=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: ئاڵۆزی ئەندێشە و شوناسێکی ون لای تاکی کورد=KTML_End=
ناوی نووسەر: #عوسمان ساوجی#
سەرەتا بابەتێک هەیە کە دەکرێت ئاماژەی بۆ بکریت و بە خوێنەر بگووترێت بەڵام لێرەدا ناتوانین کار بۆ یەکلاکردنەوەی بکەین، ئەویش ئەوەیە ئایا واقعی حاڵی کۆمەڵایەتی هەر گەلێک بەرهەمی بیرکردنەوە و ئەندێشەی تاکەکانییەتی، یان بەپێچەوانەوە دۆخی سەپاو و باوی ڕۆژ پاڵنەری ڕێچکەی بیرکردنەوە و دنیابینییەتی. بە بۆچوونی ئێمە بۆ گەلانی سەربەست و ئازاد یەکەمیان ڕاستە و بۆ گەلانی داگیرکراویش وەک کورد ڕووداوەکانی ڕۆژ هەوێنی جووڵە ناڕێکەکانی ساتەکانییەتی، چونکە لە غیابی دەوڵەتدا گەل لە بۆشاییەکی گەورەدا دەژی و هاوشێوەی ئەو ملوانکەیەیە کە دەزووی بەستەری نەبێت، کاتێک دەکەوێتە سەرزەوی هەریەکەیان بەلایەکدا گل دەبنەوە.
ئەگەر سەرپێی لە ئەندێشە بدوێین، دەکرێت بڵێین ئەو جیهانە ئازادەیە کە مرۆڤەکان بۆ دەربازبوون لە کۆت و بەندە جەستەییەکان تیایدا گوزارشت لە خۆیان و بۆچوونەکانیان دەکەن. لەم دەریا بێبنەدا بە قووڵی مەلە دەکەن و وەک پانتاییەکی فراوانی بێسنوور گەشت دەکەن، بەڵام کاتێک وەک توێژەر یان کارێکی زانستی لێکۆڵینەوە دەکەیت، تێدەگەیت کە ئەم جیهانەش نەک هەر ئازاد نییە بەڵکو هێندە کۆت و بەند کراوە کە دەربازبوون لێیان کارێکی ئێجگار دژوارە.
دیارە کۆت و بەندەکانی بەردەم ئازادی ئەندێشە دەکرێت ئایینیی، سیاسیی، چینایەتیی، ئابووریی بن. هەریەکێکیش لەمانە ئەگەر مامەڵەیەکی تەندروستیان لەگەڵدا نەکرێت لەمپەڕێکی گەورە لەبەردەم گەشەسەندنی بوارە جیاوازەکانی ژیان دروست دەکات، چونکە ئەوکاتەی تاک چوارچێوەیەک بۆ ئەندێشەی خۆی دەکێشێت و بەزاندنی بە تاوان دەزانێت ئیتر ئەو سنوورە دەبێتە کۆتێکی پیرۆز و لەشکان نەهاتوو.
لەڕاستیدا هیچ ئەندێشەیەک نییە لەخۆیەوە هاتبێتە بوون، بەڵکو ئەندێشە بەرهەمی کارلێک و فێربوون و نەریت و ئەزموونە. ئەندێشە ڕەنگدانەوەی مێژووی ڕابردووە، لەبەرئەوە دەبینین لە هەر کۆمەڵگەیەکی مرۆیی جۆرێک لە ئەندێشە تیایدا برەو دەستێنێت، تەنانەت هەر تاکێکی ئەو کۆمەڵگەش خاوەنی دید و دنیابینی و ئەندێشەێکی جیاوازە لە تاکەکانی تر، ئەگەرچی لە چوارچێوە گشتییەکەیاندا و لە پرنسیپە سەرەکییەکاندا هاوشێوە بن. زۆرێک لە توێژەران و شارەزایان پێیانوایە واقعی هەر کۆمەڵگەیەک بەرهەمی ئەندێشەی تاکەکانییەتی بەڕەچاوکردنی کاریگەرییە دەرەکییەکان و دیاردە سروشتییەکان.
لەهەمانکاتدا تاک و تەرایەک هەن کە هەڵگری ئەندێشەی تایبەت و جیاواز بەخۆیانن، کە دیسان ئەوانیش بە کاریگەریی پێشینەکان ئەندێشەی نوێ دێننە گۆڕێ، جا بە داهێنان و نوێکردنەوە وخستنەسەری ئەوەی ڕابردوو یان بە ڕەخنە لێگرتن و پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوە وەک ئەوەی لە فێرگە فیکریە گەورەکانی سۆسیالیستی و لیبرالی و ئیسلامی وەک نموونە ڕوودەدەن.
لێرەوە دەکرێت هەنگاو بەرەو ناوەڕۆکی بابەتەکە بنێین تا بزانین تاکی کورد هەڵگری چ جۆرە ئەندێشەیەکە؟ ئایا ئەندێشەیەکی ڕوون هەیە کە تاکەکان بیکەنە بنەمای بیرکردنەوە و لەوێشەوە ناسنامەیەک بۆ خۆیان دیاری بکەن، نەک هەمووان بەڵکو لانیکەم زۆرینە بە هی خۆیانی بزانن و خاوەنداری لێبکەن. بۆ ئەو مەبەستە پێمان باشە بە کورتی ئاماژەیەک بۆ ئاڵۆزی ئەندێشە بکەین.
ئاڵۆزی ئەندێشە لەڕاستیدا لە خانەی نەخۆشییە دەروونیەکاندا پۆلێنبەند دەکرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەوانەی تووشی ئەو حاڵەتە دەبن بەدەست کۆمەڵێک باوەڕی پووچ و بێبنەماوە دەناڵێنن. ئەوەش وا لەو کەسانە دەکات کە نەتوانن بیر و کرداریان وەک یەک بێت. هەر چەندە بابەتەکەی ئێمە پزیشکیی نییە بەڵام مەبەستمانە پێوانەسازیەک بکەین بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە، بەتایبەت کاتێک دەربارەی ئاڵۆزی ئەندێشە پزیشکان دەڵین کەسی ئاڵوودە بوو بیرکردنەوەیەکی شێواوی هەیە و ناتوانێت بەڕوونی گوزارشت لە خۆی بکات. لێرەدا جێگەی خۆیەتی بپرسین ئەگەر چەند تاکێکی کورد (تەنها لە باشووری وڵات) بخەینە بەردەم پرسیارێکی سادە و لێیان بپرسین تۆ کێی؟ داخۆ دەبێ چ وەڵامێک وەربگرین، ئایا دەڵێت من کوردم، عێراقیم، یان موسڵمانم… هتد. ڕەنگە هەر لەم ڕوانگەوە بێت کە مێژوونوس سۆران حەمەڕەش کتێبێکی نوسیوە بەناونیشانی کورد کێیە.
دەستەبژێری ڕووناکبیری کورد هەوڵی زۆریانداوە پێمان بڵێن وەرن ناسنامەی کوردبوون بکەینە چەتری کۆکەرەوەی هەمووان و لەژێریدا هەر کەسێک ئازاد بێت چۆن گوزارشت لە ئایین و باوەڕە ڕۆحییەکانی دەکات. ئەوەش لە ئەحمەدی خانی و حاجی قادر-ەوە بگرە تا دەگاتە ئیبراهیم ئەحمەد و هەژار موکریانی. بۆ نموونە، ئیبراهیم ئەحمەد بە ڕوونی پەیامەکە دەگەیەنێت و دەڵێ لە پێش موسڵمان بوون لە پێش ئاگرپەرستی، کە پێدەچێت کۆنترین باوەڕی ئایینیی بێت، هەر کورد بووین و هەر کورد دەبین. هەژاریش دەڵێت لە دوای مردنیش بە کوردی دەدەم وەڵامی قەبرم، بەڵام هێشتاش تاکی ئێمە لە نهێنی پەیامەکانیان باش حاڵی نەبووە، ئەوان لەکاتێکدا دەڵێن دوژمن فڵان شاری داگیرکردووین، کاولی کرد ،هەزارانی کۆمەڵکوژ کردین لەهەمانکاتدا تەڤلی ئەو فێرگە فیکرییە دەبن و خۆیانی تیادا بەڕێکخستن دەکەن کە بووەتە پێڕەوگەی کاری دوژمن و باوەڕی نەک بە دۆزە ڕەواکەیان نییە بەڵکو بوونمان وەک گەلێک ڕەت دەکاتەوە. تاکی ئێمە تێکەڵ بە هەر شەپۆڵێکی سۆز دەبێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی. تاکی کورد ئاخ بۆ سەردەمی ئەو ڕژێمە هەڵدەکێشێت کە ئەنفالی کردن. ئەوەش لەبەرئەوەی هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردوو، دژی فەڕەنسا و سویدە چونکە لەوێ ڕێگری دەکەن کەسانی تووندڕەو هەر کەسێک بکوژن کە کوفری کردووە لەکاتێکدا هەمان ئەو کەسە توندڕەوانەی ئەوێ ئامادەن کورد تەفروتونا بکەن بەبێ پاساو.
=KTML_Bold=ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.=KTML_End=[1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=