەک هەردوو وڵاتانی (چین و ئیران) پشتگیری دەرچوونی (بایدن) دەکەن، لەلایەکی تر هەردوو وڵاتانی (ڕووسیا و تورکیا) پشتگیری هەڵبژاردنەوەی (ترەمپ) دەکەن بۆ خولی دووەم، ئەم چوار وڵاتەش بە شێوازی ئاشکرا (لۆبیکردن) و نهێنی (ئەلیکترۆنی) هەوڵدەدەن کاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان درووست بکەن (وەک لە بەیاننامەی ویلیام ئیڤانینای بەڕێوەبەری ناوەندی ئاساییشی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕی ئەمەریکیدا ئاماژەی پێکراوە).
8-بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تاکوو ئێستا لە (45) ویلایەتی ئەمەریکیدا زیاتر لە (22) ملیۆن هاووڵاتی لە پڕۆسەی (دەنگدانی پێشوەختە)دا دەنگیان داوە، ئەمەش ڕێژەیەکی پێوانەییە لە دەنگدانی پێشوەختەدا، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت بۆ خۆپارێزی لە (ڤایرۆسی کۆرۆنا) بەشێکی زۆری دەنگدانی هاووڵاتییانی ئەمەریکا لە ڕێگای پۆستەوە بێت.
9-بە شێوەیەکی گشتی پارتی کۆماری پارێزگار و (کۆنزەرڤاتیڤن) لەگەڵ بچووکردنەوەی ڕۆڵی حکومەت و فراوانکردنی ڕۆڵی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی باج و نەهێشتنی لەباربردنن...هتد، بە پێچەوانەوە پارتی دیموکرات کراوەتر و لیبڕاڵترن لەگەڵ فراوانکردنی ڕۆڵی حکومەت و سنووردارکردنی کەرتی تایبەت و پشتگیری مافی پەناپەران و ئازادی کەسی و مافی لەباربردن...هتد
10-میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا (تایبەت و جیاوازە) لە هەموو وڵاتانی تری جیهان، خەڵک دەنگ بە دەستەیەک دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) ژمارەی ئەم دەستەیە بەقەد ژمارەی ئەندامانی کۆنگرێس و سێنات (ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران) و سێ ئەندام وەک نوێنەری واشنتنی پایتەخت، واتە ژمارەی دەستەکە [538] ئەندامن (435+100+3=538)، هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی بتوانێت (270) دەنگ لەم دەستەیە بەدەست بهێنێت، ئەوا دەبێتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. [1]