=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: هاوتاکردنی نیشتیمان و دەسەڵات، هەڵەیەکی ستراتیجی=KTML_End=
ناوی نووسەر: #کامەران پاڵانی#
لە ڕۆژەکی گەرمای هاوینی ساڵی 2017، تەنیا سێ مانگ بەر لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشوری کوردستاندا، بە مەبەستی توێژینەوە لە یەکێک لە کامپەکانی ئاوارەکانی عێراق لە سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بووم. چاوپێکەوتنەکەم لەگەڵ ژنەکی عەرەب، کە خەڵکی پارێزگای ئەنبار بوو، ئەنجامدا. وەکوو توێژەر، هەموو کات دەمەوێت تا ئەو جێگەیەی دەتوانم بیڕوڕا و تێڕوانینی خۆم دوور بگرم لە کاری توێژینەوەدا. یەک لە پرسیارەکان کە لە هەموو چاوپێکەوتنەکان دەم کرد ئەوە بوو: ئایا دەتانەوێت لێرە لە کوردستان بمێننەوە، بچنە دەرەوەی کوردستان و عێراق، یان بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆتان؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، ژنەکە گووتی “ئێمە دەگەڕێینەوە خاکی خۆمان، وە بە هەموو خەڵکی ئێرەش دەڵێم کە خەڵکی ئەو شوێنانەن و ئێوە پێیان دەڵێن ‘موتەنازەع عەلەیها'” [ناوچە جێناکۆکەکان] بگەڕێنەوە و نەهێڵن ئێوەی ‘ئەکڕاد’ داگیری بکەن.” لەو چاوپێکەوتنە لە ڕێسای کاری توێژینەوەدا لامدا و لێم پرسی “ئێوە ئاوارەن لەبەر گەندەڵی و خراپەکاری و توندوتیژی و جیاکاری ئەو کەسانەی ئێوەیان بەڕێوە دەبرد، وە لێرەن لەبەر ئاسایش و سەقامگیریی و باشی خەڵکی ئێرە، چی وات لێ دەکات بەو شێوەیە بیر بکەیەوە؟”. لە وەڵامدا گووتی “خاک خاکە و دەسەڵاتیش دەسەڵات.”
ئینسانی کورد پێویستی بە زۆر شتە، هەم لە پێداویستیی و خزمەتگوزاری هەم لە دید و تێگەیشتن، بەڵام لای من لە ئێستادا گرنگترین و گەورەترین شت پێویستی پێی بێ ئەو تێگەیشتنەیە کە دەڵێ “خاک خاکە و دەسەڵاتیش دەسەڵات.” تا ئەو جێگەیەی من ئاگادار بم لە بارودۆخی نەتەوە و کۆمەڵگەکانی دونیا، کەم نەتەوە هەیە (ئەوە ئەگەر هەر هەبێت) بە قەد کورد لە ئێستای باشووری کوردستان نیشتیمان و دەسەڵات تێکەڵ بکات، لای بەشەکی زۆری خەڵک جوێندان بە دەسەڵات و نیشتیمان یەک شتە، تەنانەت جوێندان بە نیشتیمان و خاک و نەتەوە و ناسنامە وەکوو ئەوە دەبیندرێت بەشەک بێت لە شێوازی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دژی دەسەڵات و شێوازی حوکمڕانێتی لە کوردستان.
لەوەش خراپتر جوێندان بە “کوردایەتی” و ناسنامە و بەهاکانی نیشتیمان و نەتەوە، وەکوو گەیشتن بە ئاستەکی بەرز لە تێگەیشتن و ڕۆشنبیریی لەلایەن هەندێک کەسەوە ناسێنراوە. زۆر جار پێت دەڵێن “کەی باوی ناسیۆنالیزم باوە. کەی باوی کوردایەتی ماوە.” ئەو قسەیە جگە لەوەی ئاماژەیە بۆ تێنەگەیشتن لە ڕووداوەکانی جیهان و سیاسەتی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە قەد ئاستی نائاگاییەکەی ئاواش مەترسیدارە. من بەردەوام دەڵێم،کەسەک لە ناسرییە و نەجەف و بەغداد دەڵێت کەرکوک کوردستانی نییە و کورد نابێت خاوەنی سەروەریی بێت، ئێ ئەوە ئەگەر ناسیۆنالیزم نەبێت ئەدی چی ناسیونالیزمە؟
لە ئەوروپا کۆچبەری هەموو وڵاتەکانی ناوچەکەم بینیوە، کە زۆربەیان بۆ ژیانەکی باشتر و ناڕازیبوونیان لە دەسەڵات و شێوازی ژیان وڵاتەکانیان بەجێهێشتوە، بەڵام هیچیان ئەو کۆچەیان وایان لێ نەکردوون جوێن بە نیشتیمان و خاک و ناسنامەیان بدەن. پێموانییە دۆخی خەڵک لە لیبیا و یەمەن و سوریا لە دۆخی خەڵکی کوردستان باشتر بێت تا بەو شێوەیە بیر نەکەنەوە، یاخود دەسەڵات و هێزەکانی ئەوان کەمتر گەندەڵتر بن، تا ئەوان بتوانن خاک و نیشتیمان لە گەندەڵی و خراپەکانی دەسەڵات جیا بکەنەوە. کێشەکە پەیوەندی بە گوزەران و دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە نییە، بەڵکوو بە گوتارەکی سیاسی بەهێز کە ئەو جۆرە بیرکردنەوانە بەرهەم دەهێنێت.
ناسرییە، یەکێک لە بێخزمەتگوزارترین و هەژارترین شارەکانی نەک عێراق بەڵکوو هەموو ناوچەکەیە. گەنجەکانیان لە کاتی خۆپشیاندانەکان چەندین جار باڵەخانەی دامەزراوەکانی حکومەتیان سووتاندووە و بەردەوامیش بەر گولەی قەناسبەدەستەکانی گرووپە چەکدارەکانی حەشی شەعبی و هێزە فەرمییەکانی “دەوڵەتی” عێراقی کەوتن، بەڵام لە هەموو جارەکاندا ئاڵای عێراقیان بەرز دەکردەوە و هاواریان دەکرد “نورید ئەلوەتەن [نیشتیمانمان دەوێت].” ئەوە لەبەر ئەوە نییە، دەسەڵات و هێز و حکومەتەکانیان کەمتر گەندەڵتر بن، یان دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەوان باشتر بێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە گوتاری سیاسی باو، کە حیزب و هێزەکان دروستی دەکەن، جیاوازی دەکات لە نێوان ئەوەی بە قەناس دەیکوژێت و ئەوەی ئەوان پێیانوایە نیشتیمان و وڵاتە.
لەوە تێدەگەم کە نەبوونی دەوڵەت و کیانەکی خاوەن سەروەر کێشەی گەورەی بۆ مرۆڤی کورد دروستکردووە، کە ئاسان نییە بە ڕوونی و بێکێشە بزانێت داخۆ نیشتیمانی ئەو کوردستانە یان ئەو وڵاتانەی بەسەریدا دابەشکراون؟ چونکە پاراستنی نیشتیمان لە دەرەوەی دەوڵەتبوون و دانپێنانی یاساییدا کارەکی زۆر زەحمەتە. تا ئەو جێگەیەی هۆکاری ئەو سەر لێشێواوییە نەبوونی دەوڵەتبوونی یاسایی بێت، ئاساییە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەوە تاکە هۆکار نییە، بەڵکوو گوتارەکی سیاسی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی خەڵک نیشتیمان و دەسەڵات هاوتا بکات و وەکوو یەک بیان بینێت.
پێویستیمان بە چییە؟
پرسی جیاکردنەوەی نیشتیمان و خاک و نەتەوە لە دەسەڵات و حوکمڕانێتی کارەکی ئاسان نییە، بەڵام دەبێت بکرێت بە ئەولەویەتی ئێمە. هیچ یەکێک لە حیزب و هێز و لایەنەکانی ئێستای باشووری کوردستان توانای ئەو کارەیان نییە. سەبارەت بە هەردوو حیزبی سەرەکیی دەسەڵاتیش، پارتی و یەکێتیی، بە تایبەت لەم ساڵانەدا ، دەرکەوتووە کە پرسە نیشتیمانیی و نەتەوەییەکان لە باشترین حالەتدا لە بەشی خوارەوەی کار و ئەولەویاتەکانیانن، وە لە خراپترین حاڵەتیشدا پرسە نیشتیمانیی نەتەوەییەکان بۆ بەرژەوەندییە حیزبیی و بنەماڵەییەکانی خۆیان بەکاردەهێنن. هێزەکانی دیکەش ئەو پاشخان و ڕەوایەتی و توانا ڕۆشنبیری و هزرییەیان نییە بتوانن ئەو کارە لە ئەستۆ بگرن، تەنانەت هەندەک جار دژایەتی نیشتیمان و پرسە نەتەوەییەکان بەئاگاییەوە یان بێئاگاییەوە دەکەن، وەکوو ئامرازێکی بەرهەڵستکاری و ناڕەزایەتییان لە دەسەڵات دەیبینن. بۆ نموونە، لە پرسی کۆچی خەڵک و گەنجانی کوردستان، بەشێوەیەک مامەڵە دەکەن کە پێیان وایە زیاتر بێئومێدکردنی خەڵک و گەنجان کارەکی باشە بۆ لاوازکردنی دەسەڵات. یا پەیامنێری کەناڵەک، کە پێیوایە بەرهەڵەستکاری دەسەڵاتە، دێ لەسەر شەقام لە کاسبکارەکی ماندوو دەپرسێ “ڕات چۆنە لەسەر حوکمڕانی کوردی. ژیانت لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کوردی باشتر بووە یا نا؟” بەئاگاییەوە بێت یان بێئاگاییەوە، ئەو جۆرە لە دەربڕین و بیرکردنەوەیە دروستکردنی دژایەتی و بەرهەڵستکاریی نیشتیمان و نەتەوەی لێدەکەوێتەوە نەک حیزب و دەسەڵات چونکە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئەو بۆچوونە پەرەپێدەدات کە ئەوەی خراپە “دەسەڵاتی کوردییە” نەک حیزب و بنەماڵە و لایەنەک، وە ئەوەی دەبێت ڕەخنە بکرێت و ناشرین بکرێت و ڕەت بکرێتەوە، هەر پارتی و یەکێتی نییە، بەڵکو خودی کورد و کوردستان و نیشتیمان و وڵاتە نەک دەسەڵات.
لۆڕانس فرێدمان لە کتێبی “ستراتیجییەت: مێژووێک” پێی وایە سەرکەوتنی هەر پڕۆژەیەکی ستراتیژی پێویستی بە دروستکردنی هاوپەیمانێتی و یەکخستنەوەی تواناکان هەیە، بە پێچەوانەوەش نەبوونی ڕێکخستن و یەکێتیی دەرەنجامەکەی شکست دەبێت. لەبەر ڕۆشنایی ئەم تێگەیشتنە، هەر یەکێک لە ئێمە لە لای خۆیەوە دەتوانێت هەموو ڕۆژ لەسەر ئەو بابەتە بنووسێت، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی ڕێکخراو، دەبێت لەسەر بنەمایەکی سەرەکی ڕێک بکەوین، کە پێموایە ئەو بنەمایەش جیاکردنەوەی نیشتیمانە لە دەسەڵات، یا بە گوتەی ئەو ژنەی چاوپێکەوتنم لەگەڵ کرد “خاک خاکە و دەسەڵاتیش دەسەڵات.”
هەموومان لەو شوێنەی پێویستە، دەبێت ڕەخنەی توند لە حیزب و هێز و بنەماڵە و حکومەت و دەسەڵات و بەرپرسان بگرین، تەنانەت داوای گۆڕانکاری ڕیشەیی بکەین، بەڵام ناکرێت و نابێت ئەوە ببێتە مایەی وەگەڕخستنی خەڵک لە دژی نیشتیمان و ناسنامە و نەتەوە. گەنجان و قوتابیانی زانکۆ نابێت هەر ‘نیشانە’ و ئامانجی نووسینەکانی ئێمە بن، بەڵکوو ئەوان دەبێت سەرکردایەتی ئەو پڕۆسەیە بکەن.
خۆشویستن و پاراستنی نیشتیمان و پرس و بەها نەتەوەییەکان، کە کۆکەرەوەی ئێمەن، هەرگیز نابێت بۆ شاردنەوەی گەندەڵی و پاساوهێنانەوە بۆ خراپبەڕێوەبردن بەکاربهێندرێت. نیشتیمانخواز و کوردپەروەران قەت گەندەڵی ناکەن. بەکورتی،جیاکردنەوەی نیشتیمان و دەسەڵات، باشترین نیشتیمانپەروەرییە.
=KTML_Bold=ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.=KTML_End=[1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=