دۆکترینی (بایدن) لە مانگێکدا!
#کارۆخ خۆشناو#
ئەمڕۆ مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر دەستبەکاربوونی (جۆو بایدن) وەک سەرۆکی ژمارە (46)ی ئەمەریکا، لەم مانگەدا ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کەوا (دۆکترین) و ڕێبازی بایدن بریتی دەبێت لە شێوازی پشتبەستن بە (دیبلۆماسییەتی دەستەجەمعی) واتە هەماهەنگیکردنی دیبلۆماسی لەگەڵ هاوپەیمانان وەک کۆڵەگەی بەڕێوەبردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئەم شێوازەش لەلایەک سەرچاوەی گرتووە لە پاشخانی کەسییەتی بایدن وەک کارەکتەرێکی ئەزمووندار و میانڕەو لە سیاسەتدا، لەلایەکی تر سەرچاوەی گرتووە لە دیدگای پارتی دیموکراتی ئەمەریکا بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە ڕێگای دیپلۆماسییەت و هێزی نەرم (Soft Power).
بە چاودێرکردنی مانگێکی سەرۆکایەتی (بایدن) لە کۆشکی سپی ئەم حەقیقەتەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کەوا (بە پێچەوانەی ئیدارەی ترەمپ) ئەم ئیدارەیەی ئەمەریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پشت دەبەستێت بە هەماهەنگی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریکا، بۆ نموونە ستراتیژی نوێی بایدن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکانی ئێراق بریتی دەبێت لە هاوبەشیکردن لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی (ناتۆ) بە جۆرێک کەوا بڕیار دراوە هێزەکانی (ناتۆ) لە ئێراقدا (10) ئەوەندە زیاد بکرێن، واتە ژمارەی هێزەکانی ناتۆ لە (500) سەرباز و ڕاوێژکارەوە بەرزکراوەتەوە بۆ (4000) سەرباز و ڕاوێژکار، ئەویش بە مەبەستی هاوکاریکردنی هێزەکانی ئێراق و هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی گرووپە تیرۆرستییەکانی وەک #داعش# و مەترسیە ئەمنییەکانی تر.
لە کەیسی ئێرانیشدا وا دیارە (بایدن) تاکلایەنە هیچ بڕیارێک نادات بەڵکوو هەوڵدەدات بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمەریکا بڕیارێک بدەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ئەتۆمی ئێران و گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ئەتۆمی (5+1).
جیاواز لە پرسی ئێراق و ئێران، چاوەڕوان دەکرێت ئەجێندای (بایدن) لە ماوەی (100) ڕۆژدا ئەم کارانەی خوارەوە لەخۆ بگرێت:
1-هەماهەنگیکردن لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی ئەوروپی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی (سیاسی و ئابووری) هەریەکێک لە (چین و ڕووسیا).
2-درێژەدان بە ڕێککەوتننامەی (ئیبڕاهیمی) و (گرێبەستی سەدە) واتە لەم پرسەدا ستراتیژیەتی (بایدن) درێژە پێدەری ستراتیژیەتی (ترەمپ) دەبێت، چونکە (بایدن) بەهەمانشێوەی (ترەمپ) باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم (قودس) دەهێڵێتەوە و ناڕاستەوخۆ بەردەوام دەبێت لە داننان بە (بەرزاییەکانی جۆلان) وەک خاکی ئیسڕائیل.
3-جیاواز لەم خاڵەی سەرەوەدا (بایدن) هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ دەسەڵاتی فەڵەستینی ئاسایی بکاتەوە و نووسینگەی دەسەڵاتی فەڵەستینی لەواشنتن بکاتەوە، هەروەها لەم چوارچێوەیەدا لەوە دەچێت بایدن هاوکارییە ماددیەکانی ئەمەریکا بۆ فەڵەستین بگێڕیتەوە بەمەرجی ڕازیبوونی فەڵەستینییەکان بە (گرێبەستی سەدە).
4- (بایدن) چاو دەخشێنێتەوە بە هەموو ئەو گرێبەستانەی کە وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئەمەریکادا واژۆیان کردووە، (مەبەست گرێبەستەکانی کڕینی چەک) لەوانەش هەڵوەشاندنەوە و نەفرۆشتنی فڕۆکەی جۆری (F35) بە وڵاتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، هەروەها چاوخشاندنەوە بەم گرێبەستانەی کەوا شانشینی سعودیە لەگەڵ ئیدارەی (ترەمپ) ئەنجامی داون.
5-چاوەڕوان دەکرێت ئیدارەی (بایدن) گرنگی زیاتر بدات بە پرسەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بەتایبەتی.
لەم سۆنگەیەوە سیاسەتی (ئەمەریکای سەردەمی بایدن) سەبارەت بە ئێران تەواو جیاواز دەبێت لە سیاسەتی (ئەمەریکای سەردەمی ترەمپ) بەڵام لە دۆسیەی ئاسایکردنەوەی (عەرەب-ئیسڕائیل)دا سیاسەتی بایدن تاڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی سیاسەتی ترەمپ دەبێت.
لە کۆتاییدا ڕوون و ئاشکرایە کەوا دۆکترین و ڕێبازی بایدن نزیکە لە دۆکترین و ڕێبازی ئۆباما، ئەگەرچی بایدن ڕەتی کردووەتەوە کەوا ئیدارەکەی کۆپی پێستی ئیدارەی ئۆباما بێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەند جارێک گوتوویەتی:
ئەمەریکا دەگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی جارانی خۆی واتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ ناو سلکی دیپلۆماسی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان بڕیار دەدەن، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆشدا (بایدن) پشت دەستێت بەو بژاردانەی کەوا دامودەزگاکانی (داڕشتنی بڕیار) دەیخەنە بەردەمی وەک (کۆنگرێس و CIA و پنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوە و هەندێک لە ناوەندەکانی Think Tank) ئەم خەسڵەتەی (بایدن)یش تەواو پێچەوانەی خەسڵەتی تاکڕەوی (ترەمپ)ە کە بێ گەڕانەوە بۆ ئەم ناوەندانە لە ڕێگەی (تویتەر)ەوە بڕیاری ترسناک و چارەنووسسازی دەردەکردن! [1]