ناونیشانی بابەت: سەرژمێریی، ونکردنی ناسنامە و پرسی کورد لە عێراق دا
ناوی نووسەر: #سامان ساڵح فەرەج#
وابڕیارە لە 20 ی تشرینی دووەمی 2024، حکومەتی عێراق لەسەرتاسەری وڵاتدا، بە هەرێمی کوردستان-یشەوە سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان ئەنجامبدات.
سەرژمێریی دانیشتوان ئامرازێکی گرنگە بۆ حکومەتەکان بە ئامانجی دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان و پلاندانان بۆ داهاتو تا خزمەت بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بکات.
لە مێژووی دەوڵەتی دروستکراوی عێراق لەلایەن بەریتانییەکانەوە، یەکەمجار سەرژمێریی گشتیی ئەنجامدراوە. لەڕاستیدا بۆ هەڵخەڵەتاندن ناوی گشتیی لێنراوە، ئەگیان لە 1920 دا، بە هیچ جۆرێک نەتوانراوە سەرژمێریی ڕاستەقینەی دانیشتوان بکرێت، تا ئەوکاتە باشووری کوردستان بە عێراق نەلکێنرابوو.
دەوڵەتی عێراق، لەو دەوڵەتانەیە کە سیاسەتە گشتییەکانی لەکەدار و جێی گومانن، چونکە بەگوێرەی قۆناغە جیاوازەکان هەر لەسەرەتای دروستکردنی دەوڵەتەکەوە، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی کاریان لەسەر بەلاڕێدابردنی زانیاری و ژمارەکان لەڕێگەی خراپ بەکارهێنانییەوە کردووە. بۆ نموونە، ئەو ڕاپرسییە درۆینەی کە بۆ لکاندنی ویلایەتی موسڵ (باشووری کوردستان) لەژێر سەرپەرشتی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی کە لە 1925 دا ئەنجامیاندا.
لە جیهاندا حکومەتە شۆڤێنی و ڕەگەزپەرست و مەزهەبیی و ئایدۆلۆجیی داگیرکەر و نادیموکراتەکان، سەرجەم تواناکانی خۆیان لەڕێگەی دەسەڵاتە گشتییەکانەوە بۆ مەبەستی سیاسیی و نادیموکراتی و مەزهەبیی بەکاردەهێنن. لەم ڕووەوە حکومەتی عێراق چەندین هەوڵی شۆڤێنی و نادیموکراتی و داگیرکەرانەی هەیە. بۆ نموونە، لە پڕۆسەی بە عەرەبکردنی ناوچە کوردستان-ییەکاندا لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، هەولێر، دیالە، کوت، سەڵاحەدین و ناوچەکانی دیکە، ئەگەر لە تۆماری سەرژمێریی دانیشتوان، کە حکومەتی عێراق هەر10 ساڵ جارێک ئەنجامی دەدا بڕوانین، ئەوا دەبینین لەو ناوچانەی کە دەوڵەتی عێراق مەبەستیەتی دیمۆگرافیەکەی بگۆڕێت، ژمارەی کورد بەردەوام کەمی کردووە. لە کۆتاییشدا ئەم سیاسەتە داگیرکاریی و نادیموکراتییە کە لەڕێگەی سیاسەت و دەسەڵاتە گشتییەکانەوە ئەنجامدراوە، بۆتە دیفاکتۆ و هەتا ئێستا نەتەوەی کورد باجی دەدات و نیوەی خاکی باشووری کوردستان بەو سیاسەتانە کەوتۆتە بەرمەترسی سڕینەوەی ناسنامە و گۆڕینی دیمۆگرافیا و داگیرکردنی خاک و دەرکردنی خەڵکە ڕەسەنەکەی.
سەرژمێریی ساڵی 2024، بە دروشمی “سەرژمێریی بۆ گەشەپێدان (التعداد للتنمیة) بەڕێوەدەچێت، بەمەشدا دیارە کە حکومەت ئەنجامەکانی سەرژمێریی بۆ مەبەستی داڕشتنی سیاسەتی گشتیی و بڕیاردان و پلانی ستراتیجیی و تەرخانکردنی سەرچاوەکانی وڵات و هەنگاوە کردەییەکان بەکاردەهێنێت. وەک لە ڕاگەیاندنی حکومەت بۆ سەرژمێریی هاتووە، مەبەست لەم سەرژمێرییە ئەوە نییە کە لە مادەی140 ی دەستوور بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان (ئەوانەی پێیان دەڵێن ناکۆکی لەسەرەکان) ئەنجام دەدەرێت، بەڵکو بۆ گەشەپێدانە.
ئەگەر لە ڕوانگەی دۆخی ئێستای کوردستانیان لە عێراق دا بڕوانینە ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان، کە حکومەتی عێراق بۆ خۆدزینەوە لەڕاستییە مێژووییەکان پرسیاری (بۆکسی) “نەتەوە”ی لە سەرژمێرییەکەدا دانەناوە، بۆیە لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی سەرژمێرییەکەوە، دەکرێت پێشبینی ونبوونی ناسنامە و دۆزی کورد لە عێراق دا بکرێت بە بیانوی گەشەپێدان و لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
یەکەم، سەرژمێرییەکە، هیچ ئاماژەیەکی فرەیی و ڕەچاوکردنی بنەمای فیدراڵی تێدا نییە.
دووەم، سەرژمێرییەکە، ڕەچاوی بنەمای گەشەپێدان “کە سیاسەتێکی پارێزگارانەی دەوێت” دەکات، نەک بنەمای مێژووی و نەتەوەیی و لەبەرچاوکردنی ستەمەکانی سەر نەتەوەی کوردستان.
سێیەم، ئەنجامدانی سەرژمێریی بۆ گەشەپێدان، قۆناغی ئاسایبوونەوەی ناوچە کوردستانییەکانی تێپەڕاندووە و هەر لەخۆیدا ئەنجامەکانی سەرژمێریی دەبێتە دیفاکتۆ، ئەمە بۆ کوردستانیان لە عێراق دا هەتا ئاستی لەناوچوون مەترسیدارە.
چوارەم، دابەشکردنی سەرچاوەکانی وڵات لەبەرئەنجامی سەرژمێرییەکەدا دەبێت، ئەمەش بارودۆخی ناوچەکانی زۆرتر زیانپێگەیشتو (الأکثر تضرراً) کە تایبەتمەندییەکی ناوچە کوردستانییەکانە لە عێراق دا و ساڵانە بودجەی سەرباریان بۆ تەرخان دەکرێت، دەخاتە دواوە.
پێنجەم، ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە 2024، لە واقیعێکی شێواو دایە کە پڕۆسەی ئاساییکردنەوە تێیدا ئەنجام نەدراوە و هاوسەنگی سیاسی و نیشتەجێبوون و ڕاستییە مێژوویەکان بوونی نییە. ئەم سەرژمێرییە بە فەرامۆشکردنی زانیاریی لەبارەی نەتەوەوە دەبێتە پێشینەیەکی خراپ بۆ لەباربردنی مادەی 140 و ئەو مەبەستەی بۆی دانراوە.
شەشەم، بە ڕەچاوکردنی پرسیارەکانی ناو فۆڕمی سەرژمێریی، ئەوە ڕوونە کە، پشکی داهاتی هەرێمی کوردستان لە دوای ئەنجامەکان بە ئاراستەی کەمکردنەوە دەچێت، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو ئاستە لە خزمەتگوزاریی سەرەتایی کە لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق هەیە.
لە ئەنجامی ئەم زانیارییانەی سەرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە حکومەتی عێراق ئاراستەی پەراوێزخستنی بنەماکانی فیدڕاڵی لەڕێگەی پلانەکانی گەشەپێدان پەیڕەودەکات. بۆ نموونە، لە کۆی 1200 کیلۆمەتری “ڕێگەی گەشەپێدان” هەرێمی کوردستان ناکەوێتە هیچ پنتێکی ڕێگەکەوە، کە دەکرێت ئەمە بە پیلانی خنکاندنی هەرێمی کوردستان، دابنێین.
ئەوەی لەم بوارەدا دەکرێت زیاتر لەسەری بدوێین گۆڕینی پرسە سیاسییەکانی عێراق-ە لەلایەن حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی-ەوە، ئەویش بە گرنگیدان بە کێشە هاوچەرخەکان و وەلاوەخستنی پرسە مێژووییەکان. لەم بوارەدا هەم ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، هەم دەوڵەتانی ناوچەکە و هەم هێزە مەزهەبییەکانی عێراق-یش پشتیوانی سودانی دەکەن، چونکە درێژەپێکێشانی پرسە مێژووییەکان و چارەسەرنەکردنی بە مەبەست، لایەنەکانی تا ئاستی بێئومێدبوون بردووە، بەجۆرێک کە پارتە سیاسییەکانی کوردستانیش بێدەنگن و هیچیان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی لەم جۆرە نقەیان لێوەنایەت.
بەڵکو بەپێچەوانەوە، لە ئەنجامی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت پارتی و یەکێتیی لە ئێستادا پێشبڕکێیەکی توند هەیە لەسەر بەعێراقیکردنەوە و تواندنەوەی هەرێمی کوردستان لەسەر هەموو ئاستەکانی سیاسی، سەربازیی، کارگێڕیی، تەنانەت لە سیاسەتە سیمبولیەکانی وەک ڕیش دانانی سیاسییەکان و بانگەشە ئاینییەکانیشدا.
هەر لەم بارەیەوە حکومەتەکەی سودانی، دەرفەتی لە کێشە هاوچەرخەکان، وەک: بێکاریی، هەژاریی، پیسبوونی ژینگە، داکشانی ئابووریی، کۆچکردن، گەنجان و تاد (کە کێشەی جیهانین) وەرگرتووە و پرسە سیاسییە-مێژووییەکانی فەرامۆش کردووە. ئەمەش وایکردووە کە پرسی کوردستان لەعێراق دا لەسەرەتاوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێتەوە. چیتر لەدوای سەرژمێریی باس لەوە ناکرێت کوێ ئەنفالکراوە؟ کوێ کیمیایی بەسەرداکراوە، کوێ کۆمەڵکوژکراوە؟ چ شار و گوندێک بەسەر خەڵکەکەیدا وێرانکراوە؟ بەڵکو پرسیاری سەرەکی ئەوە دەبێت: لە کوێ دەرفەتی کار کەمە؟ لەکوێ ئابووری لاوازە؟ لەکوێ کۆچکردن زۆرە؟ چەندین پرسیاری تری لەمجۆرە، کە ئەوکاتە دەبێت کوردستان، کێبڕکێ لەگەڵ زیقار و بابل و میسان و نەجەف بکات، لەکاتێکدا تائێستاش تەرمی کوڕ و کچە ئەنفالکراوەکانمان لەژێر خاکی ئەو پارێزگایانەدایە.
من نازانم چۆن سیاسییە کوردەکان، ئەگەر هەبن، بەوە ڕازی بوون لە فۆڕمی سەرژمێرییدا پرسیاری لەبارەی: گسکی کارەبا، قاپشۆر و جلشۆر و واتساپ و ڤایبەر و فەیسبوک و ئایپاد و لاپتیۆپ و بۆیلەر و سپلیت و سەلاجە و پایسکل هەبێت، بەڵام پرسیاری نەتەوە نەخرێتە ناو فۆڕمەکەوە؟ ئایا پرسی نەتەوەی کورد پایسکل و بۆیلەر و ئینتەرنێت و قاپشۆرە، یان خاک و داگیرکاریی و ستەمی سیاسیی دەوڵەتی عێراق؟
ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=