ناونیشانی بابەت: پەیوەندی ئیسلامیی و ئێزیدیی لە کوردستان دا
ناوی نووسەر: #ئەبوبەکر کاروانی#
لەم یەک دوو ڕۆژەی ڕابردوودا، لێدوانێکی نەشیاو بەرامبەر ئیسلام و موسوڵمانان، بەناوی قاسم شەشۆ، یەکێ لە فەرماندە سەربازییەکانی ئێزیدییەکان بڵاوبوۆوە، کاردانەوەی زۆری لە سۆشیال میدیادا لێکەوتەوە. حەز دەکەم ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە بۆ تاوتوێکردن و تۆمارکردنی هەندێ سەرنج، لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی پەیوەندی، زۆرینەی موسوڵمانی گەلی کوردستان و پێکهاتەیەکی تری ئەو گەلە کە ئێزیدییەکان پێکی دەهێنن و ڕۆڵی چاوەڕوانکراوی نوخبەکانی هەردوولا، ئەویش بەم جۆرەی خوارەوە:
یەکەم، هەموو بیرکردنەوەیەک دەربارەی ئەوەی ئیسلام وەک ئایین لەگەڵ قڕکردن و پاکتاوکردنی ئێزیدییەکاندا بووە، قسەیەکی ناڕاست و خەرافی و ناواقیعی و نامێژووییە. چونکە پێکهاتەیەکی ئایینی کەمینەی وەک ئەوان، لەنێو دەریایەک موسڵماندا، گەر ئیرادەی قڕکردنیان بە کردەوە هەبووایە، دەمێک بوو شتێ بە ناوی ئێزیدیی، لانیکەم لەم ناوچەدا بوونی نەدەما و چارەنووسیان هەمان چارەنووسی موسوڵمانانی ئەندەلووس دەبوو دوای فەرمانی قڕکردنیان لەلایەن کەنیسەی کاسۆلیکییەوە. بوونی فتوایەک و ڕەفتاری خراپی میرێ یاخود کاربەدەستێک لێرەولەوێ، ئەم ڕاستییە مێژوویی و واقیعییە ناشارێتەوە. خودی ڕوحییەتە ئیسلامییە بنەڕەتییەکە و باوەڕی بە فرەئاینییش، کارێکی کردووە، هەموو ئەو شتانە کاریگەریان کاتی و سنووردار بێت و سەرنەکێشێت بۆ قڕکردن و پاکتاوکردن.
دووەم، بە پشت بەستن بە خاڵی یەکەم، دووپات کردنەوەی باسی حەفتا و دوو فەرمانی قڕکردن دژ بە ئێزیدییەکان لەمێژوودا، لەسەر زاری هەندێ نوخبەی ئێزیدی و دەرەوەی ئەوانیش لە ناوەندە عەلمانییە کوردییەکەدا، بەکارێکی ناڕاست و دژ بە بەرژەوەندی ئێزیدیەکان و پێویستییەکانی پێکەوەژیانی ئایینی لە کوردستان دا دەبینم، چونکە جگە هەروەک گوتمان بەکارهێنانی وشەی قڕکردن هەڵەیە و ئەگەر ئیرادەیەک بۆ قڕکردنی ئێزیدییەکان لە مێژوودا هەبووایە هەرگیز توانای بەرگری لە خۆکردنیان نەدەبوو. لێرەشەوە شەڕەکان دژبەوان بەشێوەیەکی گشتی دەچنە چوارچێوەی ئەو شەڕە زۆر و زەبەندانەی میرنشین و مەملەکەتە موسوڵمانەکان لە ناوچەکە پێش ئەوان دژ بەیەک کردوویانە باهەندێ جار هاوشێوەی سوودوەرگرتن لە مەزهەب بۆ نێو موسوڵمانان خۆیان سوود لە وەرەقەی ئایینی وەرگیرابێت.
ئەم گوتارە بەکردەوە ئێزیدییەکان بە نیمچە هەمیشەیی وەک جەستەیەکی نامۆ، نەخوازراو، پەراوێزخراو و ناسرووشتی بە ژینگەکەیان نیشان دەدات و دەهێڵێتەوە! لە کاتێکدا دەبێت، مانەوەی ئێزیدییەکان لە ناوچەیەکی بەرچاوی کوردستان دا و پێکەوە ژیانی ئایینەکان لە واقیعی کوردەواریدا، بکرێنە بنەڕەت و دۆخی سروشتی و بناغە، پەلاماردانیان لە مێژوو و لە ئێستاشدا بە نامۆ و ناسروشتی و پێشێلکردنی ئەو بنەماو دۆخە سروشتی و بنەڕەتییە لەقەڵەم بدرێن و بخرێنەڕوو. پێویستە لەم ڕووەوە ئێزیدییەکان ڕێگەنەدەن ئەوان بکرێنە کەرەسەی ناوەندە عەلمانییە توندڕەوەکەی کوردستان بۆ دژایەتیکردنی ناسنامەی ئیسلامیی مێژوویی زۆرینەی موسوڵمان.
سێیەم، لە پەیوەندی بە هێرشی دڕندانەی ئەم جارەی داعش بۆ سەر هاوڵاتییە ئێزیدییە بێدیفاع و ستەم لێکراوەکانمان و هەڵوێستی زۆرینەی موسڵمانی گەلی کوردستان ئاماژەکردن بەم چەندخاڵەی خوارەوە بە گرنگ دەزانم: 1) لە 99٪ و زیاتری موسڵمانانی کوردستان، دژی داعش بوون. بۆیە کارێکی هەڵە و نامەنهەجییە کەمینەیەکی لادەر بکرێنە نوێنەری ئیسلام، تەنها لەسۆنگەی بەرزکردنەوەی دروشمی ئیسلامییەوە، ئەو زۆرینە ڕەهایە و ئەوانەی بەپیر ئاوارەکانەوە چوون و ئەو پێشمەرگە موسوڵمان و نوێژکەرانەی دژی داعش جەنگان و بەشێکیشیان شەهید بوون بکرێن بە نموونە و سەرمەشق! هەڵبەت ئەمە بۆ ناوەند عەلمانییە توندڕەوە کوردییەکەش ڕاستە. 2) موسڵمانانی کوردستان و بەتایبەتیش لە بادینان زۆر موسڵمانانە و جوامێرانە دەرگای مزگەوت و ماڵەکانی خۆیان بۆ ئاوارە ئێزیدییەکان خستە سەر پشت، ناوەندە ئیسلامییەکەی کوردستان و دەزگا خێرخوازییە ئیسلامییەکانیش، لەو هەڵمەتەدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو. ئەوەش جوانترین دیمەنی ئەخلاقی ڕەتکردنەوەی بەکردەوەی داعش و خوێندنەوە تاریک و خوێناویەکەی بوو بۆ ئیسلام. بەڵکوو پێش ئەوەش بۆ مێژوو لە هەندێ کات و کێشەدا یەکێ هەندێ لە ئیسلامییەکان و بەتایبەتیش یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ڕۆڵی بەرچاویان لە کوژاندنەوەی ئاگری هەندێ فیتنەی ئایینیدا لەنێوان بەشێ لە موسوڵمانانی کوردستان و ئێزیدییەکاندا هەبووە. بۆ نموونە، لەسەروبەندی کوشتنی “دوعا”دا، خەریک بوو کارەساتێکی خوێناوی گەورە دژ بە ئێزیدییەکان لەلایەن هەندێ خەڵکی موسڵمانی ئاسایی چەکداری هەندێ لە حیزبەکان ڕووبدات! یەکێ لە دۆستە ئێزیدییەکانم لەو بارەوە پەیوەندی پێوەکردم و داوای یارمەتی لە من و یەکگرتوو کرد. کە ئەو کات بەرپرسیاریتیم لە حیزبەکەدا هەبوو. منیش بەڵێنم پێدان هەرچیمان پێ بکرێت درێغی ناکەین و ناهێڵێن شتی وا لە کوردستان دا ڕووبدات. خۆشبەختانەش توانیمان ڕێ بەم کارەساتە بگرین و یەکگرتووەکانی بادینان و بەتایبەتیش بەرپرسانی دهۆک ڕۆڵی گەورە و کاریگەریان لەم ڕووەوە هەبوو.
چوارەم، پێم وایە لە کاتی ئەم جۆرە پێشهات و گرژیانەدا، نوخبەی هەردوو لا دەبێت بەگیانی لێپرسراوانەوە مامەڵە بکەن و لە هەوڵی ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و پاراستنی پەیوەندییەکاندا بن، نەک خوانەخواستە بۆ سوودی تاکەکەسی و گرووپی خۆیان بەکاریبێنن، لەم پێناوەشدا بەشەکەی خۆم دوێنێ پەیوەندیم بە بەرپرسێکی ئێزیدی خوێندەوارەوە کرد، داوام لێکرد بە ناوی دەزگا و دامەزراوەیەکی ئێزیدییەوە، ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی لێدوانەکەی قاسم شەشۆ بدەن، یان بەسروشتی حاڵ خۆی ڕوونکردنەوە بدات، بۆ ئەوەی لەسەر کۆی ئێزیدییەکان نەکرێت بە ماڵ، سوودی خراپیشی لێ وەرنەگیرێت. خۆشبەختانەش ئەمڕۆ چاوپێکەوتنی قاسم شەشۆی بۆ ناردم کە نکوڵی لە لێدوانەکەی دەکات و دەڵێت ئێمە پیر و گەورەکانمان فێریان کردووین ڕێز لە ئایین و لەوانەش ئیسلام و هەستی ئایینی موسڵمانان بگرین. لێدوانەکەی منیش شێوێنراوە و من باسی توندڕەوی ئیسلامی و داعشم کردووە کە ناوی محەمەد بەکاردەهێنن بۆ لێدانی ئێمە، نەک ئیسلام و موسوڵمانان کە ڕێزم بۆیان هەیە و چاکەی ئەوان لەکاتی ئاوارەبوونمان لەبیر ناکەین، هتد. کە فۆرمێکی داوای لێبووردنە.
پێنجەم، لەگەڵ ستایشی بەدەمەوەچوونی ئاوارە ئێزیدییەکان و خوێنی پێشمەرگە موسڵمانە شەهیدەکان و ئەو هەوڵانەش کە هەندێ لە ئیسلامییەکان لە کاتی خۆیاندا بەقازانجی ئەوان داویانە، پێم وایە وەک ناوەندە ئایینی و ئیسلامییەکەی کوردستان و زۆرینەی موسوڵمان، هێشتا وەک پێویست ئەرکمان بەرامبەر هاووڵاتییە ئێزیدییەکانمان لە هەردوو ناوەندەکە جێبەجێ نەکردووە:
یەکەم، تاکوو ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە ئاستی موسڵمانی ئاساییدا، بەشێ لە موسوڵمانان جۆرێ لە هەستیاریی و بەربەستی دەروونی و بیرکردنەوەی نەرێنیان بەرامبەر ئێزیدییەکان هەیە؟ بۆ نموونە، من لە بۆنەیەکدا لە لالش بەشداربووم، پاسەوانانی بەرپرسی یەکێ لە دوو حیزبەکە، لەکاتی نانداناندا گوتیان مامۆستا ئێمە ئەم نانە بخۆین؟ وتم بۆچی نا، گوتیان بەخوا تۆ نەڵێیت دەمی لێ نادەین و بە حەڵاڵی نازانین. دوایی من سەردانی ناو پەرستگای لالشم وەک شوێنەوارێکی مێژوویی کرد، گوتیان لەمەدا بە قسەی تۆش ناکەین و نایەین. ئەمە و چەندین نموونەی تر. ئەوەش ئەگەر بەشێکی بۆ موسوڵمانێکی ئاسایی تەفەهوم کراوبێت، بەشەکەی تری لەسەروەستان و ڕاستکردنەوەی دەوێت چونکە هۆکارێکی بنەڕەتی ئەم هەستە وێناکردنی مێژوویی ئێزیدییەکانە وەک شەیتانپەرست، کە لەڕاستیدا بەو جۆرە نییە خەڵکی ئاسایی لێیتێگەیشتوون، ئەوانیش باوەڕیان بە خودای جیهانیان هەیە و بە شێوازی خۆیان دەیپەرستن.
ڕاستیش نییە لە ئێستای مێژووی جیهان و ئێمەشدا پەیوەندی منی موسڵمان بە ئەوی دی ئێزیدییەوە تەنها لێکدانەوە مێژووییە ئایینییەکان و ناسنامەی ئایینی دیاری بکات، چونکە ئێمە پێش هەر شتێک خوای گەورە بە مرۆڤ بەدیهێناوین و دەبێت مرۆڤانەش مامەڵە لەگەڵ یەکدیدا بکەین، لەپاڵ ئەوەدا ڕەچاوی هاوبەشیی نیشتیمانی و نەتەوەیش بکەین و ڕۆڵیان لە داڕشتنی پەیوەندییەکاندا هەبێت.
دووەم، پێم وایە ناوەندە ئیسلامییەکە گەرچی پەیوەندییان لەگەڵ ئێزیدییەکانەوە نەپچڕاندووە بەتایبەتیش یەکگرتوو، بەڵام هەست دەکرێت بە گوێرەی پێویست بە ڕوویاندا نەکراونەتەوە و قەرەبووی بەشێ لەو زەبرە مەعنەوی و دەروونییەیان بۆ نەکردوونەتەوە کە داعش بە ناوی شەریعەت و دینەوە لێی داون! بە ڕاشکاوی و دەنگی بەرزەوە لە یاد و بۆنەکانیان و قسەکردن لەسەر کەیسەکانیان لەسەر خەت نین. کە بە ئەزموونی خۆم کاریگەری زۆری دەبێت و باوەشی واڵای بۆ دەکرێتەوە. لەباریشیدایە بەشێکی بەرچاو لە بەدگومانی و هەستە نەرێنییەکانیان کەم بکاتەوە و وێنە شێواوەکانیش، زیاتر ڕاست بکاتەوە.
ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=