ناونیشانی بابەت: بەڵگەفیلمی “شاردنەوەی سەدام” یان شاردنەوەی ڕاستییەکان
ناوی نووسەر: #ڕۆژان سەیفور#
فیلم و فیلمسازی یەکێکە لە ڕێگاکانی خۆنواندن و نمایشکردنەوەی خود و کۆمەڵگە بۆ دونیای دەرەوە. دەکرێت لە ڕێگەی فیلمەوە ئەوەی ئەوانیتر نەیان دیوە، بیبینن. ئەوەی لە فیلمەکانەوە نمایش دەکرێتەوە کاریگەری لەسەر بینەر دادەنێت و هەستی هاوسۆزی بۆ کارەکتەرەکانی نێوی دروست دەکات. بۆیە گرنگە بزانین چی بەرهەم دەهێنین و بەردەنگی بەرهەمەکە کێیە؟
ئەو فیلمسازییەی لە کوردستان دەبینرێت بەداخەوە هەمیشە شتێکی کەمە و وا لە بینەر دەکات جارێکی تر سەیری هیچ بەرهەمێکی تری کوردی نەکات چونکە بەشێکی بەرهەمهێنەرانی فیلمە کوردییەکان لەبەرئەوەی لاسایی دەرهێنەرەکانی دەرەوە دەکەنەوە، ئەو ڕێگەیە دەڕۆن کە ئەوانی پێدا ڕۆیشتووە. لە کاتێکدا منی کورد پێویستە لە چاوی خۆمەوە ڕووداوەکان ببینم و بیگێڕمەوە نەوەک چاویلکەی ئەوانی تر بکەمە چاوم.
ئەگەر تا پێش ڕاپەڕین و بگرە تا ئازادی عێراق-یش بیانووی فیلمسازی کورد ترس لە ڕژێمی سەدام حوسێن و نالەباری بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان بوو بۆ بەرهەمنەهێنانی فیلمێک کە شایەنی بینین بێت ئەوا لە ئێستادا و لەم کرانەوە بەرفراوانەی کوردستان بە ڕووی دنیادا ئەو بیانووە سواوە و قبوڵکراو نییە.
بەڵگەفیلمی “شاردنەوەی سەدام” ژانرەکەی دیار نییە، تەنها خستنەپاڵیەکی چەند گرتەیەکی ساڵی 2003 ی عێراق بوو بە پیشاندانی گرتەیەک لە گێڕانەوەی کەسێک بە ناوی “عەلا نامیق” کە نزیکەی ساڵێک سەدام-ی شاردۆتەوە.
ئەم بەرهەمە لە چاویلکەی ئەوانی ترەوە، بە تایبەت عەرەبەکان بەرهەم هێنراوە، ئەوەی عەرەبێکی فاشی و دۆستی سەدام دەیخوازێت تیایدا دەبینرێت. ئەوەندەی هەستی بینەر دەبزوێنێت بەرامبەر دڵ و چاوپڕبوونی کارەکتەری عەلا نامیق لە گێڕانەوەکەیدا، ئەوەندە لایەنە زەلیلییەکەی سەدام دەرناخات کە لە کۆشکی پاشایەتییەوە چووەتە ناو کونێکی تاریک کە لە گۆڕێک زیاتر هیچ نیە.
نمایشکردنەوە بریتییە لە نوێنەرایەتیکردنی شتێک لەبری شتێکی تر بۆیە کاتێک بەرهەمی کەسێکی کورد بڵاودەبێتەوە سەبارەت بە خۆشاردنەوەی کەسێکی دیکتاتۆر و زاڵم ئەوا بینەر چاوەڕێیە ئەوەی ئەو زاڵمە چەشتوویەتی لە ئازار و مەینەتی نمایش بکرێتەوە و بخرێتە بەرچاوی جیهانیان. بەڵام کارەکتەری سەدام وەک پێغەمبەرێک و کەسێکی پیرۆز ڕووخساری بەڕوونی دیارنەبوو کە ئەوەشمان تەنها لە فیلمە ئایینیییەکاندا بینیوە وەک فیلمەکانی “محمد رسول اللە، رسالة” و هەندێک فیلمی تریشدا کارەکتەری پێشەوا محمد (د.خ) و کارەکتەری ئیمامەکان بە ناڕوونی دیارن. لە کاتێکدا پێویست بوو لە چەند دیمەنێکدا ڕووخساری سەدام و ترس و نیگەرانییەکانی دەربخرێت.
لە سەرەتای بینینی بەرهەمەکە تا کۆتایی کە کارەکتەری عەلا نامیق جگەرەکەی دەستی ناکوژێتەوە و بە چاوی پڕ فرمێسکەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و بە “سید الرئیس” ناوی سەدام دەهێنێت. وەک خۆم لەبەرئەوەی وامدەزانی ئەمە خودی عەلا نامیق-ە ڕاستەقینەکەیە و بەو پێیەش بیستبووم کە دەرهێنەر زۆری لەگەڵ گوتووە تا ڕازی بووە ڕووداوەکان بگێڕێتەوە، بیانووم بۆ دەرهێنەر هێنایەوە کە ئاساییە ئەوە قبوڵ بکات نامیق وەک خۆی بەرجەستە بکات بەڵام لە کۆتاییەکەیدا کە دەنووسرێت نامیق لە شوێنێکی نادیار دەژی، ڕوون دەبێتەوە کە ئەوە ئەکتەرێکە و کارەکتەری نامیق بەرجەستە دەکات. بۆیە زیاتر ڕوون دەبێتەوە ئەم بەرهەمە لە چاویلکەی ئەوانی ترەوە بەرهەم هاتووە. هەروەها لە فیلمدا بە شێوەیەک کار دەکرێت هەستی هاوسۆزیی بینەر بۆ کارەکتەری قارەمانی نێو فیلمەکە ببزوێنرێت، ئەوەی لەم بەرهەمەدا و لەو دیمەنانەدا بینرا لە بزواندنی هەستی بینەر بۆ سەدام و هاوسۆزی لەگەڵ کارەکتەری عەلا نامیق هیچی تری تێدا بەدی ناکرێت. واتە دەکرێت بڵێین بە پێی گێڕانەوەکانی ئەو سەدام لەم بەرهەمەدا کەسێکی زوڵملێکراو بوو نە زاڵم.
ڕەنگە زۆرینەی دەستخۆشی و شاباشەکان بۆ بەرهەمە کوردییەکان بۆ باشی لایەنی تەکنیکی بێت و ئەوەی بە گشتی دوای بڵاوبوونەوەی بەرهەمێکی کوردی بەرگوێمان دەکەوێت ئەوەیە کە لە ڕووی تەکنیکەوە زۆر باش بوو. هەرچەندە لەوەشدا مەبەستی بینەر تەنها کوالیتی وێنەگرتنەکەیە کە بە کامێرای پێشکەوتوو تۆمار دەکرێن. لە کاتێدا پێویستە ئەوە بزانین کە بەکارهێنانی کۆدە تەکنیکییەکان وەک وێنەگرتن (بە هەڵبژاردنی گرتە و گۆشەکانەوە)، کاریگەرییە دەنگی و میوزیکییەکان و گرافیک لە سینەمادا لە خزمەت دروستکردنی مانایە و واتادانە بە بابەتی مەبەست. خۆ ئەگەر لایەنی تەکنیکی بە باشی بەکارنەهات و سوودی لێوەر نەگیرا ئەوا بەرهەمەکە بەتاڵ دەبێت لە مانا و پەیامەکە بەباشی ناگات، وەک ئەوەی لە “شاردنەوەی سەدام” دەبینرێت لە ڕووی تەکنیکەوە. وەک لەسەرەتا ئاماژەم پێدا، بەشێکی زۆری دیمەنەکان تەنها خستنە پاڵیەکی چەند گرتەیەکی کاتی ڕزگارکردنی عێراق-ە و ئەوەی بەرهەمهێنەران لێرەدا کردوویانە شتێکی ئەوتۆ نییە و هەڵەی تەکنیکیشی تێدایە.
بە گوتەی دەرهێنەر چیرۆکی ئەم “بەڵگەفیلمە” چیرۆکی چاڵەکەیە، بەڵام گرتەیەکمان نەبینی ژیانی ڕۆژێک یان چەند ڕۆژێک لەو هەموو ڕۆژەی سەدام لە کونەکەدا بە ترس و تۆقین و بێدەسەڵاتییەوە بەسەری بردووە، تێیدا نمایش بکرێتەوە، بۆئەوەی بینەری کورد، بەتایبەت کەسوکاری شەهیدان و بێسەروشوێنانی کیمیاباران و ئەنفال نەختێ سوکنایی دڵیان بێت و ببینن کە چۆن سەدام کەسوکاری ئەوانی زیندەبەچاڵ کرد ئەوا خۆی پێش لە سێدارەدانی 235 ڕۆژ زیندەبەچاڵ ژیا و ژیانی ناو گۆڕی بینی.
هەموو ئەمانەش لە زاری دەرهێنەرەوە بۆ بێلایەنی دەرهێنەر دەگەڕێتەوە و وەک خۆی دەڵێت دەیەوێت وەک خۆی بابەتەکە بگێڕێتەوە. ئەگەر بێلایەن بوو بۆچی دیمەنی لە سێدارەدانی سەدام پیشان نەدرا خۆ ئەو دیمەنە کۆتایی چاڵەکەیە. چۆن دەبێت دەرهێنەر بێلایەن بێت؟ چۆن دەبێت بابەت و ئاریشەی خۆتت بیرچێت بە بیانووی بێلایەنی بوون؟ هەرچەندە بەپێچەوانەی گوتەی دەرهێنەرەکەیەوە ئەم “بەڵگەفیلم”ە نەک بێلایەن نەبوو بەڵکوو زۆر خاتری گێڕەرەوەی چیرۆکەکەی تێدا گیرابوو وەک بڵێی مەرجی بۆ قسەکردن ئەوە بووبێت کە بەو شێوەیە “فیلم”ەکە بەرهەم بهێنرێت.
نەتەوەی کورد لە هەموو نەتەوەکانی تر زیاتر پێویستی بە خۆنمایشکردنەوە هەیە، بۆیە هیوادارم لە چاوی خۆمانەوە و ئەوەی پێویستە بیخەینە سەر شاشەی سینەماکان. بابەتەکان ئاریشە و بابەتی گرنگی خۆمان بن و لە خزمەت کورد و کوردستان دا بن.
ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=