=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: مەترسییەکانی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی لە عێراق=KTML_End=
ناوی نووسەر: #ئاریان سەلیم خدر#
یاسای باری کەسیی عێراقی کە لە 1959 دەرچووە، یاسایەکی سەرەکییە کە ئامانجی یەکخستنەوە و مۆدێرنەکردنی ڕێکخستنی بابەتە کەسیی و خێزانییەکان بووە، وەک هاوسەرگیری، جیابوونەوە و میرات لەنێو تەواوی دانیشتوانی هەمەچەشنی عێراق دا کە چوارچێوە یاساییەکی پێشکەوتوو لەو کاتەدا، بە تایبەتی لە بڕگەکانیدا کە هەوڵی بەرزکردنەوەی مافەکانی ژن دەدا. بە چەسپاندنی یاسا جۆراوجۆرەکانی ئایینی و تائیفی بۆ یەک کۆدی یاسایی. یاساکە بۆ بەرەوپێشبردنی یەکێتیی نەتەوەیی و کەمکردنەوەی کاریگەری دادگا ئاینییەکان داڕێژرا، کە پێشتر بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەم بابەتانەیان بەڕێوەدەبرد. یاساکە چەند گۆڕانکارییەکی تێدا بینرا، وەک سنووردارکردنی فرەژنی، باشترکردنی مافەکانی جیابوونەوە بۆ ژنان و یاساکانی میراتێکی دادپەروەرانەتر لەوەی کە پێشتر کاری پێ دەکرا. ئەمەش هەوڵێکی تاڕادەیەک باشبوو بۆ هاوتەریبکردنی سیستەمی یاسایی عێراق لەگەڵ بنەماکانی یەکسانی جێندەری و مۆدێرنەتە. هەڵبەتە ئەمە لە شێوە گشتییەکەی و ڕووکەشیەکەی دا.
گرنگە بزانین هەر لەسەرەتای دروستبوونی ئەم یاساییە، دژایەتییەکی زۆری کراوە و بە بەردەوامی هەوڵی هەموارکردنەوەیان داوە. بە پلەی یەکەم لەلایەن گرووپە ئایینییە کۆنەپەرستەکانەوە کە هەوڵدەدەن یاساکە لەگەڵ بنەما ئیسلامییەکان بگونجێنن، بەتایبەتی بنەماکانی کۆمەڵگەی موسوڵمانی شیعە. ئەم گرووپانە بانگەشە بۆ سەربەخۆیی زیاتر دەکەن لە مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتە کەسیی و خێزانییەکان بەپێی یاسا ئایینییەکان، ئامانجیان گواستنەوەی دەسەڵاتە لە سیستەمی یاسایی مەدەنییەوە بۆ دادگا ئایینییەکان.
مافی ژنان لە یاسای باری کەسیی لە عێراق
بە چاوتێبڕین لەو داواکارییانەی کە لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی کراوە، دەبینین بە پلەی یەکەم ژنانن کە زیانیان پێدەگات و مافەکانیان پێشێل دەکرێت. بۆیە گرینگە بزانین ئەم مافە سەرەکییانە چین کە ئەمڕۆ ژنان لە عێراق هەیانە، لەکاتێکدا لە جیهاندا جێگەی باسیش نین و بە مافی سەرەتایی مرۆڤ دادەنرێن. چاوتیبڕینی ئەم گرووپە کۆنەپەرستانە ئەوەندە زیاد لە پێویستە، تەنانەت نایانەوێت بە نووسینیش بێت و کاری پێنەکرایت یاساگەلێکی لەم جۆرە بۆ ژنان یاخود لە بەرژەوەندی ژنان هەبێت.
دەتوانین بڵێین بابەتی هاوسەرگیری و فرەژنی تاڕادەیەک مەرجدارکراوە بۆ پیاوان، بەوەی کە پیاو پێش ئەوەی ژنی دووەم بهێنێ، مۆڵەتی دادوەری و ڕەزامەندی ژنی یەکەمی وەربگرێت، بەمەش سنوورێک بۆ فرەژنی دەسەپێنێت. ژنان مافی ئەوەیان هەیە لە گرێبەستە هاوسەرگیرییەکانیاندا مەرجەکان دیاری بکەن، لەوانەش مافی جیابوونەوە ئەگەر هەندێک مەرج جێبەجێ نەکرێن. ئەمەش ڕێگەیەکی یاسایی پێشکەش بە ژنان دەکات بۆ دەرچوون لەو هاوسەرگیریانەی کە پێیان وایە ناتوانرێت بەردەوام بن. یاخود پرسی میرات کە تا ڕادەیەک لە یاسای باری کەسیی گۆڕانکاری تێداکراوە کە ژنانیش سەرپشک دەکات لە وەرگرتنی میرات، بەڵام بەو شێوەیە نییە کە بڵێن ژنان بە یەکسانی میرات وەردەگرن. هێشتا کەمتر یاخود نیوەی میرات لەچاو پیاوان وەردەگرن.
ئەمانە ئەو مافە سەرەتاییانەن کە ئەمڕۆ ژنان هەیانە و بەپێی پێویست نین و ڕۆڵێکی ئەوتۆ ناگێڕن لە باشترکردنی دۆخی ژنان. دەبینین ژنان لەناو سیستەمێکی توندی پیاوسالاری و ئایینیدان کە ڕۆژانە دووچاری توندوتیژی، نایەکسانی و کوشتن دەبنەوە تەنها لەسەر بنەمای جێندەری. واتە لە ئێستادا ئەگەر ئەو مافە سەرەتاییانە کە لە یاسای باری کەسیی دا هەن هەمواربکرێنەوە، ژنان بەرەو دۆخێکی سەخت دەبەن کە وەک کۆیلە و کەرستە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
داواکارییەکانی گرووپە ئیسلامییە شیعەکان
گرووپە ئیسلامییە شیعەکان کە بانگەشە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق دەکەن، بەتایبەتی داواکارییەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی مەزهەبەکەیان وەک زیادکردنی دەسەڵاتی دادگا ئایینییەکان، کە دەیانەوێت دەسەڵاتی تەواویان هەبێت بەسەر بابەتە کەسییەکاندا، وەک پرسەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە و میرات، کە بەشێوەیەک دەربچێت لە پرسێک کە بە یاسایی مەدەنی بەڕێوەببرێن. هاوکات داوای فرەژنی دەکەن کە بەشێوەیەکی نووسراو لە یاسای باری کەسیی تاڕادەیەک مەرجدار کراوە، هەرچەندە لە جێبەجێکردن دا ئێمە نایبینین. کەواتە ئەمان دەیانەوێت بەشێوەی نووسراویش هەر نەمێنێت و هیچ ڕێگرییەک نەبێت لە هەمبەر جێبەجێکردنی فرەژنیدا. هەروەها داوای کەمکردنەوەی تەمەنی هاوسەرگیری دەکەن، واتە بەپێی هەندێک لێکدانەوەکانی شەریعەتی ئیسلامی ڕێکی بخەن کە تەمەنی بالغبوون گونجاوە بۆ ئەم پڕۆسەیە، واتە کچ بەشووبدرێت لە تەمەنی 9 ساڵیدا کە ئەمە دژی هەر پرەنسیپێکی مرۆڤایەتییە و منداڵێک لە ڕووی جەستەیی و ئەقڵییەوە ببردرێتە ناو پڕۆسەیەک کە پڕە لە سەختی و ئاڵۆزی و لە هەمووشیان سەرووتر سێکس. لە ڕووی زانستیشەوە جەستە و دەروونی ئامادەی ئەم شتە نین. لە هەمان کات و لە پرسی میراتدا، دەیانەوێت پابەندبوونێکی توندتر بە یاساکانی میراتی ئیسلامی نەریتی جێبەجێبکرێت.
مەترسییەکانی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی
کەمکردنەوەی مافەکانی ژنان، یەکێک لە مەترسییە هەرە گرنگەکانە. ئەگەری گەڕانەوەیە بۆ پێش سەردەمی مافە بەزەحمەت بەدەست هێنراوەکانی ژنان. ئەم هەموارکردنەوەیە دەتوانێ لێکدانەوە تەقلیدییەکان دووبارە زاڵ بکات لە پرسەکانی خێزان، هاوسەرگیری و جیابوونەوە کە دەسەڵاتی پیاو زیاتر دەسەپێنێت تیایاندا، ئەمەش سەربەخۆیی و پێگەی یاسایی ژنان تێکدەدات. هەروەها دابەزاندنی تەمەنی هاوسەرگیری، دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی هاوسەرگیری منداڵان، ئەمەش کاریگەری لەسەر خوێندن و تەندروستی و تێکچوونی باری دەروونی کچان دەبێت. ئەم جۆرە گۆڕانکاریانە نایەکسانییە جێندەرییەکان زیاد دەکەن و بەردەوامی پێدەدەن، کە بە پلەی یەکەم ژنان وەک وابەستەیەک و کاڵایەک سەیر دەکەن نەک وەک هاوبەشێکی یەکسان لە ژیانی خێزانی… هتد.
پەراوێزخستنی پێکهاتەکان، هەموارکردنە پێشنیارکراوەکان دەتوانن بەشێوەیەک کاریگەرییان لەسەر گرووپە ئایینی و نەتەوەییەکان هەبێت. بە پەراوێزخستنی کاریگەرانەی چوارچێوە یاساییەکانیان لە بەرژەوەندی یاسای ئیسلامی. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی کەمکردنەوە و نەمانی ئەو پاراستنانەی کە پێشتر لەژێر سیستەمی یاسایی سێکۆلار بەو گروپانە دەدرا. هەروەها ڕەنگە کۆمەڵگە پێکهاتەکان لە بەشداریکردنی تەواوەتی لە پڕۆسەی سیاسیدا ڕابگرێت و ببێتە هۆی نامۆبوون و پەراوێزخستنی زیاتر.
گۆڕانکاری لە یاساکانی باری کەسیی لەسەر بنەمای ئایینی دەتوانێت پێکهاتەی حوکمڕانی سێکۆلاری عێراق تێکبدات. ئەم کاڵبوونەوەی سنوورەکانی نێوان ئایین و دەوڵەت دەبێتە هۆی دروستبوونی سیستەمێکی یاسایی کە کەمتر وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی دانیشتووانێکی هەمەچەشنە و زیاتر لە ژێر کاریگەری لێکدانەوە کۆنەپەرستەکانی باوەڕدا دەبێت. هەروەها ئەم گۆڕانکارییە ڕێگە خۆش دەکات بۆ دەستدرێژی ئایینی زیاتر بۆ سەر مافە مەدەنییەکان، کە کاریگەری لەسەر ئازادییە فراوانەکان و بنەما دیموکراسییەکان دەبێت. ئەمەش بەپێچەوانەی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە لە پێناو مافەکانی مرۆڤ داڕێژراون.
کێشە گەورەکە
ئەگەر بەتایبەتی باسی عێراق بکەین، لە تەواوی یەکە پێکهێنەرەکانیدا دەبینین بەپێی زهنییەتی پیاوسالارانە داڕێژراوە، لە دەستووردا گوێنەدراوەتە دیدگایەکی ڕوون و بێ کێشە. بۆ نموونە، دەستوور نابێت دژی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام بێت وە نابێت دژی بنەماکانی دیموکراسی ماف و ئازادییەکانیش بێت. بەڵام دەبینین ئەمە دژ یان پێچەوانەی مافەکانی ژنانە لە هەندێک پرسدا کە بە بەردەوامی گرووپە ئیسلامییەکان داوای گۆڕین و هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی دەکەن، ئەگەرچی لە ڕووی جێبەجێکردنیشەوە زۆر کەم دەبینین پەیڕەوی لێبکرێت. ئەگەر نموونەیەک لە بڕگەیەکی یاسای سزادانی عێراقی وەرگرین، وەک لە بڕگەی یەک لە ماددەی 41 یەکێک لەو توندوتیژیانەی سزایان لەسەر نییە ئەوەیە کە پیاو بۆی هەیە لە ژنەکەی بدات و توندوتیژی بەرامبەر بەکاربێنیت بە مەبەستی تەمبێکردنی. لە یاسا مەدەنییەکانیشی دا تەنها ئاماژە بە پیاو کراوە.
کەواتە وڵاتێک کە سەرتاپای بە بیری پیاوسالاری و بیری ئایینی داپۆشراوە، دەبێت هەوڵی گەورەتر و جددیتری بۆ بدرێت نەک تەنها وەستانەوە لە دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی. ئەگەر بێت و ڕاستی ئەم یاسایە بزانین، تەنانەت دەبێت هەوڵی زیاتر بەرەو پێشبردنی بدەین، چونکە ئەگەر سەیر بکەین ئەم یاسایە لە هەمبەر چەند شتێکی مەترسیداردا هیچی نەکردووە. دەزانین کچ بۆی هەیە لە تەمەنی 15 ساڵی دا شووبکات، بەڵام ئەگەر بە هەر هۆکارێک بێت لە خوار ئەم تەمەنە کچ بە شوو درا و سێکس ئەنجامدرا بێت، ئەوا هاوسەرگیرییەکە هەڵناوەشێندرێتەوە. یاخود بە بیانووی مەرجدارکردنی فرەژنی بە بۆچوونی خۆیان ڕێیانگرتووە لەم بابەتە، بەڵام مەرجدارکردن هیچ واقیعێک ناگۆڕێت.
ئەگەر چی یاسای باری کەسیی هەیە، بەڵام بەداخەوە بەکەمی جێبەجێ دەکرێت و زۆر بە کەمی لە خزمەت مافەکانی مرۆڤدایە. هەموارکردنەوەی ئەم یاساییە ڕێگە بۆ کۆمەڵێک دیاردەی ترسناک دروست دەکات کە بەشێکی زۆریان وەک توندوتیژی سەیردەکرێن و پێچەوانەی مافە جیهانییە دانپێدانراوەکانن. لەوانە: زوو بەشوودانی کچان، پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکانیان، مەترسی بۆ سەر پێکهاتەکان و ئایینزاکانی دیکە.
کەواتە هەر تاکێکی عێراقی دەبێت تێبگات ڕووبەڕووی کێشەیەکی زۆر گەورەیە و بزانێت لە ناو دۆخێکە کە نەتوانراوە ڕاستگۆیانە سیستەم و دەستوور و مافەکان دابڕێژرێت. بۆیە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی کە زەرەرمەندی یەکەم ژنانن، دەبێت بە توندی ڕەتبکرێتەوە و رێگری بکرێ لە هەر پیلانگێڕییەک کە بەدوایەوە دێت.
=KTML_Bold=ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.=KTML_End=[1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=